كۆمەڵگاى كوردەوارى لە كوێى فەلسەفە و ڕێبازى نوێگەرایدایە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 420 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• ئاشكرایە ڕەوتى گەشەكردن و باڵاكردنى مێژووى مرۆڤایەتى بەچەندین قۆناغ و سەردەمى جیاوازدا تێپەڕبوە تاگەیشتۆتە ئەم قۆناغ و سەردەمەى ئێستامان و هەر قۆناغەش سیما و داهێنان و گۆڕانكارى تایبەت بەخۆى لەگەڵ خۆیدا هێناوە و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانیش بە ئەزمونى خۆیان سوود و كەڵكیان لێوەرگرتوە و چەندان بیرمەند و فەیلەسوف و توێژەر و ئەكادیمى هەڵكەوتوو توانیویانە هەموو ئەو گۆڕانكاریانە بخەنە چوارچێوەى فەلسەفە و ڕێبازى دیاریكراوە و میكانیزمى گونجاویان بۆ دیاریبكەن بۆ پراكتیزەكردنى لەناو كۆمەڵگادا بەقازانجى ئەوەى كۆمەڵگا بەرەو هەنگاو یان قۆناغێكى نوێتر و باڵاتر بەرنە پێشەوە، ئاشكراشە لەگەڵ كۆتایهاتنى هەر قۆناغێك و سەرهەڵدانى قۆناغێكى نوێتردا كۆمەڵَێك گۆڕانكارى گەورەیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە و زۆرێك لەبنەما فكرى و ئایدیا و ڕێباز وتێڕوانینە كۆنەكانیان وەلاناوە و بەڕێتم و تێگەیشتنێكى نوێى سەردەمى دیاردە و گۆڕانكاریەكانیان لێكداوەتەوە و ڕاڤە و شرۆڤەیان كردوە بە قازانج و بەرژەوەندى بەردەوامیدان بەكاروانى گەشەكردن و باڵاكردنى مێژووى مرۆڤایەتى.
• دەكرێت مێژووى مرۆڤایەتى بكرێتە 5 قۆناغ و سەردەمى جیاوازەوە لەوانە:
1. قۆناغى پێش مێژوو: زاراوەیەكە بەو قۆناغە دەوترێت كە دەكەوێتە پێش داهێنانى نوسینەوە لە سۆمەر لە عێراق. ئاشكرایە نوسین لە عێراق((میزۆپۆتامیا یان وڵاتى نێوان دووڕووبار))لە 3200-3400 پێش زاین داهێنراوە.
2. قۆناغى مێژووى كۆن: بە ئینگلیزى پێى دەوترێت Ancient history) ) بریتیە لەو ماوەیەى كە لەدواى قۆناغى پێش مێژوەوە دێت،واتە لە دەستپێكى هەزارەى چوارهەمى پێش زاینەوە و تا سەدەكانى ناوەڕاست دەگرێتەوە .
3. قۆناغى سەدەكانى ناوەڕاست Middle Ages: بەو ماوە كاتیە دەوترێت لە مێژووى ئەوروپادا كە درێژدەبێتەوە لە سەدەى پێنجەوە بۆ پانزهەمى زاینى.كاتێك ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانى ڕۆژئاوا ڕووخاو بەردەوام بوو تا سەدەى هەستانەوە و دۆزینەوە نوێكان.
4. قۆناغى سەدەى نوێ Modern history: ئەم قۆناغە لەدواى قۆناغى سەدەكانى ناوەڕاستەوە دێت، دەتوانرێت سەدەى نوێ دابەشبكرێت بۆ سەرەتا و كۆتاى سەدەى نوێ لەدواى شۆڕشى فەڕەنسا و شۆڕشى پیشەسازى.مێژووى هاوچەرخ یان نوێ زۆرێك لەو ڕووداوانە دەگرێتە خۆ كە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە ئێستاوە هەیە، ئەم قۆناغە بەنزیكەیى لە سەدەى 16 هەمەوە دەستیپێكردوە.
5. قۆناغى سەدەى دواى سەدەى نوێ Postmodernism: ئەم زاراوەیە بۆ یەكەم جار لە ساڵانى حەفتاكانى سەدەى نۆزدەهەموە بەكارهێنراو و دواتریش بەدرێژایى سەدەى بیست و سەرەتاى سەدەى بیست و یەكەم لە ئەدەبیات و نوسینەكانى بیرمەند و ڕۆشنبیران و ئەكادیمیەكاندا خۆى سەپاند و خۆى كردە قۆناغێكى نوێ لەدواى قۆناغى نوێگەرایى.
