داستانی کۆرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 574 جار بینراوە

قادر عزیز

رێکەوتنی ژێر خێوەتەکەی (ێەفوان) بۆ وەستاندنی شەر لە نێوان ھاوپەیمانان و رژێمی بەغدا ، دەرفەتێکی بە رژێمدا کە بپرژێتەوە سەر داگیرکردنەوەی شار و شارۆچکە رزگارکراوەکانی باشوری عێراق و کوردستان ، بە تایبەتیش کە لەم رێکەوتنەدا مافی بەکارھێنانی فرۆکەی ھەلیکۆپتەر بە رژێم درابوو ، کە ئەمەش ھاوکێشەی ھێزی لە شەرەکاندا بە قازانجی رژێم گۆری ، ئەوە بوو رژێم لە رێگەی بەکارھێنانی ھەلیکۆپتەر توانی لە ماوەیەکی کەمدا راپەرینی خەڵکی باشوری عێراق زۆر بە درندانە سەرکوت بکات و دواتریش درێژە بە پەلاماردانەکانی بۆسەر شار و شارۆچکەکانی کوردستان بدات ، کە توانی بە ھەمان شێوەی باشوری عێراق بەشی زۆری ئەو شار و شارۆچکانەش لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵ بکاتەوە ، ھێزەکانی بەرەی کوردستانیش ئەوکاتە بەھۆی کەمی کاتەکە و نەبوونی پلانێکی تۆکمە وەک پێویست توانای بەرگری ھێزەکانی رژێمیان بۆ سەر شارەکان نەبوو.
خەڵکی کوردستانیش لە ترسی تۆڵەکردنەوەی ھێزەکانی رژێم و وەک رەتکردنەوەیەکیش لە گەرانەوەی ھێزی داگیرکەر بۆ کوردستان شارەکانی چۆڵکرد و لە کۆرەوێکی ملیۆنیدا خۆی گەیاندە سنورەکانی ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا ، وێنە تراژیدیایەکانی کۆرەوی خەڵکی کوردستان لەسەر سنورەکان رای گشتی دونیای ھەژاند ، بۆیە زۆری نەبرد لە ژێر ئەو فشارەدا ئەنجومەنی ئاسایش بریاری (٦٨٨) بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و دژە فرینی کوردستان دەرکرد ، رژێم دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارە گەورەکانی کوردستان و ھاوکات لەگەڵ دەرچوونی بریاری (٦٨٨) ھێزەکانی بۆ گەیشتنە سنورەکان جوڵاند ، لە ھەولێر دوای داگیرکردنەوەی پیرمام و سەری رەش ھێزەکانی لە ئامادەباشیدابوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شەقڵاوە و جادەی ھاملتۆن. لە بەرامبەردا سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی دەبوایە بە ھەر نرخێک بێت پێشرەوی ھێزەکانی رژێم بوەستێنێ ، بۆ ئەمەش باشترین شوێن گەلی کۆرێ بوو ، ئەوەبوو لە دوای چەند کۆبونەوەیەک لە رەواندز و سارداو و دواجاریش لە باڵەکیان نەخشەی شەرەکە بریاری لێدرا ، کاک مسعود بارزانی بەرپرسی بەرەی کوردستانی بوو لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک ، کاک کۆسرەت و کاک سامی عبدالرحمان و کاک فازڵ میرانی و بەندەش وەک سەرکردایەتی بەرە ھاوکاری بووین.
