تاکگەرایی وەک فەلسەفەیەکی سیاسی بۆ بونیاتنانی تاکێکی ئازادی کوردی…

لەلایەن ستاندار Posted on 89 جار بینراوە 0 سەرنج
nawzad muhandes

نەوزادی موھەندیس

• چەمکی تاکگەرایی
تاکگەرایی بە ئینگلیزی Individualism، بریتیە لە ھەڵوێستێکی ڕەوشتی،فەلسەفەیەکی سیاسیە،ئایدۆلۆژیایە،یان تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتیە کە جەختدەکاتەوە لەسەر بەھای مەعنەوی تاک.تاکگەرایی داوای ئەوە دەکات کە تاک ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئامانج و ویستەکانی خۆی پیادە بکات بۆ ئەوەی ببێتە پنتێکی سەربەخۆ و پشتیش بەخۆی ببەستێت.
تاکگەرایی پێی وایە کە بەرگریکردن لەمافی تاک مەسەلەیەکی ڕیشەییە و پێویستە بێتە دی لەسەروو بەھاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگاوە.ھەروەھا ھەموو دەستێوەردانێکیش ڕەتدەکاتەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی تاک لەلایەن کۆمەڵگا یان دامودەزگاکان وەکو حکومەت،زۆر جاران تاکگەرایی دژە لەگەڵ تاکڕەوی و کۆمەڵبووندا.
تاکگەرایی ،تاک دەکاتە پنتی گرنگیپێدانی و ئەمەش دەستپێدەکات (( لەگەڵ گریمانەی تاک مرۆڤ بریتیە لە ھۆکاری سەرەکی و گرنگترین لە خەبات لە پێناو ڕزگاربوندا)).بەھەمان شێوە چەمکی تاکگەرایی ئاماژە دەکات بۆ (چۆنێتی بوون وەک تاک)) چونکە تاکگەرایی پەیوەندی بە خاوەندارێتی ((کەسایەتی تاکەوە)) ھەیە: لە بێوێنەی (quirk)، بۆھیمی و قۆناغەکانی ژیان،بەشێوەیەک لایەنگیریەک ھەیە بەرەو داھێنان و تاقیکردنەوەی جیاواز لە داب و نەریتەکان،و کاروکردەوە باوەکان، بەھەمان شێوەش جێبەجێدەبێت بەسەر ھەڵوێستە فەلسەفیە مرۆڤانەییەکان و ئاکارەکانیشیاندا.
• تیۆری تاکگەرایی
بنەمای تاکگەرایی، بریتیە لە شێوازی پێناسەکردنی شتەکان بەپێی جیاوازیان لە شتەکانی تر،کارل یۆنگ ئاوھا پێناسەی تاکگەرایی دەکات،کە بریتیە لە پڕۆسەی گۆڕانکاری و پەڕینەوە،لەڕێگەی نەستی کەسیەوە یان کۆمەڵەوە،کە ئامادە دەکرێت بۆ ھەست((بەمانای خەو،یان ئەندێشەیەکی چالاک یان پەیوەندیەکی ئازاد)) ( بەشێوەیەک دەتوانرێت وەربگیرێن لەتەواوی کەسایەتیەکە).
یان بریتیە لە پڕۆسەیەکی سروشتی پێویست بۆ تەواوکردنی نەفس تا جێگەی خۆی دەگرێت و دروستدەبێت).
• تاکگەرایی بریتیە لە پڕۆسەیەکی ھەمیشەیی ناتەواو،وھێشتنەوەی((پێش تاک)) بەپشتگوێخراوی،کە وادەکات ئایندەی تاکگەرایی بێتەدی و ڕۆشن بێت.
• مێژووی سەرھەڵدانی بیرۆکەی تاکگەرایی
وشەی ((تاکگەرایی)) بۆ یەکەم جار ھاتۆتە ناو زمانی ئینگلیزیەوە وەک سیفەتێکی ناشیرینکردن و بێزلێکردنەوە یان قێزەون نیشاندان، لەلایەن ئۆینتیزوە بەکارھێنراوە لە کۆتایی سیەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا ھەرچەندە دیارنیە کە کەوتبێتە ژێر کاریگەری ((سیمۆنیەوە)) saint-simonisme ،یان بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەم وشەیەیان داھێناوە.