بەم شێوەیە دەتوانرێت هەر قۆناغە لە قۆناغى پێشخۆى جیابكرێتەوە بەوەى كە قۆناغى و سەردەمى نوێ لەپێشخۆى جیادەكرێتەوە بە:
1. دۆزینەوە زانستیە سەرسوڕێهێنەرەكان
2. بەمەكینەكردنى پیشەسازیەكان
كە بەهۆى ئەم دووهۆكارەوە هەمیشە كاروان و ڕەوتى مێژووى مرۆڤایەتى و كۆمەڵگاكان بەرەو پێشكەوتن و گەشەكردنى زیاتر هەڵكشاون ولەگەڵ خۆشیاندا دەیان و سەدان گۆڕانكارى گەورە و بچوكیان لەسەر ئاستى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئەمنى و فەرهەنگ و ئەدەب و …هتد.هێناوە.
• چەمكى نوێگەرایى:
بەشێوەیەكى زۆر سادە و ساكار نوێگەرایى بریتیە لەنوێكردنەوەى ئەوەى كۆن و كلاسیكیە،وە بریتیە لە كۆمەڵێك گۆڕانكارى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ئەدەبى و…هتد.ئەم ڕەوت و ڕێبازە لەسەدە نوێكانى ئەوروپاوە سەریهەڵداوە.
• مێژووى نوێگەراى
ئەم ڕەوت و ڕێباز و فەلسەفەى كاركردنە لە كۆتایى سەدەى 15 و سەرەتاى سەدەى 16وە لە ئەوروپا سەریهەڵداوە،ئەوەتا بۆ یەكەم جار لەساڵى 1436ز لەگەڵ سەرهەڵدان و داهێنانى چاپەوە لەلایەن گۆتەنبەرگى ئەڵمانیەوە دیاریدەكەن.هەندێكى تر ساڵى 1520ز لەگەڵ شۆڕشى لۆسەر كینگ دژى دەسەڵاتى كەمینە دیاریدەكەن.و هەندێكى تر ساڵى 1648ز لەگەڵ كۆتایى جەنگى 30 ساڵەدا دیاریدەكەن و هەندێكى تریش پێیان وایە كە لە ساڵى 1789ز پەیوەست بە شۆڕشى فەڕەنساوە یان شۆڕشى ئەمریكاوە لە ساڵى 1776دا سەریهەڵداوە. هەندێكى كەمتریش دەڵێن لەساڵى 1895ز وە لەگەڵ كتێبەكەى فرۆید ((ڕاڤەكردنى خەونەكان)) سەریهەڵداوە.
• بنەماكانى ڕێباز و ڕەوتى نوێگەرایى:
ئەم ڕەوت و ڕێبازە لەسەر پێنج بنەماى سەرەكى دامەزراوە وەك:
1. زانست
2. بەرهەم
3. بەكارهێنان
4. هێزى سەربازى
5. هزرى جوڵانەوە ڕۆشنگەریە ئەوروپیەكان
بەم شێوەیە پڕۆسەى نوێگەرایى لە ئەوروپاى سەدەكانى ناوەڕاستەوە و دواى جەنگ و ململانێ خوێناویەكانى نێوان دین و عیلمانیەت و دەسەڵاتە دونیاییەكانى سەردەم و دواى ململانێ توندوتیژەكانى نێوان چین وتوێژە جیاوازەكانى كۆمەڵگاكانى ئەو كاتى ئەوروپا لە نێوان دەرەبەگ و بنەماڵە و نەبیلەكان و پادشاودەسەڵاتدارەكان و لەگەڵ چینى هەژار و كەمدەرامەت و جوتیار و كرێكاراندا،و بەتێپەڕبوونى كات و بەگەیشتن بەو ڕاستیانەى كە ناكرێت ئەم كۆمەڵگایانە هەروا بە كۆنەپارێزى و داخراوى بمێننەوە و ملبدەن بۆ ڕەوت و بڕیارەكانى كڵێسا و كەنیسەو پیاوانى ئاینى لە قەشە و پاپاكان و ناكرێت دەسەڵاتى ڕەها لەلاى پیاوانى ئاینى بێت و بە ئارەزو و مەرامى خۆیان سنور و هێڵى سوور و تابۆكان بكێشن بەدەورى هەموو بیر و هزر و كار و گوتار و داهێنانە نوێكاندا كە لەگەڵ عەقڵەیەتى چەقبەستوى ئەواندا نایەتەوە و ناگونجێن، هەربۆیە لە زۆرێك لە وڵاتانى ئەوروپا لە ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و …هتد. ژمارەیەك لە بزوتنەوە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و تەنانەت ئاینیەكانیش سەریانهەڵدا و هەموانیان داواكارى گۆڕانكاریان دەكرد لە بوارى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئاین و فەرهەنگ و ئەدەب و هونەرو..