تاك چەندە ئازاد بێت هێندەش بەخشندە و داهێنەر دەبێت لە كۆمەڵگادا…

لەلایەن ستاندار Posted on 252 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• ئاشكرایە كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان لەچەندین چین و توێژى جیاواز پێكهاتوون و هەریەكەشیان بە ڕۆڵى خۆى هەڵدەستێت بە ئامانجى پێشكەوتن و گەشەپێدانى كۆمەڵگا لەڕێگەى داهێنان و بەخششەكانیەوە، جا هەر كۆمەڵگایەك خاوەنى تاك یان گروپ و دەستە و ڕێكخراوى پیشەیى یان دیموكراسى و مەدەنى چستوچالاك بێت و ئاشنا بێت بە ئەرك و مافەكانى و وەكو تاكێكیش ڕێز و شكۆمەندى بپارێزرێت و وەكو مرۆڤێكى خاوەن ئیڕادە لێیبڕوانرێت، ئەوا بەدڵنییایەوە هەمیشە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت و لەكۆمەڵگایەكى دواكەوتوو و هەژار و نەخوێندەوارەوە دەبێتە كۆمەڵگایەكى پێشكەوتوو و داهێنەر و گەشەكردو ئەوكاتیش وڵات ئاوەدان و كۆمەڵگاش خۆشگوزەران دەبێت.
بەهەمان شێوە هەركات كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان خاوەنى سیستەمێكى حوكمڕانى دیموكراسى بن كە تیایدا مافەكانى تاك و دەستە و كۆمەڵەكان پێشێل نەكرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوكارى و كارئاسانیشیان بۆ بكرێت و تەواوى ئازادیەكانیان بۆ فەراهەمبكرێت لەهەموو بوارەكانى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئەدەب و فەرهەنگ و توێژینەوە زانسیتیەكان و ..هتد. بەدڵنیایەوە ئەو كۆمەڵگایە دەبێتە كۆمەڵگایەكى كراوە و ڕزگاربوو لەكۆتوبەندە باو و بەسەرچوەكان.چونكە دەسەڵات و جۆرى دەسەڵات و حومكڕانیەكان زۆر گرنگ و كاریگەرن لەسەر چۆنێتى بیركردنەوە و هزرى مرۆڤەكان،جا لە سیستەمى حوكمڕانیە دیموكراسیەكاندا لەبەر ئەوەى تاك و گروپەكان پنتى سەرەكین لەبەرنامە و پلانى دەسەڵاتدا هەربۆیە تاكیش ڕۆڵى سەرەكى و میحوەرى هەیە و بەو پەڕى توانا و وزەكانیەوە كاردەكات هەریەك لەبوار و پسپۆڕى و شارەزایى خۆیداو هەربۆیەش ئەو كۆمەڵگایانە كۆمەڵگایەكى بەرهەمهێننن نەك بەرخۆر و بەكاربەربن،بەپێچەوانەشەوە لە سیستەمە شمولى و داخراو و توتالیتارى و تاكڕەوەكاندا چونكە تەنها سەركردە و حیزب و بڕیاردەر و پلاندانەر و جێبەجێكەریشن و هیچ مەودا و مانایەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ تاك و گروپەكان،هەربۆیەش هەمیشە كۆمەڵگایەكى دواكەوتوو و پێشنەكەوتون،چونكە كۆمەڵگا بەتەنها بە دەستەبژێرێكى بچوكى ئاینى یان بنەماڵەیى یان ئەرستۆكراتى ناچێتە ڕێوە بەڵكو پێویستى بەتوان و وزەى هەموان هەیە.
