پشکێک بچوک لە یادگارییەکانی ئەنفالی چوار

لەلایەن ستاندار Posted on 353 جار بینراوە

عەلی مەحموود محەمەد

کیمیابارانکردنی گوندی گۆپتەپە لە بەرواری ٣-٥-١٩٨٨ , سەرەتا و دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار بوو لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال , ئەو ئەنفالەی دەیان ھەزار ھاووڵاتی کوردی لەگەڵ خۆیدا بۆ مەرگ برد و ڕاپێچی مەرگەسات کرد, مەرگەساتێکی وا زیندووەکانیش ئاە بۆ ژێر بیابانەکان دەخوازن, ئەو ئۆپەراسیۆنەی تەنھا یەکێک بوو لە کۆی ٨ ئۆپەراسیۆنی دی , سەدان گوندی لە دوای خۆیەوە بە ڕوخاوی لە پێدەشتە نەبڕاوەکانی کەرکووک و ھەولێرو ھەڵەتەکانی کۆیەو قەڵاسێوکەو کێوو و دۆڵەکانی چەمی ڕێزان و بنارە سەختەکانی دوکان و خەلەکان و نزمانی و پێ دەشتاییەکانی شوان و بناری قەرەچوغ بەجێ ھێشت , چەپەکترین گوندی ئەم کوردستانە لێی ڕزگاری نەبوو , جێدەستی سوپای ئەنفال بە بست بە بستی ناوچەکەوە دیاربوو, ئەنفال ئەوەندە دڕندانە بوو مەرگی ناشرین کرد, فاشیەتی شەرمەزارکرد, لمۆزی شۆفەڵەکانی گەیشتووە بە ھەر کوێیەک, لە دوای خۆیەوە وێرانی کردووە و مەرگستان و کەلاوەی بەجێھێشتووە, سوپای ئەنفال لە جیاتی شارستانییەت و ئاوەدانی کاولکارییان ھێنا , ئەو گوندانەی شارستانیەت لێیانەوە سەری ھەڵدا , کۆنترین گوندی جیھان بوون , بە درێژایی ماوەی ھەزاران ساڵ ئاوەدان بوون , ھۆلاکۆ وێرانیانی نەکرد, کەچی ئەنفال ھەموویانی خاپوور کرد ( چەرموو – چەم ڕێزان , دوو ناوی ناسراوی جیھانین بۆ ئاوەدانی و شارستانییەت و قۆناغی کشتوکاڵ , کەوتوونەتە ئەم دەڤەرەوە ) .
سنووری ئەنفالی چوار لە بناری دوکانەوە دەستی پێکرد , تاکو لێوار و کەنارەکانی کەرکووک و ھەولێر بە درێژایی ئەمبەر و ئەوبەری زێی بچووک شۆڕبوەوە بۆ ڕۆخی پردێ , لەوێوە بۆ کلکەی قەرەچووغ , لە بەشی باکووری چەمچەماڵەوە بۆ دەم زێی بچووک , ئەو زێیەی بە درێژایی مێژوو , ئەمبەرو ئەوبەری ئاوەدان بووە , لەگەڵ خۆیدا سنووری نێوان ھەردوو پارێزگای کەرکووک و ھەولێری بەش دەکرد .
ئەنفالی چوار سنووری چەندین شاروشارۆچکەی گرتەوە ( چەمچەماڵ , تەکیە , قەرەھەنجیر , ئاغجەلەر , کۆتەڵ , تەقتەق , قوشتەپە , کۆیە , دێگەڵە , پردێ , شوان , دوکان , خەلەکان , مەخموور … ) , لەو سنوورە پان بەرینە لەم ماوەی چەند ڕۆژێکدا, شوێنەواری شارستانییەت و ژیانی ھەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی بە تەواوی سڕایەوە, ھەر لەو گوندانەوە شارستانییەت سەری ھەڵدا , مرۆڤایەتی گەشەیکرد , دوای ھەزاران ساڵ ئاوەدانی و خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی , داھێنان و پێشکەوتن, کران بە وێرانە و کەلاوە, کۆنترین گوندەکانی جیھان ھەمو تەخت کران, لە ناو لادێ ڕوخاوەکان شوێنەواری مەرگ دەبینرا , ھێشتا بۆنی گەوەڕو مەڕو ماڵات و جیقنەی مریشکەکان دەھات, جار جارەش پەلەوەر و گیاندارێکی تەریک کەوتوو , جگە لە دار تەلی شۆڕەوە بووی کارەبا, چەم و ڕەزی چۆڵ , داری سوتاو و لادێی ڕوخاو, خۆڵومێشی سوتان و بۆگەنی ئاژەڵ و پەلەوەری مردارەوە بوو ھیچی دیکە بە جێ نەما , مرۆڤ و ئاژەڵ , مێرولە و باڵندە , دار و درەخت ھەموو بە پێی بڕیاری ٤٠٠٨ بەعس, جاڕنامەی مەرگیان بۆ درا, ئەو رۆژانەی لەناو ئەو تارمایانە ژیانمان بەڕێکرد لە بۆنی مەرگدا گێژ ببوین, بۆیە کارکردن بۆ ئەنفال کارکردن لەسەر ئێسک و پروسک نییە, کارکردنە بۆ ئەوەی تارماییەکانی مەرگ جارێکی دیکە نەبینینەوە.