دوا کۆبونەوەی بەرەمان لە رۆژی ١٠/٤/١٩٩١ لە گوندی (بالەکیان) لە ماڵی حسین ئاغای گوندەکە بوو ، زانیاری تەواو ھەبوو کە بەیانی رژێم ھێرشەکەی دەستپێدەکات ، بۆیە دوای تەواوبوونی کۆبونەوەکە من یەکسەر بەرەو خەلیفان بەرێکەوتم بۆ ئەوەی ئەو ھێزەی لەوێ ھەمانە لەگەڵ ھێزێکی پارتی گەل بە سەرپەرشتی کاک پاڵە کە لە بارەگاکەی ئێمە بوون لەگەڵ خۆم ببەم بۆ بەرەی شەرەکە ، ئەوەبوو دانی ئێوارەکەی لەگەڵ ھەردوو ھێزەکە چووینە (حوجران) کە شوێنی کۆبونەوەی ھێزەکانی بەرەی کوردستانی بوو. کە گەیشتینە حوجران کاک کۆسرەت کە سەرپەرشتی بەرەی شەرەکەی دەکرد ھێزەکانی دابەشکردبوو ، لە رۆژھەڵاتی گەلی کۆرێ ھێزەکانی یەکیەتی و بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەو ھێزە ھاوبەشەی ئێمەش زەحمەتکێشان و پارتی گەل جێگیرکران ، رۆژئاوای بەرەکەش بە ھێزەکانی پارتی و شیوعی و سۆسیالیست سپێردرابوو ، وەک چاوەروان دەکرا بەیانیەکەی ١١/٤/١٩٩١ کاتژمێر (٥) ھێرش و پەلامارەکەی رژێم دەستیپێکرد. دەبابەکانی رژێم لە پێشەوەی ھێرشەکەدا بوون ، بەڵام زۆری نەبرد ھێرشەکەی رژێم لەسەر دەستی قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگە تێکشکێندرا و چەندین دەبابەش لە شەرەکە سوتا و دەستی بەسەردا گیرا ، ھێزەکانی یەکیەتی کە کاک کۆسرەت و شەھید حسن کوێستانی سەرپەرشتیان کرد رۆڵێکی گەورەیان لە یەکلایی کردنەوەی شەرەکەدا ھەبوو ، ھەروەک ھێزەکەی زەحمەتکێشانیش شان بە شانی ھێزەکانی یەکیەتی رۆڵی کاریگەریان لە شەرەکەدا بینی ، تەنانەت لە گەیشتنە سەر دەبابەکانیش ، لەبیرمە لە گەرانەوەیاندا لەناو یەکێ لە دەبابەکاندا برێکی زۆر لە پاکەتی سۆمەر و جل و میکیاجی ژنانەیان ھێنابوو ، دیاربوو سەربازەکانی رژێم لە تاڵنکردنی دوکانەکانی ھەولێردا دەستیان کەوتبوو ، دەبێ بگوترێ کە ئەم داستانە گەورەیە بە خوێنی (١١) شەھیدی قارەمان نووسرایەوە ، کە (٩) پێشمەرگەی یەکیەتی و (٢) پێشمەرگەی بزوتنەوە بوون ، ھەروەک لە شەرەکەدا دکتۆر سەردار کە سەرپەرشتی ھێزەکەی زەحمەتکێشانی دەکرد برینداربوو.، بەم جۆرە شەری کۆرێ وەک نەخشەی بۆ کێشرابوو شەرێکی یەکلاکەرەوە بوو لە وەستاندنی پێشرەوی ھێزەکانی رژێم لە کوردستاندا ، دیارە لە ناوچەی سلێمانیش ھێزەکانی یەکیەتی بەھەمان شێوە پێشرەوی ھێرشەکانی رژێمیان وەستاندبوو ، سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەرانەدا بۆ دواجار ھاوکێشەی ھێزی بە قازانجی کورد و ھێزی پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی گۆری و رژێمی ناچار بە دانیشتن و گفتوگۆ کرد. شکستی گفتوگۆش دواجار چەندین ھەنگاوی گەورە و مێژوویی بەدوای خۆیدا ھێنا لەناویاندا کشانەوەی ئیداراتی رژێم لە کوردستان و ھەڵبژاردن و پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان و راگەیاندنی فیدرالیزم. لە یادی (٢٨) ساڵەی داستانی مێژوویی کۆرێدا سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان و لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ، سڵاو لە یەک دەنگی و یەکریزی گەلی کوردستان و ھێزە سیاسیەکانی کە سەرکەوتن و دەسکەوتە گەورەکان ھەمیشە بەرھەمی ئەو یەکیەتی و یەکریزیە بووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.