وەزیری پەروەردە هەشت بڕیار لە سوودی دانەمەزراوانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەردەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 255 جار بینراوە
ستاندەر
ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان (ئالان حەمەسەعید) چەند بڕیارێکی گرنگیدا کە سوودی هەیە بۆ ئەو دەرچووانەی کە ساڵانێکە دانەمەزراون.
دەقی بڕیارەکانی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان:
لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرک و ماف، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بڕیارماندا بە:
یەکەم– مامۆستای کەرتی گشتی (حکومی) کە میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بە دوو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا کار بکات:
1. دەکرێت بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان)، ماوەکەیشی نابێت لە (٥) ساڵ زیاتر بێت، تەنها ڕاژەکەی بۆ هەژمار دەکرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەوە بۆ خەرج دەکرێت کە کاری تێدا دەکات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بکات و لاری نەبوون وەربگرێت، بەمەرجێک ڕێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە (٢٠٪)ی میلاکی هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومی زیاتر نەبێت.
2. ڕێگە بە مامۆستای میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا بڵێتەوە، بەمەرجێک تەواوی بەشە وانەکانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەکەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەکان و کاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەکات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕووی دۆکۆمێنتەکان کە بەشەوانەکانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەرکارەکان لە قوتابخانەکەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەکانیش هاوپێچ بن کە (24) بەشەوانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (22) بەشەوانە بۆ  مامۆستایانی  ئامادەییە)، بەهەمان شێوە نابێت رێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومیی لە (20٪) زیاتر بێت.
ئەرکی جێبەجێکردنی (خاڵی یەکەم)ی ئەم فەرمانە راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەک بەنووسراوی لارینەبوون یان رێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بکرێت، بەمەبەستی تۆمارکردن و بەدواداچوون.
دووەم– فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن، بەمەرجێک پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بەهیچ جۆرێک رێگەنادرێت لەکاتی دەوامی ئاساییاندا لە کاتژمێر 8 تاوەکو 3 کار لەو دامەزراوە ناحکومیانەدا بکەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و راژەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت، مووچەکەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خەرج دەکرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.
سێیەم– فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانن، بۆیان نیە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێکی دیکە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا دەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەکانیاندا.
چوارەم– نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حکومی) وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحکومی) کار بکەن.
پێنجەم– سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەک دەستەی کارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێکی دیکە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن.
شەشەم– دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە هەتا ئێستا وەک مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێک خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بکەنەوە، جگە لە دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەرکی کردنەوەی خولەکانی شیاندن دەکەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەهەمان شێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بێت.
حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە دەکەن، لەبەرئەوە هەر سەرپێچییەک لەجێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ڕووبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەرپرسیار دەبن.
هەشتەم: ئەم فەرمانە لەرێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت.
ئالان حەمەسەعید ساڵح
 وەزیری پەروەردە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.