بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕی یان گۆڕا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 304 جار بینراوە

 كارۆخ عوسمان

بزوتنەوەی گۆڕان دووجار دەدۆڕێت جارێك بەدەستەڵات و جارێكیش بەخەڵك و جەماوەرو ھەڵسوڕاوەكانی… كاربەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، وەك دیزەو دۆشاویان لێھاتووە، ھەرلایەكیان بەربدەن یان ھەرلایەكیان بگرن ھەر یەكەو ھەر دەدۆڕێنن. ھۆكارەكەشی؟ چونكە لەماوەی ڕابردوودا ھیچ حسابیان بۆ ڕەئی دڵسۆزان و ئەوانە نەكرد كەیاداشتیان لەپێناو ھەڵكشانی ھێزی گۆڕان تەقدیم بەگرد دەكرد. گروپێك بەسەر گۆڕاندا زاڵبووە كەجگە لەپۆستی حكومی و پارەی بەخشش ھیچ شتێكتر نابینن. وە پێشیان وایە جگە لەخۆیان كەسیتر ھیچ نازانێت. ئاخر خۆ گوتمان؛ ئەوەی دەنگ بەگۆڕان دەدا دیارە كەسێكی زرنگ و زانایە، ئەگەر وانەبوایە دەنگی بەھەردوو ھێزی گەندەڵكار دەدا، تكایە حساب بۆ ڕەئیەكانی بكەن. یەكێتی و پارتی دوو ھێزی فێڵبازو كارامەن لەسیاسەتی ئاوتكردندا، وە دوو ھێزیشن كەپێویستە لەبەرامبەریاندا سیاسەتێكی حەكیم و زیرەكانە بكرێت بۆ ئەوەی نەكەونە داویانەوە. لەكۆبوونەوەیەكدا بەجەنابی ڕێكخەرم گوت؛ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دووھێزە نابێت تەنھا دووكەس بڕیاربدەن، چونكە ئەو دوو ھێزە زیاترن لەحزبێك و نوێنەرایەتی دوو دەوڵەتی زلھێزی ناوچەكە دەكەن، بۆیە بڕیارەكان با لەزۆرینەی ناو گۆڕان سەرچاوە بگرن و دەستەجەمعی بن. وەپێویست ناكا ھەركەسێ ڕەخنەو پێشنیازی ھەبوو بیكەنەدەرەوەی گۆڕان، ڕەخنە دۆست دەیگرێ و پێشنیاریش خەمخۆرو وەفادار دەیكات. وەلێ ئەوەتا تەڵەكە بەخیتاب و كردارو سیاسەتی گۆڕاندا تەقیەوەو ئەوەشی كە زەرەرمەندە تەنھا خەڵكە ڕاپەڕیو جەربەزەو ڕكابەرەكەیە نەك تاقمە داسەپاوە ناشەرعیەكەی ئێستای گردەكە. چونكە ئەوان ئەوەی خەمیان بۆ دەخوارد بەدەستیان ھێنا، بەدەستیان ھێنا لەبەرامبەر داخوازیەكەی ھێزی یەكەمی ھەرێمی كوردستان، ئەویش بێ ئەرزشكردنی ھێزی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنە، بێ ئومێدكردنی خەڵك و شەقامی ناڕازیە. زۆرن ئەو سیاسەت و پڕۆژانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە چوونەتە خزمەتی پارتی كە ھێزی یەكەمی ھەرێمی كوردستانەو بووەتە كۆڵەگەی ڕاگری ئەو حزبە.

لەمەشدا تەنھا چەند كەسێكی ناوگۆڕان بەرپرسیارن. ئەگەر نیەتی ھەستانەوە ھەبێت زەروورە تەواوی ستافی گرد بەوەفدی دانوستانكاریشەوە دەستەڵاتەكانیان ھەڵپەسێردرێت، ئینجا دەست بكرێت بەبونیادنانەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پرێنسیپ و مەبادیئ و ھەیكەلی حزب، بۆیەش بەتەواوی چونكە ئەوان بوون لەپێناو پۆستە حكومیە وەعد پێدراوەكانیان ھەڵپەی چوونە حكومەتیان دەكرد بەبێ وردبوونەوە لەتەڵەی ھەردوو ھێزی حوكم. بەتایبەت ھەردوو ئەندامی پاڵێوراو بۆ پۆستە حكومیەكان و لەھەمانكاتیشدا ئەندامی وەفدی دانوستانكارن، كەپێچەوانەی دەستوری گۆڕانە. سەرنج بدەن خەلەل لەكوێیە؟ دوو كوڕە میراتیەكانی نەوشیروان مستەفا ئەو دوانەی كەئەندامی وەفدی دانوستانكارو پاڵێوراون بۆ پۆستە حكومیەكان وەك نوێنەری خۆیان ژمارەدار كردووە كە ھەر ئەو دوانەش وەك نوێنەرایەتی ھێزی دەستەڵات لەناو گۆڕادا دەردەكەون. ئیتر خەڵكیش ئەوەی لەبەرچاوە، كە بۆئەوە پاڵپشتی گۆڕان بوون تاكو ھەردوو بنەماڵەكەی حوكم لاوازبكەن نەك بنەماڵەی سێیەمی حوكم زیاد ببێت، بۆ ئەوەبوو نیزامی حوكم لەبەرژەوەندی گەل بگوڕدرێت نەك تەواوی گەل لەپێناو بەرژەوەندیەكانی تاقمێك و چەند كەسێك و دوو میراتگردا بگۆڕن. ئەوەتا یەكێتی و پارتی بەیەكەوە بڕیاری نیھائی لەبارەی كەركوك و كابینەی ئایندەی ھەرێم دەدەن بەبێ حساب كردن بۆ ڕەئی بزوتنەوەی گۆڕان، كەواتە ئاوتكردن لێرە نا بەڵكو ئەوكاتە دەستی پێكرد كەگۆڕانیان پەلكێشا بۆناو تەڵەكەوە. جا ببینن، دوای ئەگەری بەشداری پێنەكردنی گۆڕان لەحكومەتدا دێنەوەو ھاوار بۆلای خەڵكی ناڕازی دێنن.

