باشوور ، خەبات ، ئەزموون

لەلایەن ستاندار Posted on 252 جار بینراوە

ئازاد جۆڵا

شۆڕش و قوربانی دان لە مێژووی زۆربەی گەلانی دونیا یان بۆ ڕزگاری بوە یان بۆ گۆڕینی سستەمی حوکمڕانی ،
واش ڕێکەوتووە لە یەک کاتدا بۆ ھەردوکیان ھەوڵ درابێ ، بەتایبەتی بۆ گەلانی داگیرکراو و سوتاوی ژێر ڕکێفی دیکتاتۆریەت و تامەزرۆی ئازادی و دیموکراسی ، لەم چوارچێوەیشدا گەلی کورد بەتایبەت لە باشوور ، دەتوانین بڵێین لە یەک کاتدا لە ھەوڵ و تێکۆشان بوە ھەم بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ھەمیش بۆ گەیشتن بە ڕژێمێکی دیموکراسی و دادپەروەر ، ئەمە لە کاتێکدا کە گەلەکەمان بەدرێژایی مێژوو قوربانی دەستی ڕژێمە دکتاتۆر و خۆسەپێن و داگیرکەرە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی داتاشراوی عێراق بوە ، ئەگەر سەرجەم ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە باشوور بچێتە خانەی( شۆڕش) کەمن خۆم گومانم لێی ھەیە !!!
دەکرێ بڵێین لە ئەنجامی تووڕەیی و ناڕەزایی گەل و زەبرو زەنگ و مولھوڕی ێدام حسین و زیاتریش بەھۆی داتەپینی سەرخان و ژێرخانی ئابووری عێراق و بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەکەو پشتیوانی کاریگەری ھاوپەیمانان ، ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ دەرئەنجامێکی باش و سەرکەوتن و دەستکەوتێکی مەزن بوو لە مێژووی پڕ لە قوربانی گەلەکەمان لەم بەشەیدا ، بێ گومان بەسەرەنجی زۆرم لەسەر چۆنیەتی و کات و شێوازو پلانەکان و تاڵانی و وێرانکاری و بێ و سەرو بەری و حوکمی عورفی لە بابەتی ڕاپەڕینەکەدا ،،
لێرەدا پرسار ئەوەیە ئایا ئەوەی پێی دەڵێین کۆی خەبات و قوربانی دان و (شۆڕش) ، ئەوەی پێی دەڵێین ڕاپەڕین و دەستکەوت و ئەزموونی نەتەوەیی گەلەکەمان ، خۆی لەم ئەزموونەی ئەمڕۆ و ٢٧ ساڵی ڕابردوو دەبینێتەوە ؟؟؟؟
ئەگەر وایە بابزانیین کام لەم دوو ئامانجەمان بەدەست ھاتوون کە مێژویەکی دوورو درێژ ھەوڵی بۆ داوەو پڕە لە قوربان و کارەساتی مرۆیی و تراژیدیای کۆمەڵایەتی و ئابووری نسکۆی سیاسی و کورد کوژی و …. ھتد بۆ گەلەکەمان ،
ئایا کامیان بەدی ھاتن ؟؟؟
ڕزگاری ؟؟؟
یان
دیموکراسی؟؟؟
یان دەتوانین بڵێین ھەردوکیان ؟؟؟؟؟

ئەگەر باسی ڕزگاری بکەین :
ھەموومان دەزانین ئێمە لە باشوور نەک ھەر لە بابەتی مافی (نەتەوەیی و خاک) ، ڕزگارمان نەبووە ،بەڵکو وەک و تاکیش دەربازمان نەبووە لە وابەستەیی و لاوازی و گەڕانەوەی شکۆمەندی بۆ تاکی کورد و پیرۆزی خاک و سەروەری یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ و یەکترقبوڵ کردن ،،
تا ئێستا نیوەی باشووری کوردستان سووتماکەو ڕۆژانە خوێنی لێ دەتکێ ، شکۆی نەتەویی کورد دەشکێ ، لەبەرامبەریشدا ئەوەی پێی دەڵێن دەستکەوت و ئەزمونەکەمان نەک ھەر دەستەوەستان و بێ وەڵامە تەنانەت مێشیش میوانی نیەو وەک ئەوەی نەبای بێ و نەباران ، ئەوە جگە لەوەی ٢٨ ساڵ تێپەڕیوە نەتوانراوەو ھەوڵیش نەدراوە بۆ ڕزگاربون وگەڕانەوەی ئەو نیوە لە خاکی باشووری کوردستان ، نەک ھەر ئەوەندەش بەڵکو لەلای بەڕێوەرانی ئەم ئەزموونە (پۆستێکی کارگێڕی) زۆر گەورەترو کاریگەرترە لە کۆی پرسی و نەتەوە و نیشتمانێک کەوا ڕۆژانەو بەبەردەوامی بەبەرچاوی ھەموو کورد و ھەموو دونیا لە ئاسەواری نەتەوەیی خۆی دەسڕدرێتەوەو بە پلان و بەرنامەی داڕێژراو دەسوتێندرێ و وێران دەکرێ و تەعریب دەکرێ ، ھەر ئەوەش نا تا ئێستا نەتوانراوە یەک وتاری نیشتمانی دروست بکرێ بۆ ڕێگری یاخود وەستانی ئەم ھەموو خوێن و سوتماک کردنە ، ھیچ نا با لەسەر مەسەلە نیشتمانیەکان ،چارەنوس سازەکان ، تەنانەت ئەو مافانەی کە دەستوریش بۆ کوردی سەلماندووە نەتوانراوە یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی بێتە بوون ، تەنانەت ھیچ ھەوڵێکیش لە ئارادا نیە ، ئەوەش خۆی لەخۆی دا وەڵامە بۆ پرسی یەکەم کە ئایا لەئەنجامی کۆی بەرھەمی خەبات و قوربانیەکان ( ڕزگاری) نیشتمان بەرھەم ھاتووە ؟؟؟؟؟؟؟
ئایا دەتوانیین بڵێین ھەڵگیرسێنەری شۆڕشێکی ڕزگاری نیشتمانی بووین ؟؟؟؟؟؟؟