• قوتابخانەکانی تاکگەرایی:
لیبڕاڵیەت،وجودیەت،ئەنارشیزم، بریتین لە نمونەی ئەو بزوتنەوانە کە تاک دەکەنە پنتێکی سەرەکی بۆ شیکردنەوە،ھەروەھا تاکگەرایی بریتیە لە ھاوبەشیکردن بەرەو ((مافی تاک لە ئازادی و بەدەستھێنانی خود)).
١.لیبڕاڵیەت: بریتیە لە فەلسەفەیەکی سیاسی یان ئەو بۆچونە باوەی کە دامەزراوە لەسەر بیرۆکەی ئازادیەکان و یەکسانی.
ئازادیەکان وەک ئازادی ڕاوبۆچوون،ڕۆژنامەگەری، ئاین،بازاڕی ئازاد،مافە شارستانیەتەکان، کۆمەڵگای دیموکراسی، حکومەتی عیلمانی و ھاریکاری نێودەوڵەتی.جۆن لۆک بە دامەزرێنەری فەلسەفەی لیبڕاڵی دادەنرێت وەک فەیلەسوفێکی سەدەی حەڤدەھەم و،لۆک دەڵێت (( ھەموو مرۆڤێک مافی سروشتی ھەیە لە ژیاندا، لە ئازادی و خاوەندارێتی و نابێت حکومەتەکان ئەو مافە پێشێل بکەن بەپێی گرێبەستی کۆمەڵایەتی،لیبڕاڵەکان لایەنگری گۆڕینی دەسەڵاتە تاکڕەوەکانن بۆ حکومەتی دیموکراسی نوێنەرایەتی و سەروەری یاسا)).
شۆڕشگێڕە بەناوبانگەکان لیبڕاڵیەتیان بەکارھێنا وەک بیانویەک بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕی بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە بە تاکڕەویان دەبینی،لەھەردوو شۆڕشی ئەمریکا و فەڕەنسادا،لیبڕاڵیەت لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی دەستیکرد بە بڵاوبونەوە لەسەدەی نۆزدەھەمدا لەھەموو دونیادا لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئەمریکای لاتیندا سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئایدۆلۆژیای کۆنەپارێزی لەلایەک و دواتریش لەلایەن فاشی و شیوعیەکانیشەوە.لەسەدەی بیستدا وەک دوو ئایدۆلۆژیای نوێ.بەڵام دیموکراسیەتی لیبڕاڵی خۆی بەسەرکەوتوو بینیەوە لە کۆتایی ھەردوو جەنگە جیھانیەکەدا،لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوردا، لیبڕاڵیەت لە دامەزراندنی لیبڕاڵیەتی کۆمەڵایەتیدا بوە توخمێکی سەرەکی لە فراوانبوون لە دەوڵەتی ڕەفاھدا،و لەئێستاشدا حیزبە لیبڕاڵەکان لەدونیادا و لەگەلێک وڵاتدا دەسەڵاتیان لەدەستدایە.
٢.وجودیەت :
بریتیە لە لێکۆڵینەوەیەکی فەلسەفی کە مرۆڤ دەکاتە بابەتی خۆی،نەک تەنھا بابەتی بیرکردنەوە بەڵکو کار و ھەستی مرۆڤ وەک تاکێکی زیندوو،وجودیەت بەشێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندی ھەیە بە ھەندێک لە فەیلەسوفە ئەوروپیەکانەوە لە ھەردوو سەدەی نۆزدە و بیستدا،کە پێکەوە بەشدارن لەو بڕوایەی کە سەرەتای ئەو بیرە فەلسەفیەیە،سەرەڕای جیاوازیان لە زۆرێک لە بیروڕا سیاسیەکاندا.
لەکاتێکدا بەھای ھەژمونداری بیری وجودیەت دەگەڕێتەوە بۆ ئازادی،بەڵام بەھای بنچینەیی لە وجودیەتدا بریتیە لە ڕەسەنایەتی وەک چەمکێکی فەلسەفی،لە ڕوانگەی وجودیەکانەوە خاڵی دەستپێکی تاک یەکدەگرێت لەوەی کە ناسراوە بە (( ھەڵوێستی وجودی))،یان ھەستکردن بە لەدەستدانی ئاڕاستە و تێکچوون و ترس بەڕووی دونیایەکی بێسەروبەرەی بێ مانادا،زۆرێک لە وجودیەکان پێیان وایە کە ھەندێک لە فەیلەسوفە کلاسیکی وئەکادیمیەکانیش جا لە ھەڵسوکەوت یان ناوەڕۆکدا بێت زۆر دابڕاون زیاد لە پێویست لە ئەزمونی مرۆڤایەتی ھەستپێکراو.
• فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی وجودیەت
بەناوبانگترین فەیلەسوفەکانی وجودیەت بریتین لە ھەریەکە لە: سۆرێن کیرکغور وفیودور دۆستۆفسکی و جان پۆڵ سارتەر و فردریک نیتشە.و لەناویشیاندا سۆرێن کیرکغور دادەنرێت بەیەکەم فەیلەسوفی وجودی،سەرەڕای ئەوەی ھیچ کات زاراوەی وجودی بەکارنەھێناوە،کیرکیغور وادادەنێت کە(( ھەموو تاکێک،نەک کۆمەڵگا و ئاین)) بەرپرسیارە لە دۆزینەوەی وشەی ژیانی خۆی بەتەنھا،بۆ ئەوەی بژێت بە خۆشی و ڕاستگۆیی یان بە ڕەسەنایەتی)).
وجودیەت لەدوای ساڵانی جەنگی جیھانی دووەمەوە بڵاوبۆوە بە ھەوڵی جان پۆڵ سارتەر کە بەرھەمەکانی مارتن ھایدگەری دەخوێندەوە کاتێک لە سەربازگەی دیلەکاندا بوو،ھەروەھا بەزۆرێک لە بوارەکانی تریش کاریگەر بوو لەپاڵ فەلسەفەدا لەناویاندا زانستی لاھوت و دراما و ھونەر و ئەدەب و زانستی دەروونی.
سارتەر گریمانەیەکی میحوەری بڵاوکردەوە لە وجودیەتدا کە دەڵێت (( بوون یان وجود پێش ناوەڕۆک دەکەوێت، بەو مانایەی کە بەلای تاکەکانەوە ئەوە زیاتر گرنگە کە خۆیان تاکن(( بونەوەری زیندووی سەربەخۆ و بەرپرسیار و تێگەیشتوە)) لەجیاتی ھەر مۆر و ناونیشان یان ڕۆڵ و چوارچێوەیەک یان پێناسە یان ھەر پۆلێنکاریەکی پێشوەخت کە بکرێت تیایاندا دابنرێت واتە((ناوەڕۆک)).
٣.ئەنارشیزم anarchism:
ئەنارشی یان ئەنارشیزم ((یان دەسەڵات نەویست))لە زمانی ئینگلیزیدا بە(( anarchism)) ھاتوە یانی بەبێ دەسەڵاتدار.بریتیە لە فەلسەفەیەکی سیاسی کە بونی دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە، و دەوڵەت ھیچ گرنگیەکی نیە و زیانبەخشیشە بۆ کۆمەڵگا،لەبەرامبەریشدا بانگەشە دەکات بۆ کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەت و ھەوڵدەدات ڕۆڵی دەوڵەت بچوک و قەتیس بکاتەوە لە دەستێوەردانی پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان.بیروڕای ئەنارشیستەکان یەکگرتوو نیە و ناتوانن لەسەر چەند بنەمایەک ڕێکبکەون ھەرچەندە بنچینەکەیان یەکە.ئەنارشیزم دادەنرێت لەخانەی چەپە توندڕەوەکاندا.
• جۆرەکانی ئەنارشیزم
زۆرێک لە جۆرو بیرۆکەی ئەنارشیزم ھەن،ھەموویان لەگەڵ یەکدا ڕێکنەکەوتون،جۆرە بنەڕەتیەکانی ئەنارشیزم بریتین لە:ئەنارشیزمی سۆشیالیستی و ئەنارشیزمی شیوعیی و ئەنارشیزمی کۆمەڵ و ئەنارشیزمی سەندیکایی و ئەنارشیزمی تاکگەرایی.تاکگەرایی ئینگلیزی : individualist بە پێچەوانەی زۆرێک لە جۆرەکانی ئەنارشیزمەوە بڕوای بە کەرتی تایبەت و ئابوری و بازاڕی ئازاد ھەیە.کەمێکیش لەم individualistوەک ئیشتراکیەکان دەمێننەوە.
