کەیسەکەی ماریا هەورامی و مەلا هەلۆ بە نمونە

لەلایەن ستاندار Posted on 528 جار بینراوە

ڕێبوار محمد صالح

پێشەکی ئەمەوێ بڵێم ئەوەی پاڵنەرم بوو بۆ نوسینی ئەم بابەتە ئەو دەنگدانەوە نا سروشتیەبوو کە لەسەر کەیسەکەی خانمە هونەرمەند ماریا هەرامی و مامۆستا مەلا هەلۆ دروست کرا ، بە هەزاران کەس بەشداربون و دابەش بوون بۆ پشتگیری و دژیەتی هەریەک لە ناوبراوان، ئێمە لەم نوسینەدا هەڵدەدەین بێلایەنانە ئەو باسە بخەینە ژێرشرۆڤەی یاسایی لە ڕوانگەی بنەگشتیە یاساییە نێودەوڵەتی و نیوخۆییەکانەوە ، هەر بۆیە هەوڵدەدەین وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە ، لەوانە : ئازادی چیە ؟ پەیوەندی نیوان عقڵ و ئازادی لە چی ئاستێکدایە ؟ هەڵوێستی پەیماننامە نیودەوڵەتییەکان چیە لەسەر ئازادی ؟ دەستوور و یاسا نێوخۆییەکان چی دەڵین ؟ هەر یەک لە کردار و گوفتاری ماریا و مەلا هەلۆ چۆن هەڵسەنگاندی یاسایی بۆ دەکریت ؟ ئایا کەیسەکە کەیسێکی گشتیە یان تەیبەتە بە ناوبراوان ؟ کێ مافی سکالای هەیە ؟ داواکاری گشتی ڕۆڵی لەم بارەیەوە چیە؟ ئەو لایەنەی کە سەرپێچی کردووە چی ڕێوشوێنێکی یاسایی پێویست هەیە لەدژی بگیرێتەبەر؟
پێش چونەناو بابەتەکەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم کە ژیانی کەسەکان دابەش دەبێ بۆ ژیانی تایبەتی و ژیانی گشتی ، ئەوەی ژیانی تایبەتیە پەیوەندیدارە بە کاروباری تایبەتی کەسەکان و خیزان و منداڵ و پێویستیە تایبەتیەکانی مرۆڤەوە، ئەم جۆرە لە ژیانی کەسەکان دەبێت پارێزراو بێت لە هەر جۆرە قسەو ڕەخنە و باسکردنێک واتە ناچێتە چوارچێوەی چاودێریەوە ، بەڵام ژیانی گشتی بریتیە لە هەر کارو گوتارێک کە پەیوەندی دارە بە بەرژەوەندی گشتیەوە یاخود لە چوارچێوەی کاری گشتیدا ئەنجام دەدرێت ، ئەمەیان جێگەی چاودێری و ڕەخنەلێگرتنە لەکاتی پێویستدا.
لە راستی دا ئازادی وەک مافێکی بنەڕەتی و گشتی پێویستیەکی مرۆڤ بوونە و لەگەڵ دروست بوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا نوخبەیەک لە کۆمەلگا داکۆکیان لە ئازادییەکان کردووە و قوربانیان بۆ داوە ، وە لەگەل گەشەکردنی عقڵی مرۆڤایەتی دا خوازیاران و داکۆکیکارانی ئازادییەکان رووی لە زیادبوون کرد .
لە بەهۆی گرنگی ئازادییەوە لە ژیانی مرۆڤدا دەتوانین بڵێین هەر مرۆڤیکی عاقڵ دەبێت خوازیار و پارێزەری سنوری ئازادییەکان بێت، وەک عبدالکریم سروش دەلێ (( هەر مرۆڤێک عاقڵ نەبێت ئازادبوون و ئازادنەبون بۆ ئەو یەکسانە ))، هەر لەمبارەیەوە یەکێک لە فەیلەسوفان دەلێ(( ئیمە زۆر پیویستمان بە عقڵ هەیە چونکە بەخستنەکاری چرای عقڵ دەتوانین ئاگری تورەیی بکوژێنینەوە و ئازادییەکان لە کۆت وبەند ڕزگاربکەین، ئەمەش ڕوونادات تەنها مەگەر بەکارکردن نەبێت لەسەر بە‌هێزکردنی عقڵ )) ، هەرلەسەر ئەم پرسە مەولەوی شاعیر و پیێی وایە بۆ ڕزگاربوون لە بەڵای نەفامی پیویستمان بە بەهێز کردنی عقڵە ئەمەش تەنها بە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد دیتە دی .
راستە ئازادییە گشتەکان وئازادی رادەربڕین مافێکی سروشتی هەموو مرٶڤێکە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەها نیە و پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا رێکخراو بێت بۆئەوەی هەموو کەسێک ماف وپابەندێتی یاسایی خۆی بزانێت بەمەش ئاژاوە و فەوزا لە کۆمەلگادا دروست نابێت.
لە زۆربەی پەیماننامە نیودەڵەتییەکان بە ترکیزەوە باس لە ئازادییەگشتیەکان وئازادی ڕادەربریین کراوە ، بۆ نموونە لە بەندی ١ و بەندی ١٩ی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروراو ڕادەربڕینی هەیە ، وە هەموو مرۆڤەکان ئازاد و یەکسانن لە ماف دا و عقڵ و ویژدانیان پێبەخشراوە و دەبێت بە ڕۆحێکی برایانە ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتردا بکەن .
وەهەروەها پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسەکان گرنگی زۆری بەم مافە داوە ، هەروەک لە مادەی ١٩ دا هاتووە کە هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە ، ئەم مافەش ئەوە دەگرێتەوە کە ئازاد بیت لە پەنابردنە بەر هەرجۆرە زانیاری و بیروباوەڕێک و وەرگرتنیان و گواستنەوەیان بۆ خەڵکانی تر بە ووتار یاخود نوسراو یان بەچاپکراوی یاخود لە قاڵبێکی هونەری دا ، یان بەهەر ڕێگایەکی تر .
دیسان بەهۆی گرنگی مافی ئازادیی ڕادەربرینەوە دەستووری عێراق بە دەق باسی کردووە هەروەک لەمادەی ٣٨ داهاتووە کە دەوڵەت دەستەبەری مافی ئازادی رادەبڕینی کردووە بۆ هەموو کەس بەهەر شیوازێک بێت .
لە هەریمی کوردستانیشدا یاسای رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ هەیە کە لە مادەی ٢ دا دووپاتی دەکاتەوە کە ئازادی رادەربرین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەرە .
وەک پێشتر وتمان ئازادییە گشتیەکان و ئازادی رادەربڕین بۆ هەموانە ، بەڵام رەها نیە و کۆتە بەندی لەسەرە ، ئەم کۆتوبەندانەش بە استپناء دادەنریێت و لە زانستی یاسادا نابێت استپناء فراوانی تێدا بکرێت ( لایجوز توسع فی استپناء) .
ئەو کۆت و بەندانەش بە پێی پەیماننامەی مافە مەدەنی وسیاسیەکان ودەستوری عێراق و یاسای رۆژنامەگەری کوردستان بریتین لە پاراستنی ژیانی تایبەتی کەسەکان و پاراستنی سیستەمی گشتی و ئادابی گشتی کۆمەڵکا و پاراستنی مافی خەڵکانی ترو کەرامەتیان ، ئەمەش واتە هەرکاتێک ممارەسەکردنی کارو کردەوەک بەناوی ئازادییەوە بوو بەهۆی پێشیل کردنی سیستەم و ئادابی گشتی کۆمەڵگا ئەوە سنوری مافی ئازادی بەزاندووە و شیاوی لێپیچینەوەی یاسایی دەبێت ، بە هەمان شێوە ئەگەر ووتار و کردارێک بووە هۆی بریندارکردنی هەست وکەرامەتی کەسێکی تر ئەمەش بە تاوان دادەنرێت چونکە لە سنووری یاسایی ڕیگەپێدراو دەرچووە .
با بگەرێینەوە سەر نموونەکەمان و بزانین لە کوێی ئەو بنەمایانەدا جێگەی دەبێتەوە ، لێرەدا دەبیت هەلسەنگادنێکی یاسایی ( تکییف القانونی) بۆ کارو ووتەی ناوبراوان بکەین ، ئەوەی پەیوەندارە بە کلیپەکەی ماریاوە ئەوە وەک هونەر ڕێگەپیدراوە و کەواتە کردەوەکە بە تاوان دانەنراوە لە یاسادا و ممارەسەکردنی ئازادییەکانە لە قالبێکی هونەری دا ، وەهەروەها کۆت و بەندەکانی ئازادی نەبەزاندووە و بە تێگەیشتنی ئێمە سنوورەکانی ئادانی گشتی تێنەپەڕاندووە .
وەهەروەها سەبارەت بە ووتەکانی مەلا هەڵۆ لەسەر خانمی ناوبراو ، دەڵێین وەک ئەصل و لە بنەمادا هەستاوە بە ممارەسەکردنی ئازدی رادەبرین چونکە پشتبەست بەو بنەمایانەی باسمان کرد مامۆستای ئاینیش وەک هەرتاکێکی تر مافی ئازادی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوەی هوشیاری ئاینی و ڕوونکردنەوەی ئاینیی هەیە لەسەر بابەتەکان ، بەڵام ووتەکانی ناوبراو سنووری ئازادییەکان و ئازادی رادەربرینی بەزاندووە و واتە پابەندی ئەو کۆت و بەندانە نەبووە کە دانراوە ، ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی تروە ووتەی ناوبراو بە تاوانی ( السب ) دائەنرێ بە پیی مادەی ( ٤٣٤) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراو .
سەبارەت بە مافی سکاڵا لەم دۆسیەداو ڕۆڵی داواکاری گشتی تیایدا ، دەڵێین کەیسی ناوبراو کەیسێکی تایبەتە لە نێوان دوو کەس دا و کەسی زەرەرمەند مافی بەرزکردنەوەی دوو جۆرسکاڵای هەیە سکاڵای سزایی بە پێی (٤٣٤) لە یاسای سزادان و و داوای قەرەبووی بە پێی مادەی (٢٠٥) لە یاسای شارستانی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٥١ ی بەرکار لە دادگای تایبەتمەند ئەمەش لەبەر ئەوەی مامۆستای ئاینی یاسای ژمارە ٦٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی بەسردا جێبەجێ ناکرێ چونکە ئەو یاسایە تایبەتە بە رۆژنامەنوسیک کە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندا کاردەکات.
هەرچی پەیوەندی بە داواکاری گشتیەوە هەبێ ئەوا ئەرکی داواکاری گشتی پاراستنی مافی گشتیە و بەرزکرنەوەی سکاڵایە لەو بابەتانەی کە بەرژەوەندی گشتی و مافی گشتی پێشیل دەکات، کەواتە داواکاری گشتی پەیوەندی بە دۆسیەی ناوبراوەوە نیە .
بنیاد لەسەرئەوەی ووتمان دەلێین مادام ئەوبابەتە کەیسێکی تایبەتە و پەیوەندی بە ماف و بەرژەوەندی گشتیەوە نیە ، پێویست ناکات رای گشتی لەسەر دروست بکرێت ، بەڵكو یاسا ڕێوشوێنی تایبەتی بۆداناوە و دادگاش دانراوە بۆ لێسەندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی و جێبەجیکردنی دادپەروەری.
سەرەرای ئەوەی باس کرا ، ئەگەر مامۆستای ناوبراو دامەزرابێت لەسەر میلاکی حکومەت ئەوا دەکرێ بە پێی یاسای ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ١٤ ی ساڵی ١٩٩١ ی هەموار کراو لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دا بکرێت لە رێگەی لیژنەیەکی لێکۆلینەوەوە بۆ دەرکەوتینی ئەوەی تاچەند سەرپێچیەکەی پەیوەندی داربووە بە ئەرکەکانیەوە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە یاسای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠٠٧ باسی ئەرکەکانی مامۆستای ئاینی نەکردووە و ئەمەش پێمان وایە کەموکورتیە لە یاساکەدا و پێویستە لەکاتی هەموارکردندا لە بەرچاو بگیرێ .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.