ڕۆژی سێشەممە بەرواری ٣-٥ی ساڵی١٩٨٨, ئەو ڕۆژەی خەڵکی گۆپتەپە و دەڤەرەکە, سەرباری ھاتنی ھەواڵەکانی ھێرش بۆ سەر ناوچەکەیان , سەرباری لێبوردنێکی ڕانەگەیەنراو بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی شاڵاوی ئەنفال پێیان نەگەیشتبوو ” بەڵگەنامەکە لە خوارەوەیە ” , جگە لە ژیان و ئاسایش , بیریان لە ھیچی دیکە ناکردەوە, ئەوان لە زووەکەوە قاڵبووی پەنجە نەرمکردن بوون لەگەڵ کارەساتەکان , ڕاھاتبوون لەگەڵ مەرگە بە کۆمەڵەکان, قاڵبووی ناو ئازارەکانی ژیان و بەرەنگاربونەوە بوون, سەرباری ھەواڵە ناخۆشەکان وەلێ ئاسۆی ژیان ھێشتا لای دانیشتوانی گۆپتەپە و دەڤەرەکە مابوو بە قەتماغەی مەرگەوە, بھارەکەی تەڕ و پڕ و خۆش بوو وەک ئەمساڵ , دەغڵ و دانی ناوچەکە تا چاو بڕ بکات سەوز دەچوەوە , گۆپتەپە خاوەند خاکێکی کشت و کاڵی بەراو و زەوی دێمی بە پیت و بەرەکەتە , کێڵگەی بەرینی گەنم و جۆ, مەرەزەی سەوز , گۆلی تەماتە و سەوزە, کێڵگەی لۆکەو گوڵە بەڕۆژە , بامیە و شوتی , ڕەزی ھەنجیر و قەیسی و ھەنار, سەوزایی گۆلە توتنەکان … ئەو ناوەی نەخشاندبوو , گوڵە گەنم و جۆ و گوڵە بەڕۆژەکان سەریان نابوو بە سەری یەکەوە , لە سوجدەدا بوون بۆ تیشکی زێڕینی خۆرەتاو , ھەموو پێکڕا بە داماوییەوە سەیری گۆپتەپەیان دەکرد , وەشتێکی نەرم , کزە بایەکی غەمگین مژدەی ھاوینی پێ بوو, بە ھێمنی ھەڵیکردبوو, گولیلکە نیسان لە ناو ئەو دەریای سەوزاییەدا کەروێشکەیان دەکرد , دەغڵ و دانی ئەو دەشتاییە بۆ ژیان سەمایان دەکرد , کە چاوت بە شیوو دۆڵ و دارەکان دەکەوت , ھەستت بە سوکنایەتی لە ڕوحەوە دەکرد, ڕۆژێکی ساماڵ و خۆش , لە قولایی ئاسمانیش پەڵە ھەورێک بچوک نابینرا , شینایی ئاسمان ئاوی لەچاو دادەھێنا , نوزەی کزە بای وەشتە ھێواشەکە, نەرمە جۆلانێی بە دەغڵ و دانی ئەو دەڤەرە دەکرد, لە دورەوە کەروێشکەی دەغڵ و دانەکە شادی دەزاندە قوڵایی دڵەوە, لێ دڵێک پەیتا پەیتا ھەواڵی ناخۆشی بۆ دەھات و لە دورەوە گوێ بیستی لێدانەکانی دەبووی, دڵەکانی ئەو رۆژانە ئارامییان لە دەست دابوو, گڤەی ئەو شنە بایەیەی بۆنی ڕوبار و باخەکانی لەگەڵ خۆیدا بۆ ھەناو دەھێنا.
خۆرەتاوی ئەو ئێوارانە تیشکی زێڕینی بەسەر دۆڵ و شیوو ھەڵەت و تەختاییەکانی قەڵاسێوکەو شێخ بزێنیدا بە یەکسانی دەبەخشییەوە, روباریش بە گەورەیی خۆی بەردرابوەوە, تریسکەی تیشک دانەوەی تەنەکەی سەر شان کچان , لەگەڵ بریقەو باقی جلە ڕەنگاوڕەنگەکانیان لە دورەوە دەبینراو تریسکەی زێڕینی دەدایەوە, جوانییان لە گولیلکە نیسانی بنار تەپۆلکەکان دەسەندەوە .
خەڵکی دەڤەرەکە چەندین ڕۆژ بوو لە دڵە ڕاوکێیەکی داچەڵەکێنەردا دەژیان , ھەواڵ لە دوای ھەوالیان پێ دەگەیشت , پەیام لە دوای پەیام لە شارەکانەوە دەھات و بروسکە ئاسا خۆی دەکرد بە ناوچەکەدا , بە خێرایی بە شاخ و ھەڵەتەکاندا گوزەری دەکرد و خۆی دەکرد بە ماڵاندا, ھەمووی باسیان لە نزیکبوونەوەی ھێرش دەکرد بۆ سەر ناوچەکەیان , ھەمووو ھەواڵی مەرگ و ماڵوێرانی بوون, خەڵکەکە نیگەران بوون لە چارەنووسی نادیاری خۆیان , پەیتا پەیتا لە شارەکانەوە لە کەس و کاریانەوە نامەو ڕاسپاردەیان پێ دەگەییشت بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن, وەلێ ڕێگاکانی دەربازبوون ھەموو گیرابوون , دەروازەکانی ژیان پێوە درابوون , ھیچ ڕێگایەکی ڕزگاربوون بۆ خەڵکەکە نەمابووەوە, کۆمەڵێک بەرپرس کە زۆریان خەڵکی ناوچەکە نەبوون , یاخود ماڵ و کەس و کاریان لە دەڤەرەکە نەمابوون و رزگار ببون, تاکو لە ھێرش بۆ سەر ناوچەکە لە دەستی بدەن , ڕێگەیان لە خۆ ڕزگار کردنی خەڵکەکە دەگرت , ھیچ دەروازەیەکی دەرچونیان نەھێشتبوەوە بۆ جەماوەر, کەچی لە کاتی ھێرشیشدا زەوی قوتیانی دا , ھەرە سومبلەکانی قەرەمانیەتییان لە بەردەم شاڵاوی ھێرشەکان بە چۆکدا ھاتن , نەیان توانی یەک چرکە داکۆکی لەو شوێنانە بکەن کە پرسگەی ڕێگە گرتن لە دەرچونیان بۆ جەماوەر تیایدا دانابوو , بەمەش ھەزاران نیچیریان خستە بەردەست تاوانباران, نایان زانی ئەوەی دەیکەن تاوانێکی نێونەتەوەییەو بە تاوانی جەنگ بە ناوبانگە, بە بارمتە کردنی خەڵک بۆ رزگار کردنی خۆ, ئەوان وایان دەزانی وا راھێنرابوون ھەر کارێک بکەن ئازادن, لەبەر ئەوەی پێشمەرگەن یاسا نایانگرێتەوە .
سەیرکەن و جوان سەرن جبدەن و بنواڕن , بزانن چۆن بەڕێز مەلاشاخی ئازایانە باسی ئەم ڕاستییەمان بۆ دەکات : (سەرلەبەیانی رۆژی ٣-٥-١٩٨٨ لەسەر داوای (مامۆستا باپیر)لە بینایەی قوتابخانەکەی گوندی (پەڵکانە) لە ماڵی (وەستا سابیر)کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا, بە مەبەستی شیکردنەوەی بارودۆخ و مەسەلەی خۆسازدان و بەرنامە داڕشتن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکی چاوەڕوانکراو بۆ سەر سنوورەکان.
لەو کۆبونەوەیە دا…ڕەخنەی ئەوە لە بەندە گیرا….چۆن سەربەخۆ مۆڵەتی ھەندێ خێزانم داوە کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم!؟)* *ئەنفالی خاڵخاڵان مەلا شاخی چاپی یەکەم ٢٠٠١ .
دیارە ئەوە تەنھا نموونەیەکە لە ناو دەیان نموونەی دی , لەمبەر و ئەوبەری زێ , بەرپرسان ڕێگریان لە خۆ دەربازکردنی خەڵک گرت , سنوورەکانی دەربازبونیان لەبەردەم ڕزگاربوونی خەڵک داخست .