بۆیەکەم جار بابەتە ئەنارشیەکان لە سەدەی شەشی پێش زاین بەدەرکەوت لە میانەی کارەکانی فەیلەسوف تاوی لاوزی،دواتریش لەکارەکانی جوانگ زی و باو جینگیان،بەھەمان شێوە دیوجین و کەلبیەکان و زینۆنی سەردەم دامەزرێنەری ڕەواقیە و بابەتی ھاوشێوەیان پێشکەشکردوە.ھەندێک کات یەسوعی مەسیح بەیەکەم دەسەڵانەویست((ئەنارشی)) دادەنرێت وەک جۆرج لۆشارتییە دەڵێت.بۆ یەکەم جار زارەوەی دەسەڵات نەویستی((ئەنارشی)) ھاتە نێو زمانی ئینگلیزیەوە لەساڵی ١٦٤٢دا و لەمیانەی جەنگی ئەھلی ئینگلیزیدا وەک زاراوەیەکی بچوک سەیرکردن و بێڕێزیکردن لەلایەن لایەنگرانی پاشایەتیەوە دژی سەرخڕەکانی بەرامبەریان،بەڵام لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی ئەم زاراوەیە بۆ وەێفکردنێکی باش بەکاردەھات.
• دەسەڵات نەویستی نوێ ((ئەنارشیزم))سەریھەڵدا لە بیری عیلمانی یان دینی ڕۆشنگەری و بەتایبەتیش بەڵگەکانی جان جاک ڕۆسۆ دەربارەی سەنتڕاڵیزمی مەعنەوی بۆ ئازادی.دواتر ولیلم گۆردیۆن ئەم چەمکەی گەشە پێدا.زۆری تریش وەک ھەریەکە لە ئادمۆند بیرک و بنجامین تاکەر و جۆسیا وارن و بییر جۆزیف برۆدون گەشەی زیاتریان بەم چەمک و زارەوەی دەسەڵات نەویستیە داوە ھەریەکە لە قۆناغ و سەردەمی خۆیدا.جۆزیف دیجاک یەکەم کەسی شیوعی بوو کە خۆی ناونا ئازادیخواز.
• داھێنەران و بیرمەندانی بیری تاکگەرایی
زۆرترین بەکارھێنانی باشی زاراوەی تاکگەرایی لە بەریتانیادا لە نوسینەکانی جێمس ئەلیشما سمیپ وە ھات کە ملیاریەکی ئینگلیزی و کریستیانێکی ئیسڕائیلی بوو،سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە کەسە یەکەمەکانی ئۆینتیزە سۆشیالیستەکان بەڵام لەکۆتایدا خاوەندارێتی بەکۆمەڵی ڕەتکردەوە و لە تاکگەراییدا ((بەجیھانبوونی ))بینیەوە. کە ڕێگە بە ((بنەچەی عەبقەرێتی ))دەدات،کە گەشە دەکات.سمیپ دەڵێت (( بەبێ تاکگەرایی تاکەکان تانوانن کە خاوەندارێتیەکانیان کۆبکەنەوە بۆئەوەی خۆشیەکانیان زیادبکەن)).ولیام ماکول،گوتاربێژێکی ترە،کە یەکێکە لە ناسیاوەکانی سمیپ بەڵام لە کاتێکی دواتردا دەرکەوت،کاریگەر بوو بەھەریەکە لە جۆن ستیوارت میل و تۆماس کارلیل و ڕۆمانسیەتی ئەڵمانی و ھەمان دەرئەنجامە باشەکانی دەسکەوت کە سمیپ وەدەستیخستبوو دەربارەی تاکگەرایی،لە کتێبەکەیدا کە لە ساڵی ١٨٤٧ لەچاپدرا بەناونیشانی((توخمەکانی تاکگەرایی)).
