شوان سەید عەلی
سەرکردایتی شۆڕش و بەشی زۆری بارەگاو هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، مەکتەبی سیاسی و خێزان و خزمو کەسو کاری زۆربەی پێشمەرگەکانیش لەباشور نەمابوون بۆ داڵدەدان ڕویانکردبوە ڕۆژهەڵات، هەزاران خێزانی باشور کە بەشداری شۆڕشبوون بە ڕوبەری دەیان هەزار کیلۆمەتر بەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵات دابەش ببون، لە چەخماخەی یەکەمەوە تا ڕاپەڕین بنەماڵەی بارزانیش وەکو یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕش نیشتەجێی ئەوێ بوون.
رەحمەتی مام جەلال و کاک نەوشیروان و هاوڕێکانیان لە دیمەشق دەستیان بە شۆڕشی نوێ کردوو ، بەردەوامیش قوڵایی خاکی ڕۆژئاوای کوردستانیان بەکار دەهێنا بۆ هاوکاری شۆڕشی نوێ.
بە دەیان جار خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوتە بەر پەلاماری بۆمبی فڕۆکەکانی سەدام و سەدان هاوڵاتی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهیدو بریندار دەبوون، هەر بەوەندەش نەوەستا شنۆو نەغەدەو سەردەشتیش کیماباران کران و سەدان کەس بەو گازە خنکان!
چەندان جار کەرەج کە شوێنی مانەوەی بارزانیەکانبوو بۆمبارانکرا و دەیان کەس دەبوونە قوربانی.
تاکە هۆکاریش بۆ هەمو ئەو تاوانانەی بەعس بوونی پێشمەرگەبوو لەو ناوچانە.
لەپاڵ هەمو ئەو قوربانیانەش کەس نەیوت پێشمەرگە تاوانبارەو خاکی ڕۆژهەڵات و ڕژئاوا نابێ بۆ شۆڕشی باشور بەکاربێت. هیچ کوردێکی ئەو ناوچەیە نەیدەوت با سەرانی شۆڕشی باشور ڕۆژهەڵات چۆڵ بکەن وسەدام لەبەر ئەوان ئێمە دەکوژێ. هەموان دەیانوت: کوردستان یەک جەستەیەو دابەشکردنی کاری دوژبنەکانە!
دووای هەموو ئەو ساڵانە بە گەیشتنە بەرهەمی شۆڕشی باشور بە هاوکاری هاوڵاتیانی پارچەکانیتر حکومەتی هەرێم پاساوی شەهیدکردنی هاوڵاتیەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ بونی بنکەو بارەگاکانی پارتە ئۆپزسیۆنەکانی باکور و ڕؤژهەڵات و لەبەرامبەر ئێران و تورکیاش بێ دەنگ دەبێ پاساویش بۆ تاوانەکانیان دەهێنێتەوە! حکومەتی هەرێم داوا دەکات (پکک و پەژاک و کۆمەڵە و دیموکرات …هتد) باشور چۆڵبکەن، لەکاتێکدا دەیان بنکەی سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێم بە نایاسایی بونیان هەیەو بەردەوامیش میت و ئیتلاعات لە هەرێم بە ئازادی و بێ سەڵمینەوە لە هیچ شتێک بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەیەکانیان دەستی خۆیان لەهیچ ناپارێزن و حکومەتی هەرێمیش بێ هەڵوێستە و نوقەی لەبەر وەنایە!
بڕیار وابو شۆڕشی باشور لەپێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاولآتیانی باشور و پاراستنی شکۆو کەڕامەتی کوردبێت لە جیهان، نەوەک ئەوەی ئێستا هەیە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم نەشتوانێ ڕوبەڕوی ئێران و تورکیا ببێتەوە، لەئاست ئەو دەست درێژی و خوێن ڕێژیەی تورکو ئێران هەڵوێستی هەبێت، خۆ پێیدەکرێ پاساو بۆ تاوانەکانیان نەهێنێتەوە! سەیری دوا بەیان نامەی حکومەتی هەرێم بکەی نازانی کێ نوسیویەتی؟(Akp) یان حکومەتی هەرێم،
بۆیە با حکومەتی هەرێم بێدەنگبێت نەوەک ببێتە محامی داگیرکەران!
لەکاتێکدا سوپای تورکیا نزیکبۆتەوە لە داگیرکردنی تەوای برادۆست و سیدەکاو بە مەودای چەند کیلۆمەترێکیشی ماوە بگاتە سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر، لەولاشەو زاخۆو شیلادزێو ئامێدی و بامەڕناش ناڕاستەوخۆ تا دەهۆک لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا دان..
ئەگەر ڕێی لێنەگیرێت، ئەو شەڕەی لە قەندیل و برادۆست دەکرێ لەپای بێ هەڵوێستی سەرانی باشور دورنیە بگاتە هەولێر.