بیرێک بۆ ھەستانەوە ..

لەلایەن ستاندار Posted on 256 جار بینراوە

حسن محمود حمە کەریم

لەگەڵ ئەوەی کە ئیسلامییەکانی کوردستان یەک لەشکری گەورە کادیری بانگخوازو ڕۆشنبیرو ئیعلامی و زانستی ڕەوشت بەرزو بۆ خوا سوڵحاویان ھەیە، بەڵام ھەستی گۆڕین و خۆ نوێکردنەوەیان بە گشتی کەمە، ئەوان ھەمیشە لە کۆنگرەکان پەیمان نوێدەکەنەوە کە سوربن لەسەر دەستگرتن بە بڕیارە پێشوەکان و دانانەوەی کەسە کۆنەکان، ھەمیشە لە کۆنگرەکان دوپاتی دەکەنەوە کە زیاتر لە جاران سورن لەسەر پەیڕەوو بڕیارەکان و پاراستنی سەوابیتەکان، لە کۆنگرەی ئیسلامیەکاندا ھەمیشە ھەست بە کەمترین دەنگ دەکەیت بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو کۆنگرە وەک جەژن و ئاھەنگێکی پیرۆزی لێھاتووە، لە باتی ئەوەی بیری بۆ بکەنەوەو کتێبی بۆ بخوێننەوەو دەنگ کۆکەنەوە بۆ گۆڕانکاری، قات و پێڵاوو بۆن و بۆینباخ و بیجامەی نوێی بۆ دەکڕن، ھەر کە چوونە ژوری کۆنگرە، گەرمترین پرۆسەی تەوقەو ماچ و موچ و پێکەنین و وینەگرتن و سێڵڤی باران دەست پێدەکات، دەڵێن ئەگەر کۆنگرە ھەر ئەمەی کردبێ، ئەنجامە پیرۆزەکانی پێکاوە، بەڵکو زۆری وا حاڵی دەبێت کە تەنھا بۆ ئەوە دەچن دەنگ لەسەر کۆنەکان بدەنەوەو بۆ ھەتا ھەتایە لە شوێنە پیرۆزەکانیان دایاننێنەوە، بەڵکو زۆر لەوانەی دەچنە کۆنگرە، نازانن گۆڕانکاری چییەو دەبێ چی بگۆڕن، بەڵکو دەڵێن ئەمانە عەیبیان چیە؟ بەڵام ئەو نازانێ سەردەمەکەی چیەو، چی دەخوازێ، دەبێ چی بکات و، بۆ تەشریفی ھاتوەتە ئێرە.
من ئیسلامیەکانی کوردستانم نەدی خۆێندنەوەیەکی جدی بۆ حاڵی وەستاوو پاشەکشەو شکست خواردوی خۆیان بکەن، کوا ھەڵسەنگاندنی دۆخ و ڕەخنە لە قۆناغەکەیان، کوا دەزگاو سەنتەرە فکریەکانیان، کوا تیپە ھونەریەکانی شانۆو مۆسیقاو دەنگ و ڕەنگەکانیان، کوا کۆمەڵە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کۆڕو سیمینارە بەھێزەکانیان، کوا مەشروعە بانگخوازەکەیان، کوا وەڵامی پرسیارەکانی گەنجان و لاوان، کوا پرۆژەیان بۆ ئافرەتان، چ وەڵامێکیان ئامادەکردوە بۆ ئەو ھەموو پرسیارەی کە عەلمانی و دیندارو بێدینەکان دەیوروژێنن و بە دوایدا دەگەڕێن، بەشداری چ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و سیمینارەکانی قاوەخانەو نادی و سەنتەرەکانیان کردووە، بڕۆ سەیری کتێبخانەی ئیسلامی بکە لێی دەترسی، ھەر باسی سیواک و ڕیش و تەڵاق و حەیزو نیفاس تەھارەو شمشیرو جیھادو سەلەفی و توندڕەویە، بەزۆریش ھەر ئەو کتێبانە دەفرۆشرێت، کوا وتارە گرنگ و وتە بەپێزو ھەنگاوە بەھێزو بیرۆکە نوێیەکانیان، کوا بەرنامە پێشکەوتوە گرنگەکانیان لەسەر ئاین و قورئان و ئیمان، ئادەی ئەو کتێبە زۆر گرنگانەم نیشان بدە کە سەرکردەکانی حیزب نوسیبێتی، چ تەنزیرێکیان بۆ حاڵی خۆیان و قۆناغ و ئاینەکەیان کردوە، ئەوان ئێستە نازانن چی بکەن و چۆن ئایین بە نەوەی نوێ بگەیەنن، ھەتا ئێستە من لێم نەبینین بڵێن ھۆی شکستیمان ئەوەیەو ھەڵەکانمان دیاریکردوەو ئەوەش ئەنجامەکەی، نەمبینی بڵێن ئەوە نەخشەی ئایندەو پڕۆژەی ھەستانەوە، من ھەر دەبینم خۆیان دەپەڕێننەوەو دەستی دەرەکی تاوانبار دەکەن، دوور لەوان، ئەمانە وەک کۆمەڵە قەشەیەکی تازەیان لێھاتوە، کە بەناوی ئاینەوە دەژین، خەریکە حەقیقەتی دینداری و ھۆی بوون و زەرورەتیان نامێنێ.!