• ڕۆڵی تاک لە بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوودا
لەو ڕاستیە مێژویانەی سەرەوە و لە بیرباوەڕی ئەو کۆمەڵە بیرمەند و فەیلەسوفانەی ڕۆژئاواوە بۆمان دەردەکەوێت کە بیرۆکەی تاکگەرایی لە ئەوروپا و ئەمریکادا مێژوویەکی دێرینی ھەیە و ھەمووشیان ھاوڕان لەسەر ئەو ڕاستیەی کە تاکی مرۆڤ ڕۆڵ و کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و خۆشگوزەران و ھوشیار،تاک ڕۆڵێکی بنەڕەتی و میحوەری ھەیە لە ھەموو پلان و بیرۆکە مرۆڤایەتیەکاندا،دەستور و یاساکان ھەموانیان زۆر بەگرنگیەوە باسیان لە تاک و ڕۆڵی تاک کردوە و ھەمیشە بەشێک و ڕووبەڕێکی فراوانیان تەرخانکردوە بۆ ئازادی و یەکسانی بوون و کەسایەتی و ماف و ڕێزگرتن لە تاکەکان،چونکە زۆرباش یاسادانەران ئەو ڕاستیەیان بۆ دەرکەوتوە کە بەبێ فەراھەمکردنی کەشوھەوایەکی گونجاو بۆ بونیاتی تاکێکی ئازاد و سەربەست لەھەموو ڕووەکانەوە ناتوانرێت کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوو و گەشەسەندوو پێکەوە بنرێت،تاک بنچینە و دامەزرێنەری کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانە،تاک سەرچاوەی ئیلھام و فەلسەفەی ژیاندۆستی و خۆشگوزەرانیە،تاکگەرایی بیرۆکەیەکی سەردەمیانەیە بۆ ئەوەی تاک بەبێ جیاوازی ڕەگەز ڕۆڵی سروشتی خۆی ببینێت لە پێشخستن و گەشەی کۆمەڵگاکاندا،ھیچ کات کۆمەڵگا ناتوانێت ببێتە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ئازادیخواز بەبێ بوونی بیرۆکە و ئامادەگی تاکی ئازادیخواز و سەربەست ،جا ھەرکات تاکەکان ئازادبوون لەھەموو ڕوەکانەوە و یەکسانیش بوون لەبەردەم دستور و یاساکاندا ئەوا دەبنە تاکێکی داھێنەر و بە بەخشش و دەتوانن گەلێک دەسکەوت و کار و شاکاری مەزنی مرۆڤایەتیش بونیاتبنێن،چونکە بەکۆی تاکەکان کۆمەڵگاکان دروستبوون،بۆیە تاک پنتی سەرەکیە لە بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و پڕ ڕەفاھدا لەسایەی سیستەم و حوکمڕانیەکی لیبڕاڵ و دەسەڵات نەویست و وەک یەکیدا.
• بیرۆکەی تاکگەرایی لەکوردستاندا
بیرۆکەی تاکگەرایی لەکوردستاندا زۆر لەمێژ نیە،چونکە بۆخۆی کوردستان داگیر و دابەشکراوبوە و ھێندەی سەرقاڵی مقاوەمەت و شۆڕش بوە لەبوون و مانی خۆی و مێژوو و جوگرافیا و شوناسەکەی نیوھێندە کاتی نەبوە بۆ ئەوەی لا بکاتەوە بەلای قوتابخانە یان سەنتەرە لێکۆڵینەوەکاندا و توێژینەوە بکات دەربارەی ئایندە و بیرۆکەو فەلسەفە سیاسیەکانی سەردەم،کورد تا ئێستاش خاوەن قەوارە و دەسەڵاتێکی خۆی نیە و ناتوانێت ئازادانە و سەربەخۆییانە سیاسەت و ئابوری و ئەمنیەت و باری کۆمەڵایەتی خۆی بەڕێوەببات.جا ھەر نەتەوە و گەلێک دەسەڵات و دەوڵەت و خاوەن دەستوری خۆی نەبێت ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئۆرگان و دامودەزگا حکومیەکان و ناتوانێت ئازادانەش بیربکاتەوە و پلانیش دابڕێژێت،بۆیە بونی دەوڵەت و سیستەمێکی حوکمڕٍانی بەھێز مەرجی سەرەکیە بۆ بیرکردنەوە و دامەزراندنی قوتابخانە و پێگەیاندنی تاکی ڕۆشنگەر و ڕۆشنبیر و بیرمەندی جیاواز بەسەر قوتابخانە جیاوازە فکریە جیھانیەکاندا،ھەربۆیە بیرۆکەی تاکگەڕایی چەندە لەکەشێکی دیموکراسی و ئازادیدا دێتە بون،ھێندەش زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی خۆماڵیش ڕۆڵیان دەبێت لەوەی کە چۆن تاک ڕێڕە و ڕێچکەی خۆی دەبینێتەوە لە بیرکردنەوە لە ئایندەی.