هتد.داواى چاكسازى و ڕیفۆرمیان دەكرد،داواى بەرەوپێشبردن و پێشكەوتن و ئازداى و سیستەمێكى حكومڕانى دیموكراسیان دەكرد ،داواى نەهێشتنى جیاوازى و چەوساندنەوەى چینایەتیان دەكرد ،داواى یەكسانى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتیان دەكرد.بۆیە توانرا لەدواى ململانێیەكى دوورودرێژ و تەنانەت توندوتیژیش بگەنە ئامانج و خواستە ڕەواكانیان و ڕەوڕەوى مێژووى مرۆڤایەتى بەرەو پێش بەرن وقۆناغێكى نوێى گۆڕانكارى و چاكسازى وەدیبێنن.جا ئەم قۆناغ و ڕێبازى نوێگەراییە لەسەر ڕاستى ئەو پێنج بنەمایە كەوتە خۆ بۆ بەئاواتگەیشتنى كۆتاییان لەكەمكردنەوەى دەسەڵاتى كەمینە ى پیاوانى لایەنگرى حوكمى پاشایەتى و ئاینى و ئەرستۆكرات و نەبیلەكانى ناو كۆمەڵگا و لەبەرامبەردا ڕۆڵى گەورە و میحوەریاندا بە تاك،جا تاك لەم قۆناغ و لەناو كۆمەڵگاى نوێگەراییەدا ئەركى گەورەى كەوتە ئەستۆ لەوانە:
1.بوژاندنەوە و هوشیاركردنەوەى كۆمەڵگا بە گیانى تاكگەرایى و گرنگى و كاریگەرى ئەو ڕۆحیەتە لە پێشخستنى كۆمەڵگا و وەدیهێنانى پێشكەوتن و گەشە لەسەر هەموو ئاستەكان.
2. ئازادى: لە كۆمەڵگاى تاكگەراییدا،هەمیشە ئازادیەكان ڕۆڵ و كاریگەرى گەورەیان هەیە لە بڕیاردان و داهێنان و بەخششى زیاتر بە قازانجى پێشكەوتنى كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان،چونكە تەنها تاكى ئازاد دەتوانێت ببەخشێت و سوود و كەڵكى گەورە بۆ خۆى و كۆمەڵگا وەدیبهێنێت.بۆیە چەندە تاك ئازاد بێت لەبیركردنەوە و مامەڵە و گوتار و كرداریدا ئەوەندەش دەتوانێت ببێتە تاكێكى بەخشندە و داهێنەر.مرۆڤ بەبێ ئازادى هیچ مانایەكى نیە لە بون و ژیانیدا و هەرگیز مرۆڤى كۆیلە و ژێر دەستە ناتوانێت گۆڕانكارى و داهێنان بكات.
3.توێژینەوەى زانستى: تاكى داهێنەر پێویستى بەكەشوهەوایەكى ئازاد و فراوان و خاوێن هەیە كە دووربێت لە بارگاویبوون بە ململانێ ناڕەواكانى چینایەتى و دەسەڵات و بەرتەسككردنەوەى ڕووبەرى هزر و بیركردنەوە،تاكى زانستخواز پێویستى بە دیاریكردنى سنورە تابۆكان نیە لەلایەن سەركردە و حیزب و بنەماڵەكانەوە،بۆیە هەرتاكێكى نوێخواز گەرەكێتى لە ڕێگەى توێژینەوە ولێكۆڵینەوە زانستیەكانەوە بگاتە داهێنانى نوێ لەپێناو گەشەو پێشكەوتن و خزمەتى زیاتر بەكۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان.بۆیە ئەو تاك و كۆمەڵگایانەى كە گرنگى زۆر دەدەنە زانست و زانستخوازان و وزانكۆ و پەیمانگاكان لەڕێگەى توێژینەوە زانسیتیەكانەوە و دابینكردنى بودجەى پێویست بۆ كارەكانیان هەمیشە تاك و كۆمەڵگایەكى داهێنەر و پێشكەوتوو بوون و بەپێچەوانەشەوە كۆمەڵگاو تاكێكى بەرخۆر و بێبەرهەم ماونەتەوە.