وتیان فڵان کتێبێکی نوسیوە باسی کرانەوە دەکات، وتم بۆ ئەو خۆی لە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەچێت تا باسی کرانەوەمان بۆ بکات.؟ وتم بۆم باسکە چۆن چۆنی کراوەتەوە، بزانم کرانەوە فکرییەکەی چەندە کاریگەری لەسەر دەرەوەی خۆی ھەیە، وتی فەرمویەتی پاشگری ئیسلامی لە حیزب دەکەمەوە، وتم بەخوا ئیسلامی شکڵیشی لێبکاتەوە، گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەودا ڕونادات، من لە دەرو ناوی ئەودا تاشە بەردێکی ڕەق دەبینم، کە بە گۆچانەکەی موساش تەڕایی لێ نایەت ، بەخوا ھەرچی سفوری دونیاش ھەیە بیھێنێـتە ڕیزی خۆی ، ناتوانێ گۆڕانکاری دروست بکات، خۆ گۆڕانکاری قسەی ڕوت و سادە نیە ، ئەوە کردارێکی فیزیکیە، قەناعەتە، لە ناخدا ڕودەدات و لە دەرەوە دەبینرێ، خۆزگە ڕاست بوایەو وابوایە، بەڵام ئەو عەقڵە ، قابڵۆغیشی بگۆڕن جەوھەری نەگۆڕە، ئەگەر دەتەوێ گۆڕانکاری ڕوبدات، ئەوان بگۆڕە ، ھەتا ئەمانە لەسەرەوەبن ھیچ ناگۆڕێ و ھەر ئەوە دەبێ کە بووە، ئەمانە چیان پێبووە لە قۆناغەکانی پێشوودا خوا قبوڵی کردبێ خستویانەتە ڕوو پاداشتی خۆیان وەرگرتوە ، گرفتی ئەمانە ئەوەیە نەیانتوانی خۆیان نوێ بکەنەوە ، ھەربۆیە پێیان نەماوە، پەنجا ساڵی تریش بمێننەوە ھەر ئەوەت پێدەڵێن ، بەڵام زۆر سەرکردەی پیر لەو دونیایەدا ھەیە ، بەردەوام جۆگەی فکری خۆیان پاکدەکەنەوەو نوێیدەکەنەوە، شت دەخوێننەوەو بیردەکەنەوەو عەقڵیان لە گەشەدا ئیش دەکات، ئیبداع و داھێنان دەبەخشن ، بەس ئەمانە ، نە دەخوێننەوەو نە گوێدەگرن، نە بڕوایان بە بەرامبەر ھەیە، نە قبوڵی ڕەخنەو تێبینی و پێشنیار دەکەن، سەد پرۆژەیان بخەیتە بەردەست، مەسروفەکەشیان بدەرێ، مرداری دەکەنەوە.
پڕۆژەیەکی ئەمریکی ھەیە، لە داڕشتنی بونەتەوەو لە سەرەتای جێبەجیکردنیدان، بەتەمان چەند لایەن و کەسایەتی میانڕەو بخەنە لیستی تیرۆرەوەو کارو چالاکیان بوەستێنن ، دۆخێکی خراپ دەبێت، ئەگەر ئەمانەی خۆمان، بیرکردنەوەو دڵسۆزیان ھەبوایە، ھەموو لەسەر سفرەیەکی گونجاو کۆدەبونەوە، بیریان لە حاڵی خۆیان و ئیشەکەیان دەکردەوە، شتێکیان بۆ ئەم پەرتەوازەییە دەکرد ، بۆ نمونە : پڕۆژەو حزبێکی سێبەریان دامەزراندایە، بە فکرو قیادەی نوێ و جیاوازەوە، کە ئەمان یاساغکران، ئەو ببێتە سێبەرو جێگر و بەدیل ، دەبوو شتێکی حازریان ھەبوایە، بەسەرکردایەتی و نەمەت و شێوازو پرۆگرامی نوێوە ، پاشگری ئیسلامی نەبێ، ھەتا سبەی خەڵک ھەست نەکات بێ لانەو بێکەس و تەنھایە ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.