تاران و واشنتۆن بەرە و ئاشتیی یان جەنگ….

لەلایەن ستاندار Posted on 292 جار بینراوە

بایز رەشید ئەمین

سەرەڕای چوار دەیە لە گرژیی وناکۆکیی نێوان تاران و واشنتۆن ، هەر لە ساڵی ١٩٧٩ وە ، لە هەنگاوی یەکەمی گرتنە دەستی دەسەڵاتی نوێ لە ژێر سایەی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا ، روبەروی یەکتر وەستانەوە بەڵام هیچکامیان بەدەر لە پچڕانی پەیوەندی دبلۆماسیی و گەمارۆی ئابوری ،پەنایان نەبردوەتە بەر هەنگاوێکی وەها کە هێرشی سەربازی تێبکەوێت. روبەروبونەوەی ئەوتۆ روینەداوە کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوانیاندا ،ئەمەش بەهۆی بونی هۆکارگەلێکەوەیە کە ئەم دو وڵاتە روبەروی سەربازی لە دژی یەکتر ئەنجامنادەن.، کە پەیوەندی بە فاکتەری ئابوریی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەوە هەیە . ئەوە جگە لەوەی کە بەهۆی سیستەمی جیهانگیریەوە بەرژەوەندیی ئابوریی وڵاتان بەیەکەوە بەستراوەتەوە ، بۆیە ئەو وڵاتانەی دیموکراتین بە ئەستەم بریاری هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرامبەر وڵاتانی تر دەردەکەن بە تایبەت کە سودی ئابوریی دیار و رۆشن نەبێت.
پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە رەوشێکدایە کە تێکچونی ئاسایشەکەی زیانی راستەوخۆ بە ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی رۆژئاوا دەگەیەنێت بەتایبەت لە بواری وزەدا. لاوازبونی ئێران لە ناوچەکە، زەمینە سازی خۆشدەکات کە وڵاتانی سوننە مەزهەبی خاوەن نەوت بەهاوکاری روسیا نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبکەنەوە ، لەم رێگەیەوە ئەمریکا و رۆژئاوا کە کە بازاڕیان پەیوەستە بە نرخی وزەوە بە بارمتە بگرن و ناچاریان بکەن کە دەسبەرداری بەشێک لە ئەجنداکانیان بن سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دیموکراسیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ . هەروەکچۆن لەپرسی بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنوس عەدنان خاشوگچیدا ،دۆنالد ترامپ نەیتوانی هەڵوێستێکی وەهای هەبێت کە ببێتە هۆی نیگەرانی محمد بن سەلمان، جێنشینی پاشای سعودی عەرەبی کە ئەوە لەکاتێکدا جیهان بەگشتی تاوانەکەیان خستە پاڵ ئەو.
ئێران سەرەڕای گرژی و ناکۆکی لە گەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا هیچ کاتێک هەوڵی لاوازکردنی بەو جۆرە نەدراوە کە ببێتە پاشکۆی هێزە کانی تری وەک عەرەب و تورک و روس، هەرلە سەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆنەوە ،پێگەی ئێران لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە بەهەند وەرگیراوە ، فەرەنسا و لەسەردەمی ناپلیۆندا رێکەوتنی دۆستایەتی لە گەڵ ئەنجامداوە کە بە رێکەوتنی فینکینستاین ناسراوە . لە پاش جەنگی جیهانی دوەمیش بەریتانیا و ئەمریکا بون رێگریان لە ستالین و سوپای سوری روسی گرت کە لە ئێراندا بمێنێتەوە ،تەنانەت کۆماری ئازرباینجان و کۆماری مەهابادیشیان بۆ بەهێزبونەوەی تاران کۆتایی پێهێنا.هەروەها لە ساڵی حەفتاکاندا کاتێک بەریتانیا دەسبەرداری ئیمارات بو ، چەند دورگەیەک کە مافی ئیمارات بون بەناوەکانی (تونبی گەورە،تونبی بچوک و ئەبو موسا ) رادەستی ئێران کران کە تائێستاش بەدەست تارانەوەن. بە شێوەیەک لە شێوەکان پێگەی ئێران دەکرێت وەک قوڵایی ستراتیجی رۆژئاوا و درێژبونەوەی باڵی سەرمایەدارییی لە ناوچەکەدا سەیربکرێت ،بۆیە لاوازبونی ئێران لە ستراتیجیەتی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتانی رۆژئاوادا بونی نیە.هەمو روداوە مێژویی و رێکەوتنەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا هەر لەسەردەمی ناپلیونەوە تاوەکو ئێستا گەواهی ئەم بۆچونە دەدەن.