تاکی کوردی لەماوەی ٢٨ ساڵی تەمەنی حوکمڕانی کوردیدا و لە ئەنجامی جیاوازی و وزوڵم و زۆری و نادادپەروەری و خۆسەپاندن و قۆرخکاری لەدەسەڵات و بردنی خێروبێری وڵات و برسیکردنی تاک و کۆمەڵگا لەلایەن حیزب و سەرکردە سیاسی و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانەوە،تازە بەتازە ھەستیان بەو ڕاستیە کردوە کە چیدی نابێت تاکی کورد لەژێر سایەی حیزب و سەرکردە سیاسیەکاندا بمێنەوە و بەشداری پیلان و سیاسەتە ھەڵەکانیان بکەن،تاکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری ھەرزوو دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلەکەمان و دوای قۆناغی شەڕی ناوخۆ و پەنجا بەپەنجای حوکمڕانی و دواتریش خۆسەپاندن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی و نادادپەروەری و زوڵم و زۆر و تەسکردنەوەی ئازادیەکان و دیموکراسیەت و یەکسانی،ساڵ بەساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە لە حیزب و سەرکردە سیاسیە کۆن و نوێکانیش دووربکەونەوە و لەھەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن و دەنگیان پێنەدەنەوە کە زۆر جار بەقازانجی حیزبە دەسەڵاتدارەکان تەواو دەبوو، چونکە دەنگەکانی ئەمانیان بەساختە و گزیکردن دەبرد بۆ خۆیان.تاکی کورد لەماوەی ٢٨ ساڵی ڕابووردوودا گەلێک گۆڕانکاری فکری و ئایدیا بەسەریاندا ھاتوە و گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە وەک تاکێک باشتر دەتوانن نمایندەی بیر و ھزر و ئایندە و خواستەکانی خۆیان ببن وەک لەوەی لە چوارچێوەی تەسکی حیزبەکاندا قەتیس ببن.تاک چەندە دوور بێت لە حیزبی سیاسی ھێندەش ئازادانە بیر دەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە تاکێکی بە بەخشش و داھێنەر و سوودمەند بۆ کۆمەڵگا.
• چۆن و بە چ میکانیزمێک تاکێکی ساغڵەم و ئازادی کوردی بونیاتبنێین ؟
سەرەتا دەبێت کار و ژیانی سیاسی و حیزبایەتی لە کوردستاندا ڕێکبخرێتەوە، بەشێوەیەک بە پێی دەستور و یاساکان حیزبی سیاسی دابمەزرێت دوور بێت لە ئینتیمای نەتەوە و ئاین و مەزھەب و میلیشیای چەکداری و ناوچەگەرێتی.حیزب لە سەر بنەمای ھاوڵاتیبوون و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتیمان دابمەزرێت،حیزبی سیاسی نابێت ببێتە جێگرەوەی دامودەزگا شەرعیەکانی وڵات و دەسەڵات و حکومەت،بەڵکو ھاوکار و پشتیوانی بێت. حیزب و سەرکردە سیاسیەکان دەبێت لەژێر سایەی دەستور و دەسەڵاتدا بن نەک لەسەروو ئەوانەوە فەرمان بدەن.حیزب و حیزبایەتی تەسک بمێنێت بەڵام بە تۆخکراوەی نا،حیزب تەنھا بۆ سەرمەشقکردن و ڕانما و ڕابەرایەتی گەل و جەماوەر ڕۆڵببێنێت نەک بچێتە تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگاوە. حیزبی سیاسی دەبێت ڕێز لە دەستور و یاسا و دادوەر و بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری و وەکیەکی و کاری پێکەوەیی بگرێت و ڕێز لەماف و ئازادیەکانی تاک و گروپ و تەواوی کۆمەڵگا بگرێت.حیزب دەبێت کار بکات بۆ زیاتر ھوشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا و ئینتیمای نەتەوە و نیشتیمانیان لا خۆشەویست کات نەک ئینتیمای حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکان،حیزب دەبێت ببێتە فاکتەری کۆکەرەوەی تەواوی ڕاوبۆچونە جیاوازەکان نەک شەقار شەقارکردنی تەواوی کۆمەڵگا. جا ھەرکات حیزب و سەرکردە سیاسیەکان توانیان ئەم کارە بکەن،ئەوا بەدڵنیایی بونیاتنانی تاکێکی ساغڵەم و ھوشیار و ئازاد و دیموکراسخواز و خەمخۆری گەل و نیشتیمان بونیاتدەنرێت.