4.بەسەرداچونەوە و لێپرسینەوەى خود: لەم خاڵەدا تاك و كۆمەڵگا هەمیشە لەبەردەم پڕۆسەیەكى نوێبونەوەى جدى و گەرموگوڕدان و ئەم پڕۆسەیەش بۆ ئەوەى بەردوامى هەبێت و خۆى لە هەڵە و كەموكوڕى و نەزعە كەسیەكان بەدووربگرێت و دووربكەوێتەوە لە خودپەرستى و بەرژەوەندى خۆیى و كەسى و حیزبى و بنەماڵەیى و …هتد. پێویستى بەوەیە كە بەبەردەوامى بەسەرداچوونەوە بەكار و كردەوە و گوتار و مامەڵە و دیدگا و تێڕاونینەكانى خۆیدا بكاتەوە و لێپرسینەوەش لەگەڵ خودى خۆیدا بكات،چونكە بەبێ ئەم پڕۆسەیە نە تاك نەكۆمەڵگا نەگروپ و ڕێكخراوە پیشەیى و مەدەنیەكان ناتوانن بەرەو پێش بچن و گیانى داهێنان ببوژێنەوە و تاك بكەنە میحوەر و پاڵنەرى گۆڕانكاریەكان،جا ئەم پڕۆسەى بەسەرداچونەوە و لێپرسینەوەى خودە لەسەر هەموو ئاست و ئۆرگانەكانى دەسەڵات و حكومەت و حیزب و ڕێكخراوەكان پێویستە و نابێت پشتگوێ بخرێن.چونكە هەموو دواكەوتن و پشتگوێخستنێك دەبێتە هۆى كەڵەكەبونى كێشە و گرفتى زیاتر و نوێ كە چارەسەركردنیان بەتێپەڕبوونى كات ئاستەم و زەحەمەت دەبێت.جا چەندە خودى تاكاكان پاكوخاوێن و ساغڵەم و تەندروست بن و دووربن لە گەندەڵى و مشەخۆرى و پاوانخوازى و خۆسەپاندن و دووربن لە خۆشەویستى پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانى دەسەڵات و ببنە تاك و كۆمەڵگایەكى دەسەڵات نەویست هێندەش كۆمەڵگایەكى نوێگەرا دێتە بون و بەرهەم.
5.پاراستنى ژینگە:خۆشبەختانە لەم قۆناغى نوێگەراییەدا بنەمایەكى زۆر مرۆڤدۆستانە هاتۆتە ناو كایەى گفتوگۆو مشتومڕەكانى نێوان سەركردە و وڵاتان و كۆمەڵگا و تاكەكانیش ،چونكە دواى ڕشتن و فڕێدانى سەدان و هەزاران تەن لە خۆڵ و خاشاك و پاشماوە و پاشەڕۆ ژەهراوى و تیشكدەرەكان خستنیان بۆ ناو هەوا و ئاو و خاكەوە لەلایەن كارگە گەورە پیشەسازیەكانەوە ژینگەى زەوى و مرۆڤایەتى بەرەو پیسبوون و لەناوچوون و زیانگەیاندنى گەورە چووە،بۆیە ئەم قۆناغە وادەخوازێت و ئەوەشى كردۆتە بنەماو چەسپاندویەتى كە كۆمەڵگاى نوێگەرا پێویستە ڕێز لە پاكوخاوێنى ژینگەى مرۆڤایەتى بگرێت و هەریەكە بە قەوارە و گاریگەرى و ڕۆڵى خۆى هەستێت بە پارێزگاریكردن و پاگڕاگرتنى ئەو ژینگە مرۆڤایەتیە،چونكە تا ژینگەى زەوى پاك و خاوێن نەبێت و دوور نەبێت لە پیسوون و ژەهراویبوون ئەوا تاكى ساغڵەم و تەندروستیش نایەتە بوون.