دیسان دەزگا ڕاگەیاندنەكانیان دەستدەكەنەوە بەھات و ھاوارو قوڕگە بەللۆرەكە دێننەوە سەرشاشەو بەخەڵكی دەڵێن یەكێتی و پارتی گەندەڵن، دزن، خائین و تیرۆریستن، ھاوار لەشەقام دەكەن كەپشتیوانیان بن، دەڵێن؛ حكومەت بەتەزویر پێكھاتووە بۆیە ڕەخنەمان ھەبووەو بەشداریمان نەكرد. ناڵێن دەركراین و ھیچ حسابمان بۆنەكراوە. ئەمجارە تەزویرو دەركردن بێتەوە گۆڕێ كەس ئەوقسانەیان لێ ناكڕێت. ڕێك ئەوەشم پێگوتن. ناڵێن ھێندە موشتەری بووین بۆ شەراكەتی بەخششی سەرۆكی ڕاسپێردراوی حكومەت بۆیە ھەرزانفرۆشكراین، دەڵێن پڕۆژەكەمان جێبەجێ نەدەكرا بۆیە ھاتینەدەرێ. كەچی لەزاری خۆیانەوە گوتیان تائێستا باس لەپڕۆژەكەمان نەكراوە كەپڕۆژەی بنەڕەتییەو بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەزراوە. ئێستا خەڵكی كوردستان دەپرسێت؛ ئاخۆ پڕۆژە گەورەكەی گۆڕان بۆچی ھەرلەدوای مردنی قائید دامركایەوە؟ مەگەر قەرار نەبوو گۆڕان حزبی قیادی نەبێت و دامەزراوەیەكی سیستماتیكی بێت، تاكو بەمردن و دەرچوونی سەدان كادر كەلێنی تێنەكەوێ؟ خۆ ئەوەتا لەكەلێنیش گەورەتر بەڵكو كەندڕی تێكەوت، ئەوە دەرخەری ڕاستیەكە كە ترسی گۆڕان لەكۆنگرەو نوێبوونەوە ڕادەگەیەنێت. بەھۆی ئەم ترسەشەوە نەك پەنجەشكاندن بەڵكو قۆڵبڕین و بۆسەی كوشتن و تەخوین و تەشھیر ھاتنەگۆڕێ

. خەڵكی كوردستان ئەوڕۆژانەیان لەبەرچاوە، كە گۆڕان نەك لەڕێگەی كادرەكانی بەڵكو لەدەمی خودی ڕێكخەرەوە وەعدی چاكسازی و سەرپێخستنەوەی گۆڕانیان پێدەدرا بەتایبەت لەبانگەشەی ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و كوردستان، بەڵام ھەموو ئەو وەعدانە مایەپوچ دەرچوون، چونكە لەدەرەوەی دامەزراوەی جڤاتی نیشتمانی كوڕێكی میراتگری قائیدی كۆچكردوو بەبڕیارێكی سەتحی تەواوی دەزگا حزبیەكانی ھەڵپەسارد، كۆنگرەو ھەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ موددە زەمەنێكی نادیار شوێن بزركردو لەجێی ئەوە میدیای میراتگری پێشخست، كەواتە جەنابی ڕێكخەر ھیچ دەستەڵاتێكی نەبووە. ئەمما قەرار وابوو ھیچ كەسێك بەبێ سوڵتە پۆست لەناو گۆڕان و لەناو حكومەتیش وەرنەگرێت، كەچی میراتگری شەرعی نەوشێروان مستەفا بەبێ ھەبوونی ھیچ پۆستێك (ھەتتا ئەگەر ناشەرعیش بێت) بەر لەئاوتكردنی ھەڵسوڕاو و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر كە پاڵپشتی گۆڕان بوون خودی ڕێكخەرو گەورەترین دامەزراوەی گۆڕان (جڤاتی نیشتمانی)ی ئاوتكرد.

ھەمووان ئەو ڕاستیە دەزانن، بەڵام كەنایڵێن شەرمنن. عەیبە ئینسانێك لەپارتی و یەكێتی نەترسێ و خۆی بە بەرھەڵستكاری حوكمڕانی چەوت بزانێت بەڵام لەدەستڕۆیشتووە داسەپاوەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان شەرم بكات لەدەرخستنی حەقیقەت. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ئەوە كاراكتەرە نەزانەكانن دەدۆڕێن نەك ھەڵسوڕاو و خەڵكی دڵسۆز بۆ گۆڕان و گۆڕانكاری.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.