لەو لاوە لایەنێکی دیکە بە پێچەوانەی لایەنەکەی مەلا شاخییەوە کە ینک ە , پارتییەکان ھەموو ورەیەکیان لەدەست دابوو , بانگەوازی خۆ قوتار کردن و بێ ئومێدی بەرگریی کردن و کۆتایی خەباتی چەکدارییان دەدا بە گوێی خەڵکەکەیا, ئێستاش خاوەندی سەروەرییەکانی خەباتی چەکدارین !! , وەک چۆن ئەوانەی رێگرییان کرد لە دەرباز بوونی خەڵک بونەتە خاوەند کەسوکاری قوربانیان.
” لە ڕۆژانی پێش ئەنفالی چوارەمدا ئەو پێشمەرگانەی لە خوار شکابوون ھاتبوونە گۆمەشین و خۆیان کۆدەکردەوە , کوڕێکی ھەرزەکاری خەڵکی گۆمەشین , کە لەو دەمەدا تەمەنی سیانزە ساڵ بوو , مەزەندەی (٢٠٠-٣٠٠) پێشمەرگەی دەکرد کە لە سەرەتای مایسدا لەو ناوەدا بوون , ڕۆژێک دوای ھێرشە کیمیاوییەکەی گۆپتەپە بڕیاریان دابوو بڕۆن بۆ ئێران و تراکتۆری گوندنشینەکانیان گرتبوو بۆ گواستنەوە , خەڵکی گۆمەشین دەستەو دامێنیان بوون زۆریان لێ پاڕانەوە واز لە خەڵکەکە بێنن و تاقە ھۆکاری دەربازبوونیان لە دەست نەکەنەوە , بەڵام پێشمەرگە گوێیان پێ نەدان , بە ھەرحاڵ دەمەوبەیان تراکتۆرەکان بە بەتاڵی لەگەڵ شۆفێرەکانیان گەڕانەوە و خەڵکی کەوتنە ڕاکردن بەرەو لای کۆیە _ جینۆساید لە عێراقدا , پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد , وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , سلێمانی ل٣٢٣ ساڵی ١٩٩٩) .
لە ھەموو ساڵە نەھامەتییەکانی کورد لە سەر زەوی , بە پێچەوانەوە ئاسمان بەزەیی بارانی خۆی بەسەر خاکدا دەبارێنێت, ئەو ساڵەش بەھەمان شێوەی ساڵە سەرە خۆرەکانی دیکە , خاک تێرەو قوڵپی ڕشانەوەی ئاوی باران دەدات . بەڵام خۆشی ساڵی ھات بەو خەڵکە چی ! , ئەوان چارەنووسی خۆیان , لە ئاوێنەی چارەنووسی خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ دەبینییەوە , ئەو سەروەت و سامانەی بە ڕەنجی چەندین نەوە کۆیان کردبوەوە , ئەو چرکە ساتە باری گران بوو بۆیان , نایان زانی چی لێبکەن , ھیچ ئومێدێک بە ژیان لای خەڵکی ئەو ناوچەیە نەمابوو , ژیان زۆر ناشرین ببوو , مەرگ خەریک بوو وردە وردە لە دڵی خەڵکەکەدا شیرین دەبوو.
چومە ماڵێک پیرێژن تاقە بەرانەکەی بۆمان سەربڕی بوو , وتم نەنە بۆ ؟؟ , لە وەڵامدا وتی : ڕسقی منی تێدا نەماوە , کوڕم دەزانی کە سەریی دەبڕم وەک ئەوە وایە چەقۆ لە ملی خۆم بنێم ؟؟؟ , بەڵام ئێوە نەیخۆن جاشە خوێڕیەکان تاڵانی دەکەن , گۆشت قابیل بە ھەڵۆیە, عافیەتتان بێت کوڕم , نۆشی گیانی بکەن “بۆ سبەی خوێڕییەکان ” جاشەکان ” گرتیان و کردیان بە دیاری “, مام ئەحمەدیش لە سەر تەپکی ھەورازێک ڕاکشابوو , ئاخی ژیان لە ھەناویان کڵپی دەدا , بە دیار گەنمەکەیەوە بە کوڵ دەگریا , فرمێسکی خۆی دەخواتەوە و نەرمە گرییانەکە دەکات بە ھەنسک , ھەنسکەکەشی بە قوڕگ قوت دەداتەوە و دەیکرد بە ورە و دەیشاردەوە , لە گەڵ ھەنسکی گریاندا بە نەرمی گەمەی بە سەمای ئەو گەنمە دەکرد , کە لە بەردەستی کەروێشکە سەمای دەکرد , ھیچ ئومێدێکی پێ نەمابوو , دەتگووت گیسکێکی ماڵییە , لەبەر خۆشەویستی خاوەنەکەی ھارو ھاجییەکەی قووت داوە, گەنمەکە بە پێچەوانەی خاوەندەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ باڵای دەکردو دەچوو بە ئاسمانا و قەڵەو دەبوو , نایوزانی وێشومەی ئەنفال چەندە ترسناکە, بەڵام خاوەندەکەی چرکە بە چرکە لە لاوازی دەدا , ڕووی کردە ئاسمان و ھەناسەیەکی قوڵی بۆ ھەڵکێشاو بە نەرمییەکی پڕ لە ئازارەوە گووتی : (دەبێت کێ بتخوات؟؟؟), کەمێک ئاوی خواردەوە , تنۆک تنۆک بە لێویا ھاتە خوارەوە, لە لچی سەرەوە نەرم نەرم دەرژایە سەر لچی خوارەوەی, , پاشان گۆچانەکەی تاو دایەوە بەرەو ناو ئاوایی کردەوە , بە دڵساردییەوە ئەو جێگەیەی بەجێھێشت ,لە دڵی خۆیدا بیری لە ژیانی خۆ شاردنەوەو ئاوارەیی و گەڕیدەیی پاش کارەساتەکەو لە دەستدانی ئازیزانی دەکردەوە , گەورەترین کارەساتی ژیان ئەوەیە , لە چرکە ساتێک , جڵەوی ژیان لە دەستی خۆتدا نەمێنێت , دەیزانی پارەش بە کەڵکی ئەم ڕۆژە ڕەشە نایات , بیری لەوە دەکردەوە , چۆن کەڵەکێک بۆ پەڕینەوەی ماڵ و مناڵەکەی لە زێکە دابین بکات , ھێشتا ھەواڵی بەردانەوەی زێکەی پێنەگەیشتبوو , لێ لە ترسی بەرپرسەکانی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەکە بیرۆکەکەی خۆی قوت دەدایەوە, ئیرەیی بە با , بە پاساری , بەھەموو شتێک دەبرد کە ئازاد بوون , وێنەی منداڵەکانی بەردەوام بەربینیان پێی دەگرت .
