دەزگای ستاندەر دووەمین كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی سازدەكات و راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 243 جار بینراوە

ستاندەر

دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان دووەمین كۆنفرانسی ناوخۆیی بە مەبەستی پێداچونەوە بە پەیرەوی ناوخۆیی و كار و چالاكی و پرۆژەكانی رابردوو و هەروەها هەڵبژاردنی ستافی نوێ بۆ سكرتێر و بەشەكان و بەرپرسی بۆردی گشتی سازكرد.

كۆنفرانسەكە لە هەولێری پایتەخت ئەمرۆ شەممە بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی دەزگاكە بەرێوەچوو، بەرنامەی كاری كۆنفرانس سەرەتا بریتی بوو لە پێشكەشكردنی بابەتێك لەلایەن مەسعود عەبدولخالق راوێژكاری دەزگاكە كە تیایدا دۆخی ستاندەر و پێشهاتە نوێیەكانی شیكردەوە و ئاماژەی بە رۆڵ و دەرفەتەكانی بەردەم ستاندەر كرد،.

پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ پێداچونەوە بە پەیرەوی ناوخۆ لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتی كۆنفرانس كرایەوە و گۆڕانكاری پێویست لە پەیرەوەكە بەگوێرەی پێداویستیەكان كرا، دواتر راپۆرتی سكرتێر و بەرپرسی بەشەكان خوێندرایەوە كە وردەكاری كار و چالاكیەكانی ساڵی رابردوو خرایە ڕوو لەگەل هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان. دوای تەواوبوونی كارەكانی كۆنفرانس، دەزگای ستاندەر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا جەخت لەسەر بەردەوامیدان بۆ كاركردن لە پێناو بەهێزكردنی میدیای ئەهلی و كاركردن بۆ هێنانەدی حكومرانی باش و بەرچاورونی رای گشتی لە پێشهاتە نوێیەكان لە رێگای توێژینەوەی ستراتیژی و هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان و داكۆكی لە ئازادی رادەربرین، دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەوە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

راگەیەنراوی  دووەمین کۆنفرانسی دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان

بە بۆنەوەی تەواوبونی دووەمین كۆنفرانسی ناوخۆیی بەسەركەوتوویی بەرێزان.. دەزگای ستاندەر وەك پابەندیەك بە بنەمای پێداچونەوە و هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی ژیانی رێكخراوەیی ناوخۆیی رۆژی شەممە 21ی6ی2019 لە هەولێر دووەمین كۆنفرانسی ناوخۆیی خۆی بەسەركەوتویی ئەنجامدا. كۆنفرانس پێداچونەوە و هەلسەنگاندنی بۆ كارو چالاكیەكانی ساڵی رابردوو كرد و بەگوێرەی پێداویستیەكانی قۆناغەكە گۆرانكاری پێویستی لە پەیرەوی ناوخۆ و بەرمانەی كاری ساڵانەی خۆی كرد. كۆنفرانس هەول و ماندووبونی سكرتێر و بەرپرسی بەشەكان و ئەندامانی دەزگاكەی بۆ ساڵی رابردوو بەرزنرخاند و تەئكیدی لەسەر رۆڵی ستافی دەزگاكە كردەوە لە بەرەو پێشبردنی كارەكانی دەزگا. كۆنفرانس گۆرانكاری لە پۆستەكان بەگوێرەی پەیرەو ی ناوخۆ پەسەندكرد و بەشێوەیەكی سەركەوتوو كۆتایی بەكارەكانی هێنرا.

بەلەبەرچاوگرتنی گۆرانكاریە ناوخۆییەكانی هەرێم و بەغدا و بەشەكانی تری كوردستان و ناوچەكە دەزگای ستاندەر تەئكید لەسەر ستراتیژیەتێكی نیشتیمانی دەكاتەوە بۆ دەربازكردنی كوردستان لەو ئالەنگاریانەی رووبەروی دەبێتەوە، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ستاندەر پێی وایە چەسپاندنی سەروەری یاسا و شەری گەندەڵی و فراوانكردنی ئازادییەكان تاكە دەروازەی حكومرانیەكی دروستن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها كۆكردنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتە هەستیارەكان لای گروپێك بە ئاماژەیەكی خراپ دادەنێت بۆ ئاییندەی حكومرانی و لاوازكردنی رۆڵی دامەزراوەكان لەنێویاندا پەرلەمان.

دەزگای ستاندەر بە پێویستی دەزانێت لە پێناو بەهێزكردنی رۆڵ و پێگەی دەنگە نارازییەكان كار بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی گروپ و ئاراستە جیاجیاكان بكرێت بۆ دروستكردنی دیدی هاوبەش بۆ چارەسەری كێشەكان و هێنانە پێشی قۆناغێكی نوێ لە پێناو بەهێزكردنی هەولەكان بۆ چاودێری كارەكانی حكومەت و دروستكردنی رای گشتی دژی گەندەڵی و پێشێلكاری مافەكانی مرۆف و ئازادی رادەربرین. ستاندەر لە چوارچێوەی كارەكانی خۆی لە میدیا و توێژینەوە و پێگەیاندن كاردەكات بۆ هۆشیاركردنەوە و پشتیوانی هەولەكان بۆ هێنانەدی حكومرانیەكی بەرپرسیار بەرامبەر هاوڵاتیان و لە ئاست داخوازی و پێویستیە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بێت.

 

دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان

٢١ی٦ی٢٠١٩

هەولێر

 

وێنەکان

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.