چالێنج و چالێنجەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 284 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر
لە ماوەی ڕابردوودا بیرۆکەیەکی جوان جێ بەجێ کرا ٫ ئەویش چالێنجی دارچاندنی بەرپرسانی باڵای حکومی وحزبی بوو ٫ ئەوەی لەووتەی بەرپرسەکان هەستی پێدەکرا دیارترینیان ئەوە بوو ٫ هەندێکیان (جۆرێک لەموجامەلە و نازی سیاسیان بەرامبەر بەیەکتر) لێ بەدی دەکرا وەک بڵێی بێزاربون لەناشیرین کردنی یەکتر ٫ بەکۆی گشتی لەگەڵ هەبونی چەند تێبینی یەک لەسەر چالێنجەکە بەنمونە پلەو پۆستی بەشداربوان زۆر گەورەتر بوو لەچاندنی دارێک ٫ بەڵکو خەڵکی چاوەڕێی شتی گەورەتریان لێ دەکردن ٫ ئاخر بەرپرسی وای تێدابوو بەیەک تەوقیع دەتوانێ بەچەند ڕۆژێک شارێک سەوز بکات ٫ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارێکی جوان بوو چونکە هەر هەنگاوێک بەئاڕاستەی نزیکبونەوەی حزب و بەرپرسان بێ جێگەی ئومێدە و دەبێ دەست خۆشی لەخاوەنی بیرۆکەکە بکرێ۰

کەواتە ئیتر چالێنجی دارچاندن خۆشبەختانە بەسەرکەوتوویی تەواو بوو ٫ ڕەنگە تاکە شتێک پێویست بکات لەم چالێنجە بکرێ ئەوە بێ ٫ لیژنەیەک دیاری بکرێ دوای شەش مانگ بەسەر دارەکان دا بگەڕێ ٫ بزانێ ئاخۆ چەندیان شین بون ٫ چونکە یەکێک لە تێبینی یە دیارەکانی تر ئەوەبوو گوایە چاندنی نەمام کات و وەرزی خۆی هەیە ٫ بەهەر حاڵ باواز لەوەیان بێنین .

ئەوەی مەبەستمە لێرە بیخەمە ڕوو ئەوەیە ٫ ئاخۆ چالێنجی داهاتومان لەسەر چی دەبێ ؟ تۆ بڵێی بۆ داهاتوو چالێنجەکان ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێ !

٭ چالێنجی دەساودەستی دەسەڵات لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حزب .
٭ چالێنجی وازهێنان لەم قسە سواوەی کەبەردەوام دەڵێن ٫ گوایە (حزب پێویستی بەئەوانە ئەگەر نا ئەوان لەحزب گەورەترن) ٫ بۆ کەسی یەکەمی حزبەکان.
٭ چالێنجی قیرتاوکردنەوەی شەقامەکانی ناو شارەکان ٫ بۆ پارێزگارەکان .
٭ چالێنجی گۆڕینی خزمەت کردنی هاووڵاتیان لەدروشمەوە بۆ کردار ۰
٭ چالێنجی کەم کردنەوەی باج لەسەر میللەت ۰
٭ چالێنجی دەست پێشخەری دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەران ۰
٭ چالێنجی ڕاستگۆبون لەگەڵ بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەکانی هەڵبژاردن لەلایەن حزبەکان .
٭ چالێنجی کەم کردنەوەی هەیمەنەی حزب بەسەر حکومەت ۰
٭ چالێنجی پابەندی حزبەکان بەماوەی دیاری کراوی یاسایی بۆ پێک هێنانی حکومەت ٫ لەلایەن حزبەکان ۰
٭ چالێنجی ڕێزگرتنی پەرلەمان وەک بەرزترین دەسەڵات ٫ لەلایەن مەکتەب سیاسی حزبەکان ۰
٭ چالێنجی کاندید کردنی پاڵێوراوانی شیاو و دوورکەوتنەوەی حزبەکان لەکاندیکردنی هەر کەسێک خاوەنی جەماوەر بێت ٫ بەبێ ڕەچاوکردنی شیاویان۰

ئیتر چالێنجەکان زۆرن ئەگەر بەتەنها دارێک کۆتایی پێبهێندرێ مەترسی دارە ٫ بەڵکو ئەوەش دەبێتە جۆرێکی تر لە سوکایەتی کردن بەعەقلی هاووڵاتیان ۰

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.