رۆژەکانی پێش ئەنفالی گۆپتەپە (چوار)ەو , پاشماوەی خەڵک و پێشمەرگە رزگاربووەکان ناوچەی قەرەداغ و گەرمیان , ئەوانەی ڕزگارییان بووە لە مەرگ , وا لە ناوچەکانی شوان و شێخ بزێنی و قەڵاسێوکەو رۆژھەڵاتی کۆیە , لەم گوند بۆ ئەو گوند دەخولێنەوە , لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە , ووردە ووردە لە دەڤەری گەرمیان و قەراغەوە پەڕینەوە بۆ ناوچەکە, ئەوەی خۆی دەرچووە و سەری ساغە, کەس و کاری بزرە و ئەنفالکراوە, وەلێ بەلایانەوە ئاسایی بوو ھەموو لە چاوەڕوانی بەردانیاندا بوون, لەو ڕۆژگارە ئەوەی بیری لێێناکرایەوە, ئەو کەسانەی کە گرترابوون ئیتر نەیانبینینەوە , ھیچ کەس لەو سەروبەندە ھەستی بە گەورەیی قەبارەی تاوانەکە ناکرد , نە وشەی ئەنفال بە ھەند وەر دەگرترا , نە قەبارەی زیانەکانیش ژمارەیەکیان ھەبوو , کێ بیری لەوە دەکردەوە ئەو ھەموو منداڵە شیرە خۆرەیە لە پێش گەورەکانەوە لە ناو حەوزی تێزابدا بتاوێنرێنەوە , یان ببەخشرێن , پیرەکان سەگ بیان خوات و پاکیزەکانیش لە بازاڕەکانی کۆیلەداریدا بفرۆشرێن , کەس لە ئێمە لەو ڕۆژگارەدا , ئامان زانی و پەیمان پێی نابرد , بارستایی ئەو تاوانەی کە ناوی ئەنفالی لێنرابوو ئەوەندە گەورە بێت , دەنا وێنەیەکمان لێی دەگرت و دەنگێکمان زەبت دەکرد, لەو ڕۆژگارەدا ئەنفال ھەمووی چەند ھەفتەیەک بوو ئاشنایەتیمان لەگەڵ ناوە کوردەوارییەکەی پەیدا کردبوو, تازە کامل ساجت بە بەری کورددا بڕیبووی .
ئەو پاش نیوەڕۆیە لەگەڵ ھاوڕێیەکمدا بەناوی (( ماجیدی کەریم خەیات حەساری) )) , کە سەربازی ھەڵاتو بوو لە ماڵی خوشکەکەی لە گوندی جەلەمۆرد دەژیا, پێکەوە پیاسەمان دەکرد, یادگاری ڕۆژە خۆشەکانی قوتابخانەو منداڵی و حەسیرەکەو ئیمام قاسممان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە, باسی تەزبێحەکەی واجیدە فەنی و تێکۆشانی باوکە تێکۆشەرە شیوعییە قیادە مەرکەزییەکەیمان دەکرد , پاش عەسرانێکی خۆش , ئاسمان پەڵە ھەور بە دەم و چاویەوە دیار نەبوو , خەڵکەکە چاوەڕوانی بانگی ئێوارەیان دەکرد , تاکو لەو ڕەمەزانە ڕۆژووەکە فریایان بکەوێت و لە دەردو مەرگەساتە ڕزگاریان بکات , لە ڕۆژی سەختیدا ئاساییە سرووتی ئاینی زیاتر زاڵ دەبێت بەسەر بیر و ھۆشی مرۆڤەکاندا , لە ناکاو چەند کۆپتەرێک ھاتنە سەر ئاسمانی ناوچەکە , خولێکیان بەسەر گۆپتەیا داو بەخێرایی گەڕانەوە, پاش چەند دەقەیەک نزیک بە کاتژمێر ٥,٣٠ ئێوارە ستونێک دوکەڵی سپی لە ئاسمانی بەری عەسکەرەوە چوو بە ئاسمانا , گوندی عەسکەر بۆ خۆی لێمانەوە دیار نەبوو , کەوتبووە پەناگەوە , دوای زانیمان ٩ کەس لە گوندی عەسکەر ببون بە قوربانی ,
پاش کەێَک , ٦ فڕۆکە ( ئەوەی من لە دورەوە بینیم) ھاتنە سەر ئاسمانی گۆپتەپە , دوکەڵی قینی پەنگ خواردویان باراند بە سەریدا , نەڕەی فڕۆکەکان زۆر گەورەتر بوو لە دەنگی بۆمبەکان , دوکەڵێکی سپی ئاسمانی گۆپتەپەی لێڵ کردبوو , پاشان دوکەڵەکە ووردە ووردە بەرەو ئاسمان ھەڵکشا سواری سەری شینایی ئاسمانە ساماڵەکە بوو , نە بریقەو باقی تەنەکەی ئاوی سەر شانی کیژانی ھێشت , نە تیشکی زێڕینی خۆرەتاوی پاش ئێوارانی بەھار ما , گەردەلولی کیمیا بارانەکە لە بەر چاومە , لە دورەوە چێگاکەی بانگەوازی مەرگی بە کۆمەڵی دەدا , ئەوەندە چڕ بوو , لە قورساییدا ئاوس ببوو , سکی لە زەوی نابوو, بە گرانیی سەردەکەوت بۆ بان و دەچوو بە ئاسماندا, باڵندەکان لە ناو دوکەڵی کیمیاییەکە مەلەیان دەکرد و بەردەبوونەوە , دوکەڵەکە بە ھەر چوارلادا پەلی دەھاویشت و بە دوای مەرگدا دەگەڕا تاکو بە یەکسانی بەسەر خەڵکەکەدا دابەشی بکات , سەری دەکرد بە ھەموو کون و کەلەبەرێکی دەڤەرەکەدا , ھیچ جۆرە زیندەوەرێکی لە مەرگی خۆی ڕزگار ناکرد (( مرۆڤ – ئاژەڵ- ڕووەک – تەنانەت زەوی )) , بە یەکسانی دوکەڵی مەرگەکەی دابەش دەکرد بەسەر ھەموواندا , نایەویست کەس و ھیچ شتێک بێ بەری بکات لە مەرگەساتەکەی , شێخ و مسکێن , ھەژار و دەوڵەمەندی پێکەوە بەردەدایەوە سەر زەوی , ناو کێڵگە , ڕوبارەکە , وێشومەی مەرگەکە بە ناو کۆڵانەکان گۆپتەیەدا غلۆر بوەوە بۆ دەم زێیەکە , تەنەکەی ئاوو کچۆڵەی تازە ھەڵچوو , دایک و منداڵ , کە مەمکی دایکی بە دەمییەوە بوو پێکەوە دەیانی دا بە زەویدا, پشیلەو سەگ و کەر و کۆتر و مەڕ بزن…… ھتد , ھیچیانی بێ بەری نەکرد لە کارەساتەکان خۆی , ھەموویانی لەگەڵ زەویدا چووتکرد .