سەبارەت بە دیموکراسی :

لەڕابردودا زۆر قسەی لەسەر کراوەو ڕەخنەی لێ گیراوە ، ھەر لە سەرەتای ھەوڵدان بۆ بەدامەزراوەکردن و بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی دیموکراسی ،
یەکەم ھەنگاو لە ھەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتریش پێکھێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی لێ بەرھەم ھات ، ئیتر لەوێوە تاوەکو ئێستا کابینە لە دوای کابینە بەڵام پڕاوپڕ لە کەمکوڕی و نادادی و کورد کوژی و دزی تاڵانی و ئەتک کردن و شکاندنی شکۆی تاکی کورد و خیانەتی (عوزما) و دوو ئیدارو ھتددد ……..
لەو کاتەوەش تا ئەمڕۆ مەسەلەی دیموکراسی و بە دیموکراسی کردنی کۆمەڵگا ، بۆ خوێنەر خۆی جێ دێڵم ،،،،،
بەڵام من لێرەدا دەمەوێ ھەر سەبارەت بە دامەزراوە دیموکراسیەکان لە کوردستان دواین ڕوداو و نمونەی ئەم ئەزمونە بخەمە ڕوو ، ئەویش مەڕاسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێم و ناوەڕۆکەکەی ،
ئەوەی من لە شێوازی ئەم مەڕاسیمەو پێشکەش کردنی وتارەکان و ناوەڕۆکیان سەرنجمدا ، جگە لە ڕاگەیاندن و سەپاندن و ناساندنی دامەزراوەیەکی تر لەکوردستان ھیچی تر نەبوو ، کە ئەویش ھاتنەکایەی یاخود بڵێین دروست بوونی دامەزراوەیەکی تر بوو بەناوی ( مەرجەعیەت ) ،،
ئەگەر تا ئێستا لە ھەرێم چەند دامەزراوەیک بە ناو یان بە شەرعی ھەبووبن وناسێندرابن ئەوانیش وەکو سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری ،،
ئیتر لێرەوە دەبێ ئەم ڕاستیە بزانن و دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم کەن کەوا لەمڕۆ بەدواوە ماھیەت وگرینگی و یاسایی و ھێزو و دەسەڵات و تواناو کاری ئەم دامەزراوانەی ڕابردوو بۆ لەمەو دوا نەک ھەر سنووردار دەبێ بەڵکو دەبێ (مقید)یش بن ، چونکە ئیتر دەسەڵاتێکی تر و دامەزراوەیەکی تری بەھێز و کاریگەرتر ھاتە بوون و ناڕاستەوخۆ ڕاگەیەندرا ، کە ئەویش ناساندن و ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی (کورد و کوردستان) بوو ، کە بەڕێز کاک مسعود بارزانی وەک مەرجەع ناسێندراو ڕابەرایەتی بابەتەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکات ،،
ئەمە لە کاتێکدایە کەوا کورد ئەوەندەی پێویستی بە کرانەوە و دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و شۆڕکردنەوەیان بۆ خواری خوارەوە ھەیە ئەوەندە پێویستی بە ناوەندگیری بەڕێوەبردن نیە ، ئەمە جگە لە کەمکردنەوەی بایەخ و پێگەو دەسەڵاتی دامەزراوەکان ھەم لەلای تاکی کوردستانی ھەم لە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی …..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.