بەم شێوەیە كۆمەڵگاى مۆدێرنێتە و نوێگەرایى سەرەڕاى پێنج بنەما سەرەكیەكەى خۆى گرنگى تەواوى داوە بە ڕۆڵ و كاریگەرى تاك و ئەركەكانى بۆ دیاریكردوە.لە پێناو وەدیهێنانى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى و نەهێشتنى جیاوازى دەرەبەگایەتى و چینایەتى كە قوتابخانەكانى شیوعیەكان و ماركسیەكان و ئیشتراكیەكان بەرزیان كردۆتەوە و هەوڵى بۆ دەدەن.
• بیرمەندەكانى نوێگەرایى
ڕێباز و فەلسەفەى نوێگەرایى لەسەر هەموو ئاستەكانى ژیان لە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و زانستى و …هتد. گەلێك بیرمەند ڕابەرایەتیان كردوە و تێكۆشاون بۆ چەسپاندنى بنەماو ئامانج و تێڕاونینەكانیان بۆ ئەوەى قۆناغەكە بەسەركەوتوویى تێپەڕبكەن لەوانە:
1. دیكارت و كۆسمۆپۆلس كە ڕابەرایەتى ڕەوتێكى میسالیان دەكرد.
2. فردیناند نۆتیز و ئەمیل دوراكاهیم و ماكس ڤایبەر،ڕابەرایەتى ڕەوتى زانستى دەرووننانسى و كۆمەڵایەتیان دەكرد.
3. ئادام سمیس و ماركسى و شیوعیەكانیش ،ڕابەرایەتى ودواكارى ئابورى نوێگەراییان دەكرد لە سەرمایەدارى و بازاڕى ئازاد و بازرگانى.
4. میكیاڤیللى و هۆبز و بودان ڕابەرایەتى بیرى نوێگەرایى سیاسیان دەكرد.لەپاڵ جانجاك ڕۆسۆ و مۆنتسیكۆ و جۆن لۆك دا.
• قۆناغى دوایى نوێگەرایى ((پۆست مۆدێرنێتە))
بریتیە لەو قۆناغەى دوا نوێگەرایى لەڕۆژئاوادا كە توشى ڕۆچوون و دڵشكاویى و بێئومێدى بوون بەهۆى شكستى نوێگەراییەوە و ئەوان پێیان وایە كە نوێگەرایى لەسایەى سیستەمى سەرمایەدارى خۆسەپێن و بەهەژموون و بەرخۆر و بچووكردنەوەى دونیا وەكو گوندێكى بچوك لەسایەى بەجیهانیبووندا و نەهێشتن و كەمكردنەوەى ڕۆڵى تاك و گرنگیدانى زیاتر بە كارگە پیشەسازیەكان و كۆمپانیا گەورە و زەبەلاح و فرە ڕەگەزەكان هێندەى تر ژیان و گوزەران و خۆشگوزەرانى تاك و كۆمەڵگانى شێواندوە، ونەیتوانیوە تەواوى ئامانج و خواستى تاك و كۆمەڵگاكان وەدیبهێنێت و شكستى هێناوە ،هەربۆیە ئەمان ڕەخنە بارانى نوێگەرایى دەكەن و لەهەوڵى گەڕاندان بەدواى ڕێگاچارەى نوێتردا و ئەم قۆناغەش كاریگەرى هەبوو لەسەر زۆر بواردا. ئەم ڕەوتى پۆست مۆدێرنێتە لە كۆتایى سەدەى بیست و سەرەتاى سەدەى بیست ویەكدا سەریهەڵداوە. فریدرێك جەیمسۆن،فەیلەسوف و ڕەخنەگرى ئەدەبى دەڵێت (( لۆژیكى ڕۆشنبیرى خۆسەپێنى قۆناغى كۆتایى سەرمایەداریە)) كە لە ئێستادا ناودەبرێت بە بەجیهانیبوون یان سەرمایەدارى دارایى یان لەدواى شۆڕشى پیشەسازى یان سەرمایەدارى بەرخۆر.