خەڵکێکی زۆر لەسەر کێڵگەو مەزراکانیان بە دەور یەکدا مردن , لە کاتێکدا ھەندێکیان خەریکی کشت و کاڵی بوون , ھەندێک کەسی دیکە کەوتنە زێیەکەوە , زێیەکە زیادیکردبوو , چ ئاوەکە لە دوکانەوە بە نەخشە بەردرابوەوە , ڕژێم ھەردەم لەکاتی ھێرشەکانی بۆسەر ناوچەکە , پێشتر ئاوەکەی بەردەدایەوە , تاکو پێشمەرگەو خەڵکی دەڤەرەکە نەتوانن ئەمبەر و ئەوبەر بکەن بە کەڵەکە دارینەکان , دواتر چەندین لاشە لە ڕوبارەکە دۆزرانەوە ,(( ھەندێکیان دەم و چاویان ڕەش ھەڵگەڕابوو بە دووکەڵ داپۆشرابوو , ئەوانی تر ئاسایی بوون بەڵام ڕەق بووبوون , من دایکێکم بینی مەمکی لە دەمی کۆرپەکەیدا بوو و لەو دۆخەدا ڕەق بووبوو – جینۆساید لە عێراقدا , پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد , وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , سلێمانی ل٣١٣ ساڵی ١٩٩٩)) . لیستێکی ” ١٠٩ قوربانی کیمیاوی , ٢٦٤ ئەنفالکراو” ناوی وەک قوربانیانی گوندی گۆپتەپە پێشکەشکرا .
یەکەمجار لەبەردەم گەورەیی تاوانەکە لەرزیم , بەڵام ھیچم پێ ناکرا , ئەو خەڵکەی ھەمان بەیانی نمەکیانم کردبوو , ئێستا وا لە دورەوە شایی مەرگیان بە کۆمەڵ بە چاوەکانی خۆم دەبینم , کتێبەکان کۆڵم ھیچ چارەسەرێکیان پێ نەبوو بۆ ئەو مەرگەساتە گەورەیە , ڕستە شۆڕشگیرانەکان لە ناو پەرتووکەکان لە ترس کیمیا بارانەکە جوڵەیان ناکرد, مرۆڤایەتی و نێونەتەوەیی لەو چرکە ساتەدا ھەمووی بە فلسێک .
شەو لەم ئیزگەوە بۆ ئەوی دیکە, لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا , بەدوای ھەواڵی مەرگی ئەو زاروک و ژن و خەڵکەیا گەڕام کە بە چاوی خۆم بینیم , ھیچ ڕادوێیەک باسی ئەم ھەواڵەیان نەکرد , دەتگووت لە ئەستێرەیەکی دیکە ئەم مەرگەساتە ڕوی داوە, ھەموو باسیان لە پێک لێدانی بەرپرسانی چەپ و ڕاست , شەڕە بەردی غەزەو پاریس , دادگاییکردنی پۆلپۆت , گەشەی بەرھەمی نەتەوەیی , ڕیشی خومەینی و ئوسامەیان دەکرد .
ھێواش ھێواش دوکەڵەکە بەرز بوەوە بۆ ئاسمان ,ئەوجا کەوتە کوشتنی تیشکی خۆرەتاوی بان گوندەکە, شینایی ئاسمان , جریوەی باڵندە, ھەموو سەرتاپا پێکەوە مەرگ بردیانییەوە, کاتێک تیشکی خۆرەتاوەکە خۆی دەدا بەبان پشت دوکەڵی کیمیاوییەکە دەگەشایەوە , کیمیاکە ئاوس بوو بەو ھەموو ڕوحەی ھەڵییانی کێشابوو , ڕوحی مرۆڤە باش و خراپەکان پێکەوە , بە بان پشتی ژەھرەکەیا دەچوون بۆ جیھانێکی دیکە , ڕوحیانەتی ھەژار و دەوڵەمەندەکان پێکەوە دەفڕین , ئەوانەی لە ھەموو ژیانیاندا کێشەیان لەگەڵ یەکدا ھەبوو , شێخ و مسکێن , ئاغاو جوتیار ئەو رۆژە تەنھا ئەو چرکە ساتە یەکسان بوون, گۆپتەپەش بە دیار ئەو کارەساتە گەورەیەوە , ھاتبووە گریان و بەچۆکدا ھاتبوو , تنۆک تنۆک خوێنی لێ دەتکایەوە .
ئەم تاوانە لە گوندێکی وەک گۆپتەپە , زیاتر لە ٣٠٠ ھاوڵاتی شەھید و برینداری لێکەوتەوە , ڕۆژی دواتر بریندارەکانیش حەزیای ئەنفال بەرەو مەرگیانی ھەڵکێشا , بە دەم ترس و برینداری ڕۆژی پێشترەوە ھێرشکرایە سەریان , بەھۆی بریندارییانەوە نەیان توانی خۆیان ڕزگار بکەن , ئاخر چۆن بتوانن , زیندووەکان ھەموو گرتران نەک بریندارەکان , بە تولە ڕێی بناری زێکەیا ویستیان خۆ ڕزگار بکەن , بەڵام بە کۆمەڵ گرتران ” بۆ ڕۆژی ٤-٥-١٩٨٨ ھێرشی زەمینی دەستی پێکرد , گوندی گۆپتەپەی ڕوخاند و لاشەی کوژراوانی بۆردومانی ڕۆژی پێشتریشی بە شۆفەڵ خستە ناو گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە , لە ترسی ئەوەی نەوەک زیان بە تەندروستی پیاوانی ڕژێم بگەیەنێ “(( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان- ل١١٩)) .
بۆ سبەی ڕۆژ زوو لە خەو ھەڵستاین , ھێشتا تاریکایی بۆلێڵی بەیان باڵی بەسەر گوندی جەلەمۆرددا کێشابوو , خۆمان بۆ چارەنووسێکی نادیار ئامادە کرد , بابۆڵەیەک گەورەم پێچایەوەو دانەیەکیشم کردە گیرفانم , چنگێک خوێشم لە لایلۆنێک ئاڵاند کردەمە تورگەکەی کۆڵمەوە, کە بە پەڕۆ لە جیاتی کۆڵە پشتی دروستم کردبوو بۆ کتێب و دەفتەرەکانم , چومە دیار ماجیدی ھاوڕێم کە شەو پێکەوە خەوتبووین , نەرمە ماچێکی ناوچەوانیم کردو بۆ دواجار بەجێم ھێشت , لەو کاتەدا وام دەزانی چارەنووسی من لە مەترسیدایە , کەچی ئەوی بێ تاوان بووە قۆچی قوربانی , خۆشەویستیم بۆ ئەو تاکو ئێستاش لەو چرکە ساتەی ئەو دەمەدا دەژێت .