ئێران بەربەستە لەبەردەم پاوانخوازی روس بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەراست و گەیشتنی بە ئاوە گەرمەکان کە هەر لە سەردەمی پیتەری گەورەوە بەدوای ئەم خەونەوەن ،هەروەها بەربەستە لەبەردەم فراوانخوازی تورک بەرەو قەوقاس،لەهەمان کاتدا بەربەستە لە بەردەم پاوانخوازی ئیسلامی سەلەفی وەهابی عەرەبی .کە ئەمە مێژوی چەندین سەدەی رابردوی ناوچەکەیە کە رۆژئاوا هەوڵدەدات ئەم هاوکێشەیە لاسەنگ نەبێت ،هەرچەندە نەتەوەکانی تر لەکەڵکەڵەی گۆرینی ئەم دینامیکیەتە دان بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوس و بڕیاری مێژو بەدەست ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەوەیە کە داڕێژەری مێژوی دوسەدەی رابردون کە ئێستاش هەر ئەوان بڕیاردەرن.
ناکۆکیی و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەوەندەی فشاری دۆستایەتیکردنیەتی ئەوەندە هەڕەشەی لەناوبردن و روخانی نیە، هەروەک چۆن دۆناڵد ترامپ راشکاوانە رایگەیاند کە ئەوان هەوڵی روخانی رژیم نادەن ،بەڵکو دەیانەوێت بەو رێکەوتنامەیەدا بچنەو ە کە بەڕێکەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە کە دواتر ترامپ تاکلایەنانە پاشەکشەی کردو داوای پێداچونەوەی دەکات . کە خۆی لە خۆیدا ئەمە ئاماژە و پەیامی دۆستایەتییە نەک شەڕ و پێکدادان.
ئەگەر ئەمریکا، ئێران لاواز بکات ، ئەوا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەبۆشایی تاراندا کە رکابەرێکی سەرسەختی ئەم وڵاتانەیە ، چیتر پێویستیان بە ئەمریکا نامێنێت بیانپارێزێت، بۆیە دەتوانن نرخی نەوت بەئاسانی لە بازاڕدا بەرزبکەنەوە. بەرزبونەوەی نرخی وزەش سەرمایەکی بێشومار دەخاتە بەردەست وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنەری نەوت کە ئەمەش لەلایەک هەژمونی دەسەڵاتی تاکرەویی و پاشایەتی دیکتاتۆری و سیستەمی حوکمرانی کرێخۆری پەرەپێدەدات .کە دواجار بنەماکانی ئاسۆکانی گەشەسەندنی ئابوری ئازاد و دیموکراسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە کە بە زیانی پەیام و بەها دیموکراسییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا دەشکێتەوە.
هەروەها لە لایەکی تریش، روسیا و هەژمونی پۆتین بەهۆی داهاتی زۆری نەوت و گازەوە دەتوانێت بەتەواوی خۆی بسەپێنت بەسەر سیاسەت و ئەجێندای وڵاتانی ئەورپا ،کە ئەمەش رێگە خۆشدەکات بۆ وڵاتە ئەوروپییەکانی رۆژهەڵات بەرەو سیستەمی دیموکراسیی نالیبراڵ هاوشێوەی پۆتین هەنگاو بنێن کە بەڕونی ئەم مۆدێلە لە وڵاتانی وەک هەنگاریا و پۆلۆنیا لە پەرەسەندندایە.
بە درێژایی مێژو بەشێکی زۆری جەنگەکان لە دەرەنجامی قەیرانی ئابوریی و ناکۆکیی سەرمایەداراییەوە بوە ، شەڕی دوەمی جیهانی کە ئەڵمانیا دەستی پێکرد هۆکاری سەرەکی فاکتەری ئابوریی بوە، کە بەرلین توانای قەرەبوی قەرزەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی بەهۆی قەیرانەکانی ساڵی ١٩٢٩ وە نەما و بێکاریی و هەژاریی لە ناو ئەڵمانەکاندا پەرەی سەند کە ئەمەش زەمینەی هاتنەسەر دەسەڵاتی بۆ پارتی نازیەکان بە سەرۆکایەتی ئەدۆلف هیتلەر ئاسانکرد. تەنانەت داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە ئەوەندەی فاکتەری ئابوری لە پشتەوە بو، لایەنی تر نەبو کە عێراق لە دوای جەنگی ئێرانەوە کەوتبوە بەرقەرزێکی زۆری دەرەکییەوە کە توانای دانەوەی نەبو ، بۆ دەسکەوتنی داهاتی زیاتر لە گەڵ کوەیت کەوتە کێشەوە بەو هیوایەی دۆخی داڕماوی ئابورییەکەی راستبکاتەوە.