• جا هەركات تاك ئازادبوو ئەوا ئازادانەش بیردەكاتەوەو ئازادانەش داهێنان دەكات و بەهەمان شێوەش ئینتیماشى بۆ وڵات و كۆمەڵگاش تۆخدەبێتەوە و هیچ ئینتیمایەكیشى بۆ سەركردە و حیزبە سیاسیەكان نامێنێت و ناچێتە چوارچێوەیەكى تەسكى بەرژەوەندى كۆمەڵێك یان كەسان و بنەماڵەیەكى دیاریكراوەوە كە تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەكاریى بهێنن،تاك هەركات ئازاد بوو ئازادانەش دەبێتە خاوەن بڕیار و كەسایەتى سەربەخۆى خۆى و ملكەچى هیچ داب و نەریت و بڕیارە هەڵەى سیاسیەكان نابێت و نابێتە ڕۆبۆتێك كە كۆنتڕۆڵەكەى بەدەست كەسانى ترەوە بێت و لەدوورەوە هەڵیبسوڕێنن. هەر لەبەر گرنگى ڕۆڵ و كاریگەرى تاكە لە كۆمەڵگادا ،كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانى ئەوروپا و ئەمریكا و دیموكراسیخوازەكانى دونیا هەموانیان فەلسەفە و ڕێبازى تاكگەراییان پیادەكردوە لە پێكەوەنانى كۆمەڵگاكانیاندا،چونكە بە ئەزمونى ڕۆژگار ئەو ڕاستییەیان بۆ دەركەوتوە كە چەندە تاكەكان ئازاد و سەربەست بن ئەوەندەش دەبنە خاوەنى داهێنان و ئەنجامیش وڵات و كۆمەڵگاش پێشكەوتوو و گەشەكردوو دەبێت.
• لەقۆناغى ئێستاو ئەم سەردەمەشدا،پنتێكى ترى تاكگەرایى لەپاڵ ئازادى و دەسەڵاتدا بریتیە لەڕێزگرتن لە ژینگە و پاراستنى و پاكوخاوێن ڕاگرتنى و هەوڵى نەشێواندنى و فشار دروستكردنە بۆ سەر كۆمپانیاو وڵاتان و كارگە بەرهەمهێنەكان بۆ كەمكردنەوەى بڕى گازە ژەهراویەكان و هەوڵدانە بۆ زیاتر ڕۆشنبیركردنى تاكەكانە بەرامبەر ژینگە ،چونكە بەبێ ژینگەیەكى پاكوخاوێن تاكێكى ساغڵەم و تەندروست دروستنابێت و بەبێ ژینگەیەكى سەوز و ئاوهەوایەكى پاكژ تاكێكێكى داهێنەر و بەخشندە و بیر ئازاد پێكەوەنانرێت،بۆیە سەردەمى ئێستا سەردەمى گرنگیدانە بەژینگە،و زەویش وەكو ماڵێكى گەورەى هەموان لێى دەڕوانرێت و مافى بەسەر هەموانەوە هەیە بەبێ جیاوازى ڕەگەز و ڕەنگ و وڵات و كۆمەڵگاكان لەدواكەوتوو و دەوڵەمەندەكانەوە،جا هەركات ژینگەى زەوى بەپاكژى مایەوە ئەوا تەمەن و تەندروستى تاكەكانیش درێژدەبن و بەخشش و داهێنانەكانیان بەردەوام دەبێت.
• بۆیە هەموو تاكێكى كۆمەڵگا پێویستە ئەركى نەتەوەیى و نیشتیمانى لە فەلسەفە و ڕێباز و دونیابینى تاكگەراییدا ببینێتەوە و خۆى بكاتە تاكێكى داهێنەر و بەخشندە و ئازاد بۆئەوەى بتوانێت باشترین خزمەت پێشكەش بە نەتەوەو نیشتیمان و كۆمەڵگا بكات،جا ئەم ئەركى تۆخكردنەوە و كردنى بە ڕێبازى كاركردنى بیر و هزرى تاكگەراییە پێویستە لەسەر ئەستۆى هەموو تاك و گروپ و چین و توێژەكان بۆئەوەى هەموان پێكەوە و بەیەك تەكان و توانا كۆمەڵگایەكى خۆشگوزەران و یەكسان و دادپەروەرى بنیات بنێن،بەوهیوایەى تاكەكان كارى گەورە و داهێنانى زیاتر بكەن.چونكە تەنها سیاسى و سیاسەتمەداران و دەسەڵات و دەسەڵاتداران ناتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و پێشیبخەن و حوكمڕانیەكى تەندروست و ساغڵەمیش بەرهەمبهێنن بەبێ هاوكارى چین و توێژ و كۆمەڵ و ڕێكراوە مەدەنى و دیموكراسییەكان و تاكە بەخشندە و چالاكەكانى ناو كۆمەڵگا.چونكە تاك بۆخۆى بەردى بناغەى پێكەوەنان و دروستكردن و بەرزكردنەوەى دیوارى پتەوى تەلارى كۆمەڵگایەكى پێشكەوتوو یەكسانخواز و دادپەروەرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.