ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان یان جاڕدانی دیکتاتۆریەت بە فەرمی

لەلایەن ستاندار Posted on 289 جار بینراوە

له‌تیف شێخ مسته‌فا

پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکانی بەشدار لە حوکمەت ڕازی بکات ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان پێک بھێنێ و یاسای بۆ دەرکات و بیکاتە ئەنجومەنێکی فەرمی لە پاڵ سێ دەسەڵاتەکەی تر و بەلکو باڵاتریشی بکات بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی ترەوە و بیکاتە مەرجەعی بڕیار دان ،ھەموو ئەوەش لە پێناوی ئەوەی کە پارتی ھەوڵی بۆ ئەدات و بریتیە لە بەمڕجەع کردنی بەڕێز مەسعود بەرزانی
ئەم ئەنجومەنە ئەگەر ئەنجومەنێکی دەسەڵاتدار بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەبێ ئەنجومەنێکی نادەستوریەو لە سیستەمی دیموکراتی پەرلەمانیدا جێگای نابێتەوە،بەڵکو جۆرێکە لەو ئەنجومەنە نا ھەڵبژێردراوە نا دیموکراتیانەی لەسەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ناوچەکە و لە عێراقیش ھەبوون وەک مەجلیسی قیادەی سەورە،بۆیە نابێ حیزبەکانی تر و باڵی نێچیرڤان بارزانیش لەناو پارتیدا بە ھیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ بکەن
پێش دروست بونی حوکمەت لە بەرامبەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی و داماڵینی دەسەڵات لە سەرۆکی ھەرێم و کردنی بەدەسەڵاتێکی پڕۆتۆکۆڵی دەشیا ئەنجومەنێکی وا دابمەزرایە و مەسعود بەرزانیش سەرۆکی بوایە ئەویش بە دوو مەرج یەکەمیان ئەنجومەنەکە سیاسی بوایە نەک یاسایی دوەم ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری بێ دەسەڵات بوایە ئەویش لە بەرامبەری ئەوەی سیستەم بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکی ھەرێم پڕۆتۆکۆلی بوایەو بدرایە بە یەکێتی یان گۆڕان ،بەڵام کە ئەوە نەکراوە سیستەمەکە لە ھەرێم نەبۆتە پەرلەمانی و پارتی ھەردوو دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی بەدەسەڵاتەوەو سەرۆکی حوکمەت و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانیشی لایە ،چونکە (ئەوەندەی تێبینیم کردوە میدیای پارتیش و پەرلەمانیش زاراوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکار دێنێ بەمەبەست بۆ ئەوەی بڵێ سەرۆکایەتێ پەرلەمان دەستەیە نەک تاک لەم حاڵەشد سەرۆکایەتی پەرلەمان واتە ھی پارتیە چونکە لە سێ دەنگ دوانی ھەیە)
بۆیە لە حاڵەتێکی وادا ڕازی بوون بە ئەنجومەنێکی سیاسی دەسەڵاتدارو کردنی بەمەرجەع واتە جاڕادنی ئاشکرای دیکتاتۆریەتی تاکەکەسی و تەنانەت تەرکیز کردنی دەسەڵاتەکان کە ھەموشیان بەدەست پارتیەوەن لەدەستی یەک کەسدا.
لە جیاتی ئەوە با لایەنەکانی غەیرە پارتی پێشنیازی ئەوە بکەن سیستەم ببێ بە پەرلەمانی کۆماری و ئەنجومەنەکەش ڕاوێژکاری بێت،یان تەنانەت ڕازیش بن «ھەرچەندە ئەمە دژی دەستوری عێراقیشە » سیستەم ببێ بە پەرلەمانی پاشایەتی دەستوری و مەسعود بەرزانی ببێتە پاشای دەستوری کوردستان بە مەرجێک سیستەمی پەرلەمانی مەلەکی بێت و دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ بگوازرێتەوە و پاشا دەسەڵاتی ڕاستەقینەی نەبێت و و پڕۆتۆکۆلی بێت و خزم و کوڕو نەوەی پاشا تا پلەی چوارەم بۆیان نەبێت ھیچ پۆستێکی ڕەسمی وەربگرن وەک ئەوەی لە ھەموو سیستەمە پەرلەمانیەکاندا ھەیە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.