با تاکی کورد لەھەر چین و توێژێک بێت سەر بەھەر حیزب و ڕێکخراوێکی پیشەیی و سەندیکایی و مەدەنی بێت،بەڵام گەر ئینتیمای بۆ تاکێتی خۆی لەپێش ھەموانەوە و دواتر بۆ پابەندبوون بە دەستور و یاساکانەوە بوو ئەوا بەدڵنیایی ھیچ کات ڕێگە نادات زوڵم و زۆر و چەوسانەوەی بەرامبەر بکرێت،ئەوکاتیش تاکێکی بوێر و خاوەن ماف و بەبەخششی لێدروست دەبێت،تاکێک کە بتوانێت پشت ببەستێتە سەر توانا مادی و مەعنەویەکانی خۆی،ھەست بە ھاوڵاتیبونی خۆی بکات لەسایەی یاساو دەستورێکی ڕێز لێگیراودا،تاکێک لەسایەی سیستەمێکی حوکمڕانی و سیاسیدا کە ڕێگەی پێبدات ئازادانە بیر بکاتەوە و ڕاوبۆچونی خۆی وخواست و ویستەکانی دەربببڕێت ،تاکێک کە شکۆ و کەرامەت و پیرۆزیەکانی پارێزراو بێت،ئەوا بەدڵنیایی کۆمەڵگایەکی ھوشیار و ئازاد و پێشکەوتوو و سەرکەوتوشی لێوە بەرھەم دێت.
بەم شێوەیە و بەم میکانیزمەی کە دەبێت تاکەکان ھاوکار و پشتیوان و ھەم ھاوبەشیش بن لە دەرکردن و دانانی یاساکان و بەشداریی جدیش بکەن لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی گەل خۆیدا،بە ئازادانە دەنگ بدات و ڕێکخراوی مەدنی خۆی پێکەوە بنێت و خەباتیش بکات بۆ وەدیھێنانی ئامانج و خواست و ویستەکانیان بە ئازادانە،ئەوکات بنەما و سیستەم و فەلسەفەی بیری تاکگەرایی لەھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای کوردەواریشدا سەرھەڵدەدات و بەھێزیش دەبێت و بەنارچاریش حیزب و سەرکردە سیاسیەکانیش گوێ بۆ ڕاوبۆچون و ھەڵوێست و گوتار وکرداریان دەگرێت. جا پێکەوەنانی ئەم سیستەمی تاکگەراییە لەکوردستاندا دەبێت ڕێکخراو بێت و لەلایەن کەسانی نوخبە و دەستەبژێر و بیرمەند و ڕۆشنگەر و ڕۆشنبیرەکانەوە سەرپەرشتی و ئیدارەش بدرێن،ھەریەکە لە جێگە و پێگەی خۆیەوە،ھیچ تاکێک نیە گرنگی نەبێت و ھیچ تاکێکیش نیە ڕۆڵ و کاراکتەری بەھێزی نەبێت،ئەگەر ژینگە و ئاڕاستەی گونجاو و راِست و دروستی خۆی بدۆزێتەوە و بۆی فەراھەم بکرێت.