بە واتایەک جەنگ کاتێک لە نێوان دو وڵات بەرپا دەبێت کە ئومێدی ئابوریی لە پشتەوە بێت و لەو رێگەیەوە ئابوریی وڵات پەرەبسێنێت و دانیشتوان دەسکەوتیان زیاتر بیت بەمەش بە ئەرێنی بۆ حوکمرانی بشکێتەوە. بۆیە بە درێژایی نزیکەی هەشت دەیەی رابردو هەر لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دوەمەوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی هەشتا جەنگی نێوان وڵاتان رویداوە ،کە بەجەنگی کشمیر لە نێوان هیند و پاکستان دەستپێدەکات وبە جەنگی عێراق و هاوپەیمان کۆتایی دێت، جگە لە جەنگەکانی ڤیتنام و فالکلاند وئەفغانستان و عێراق لە هیچ جەنگێکی تردا وڵاتە دیموکراتەکان بریاری شەڕیان نەداوە ، واتا لە کۆی هەشتا جەنگ تەنها چوار جەنگیان ئەنجامداوە.لە شەستەکانی سەدەی رابردودا سەرەڕای ئەوەی کە روسیا لە کوبا موشەکی بۆ هێرشبردنە سەر ئەمریکا جێگیر کرد ، ئەمریکا پەنای نەبردە بەر هەڵگیرسانی جەنگ ،بەڵکو لە رێگەی گفتوگۆوە پرسەکەی یەکلاییکردەوە چونکە ئەوکاتیش جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەمریکا هیچ سودێکی بۆ ئەمریکا لەو شەڕەدا نەدەبینی.
لێرەدا گەر ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران بەدەر لەوەی کە ئەمریکا وەک زلهێزێک زۆر بەئاسانی دەتوانیت کۆتایی بە ئێران بهینێت و دەوڵەتێکی تازە لە ئێران دەبمەزرێنێت ، بەڵام لە روی دەسکەوتی ئابوریی، تەنات سیاسیش ئەمریکا سودی پێناگات بەشێوەیەک کە گۆرەپانەکە لە روی جیپۆلەتیکیەوە بۆ روسیا لە لایەک و بۆ وڵاتانی سونە مەزهەب لەلایەکی تر و هەروەها بۆ تورکیاش دەڕەخسێنێت کە هەریەکەیان بە پێی بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان فشار لە ئەمریکاو رۆژئاوا بکەن کە ملبدات بۆ سیاسەتەکانیان.بە تایبەت کە واشنتۆن لەم کاتانەی ئێستادا کێشەکانی لە گەڵ ئەنکارای نیو سوڵتانیزم و ریازی سیستەمی پاشایەتی دیکتاتۆریەت و مۆسکۆی دیموکرسی نا لیبرال لە چاو ئێران زیاتر بێت کەمتر نیە.
سەرەڕای ئەوەی کە ترامپ راشکاوانە رایگەیاندوە کە ئامانجی ئەمریکا گۆڕانی رژێم نیە ،بەو واتایە ئەمریکا لەبەرکۆی ئەم فاکتەرە جیپۆلۆتیکی و ئابورییانەی سەرەوە هێشتنەوەی تاران بەباشتر دەزانێت کە داوای هەماهەنگی لێدەکات نەک شەڕ.بۆیە رودانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئەگەرێکی ئێجگار دورە.ئێرانیش بەهۆی ئابوریە بەهێزەکەیەوە بە تایبەت لە بواری بەرهەمهێنانی پێداویستییە خۆراکیەکاندا کە ساڵانە ١٤ ملیۆن تەن گەنم و ٢،٢٠٠ملیۆن تەن گۆشتی سور و ٩٠٠ هەزار تەن مریشک و نیوەی بستەی جیهان و چەندین کەرستەی تر بەرهەمدە‌هێنێت ، ناتوانرێت بە گەمارۆی ئابوریی بە چۆکدا بهێنریت ، لەبەرئەوە دەرنجام واشنتۆن و تاران یان دۆناڵد ترامپ و تاران ، بەرە و ئاشتیی لە بری جەنگ هەنگاو دەنێن.
بەکورتی ئەگەر بەوتەی کارل ڤۆن کڵاوسڤیتس “جەنگ بریتی بێت لە بەردەوامی و درێژبونەوەی سیاسەت “ئەوا ئامانجی سەرەکی سیاسەتیش بەرهەمهێنانی هێزە ، ئابوریش بەهێزترین توخمی هێزە بۆیە ئەمریکاو دۆنالد ترامپ لە روخاندنی تاراندا هیچ دەسکەوتێکی ئابوریی و سیاسیی بەرجەستە ناکەن لەبری ئەوە نەیارانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر گەشە دەکەن.کە ئەمەش وادەکات واشنتۆن بە هەمو شێوەیەک خۆی لە شەڕی سەربازی لە گەڵ ئێراندا بەدور بگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.