لەو بۆ لێڵی بەیانیانە سەربەستە درێژ دوای خۆی گەیاندە ھاندەران لەناو جەلەمۆرد ھاواری دەکرد ” شیوعییەکان ترسنۆکن ھیچ نیە ھێرش نییە , دواتر بۆ ھەتا ھەتایە لەو چرکە ساتەوە ئیتر ببڕای ببڕ نەبینرایەوە ” ئەمەش پاش ئەوەی مامۆستا عەلی زەنگەنەو ئەوان ویستیان بپەڕێنەوە بۆ دەشتی ھەولێر رێگا گیرابوو گەڕانەوە بۆ لامان.

ئێمە قارەمانانی پێشتر, ھەموو تێمان قوچان, ئەوانەی دەسەڵاتدار و فیرعەونی دەڤەرەکە بوون, بە ئەندازەی ئێمەش بەرگەیان نەگرت, لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم پرشنگی بەیانی لە گوندەوە بە دوای یەکدا دەرچووین , ئاسۆ ھێشتا سوور بوو , پاشان ھەتاو لە بان گۆپتەپەوە دەرکەوت , بە دوای ئێمەشدا خەڵکەکەش مقۆ مقۆیان تێکەوت , لە بەر چاومە پیریژنێێکی ٨٠ ساڵانە , سیمای غەمگینی بە دەموچاوییەوە دەبینرا و ھاواری دەکرد : حەرەس قەومی دێت خۆتان ڕزگار بکەن , غەدارن . سەر دەبڕن , زمان لە بن دەردێنن , دامانی کراسەکەی لەبەر پێی دەخشا , مەنجەڵە کوڵێک بە دەستێکییەوە و کترییەک چای بە دەستەکەی دیکەیەوە بوو , دەیەویست لە تاڵانی جاشەکان ڕزگارییان بکات , دەیانی دیکە بەھەمان شێوە بەو سەحەرە دەبینران , جوڵەی ئەو پیر و منداڵانە کە لە چاو تەمەنیانا زۆر چوست و چالاک بوون , ھەموو ماڵەکانیان بەجێھێشت , جگە لە جاشەکان دزی دیکە نەمابوو , منداڵ بە دەم کروزەی گرییانەوە بە دەست دایکیەوە ھاواری دەکرد , فریای ھەنگاوەکانی دایک و باوکیان ناکەوتن, چاوی ھێشتا بە خەوی خۆشی بەیانیانی بەھارەوە بوو , بە پێی پەتی بەدەم گریانەوە و بە توندی بە دوای دایک و باوکیانا ڕادەکێشران , خۆیان گران کردبوو نایان ویست گوندەکەیان بەجێ بھێڵن , ژنانی چارشێوە لەسەری کۆڵ لە پشت و چارۆگە لە ملی پڕ لە خۆراک , منداڵانی نیمچەش بە نەرمە غار بە دوای دایک و باوکیانەوە ڕێیان دەکرد , ھەندێکیان تورەگە پڕ لە خۆراک و مەتارە ئاو بە دەستیانەوە بوو, پیاوەکانیش ھەریەکەیان کۆڵێک لە کۆڵیان و یەکی دیکە لە بن ھەنگڵیان , دەمووچاویان بۆ چارەنووسێکی نادیار لە ترسی ھەژاری و مەرگ غەزەبی لێ دەباری , پێکەوە ھەنگاویان دەنا تاکو خۆیان بشارنەوەو حەشار بدەن , وەلێ نەیانزانی جاشەکان , پێشمەرگەی ڕوخاو کە ھەمان بەیانی نمەکیانیان کردبوو , شارەزایی کون و کەلەبەری دەڤەرەکە بون, بن بەرد بە بنە بەردی ناوچەکە بەڵەد بوون , ھەموویان دەدۆزنەوە , دەیانکەن بە دیاری بۆ مەرگ , چاوم گڕدا مام ئەحمەدم نەبینیوەوە , لاوێک لەسەر ڕێگاکە ڕاکشا بوو چاوەڕوانی ھاتنی یارەکەی دەکرد , تاکو بۆ دواجار تێی بڕوانێت , کەمێک لە ئاوی مەتارەکەی نۆش بکرد , بە حەپەساوییەوە سەیری خەڵکەکەی دەکرد, بەڵێ ئەو خەڵکە بێ تاوانە , جاشەکان ھەمویانیان لەو کون و کەلەبەرانەی قەڵاسێوکا , لەناو ھەردەو چیاکان , کەندڕ و تاوێرەکان , کونە شاخ و ئەشکەوت و دۆڵەکانا دۆزییەوە و بە کۆمەڵ ئەنفالیانیان کردن, بابە روتەی جەلەمۆرد بووە دوا وێستگەی ژیانی ئەوان, لەپاڵ ھەزاران مرۆڤی دیکە بە کۆمەڵ بوونە خۆراکی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ناوی ئەنفالی چواری لێنرا , جەلەمۆرد بە ٤٨٠ ئەنفالکراوەوە بووە سەرقافڵەی گوندە ئەنفالکراوەکانی کوردستان, ئێمە دوا شاھیدی زیندو بوین ئەو رۆژە لە گەڵیان , ئەوەشی ھەیان بوو ھەموو تاڵانکرا ” لە گەرمەی ئەم کارەدا واتە لێسەندنی پارە و زێڕ و شتی بە نرخ لە گوندی جەلەمۆرد جاشێک ناڕەزایی دەربڕیوە ئەفسەرێکی سوپاش بە توڕەیی گوتبووی : ئەو خەڵکانە بۆ کوشتن دەبرێن ناتوانن پارە و ئاڵتونەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن , چونکە یاسای دەوڵەت دەڵێت دەبێ ئەمانە لەناو ببرێن )) , سەرەڕای ئەمەش جاشەکە چەک کرا (( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان – ل ١٢٣ )) .
ھەموو ئەوانەی پێشتر ڕێگای دەرچوون و خۆڕزگاربوونیان لە خەڵکەکە گرت, وەک ھەڵم چوون بە ئاسمانا لەو ڕۆژگارە دژوارە کەس نەیانی بینییەوە , تەنانەت چەندێکیان بوونە چاوساغی ڕاوکردنی خەڵکەکە, ئەوانی دیش بەشێکیان لە سنورەکانیش خۆیان نەگرتەوە , کە ئەنفال دەستی پێکرد, ھاوڕێ قاسم نۆکانی ھاتە تەنیشمەوە وتی ” چیمان بەسەر دێت …. وتم کارەساتە یان دەفڕین و دەبین بە دەوڵەت یان دەتڕین بە ھۆی ھێنانی سوپای ئێرانەوە…..” .