ھەمیشە دەوڵەت و حوکمڕانی و سەرکردایەتی سیاسی ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لەو کار و پڕۆسە گرنگەدا،بەڵام زۆرجارانیش لەم جۆرە دەسەڵاتانەی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەشدا بەنیەتی پێشوەختە و بەبەرنامە بۆداڕێژاو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان کاردەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە پێکەوەنانی دامودەزگا نیشتیمانیەکان لە سوپایەکی نیشتیمانی دوور لە ئینتیمای حیزبی و سەرکردە،دامودەزگای حکومڕانی لە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری.ڕێگردەبن لە ھوشیاربونەوەی تاک و کۆمەڵگا لەترسی نەھێشتنی دەسەڵات وحومکڕانیەکانیان،بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و حیزب و بنەماڵەکانیان. بۆیە زۆر باش دەزانن چەندە تاک ھوشیاربێت و چاوکراوە بێت بۆ ئامانج و ئایندە و خواست و مافەکانی ھێندە مەترسی دروستدەکات بۆ سەر دەسەڵاتەکانیان،ھەر لەبەر ئەوەشە کە تائێستا و لەماوەی ٢٨ ساڵی ڕابووردوودا ھیچ ھەنگاوێک ھەڵنەنراوە بە ئاڕاستەی تاکگەرایی لەکوردستاندا،بەڵکو ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ قۆرخکاری سیاسی و ئابوری و بازاڕ و ھێز و دەسەڵات و دەستی کار بوە،ھەموو ھەوڵیان بۆ نەکردنەوە و دانەمەزراندنی کارگەی گەورەی بەرھەمھێن بوە ،ھەموو ھەوڵیان بۆ کردنی کۆمەڵگا و تاکی کوردی بە تاک و کۆمەڵگایەکی بەرخۆری بێ بەرھەم و نەخوێندەوار و ھەژار و برسی بۆئەوەی بۆ پارچە نانێک یان مووچەیەکی کەم تەنھا پاشکەوتە و دواکەوتەی حیزبە سیاسیەکان بن.
بۆیە ئیدی کاتی ئەوە ھاتوە کە تاک ھێز و پێزی خۆی وەربگرێتەوە و ببێتە پنتی داڕشتنی سیاسەت و پلان و بەرنامەی دەسەڵات و حکومەتی کوردی و خۆی نمایندەی خۆی بکات لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەویش بەگۆڕینی سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە تاک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی بۆ ئەوەی ھەموو تاکێکی سەربەخۆ بتوانێت خۆی کاندید بکات و بشبێتە نمایندەی ناوچە و کۆمەڵگا و چین و تویژەکەی خۆی دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی حیزبی وەک ھەموو تاکێکی لیبَڕاڵی وڵاتە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان.
خۆشبەختانەش سەرەتای ئەو ھەوڵ و بیرۆکانەی کە گرنگی تاک و تاکگەرایی پیشاندەدات لەئێستای کوردستاندا سەریھەڵداوە و لانی کەم و لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامەکانی کۆتا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستاندا لە ٣٠ئەیلولی ٢٠١٨دا دەرکەوت کە نزیکەی لە ٦٠% جەماوەر بەشداری پڕۆسەی دەنگدانیان نەکردوە و ئەمەش بە ڕەتکردنەوەی ھەژمونی حیزب و سەرکردە سیاسیە کلاسیکی و نوێکان دادەنرێت و زەنگێکی ئاگاردارکردنەوەش بوو بۆیان.کەچیدی تاکی کورد دواتان ناکەوێت و دەنگتان پێنادات ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسیە لەکوردستاندا.جا بەدڵنیایش ئەم ڕەوت و بیرۆکە و ئاڕاستەی تازەگەری و تاکگەراییە لەلایەن حیزب و سەرکردە دەسەڵاتدارەکانەوە بەدژی خۆیانی دەزانن و تا بۆشیان بکرێت دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشە و پێشکەوتنیداو ململانێکەش ھەر وا ئاسان نابێت،بەڵام گرنگ سەرھەڵدان و دەستپێکردنێتی و بەردەوامیشی دەوەستێتە سەر ئاستی سووربون و خەمخۆری و دڵَسۆزی تاکەکان بۆ ماف و خواست و ویست و ئایندەی خۆیان و نەوەکانیشیان.چونکە ھەرکات ئەم ئاڕاستەی تاکگەراییە لەکوردستاندا سەرکەوت ئەوکات دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگا و تاکی کوردیش لەسایەی حوکمڕانیەکی لیبڕاڵ و دیموکراسیدا گەشەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەخۆوە دەبینێت و لاپەڕەیەکی نوێش ھەڵدەداتەوە لەمێژووی خەباتی خۆیداو بەپێچەوانەشەوە ئەوا کاروانی خەباتی بەجێماو لە کاروانی خەباتی مرۆڤایەتی و دیموکراسی و پێشکەوتن و داھێنان بەرۆکی کورد بەتاک و کۆمەڵگاوە بەرنادات ولەتونێلە ڕەش و تاریکەکانی ڕابووردوو و ئێستاش دەربازمان نابێت.
سەرچاوە:
======
.١https://ar.wikipedia.org
.٢https://www.noonpost.com
.٣ https://weziwezi.com
.٤ https://arz.wikipedia.org

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *