لە چاوەڕوانی بەڵێنەكان

لەلایەن ستاندار Posted on 399 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

 
پشووی چەژن بە كۆتاهات، وە لە دوای ئەویش پشووی هاوینەی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت، ئیدی كاتی ئەوە دێت بزانین بەڵێنەكان بۆ حكومەتی بەهێز و چاكسازی ریشەیی و كارنامەی حكومەت و وەزارەتەكان بە كوێ دەگەن ؟
ئەزموونی چارەگە سەدەیەكی حوكمڕانی كوردی ڕەگوڕیشەی كەشێكی بێمتمانەی لەنێو خەڵك داچاندووە، بۆیە خەڵك هەنگاوی كرداری نەبینێت ئاسان نیە تەنیات بە بەڵێنەكان باوەڕبكات، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین كە كابینەی تازە لەبەردەم ئاڵنكاری گەورە دایە، وە ئەو كابینەیە وەك خۆیان دەڵێن هاتۆتە سەر وێرانەیەك لە چەندین كێشەی جدی، بۆیە تا ئێستا كە كاتێكی زۆر لە تەمەنی كابینەی تازە رۆیشتووە، هێشتان گرێكوێرەكان بۆ چارەسەری كێشەكان بە تەواوی نەكراونەتەوە.
دەتوانین بڵێین تاكە شت كە ئەمساڵ بە كردەوە بۆ فەرمانبەران ئەنجام درابێت، هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەیە، كە ئەویش گرێدراوی رێكەوتنامەی هەرێم و بەغدایە بۆ ناردنی تێچووی بەشی هەرەزۆری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە ، كە ئەمەشیان چەند مانگی داهاتوو لەگەڵ بە كۆتاهاتنی ساڵ دەكەوێتەوە بەر مشتومڕی ڕادەستكردن و ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە بەغداوە .
لە لایەكی دیكە ئەگەر دیقەت بدەین، لەهەرە بەڵێنە زەقەكانی كابینەی تازە، بریتیە لە ئەنجامدانی چاكسازی، چاكسازی لە جومگەكانی دەسەڵات، ئەو پرسەی كە لە ئێستادا بۆتە داوایەكی زۆر پێویستی خەڵك وە بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسیەكان پشتیوانی لێدەكەن، بۆیە دەبێت بزانین كە چاكسازی پێویستی بە ئیرادە تەواو هەیە، كە لە ڕابردوو ئەو ئیرادەیە بوونی نەبووە.
لە هەرێمی كوردستان هەر كاتێك باس لە چاكسازی كراوە مەودای داواكە تەنیا لە ئاستی قسە و لێدوان ماوەتەوە، كە ئەمەشیان كێشەی خۆیی هەبووە، كە ئاسان نەبووە هەنگاوی جدی بۆ بنرێت، بە تایبەت لە بوونی ڕكابەری توندی حزبایەتی، وە كاریگەریەكانی دوو ئیدارەیی و باڵادەستی بەرژەوەندیە حزبیەكان بەسەر بەرژەوەندی گشتی.
لە ئێستادا كە كابینەی تازەی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربووە، باس لە گەڕانەوەی ئەو ئیرادەیە دەكرێت بۆ چاكسازی، بەڵام كەی و چۆن و لە كوێوە دەست پێدەكەن؟ ئەمەیان هێشتا دیار نیە، بەڵام لەوبارەیەوە بەلێنی زۆر بە خەڵك بە گشتی و دەنگدەری ئەو حزبانە بە تایبەتی دراوە ، بۆیە ئەگەر بەڵێنەكانی ئەمجارەش بەدەردی ئەوانی ڕابڕدوو ببردرێت، ئایندەی ئەو كابینەیەش زۆر لەوانی ڕابردوو باشتر نابێت.
خۆ ئەگەر ئەو ئیرادەیەش گەڕایەوە، هەنگاوی دوای ئەو دەبێت بە دانانی پلان بۆ چاكسازی دەستپێبكات، و دەبێت بزانرێت لە كوێوە دەستپێدەكرێت، چونكە گەندەڵی و خرابەكاری سەرچەم جومگەكانی دەسەڵاتی گرتۆتەوە، لە سەرەوە تا خواری خوارەوە.
دەبێت هەمیشە ئەوەش بیر دەسەڵاتدارانی هەرێم بێنینەوە، كە لەپاڵ چاكسازی دەبێت ئەو كابینەیە خزمەتگوزاریەكان بۆ خەڵك بگەڕێنێتەوە، كە لە چەند ساڵی ڕابردووو بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پەكیان كەوت بوو، لە هەمووشی گرنگتر لە نێو ئەو خزمەتگوزاریانە گێڕانەوەی قەرز و پاشەكەوتی مووچەیە كە فەرمانبەران لای حكومەت هەیانە و تا ئێستا حكومەت و كابینەی تازە دوورو نزیك خۆی لەقەرەی ئەم بابەتە نەداوە.
واتا دەتوانین بڵێین چاكسازی و خزمەتگوزاریەكان و گێڕانەوەی مووچەی پاشەكەوت كراو، هەموویان گرێدراوی یەكترن، چاكسازی گرەنتی خزمەتگوزاری باش دەكات، وە گێڕانەوەی قەرزەكانیش جولەیەك لە بازاڕ درووست دەكات كە دەكرێت حكومەت و خەڵك لێی سوودمەندبن.
ئیتر ماوە بڵێین بەڵێن دەبێت كرداری بەدواوە بێت، بە تایبەت بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان كە خەڵكەكەی لە ڕابردوو بە رۆژگاری یەكجار ناخۆش تێپەڕیووە، لە بێ مووچەی ونەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، وە دەردەسەری زۆری خەڵك بەهۆی ناحەقی و گەندەڵی و هەموو ئەو پەتایانەی كە ئێستا لێرەوە لەوەی رەخنەیان لێدەگیریت و دەسەڵاتدارانیش دانیان پێ ناوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.