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چواردا , ئەم ھێزانە سەرباری چەندین مەفرەزە خاسەی جاش پشکدار بوون : فەرماندەیی ھێزەکانی نەسر بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن خالید ئەحمەد ئیبراھیم , ھێزەکانی ٤٦ بەسەرۆکایەتی عەمید عەلی ئەحمەد محەمەد . فەرماندەیی جەحافلی دیفاعی وەتەنی ١. فەرماندەیی ھێزەکانی پارێزگاریی نەوت بە سەرۆکایەتی عەمید بارق , تیپی ٣٨ , تیپی پیادەی ئالی ٥ , تیپی پیادەی ٨ , تیپی پیادەی ٢ , . ئامریەی مەواقعی فەیلەقی ١ بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن عەلا محەمەد تەھا . لیوای پیادەی ٤٤٤. لیوای پیادەی ١١٠. لیوای پیادەی ئالی ٤٦. لیوای مەغاویری ١ ی فەیلەقی ١. فیرقەی مەغاویری ١٠. لیوای قوات خاسەی ژمارە ٦٥ و ٦٦ و ٦٨. لیوای زرێپۆشی ٤٦. فەوجی مەغاویری فیرقەی ٢٨. ٢٧ فەوجی جاش و مەفرەزەی تەواری سلێمانی و کەرکووک , ھێزی ئاسمانی و کەرتی کیمیاوی و یەکەکانی ھەواڵگری و ژمارەیەک ھێزی جۆراو جۆری تر.
ئەو سوبحە تەپ و تۆزی ئۆتۆمۆبێلی جاشەکان لە دورەوە دەبینرا , چەندین کم وەک مار پێچی دەدایەوە و خولی دەخواردەوە , لەھەرچوارلاوە دەھاتن , سەروبنیان دیارنەبوو , لە دورەوە ھەڕەشەیان لە جەماوەری ناوچەکە دەکرد , کاروانەکانی مەرگ , کە جاشەکان لەناو بەرازیلی و شۆفرلێتە سورەکانییانەوە لە پێشەوەی بوون, لە کێبڕکێی ھێرشدا بوون بۆ کاولکردن و سوتاندنی کوندەکان و گرتنی خەڵکەکەی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکەیان .
ئەو ڕۆژە , لە ھەرچوار لاوە ھێرش دەستپێکرا , ئەوەی لە یادمە , لە چەمچەماڵەوە بە سێ قۆڵ بۆ ( کانی عارەبان – شێخ پاڵەوان – پاڵکە ڕەش ), لە تەقتەقەوە سێ قۆڵ ( قەرەناو – مخەڕەس , جگیلە ) , کۆیە بۆ ( شەوگێڕ – بناری حاجی قەڵا , تیمارۆک , بەری ڕۆژئاوا ) , شوان ( جولحان , عەلی بەیان – بان کەل ) , قەرەھەنجیر بۆ سەرخاسە , لە گۆپاڵەوە بۆ گەورەدێ , لە سوسێوە بۆ ( عەواڵان – چەمی سورقاوشان ) , لە دوکانەوە بۆ کلێسە , لە پردێوە بۆ ( چیا چەرمی – گەڵۆزی – توڵکی , دەشتی ھەولێر ) , لە قوشتەپەوە بۆ ( کەلی قەشقە _ دەشتی ھەولێر ) , لە ھەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوای کۆیە , ….. , لە شیوەسورەوە بۆ ( تورکمان باخ – ناڕوجە ) .
بە بەرچاومانەوە گوندەکان دەسوتاو گڕی تێ بەردەدرا , دوکەڵ و گەردەلولی شۆفەڵەکان ئاسمانی ئەو ناوچەیەی داگرتبوو , کام شوێنی چەپەکە جاشەکان بۆنیان بە مرۆڤەکان ناوییەوە دەکرد و دەریان دەھێنان و دەیاندۆزینەوە , لەو ناوچە پان و بەرینە, پنتێک نەمابوو بۆ خۆ حەشاردان و خۆشاردنەوەی خەڵکەکە, ھەر چرکەی ھەواڵی گرتنی ھاووڵاتیانی بە کۆمەڵی گوندێک , خیانەتی سومبلێکی قارەمانییەتی , نامەردی گروپێکی چەکدار … مان دەبیست .
ئێمە خۆمان گەیاندە سەر خاڵخاڵان بە دوو گولە ئارپێجییەوە , کۆپتەریش لە دورمانەوە دەسوڕایەوە , ھیوا رەشیش مەفرەزەیەکی برد, لێ پەلاماری ٢١ بەرەیی لە ئاستی ئێمەدا نەبوو, ئەوانی دی ھەموو ورەیان توانبوەوە, ئەو خەڵکەی رێگری رزگاربونیان لێکرابوو نەیان توانی بۆ چرکە ساتێکیش داکۆکیان لێبکەن.
ئەو ئۆپەراسیۆنە وەک قەلە ڕەشی شووم , لە دوای ئەنفال دنیایەکی تازە بوو , نەک ژیان بگرە کازیوەو نەسیمی بەیانیشی نە ھێشت , بێ خشپە ڕێمان دەکرد , کەس نەمابوو جگە لە ڕێبواران و پێشمەرگەی تاک و تەرا , لە ناو پاشماوەی گوندی ڕوخاوو , دیواری ڕماو , باخچەی وشکەوە بوو , کێڵگەی تەرک کراو ڕێمان دەکرد , کوردستان ببوە گوندی کاول , دارستانی ڕەشی قەرەبلووت , کوچەی گیراو و داری سوتاو چیای چۆڵ و کێڵگەی فەرامۆشکراو , ھیچ نەمابوو , تەنھا باوەڕ بە ژیان ,
بەناوترس و گوماندا ڕێمان دەکرد , ترس و گومان لە ھەموو شتێک , لە جاش , لە قارەمانە ڕوخاوەکان کە ناوچەکە وەک ناولەپی خۆیان شارەزا بوون , قەت نابوایا دووجار بە یەک تولە ڕێدا بڕویشتینایا , لە ھەموو ئەوانەی لە شێوەدا مرۆڤ بوون , لەو ڕۆژگارە لەجیاتی ڕێوی ھەردەم کەروێشک بەرەو پیریمان دەھاتن .
ئەنفالی چوار پاش سەرکەوتنەکانی عێراق ھات لە بەرەکانی شەڕی ئێران – عێراق , بۆیە عێراقی مکوڕتر کرد لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال .
