سەماوە وشەنگال… ئەگەری دووبارە بونەوەیان

لەلایەن ستاندار Posted on 204 جار بینراوە

سەرداری شەهید حەمەغەفور ئاغجەلەری

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی تر دیمەنی تراژیدی یەک جارخەم هێنەری ڕووفاتی بە کۆمەڵی ژن و منداڵی کوردی بێتاوانی ئەنفالکراوانمان لە سەماوە بینی. ئەم تراژیدیایە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی جینۆساید ی شەنگال کە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، هاوشێوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هەزاران کوردی بێگوناه کۆمەڵکوژ و بێ سەروشوێن کران. فۆرمی ئەم جارەی تاوانەکە هەر بە کوشتنی بەکۆمەڵەوە نەوەستا، بەڵکو چەندان تاوانی قێزەونی تری وەک بە کۆیلەکردن و دەستدرێژی سێکسی وئەتککردنی منداڵانیشی لێکەوتەوە. دیمەنی ئەم کارەساتانە هێندە ئازار بەخشن گەر فرمێسک نەبێت ڕۆح‌ شوێنی نەدەما لە جەستەدا.

بێگومان ئێمە تەنیا میللەت نین ڕووبەڕوی ئەم تاوانە قێزەونە بووبینەوە. بەڵام ژمارەی ئەو گەلانەی وەک ئێمە کۆمەڵکوژ کراون لەپەنجەی دەست تێپەڕنابن کە ئەرمەن و جولەکە و بۆسنی وتوتسیەکانی ڕواندان، هەریەکەیان جارێک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بونەتەوە و لە دوای ئەوەوە چەندان دەستکەوتی گەورەی وەک دروستکردنی دەوڵەت و گرەنتی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەیان بەدەست هێناوە.

با جارێ واز لە قەبارەی كۆمەڵکوژیەکە و لێکدانەوە سیاسیەکان و قەرەبوونەکردنەوەی پێویستی کەس و کاری قوربانیەکان بهێنین کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆر قسە وباسی لەسەر کرا. بەڵام بەداخەوە هیچ قسەیەک لەسەر هۆکاری دووبارەبوونەوەی نەکرا، بۆیە پێویستە پرسیارێکی جەوهەری بکەین. هۆی چیە ئەم تاوانە قێزەونە ڕووبەڕووی ئێمە چەندبارە دەبێتەوە؟ ئایا ئەوەی بەرامبەر جولەکە و ئەرمەن و بۆسنیەکان کرا دووبارە بووەوە؟
تەنانەت ئەوەی لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ڕواندا ڕوویدا نەک هەر دووبارە نەبووەوە بەڵکو سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدارەکانیان وڵاتەکەیان کردە پڕئاسایش ترین وڵاتی ئەفریقا. ئایا سیاسەتمەدارەکانی ئەوان لەوانەی لای ئێمە بەتواناتربوون؟ ئایا لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی و داهاتەوە ئەوان لە ئێمە بەهێزتربوون یان کابینە حکومەتیەکانیان زیرەکانە لە کەناڵەکانی دیبلوماسی و ئیعلامی وکامپینی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەوە توانیویانە هەم گەلەکەیان هۆشیارانە پێبگەیەنن، هەم پاڵپشتی و دەستکەوتی گەورە ی دەرەکی بەدەستبهێنن.

کەچی بەداخەوە ئێمە نەک هەر نەمان توانیوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەتەواوی جیهاندا بە ڕەسمی بیناسێنین، لە سەر ئاستی ناوخۆش نەمانتوانیوە قەرەبوویەکی شایستەی کەسوکار و نەوەکانیان بکەین. سەرباری ئەمانەش نەک هەر ڕێگەمان لە دووبارە نەبوونەوەی نەگرتووە، بەڵکو ‌ هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ئەم تاوانە نێودەڵەتیەداین، وەک ئەوەی ئێمە جیاواز لە هەموو گەلانی جیهان مرۆڤ نەبین. بەجۆرێک خەڵکی ئێمە بۆتە کەرەستەی شانۆی سیاسەتە نێودەڵەتیەکان کە هەر ڕۆژە و لایەنێکی دەرەکی بەکاری دە‌هێنێت. لەسەر حسابی خەڵک و خاکی ئێمە بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانیان یەکلایی دەکەنەوە.
تەنانەت دوورنیە ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییانەی گەرمیان سەر نەکێشێت بۆ تاوانێکی قێزەونی هاوشێوەی شەنگال، کەم نین ئەو خێزانە کوردانەوەی لەترسی کوشتنیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بەتایبەت لەسنوری گەرمیان.
بۆیە گەر سەرکردایەتی سیاسی کورد بەهەموو پارتە سیاسیەکانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی وهەرێمی ونێودەوڵەتی عەقڵیەت وشێوازی حکومڕانی وسیاسەتکردنی خۆیان نەگۆڕن ، ئەوا هەموو کاتێک ڕوودانی کۆمەڵ کوژی ئەگەرێکی کراوە دەبێت.
بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم لەبری ساڵانە یادکردنەوەو وتاردان و ئیدانەکردن کاری جدی بکات بۆ ڕێگریکردن لە چەند بارەبونەوەیان، لەڕ‌ێگەی کەناڵە دیبلۆماسیەکانی خۆیەوە فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو وەرگرتنی گەرەنتی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دەکرێت هەروەک چۆن هەوڵدەدرێت کوردستان بکەنە دەستەخوشکی ئیمارات و سیدنی! بەهەمان شێوە هەوڵ بدرێت کورستان بکرێتە دەستەخوشکی ئەو وڵاتەنەی کە ئەم شێوازە کۆمەڵکوژییەیان بەسەر هاتووە.

زۆرگرنگە سەردانکردنی مەیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هاوشێوەی سەماوە و مەزار و ڕوفاتی ژن و منداڵی بێتاوانی کورد بکرێتە بەشێک لە ئەجێندای سەردانکردنی ئەو وەفدانەی کە لە دەرەوە دێن، تاکو بزانن خەڵکی بێتاوانی گەلەکەمان چ برسێتی و ئازارێکیان بە ڕێگاوە چەشتوە سەرباری زیندە بەچاڵکردنیان، دەکرێت جگە لە دروستکردنی مۆنۆمێنت لە شوێنی ڕووداوەکان، لە بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش هەمان مۆنۆمێنتی تایبەت بە جینۆساید دروست بکرێت، تاکو هەموو شاندێکی بیانی کە دەچنە سەرۆکایەتی حکومەت و پەڕلەمان بتوانن سەردانی بکەن و هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان دانانی تاجەگوڵینە و کۆنفرانسی ڕاگەیاندن بکرێتە ئەجێندا و پڕۆتۆکۆڵی شاندە بیانیەکانەوە، تاکو ئەم کۆمەڵکوژییانە ببێتە ناسنامەیەکی فەرمی هەرێمی کوردستان لە پێناو پیشاندانی گەورەیی ئاستی تاوانەکان و گرەنتی دووبارە نەبوونەوەیان . هیوادارم پرسی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیەکان و هۆکار و چۆنێتی ڕێگریکردن لێیان بکرێتە بابەتێکی سەرەکی لە مێزگردی سیاسیەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە پێناو پاراستنی تاک بە تاکی خەڵکی هەرێمی کورستان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.