لە ئێستاشدا قۆناغى دواى پۆست مۆدێرنەتەش سەریهەڵداوە و ڕەخەنە لەهەردوو قۆناغى مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەش دەگرن و ئەمانیش گوتار و دیدگاى خۆیان هەیە بۆ چارەسەرى كێشەكانى كۆمەڵگاكان و تاكەكان و هەردوو قۆناغى پێش خۆى بە شكستخواردوو وەصفدەكەن و لەو پێناوەشدا چەندین بیرمەند و كەسایەتى و بیرۆكەى نوێ ڕابەرایەتى ئەم ڕەوتەش دەكەن.
دەتوانرێت پۆست مۆدێرنێتە بەوە تێبگەیەنرێت كە بریتیە لە پەرچەكردارێك دژى نوێگەرایى،لەدواى ئەو كاولكاریانەى كە بەر فاشیەت و جەنگى دووەمى جیهانى و هۆلۆكۆست كەوت، زۆرێك لە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانى ئەوروپا متمانە بە نوێگەرایى سیاسى و ئابورى و هەموو جوانیەكانى پڕۆژەكە ناكەن، لەكاتێكدا كە نوێگەرایى لەزۆر كاتدا پەیوەستە بە شوناس و یەكێتى و دەسەڵات و بڕوابوونى تەواو، و …هتد.بەڵام پۆست مۆدێرنێتە زۆرجاران پەیوەستە بە جیاوازیەكان و جیابونەوە و دەقێتى و گومانكردن و …هتد.
• لەكۆتایدا ،دەپرسین ،ئەرێ تاك و كۆمەڵگاى كوردەوارى لەكوێى ئەم هەموو قۆناغى پێشكەوتن و داهێنانەدان؟ئەو قۆناغ و سەردەمانە چ كاریگەریەكەیان هەبوە بەسەر هزر و بیر و ئەندێشە و گوتار و كردارى تاك و كۆمەڵگاى كوردەوارى دا؟ئەرێ تاك و كۆمەڵگاى كوردەوارى پێویستى بە قۆناغەكانى نوێگەرایى و دواى نوێگەرایش نیە كە تاك ڕۆڵ وكاریگەرى هەبێت لە پڕۆسەى پێشخستن و داهێنان و بەخشین و بەرەوپێشبردنى كۆمەڵگادا لەڕووى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئەدەب و فەرهەنگەوە وڕۆڵى خۆى ببینێت ؟ ئایا لەسایەى تێڕوانینە كۆنەپارێزەكانەوە دەتوانرێت كۆمەڵگا و تاك و سیستەمێكى حوكمڕانى تەندروست و ساغڵەم پێكەوە بنێین و هەنگاو بەرەو ئایندەیەكى گەشتر و خۆشگوزەرانتر و پڕ ڕەفاهتر بنێین؟ یان دەبێت خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ڕەوتى مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا بۆئەوەى لانى كەم زۆر دوانەكەوین و كەم تازۆر لەگەڵ ڕەوتە باو و زاڵەكەى دونیاى سەردەمدا بگوزەرێین و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.ئەگینا چ لە سەر ئاستى تاك یان لەسەر ئاستى كۆمەڵگاش بە چەقبەستوویى و داخراوى و كۆنە پارێزى دەمێنینەوە و هێندەى تر ڕەوڕەوى پێشكەوتن و داهێنانەكانى مێژوو لێمان دووردەكەونەوە، گەرچى بەهۆى ئەم داهێنانە تەكنەلۆجیا نوێیانەى سەردەمەوە تاڕادەیەك هاوكار و بەشدار و سوودمەندبووین لە پێشكەوتن و نوێكارى و تاكگەراییەكاندا ،بەڵام هێشتاش قۆناغى زۆرمان لەپێش ماوە بۆ ئەوەى بەتەواوەتى لە كۆت و بەندە باو و سواوەكان ڕزگارمان بێت،ئەمەش هەوڵ و تێكۆشان و بیرمەند و تاك و كۆمەڵگاى هوشیار و ئازادى پێویستە نەك كۆیلە و دەستەمۆ و عەقڵ بەستووەكان.
سەرچاوەكان:
========
1. https://ar.wikipedia.org/wiki
https://mawdoo3.com2.
3. https://www.alhurra.com/a/what-is-modernity
4. https://elaph.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.