ھیچ بەرگرییەک لەو دەڤەرە نەکرا , کە ساڵی پێشتر وەک لە بەڵگەنامەیەکدا دەیبینن , حکوومەت ناوچەکەی چۆڵکردبوو ” تەنھا ڕەتڵی سوسێ لە چەمی ڕێزان بەرھەڵستی سوپا دەکرا , وەک لە گوندەکانی سوورقاوشان و عەوداڵان و کەلەبەش کە پاشتر وێران کران (( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان – ل ١٢٠)) .
دوو ڕۆژی دواتر واتا لە ٦-٥-١٩٨٨ لە دەڤەری سەر خاسە (( چەمی گوندی ئاوباریک )) , کۆمەڵێک چەکدار ( ژمارەیان نزیک ٧٠ چەکدار بوو ) خەڵکی گوندی گوڵمکەوەو دەوروبەری بوون , پاش پەیوەندیکردنیان بە ھەواڵگیری چەمچەماڵەوە بە سەرپەرشتی ( مەجید – عە) , ویستیان بمان کەن بە بەردە بازی لێخۆشبوونیان لە لای ڕژێم, بە تایبەتیش ئەوان عەوداڵی کەوڵی ھاوڕێ عەمار عارەب بوون, وەک ملازم سەعد دەیان ویست بیبەنەوە, لێ بە ھوشیارییەوە نەخشەکەیانمان پوچەڵ کردەوەو خۆمان لە گەمارۆکەیان ڕزگار کرد , لە سەرەتادا کاک م س ھەواڵی نیاز خراپی ئەوانی پێمان ڕاگەیاند , دواجار ھاوڕێ ج بە ژیری و زیرەکییەوە لە خشتەیانی برد, پەیمانی ھاوکاری پێیان دا , وەلێ ھەر کە گەڕایەوە لامان نەخشەکەیانی بۆمان ئاشکراکرد و وتی ئاگادار بن, پاش ڕاکردنێکی نۆ کاتژمێری, بە کۆڵێکی پڕ لە پەرتووک و خۆراک و فیشەک و کەل و پەلی خەوتنەوە خۆمان گەیاندە ھەڵەتەکانی ماسقەڵان , ئەوەی شایانی باسە رۆژی پێشتر لە کونە کەمتیارێک نزیک ھێزەکانی رژێم ئیختیفامان کردبوو, ژمارەمان ١١ کەس بوو بە فەرماندەی ھیوا رەش, بەیانی کە ھەستاین ژێرمان ئاو بوو, بزن مژەکێکیش زمانی نابوو بە لوتی منەوە, قوات خاسەش لەسەر ھەمان تەپۆلکە بوون ئێمە لە قەدی خۆمان حەشار دابوو, ئەوەندەی لە بزن مژەکەکە دەترسام , ئاگام لە حکومەت بڕا بوو, لەبەر پێکەنین, خەریک بوو خۆمان ئاشکرا بکەین.
ئەو چەکدارانە کە نەیانتوانی ئێمە بە دیاری ببەنەوە بۆ ڕژێم , کە ڕۆیشتنەوە ڕژێم لێیان خۆش نەبوو , بەداخەوە لەگەڵ ئەنفالکراوەکاندا ھەموویان شوێن بزر کران .
لە ٨ مایسدا ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی ٤ کۆتایی پێ ھات – جینۆساید لە عێراقدا , پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد , وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , سلێمانی ل٣١٣ ساڵی ١٩٩٩- ل٣١٧ )) .
کۆی گشتی ٢٣٧ گوند لەو ناوچەیە لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار خاپوور کران (( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان – ل ١٢٦)) .
تەنھا لە ناوچەی (خاڵ خاڵان) لانی کەم کۆی *٤١٦٧ کەس لە خەڵکی ناوچەکە گرتران , جگە لە ھەڵاتوانی شەڕی خەڵکی شارەکان و ئەو پیرانەی دواتر بەردران (جگە لە ناوچەی کۆیەو دەشتی ھەولێر ) , ھەروەھا ١٦٨٠ کەس لە گوندەکانی ( کلێسە , بۆگد , کانی بی , قزلو , کانی ھەنجیر و گۆمەشین ) ئەنفالکران (( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان-ل ١٢٠ )), وە ١٦٢٩ کەسیش لە گوندەکانی بناری خاڵخاڵان ” بابە روتە ژمارە ١” .
” بە پێی خەمڵاندن ٢٥٠٠ کەس لە ناوچەی کۆیە ئەنفالکران (( ئەنفال – کارەسات , ئەنجام و ڕەھەندەکانی , یوسف دزەیی , چاپی یەکەم ٢٠٠١ , چاپخانەی موکریان- ل ١٢٦ )) , کۆی گشتی لە ئەنفالی ٤ نزیک بە ٢٨٥٥٠ کەس ئەنفال کران ( نێ اللائحە الایڤاحیە المقدمە من قبل ھیئە الدفاع …… ) .
ئەو کردارە سەربازییە بەشێکی لە ژێر فەرماندەیی نزار خەزرەجی بەڕێێوە بردرا , ئەوەندە دڵسۆزانە کارەکانی ئەنجام دەدا لە گوندی گۆپتەپە بە شایەدی کاک مودیر عەلی بە پۆستاڵەکانی سەری منداڵێکی ١ ساڵەی پان کردەوە .
لەو ئۆپەراسیۆنە ھەزاران مرۆڤ بوونە قوربانی , کەچی ئەنجامدەران و بکەرانی بە مایەی خۆیانەوە لێی دەرچوون , نە پۆستاڵ لە پێیەکی وەک نەزار خەزرەجی دادگاییکرا , نا جاشە سەرنشینەکانی بەرازیلی و شۆفرلێتە سورەکان لە گوڵ خراپتریان پێ وترا , دەیان سکاڵایان لەسەر تۆمارکراو بانگ نەکران بۆ دادگا , نە ئەو پێشمەرگانەی سەدان خێزانی بە قۆناغە نێزە بۆ ئەنفالکردن گەڕاندەوە بۆ گوندەکەیان کە دوایی ئەنفالکران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا , نە ئەوانەشی کەڵەکەکانیان بە ئاوادا تاکو جەماوەر ڕزگاری نەبێت قسەیەکیان لە گەڵدا کرا .
ئەفالی چوار دووەم زیانی مرۆیی ئەنفالەکانی لێکەوتەوە, دوای ئەنفالی سێ , بەم شێوەیە خەڵکی ناوچەی ئەنفالی ٣ و ٤ بوونە قوربانی جوگرافیا , چونکە داگیرکەران ئەوەندەی دوژمنی جوگرافیان ئەوەندە لە مرۆڤەکەی سەری نا .
ئەنفالی ٤ لە بەڵگە نامەکانی بەعسەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.