مەجید ساڵح
هەر جارێک تووشی تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی یان سەربازی دەبێتەوە، ئەردۆگان بۆ پاراستنی ئابڕووی سیاسی خۆی دەستێک لە کورد دەوەشێنێت. بەو نیازەی دڵی هەوادارانی خۆی و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە ئەرگەنەکۆن و MHP خۆش کات.
دوای شکستە گەورەکەی لە هەلبژاردنی شارەوانی باکوری کوردستان و دۆڕانی لە ئەستەمبوڵ و کەوتنی یەڵدرمی پیاوی یەکەمی دەستە راستی، کێچ کەوتە کەوڵی، بە مەرامی داگیر کردنی قەندیل بە هەموو هێزێکیەوە کەوتە پەلاماردانی قەندیل و باشوری کوردستان، بەڵام بۆی نەچوە سەر..
کە هاوڕێکانی دوێنێی مەسەلەی دامەزراندنی حزبێکی نوێیان لە تورکیا کرد بە عەمەلی و هەنگاوەکانیان دەست پێکرد، بۆ مەشغول کردنی رای گشتی تورکیا هێزێکی زۆری لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە و ویستی پەلاماری بدات و ئەزمونی عەفرین لە کۆبانی و قامشلی و سەری کانی دووبارە بکاتەوە، بەڵام پیلانەکەی لە گەڵ پلانەکەی ئەمریکا یەکی نەدەگرتەوە و بە چاوسور کردنەوەیەک رازی بوو بە رێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندیدا نەبوو، بۆیە هەڕەشەو گورەشەکانی خاو کردەوە..
ئەردۆگان بە هۆی لاواز بوونی پێگەی جەماوەری خۆی و نەمانی پێگەی جارانی حزبەکەی ، بە تەواوەتی بە گروپە فاشیستەکانی تورک دەورە دراوە و تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بووە. بۆیە رێگەی بۆ باڵی فاشیستی ناو حکومەتەکەی خۆش کردوە، پەلاماری HDP و سەرۆکی شارەوانیەکانی دەستی ئەو حزبە بدەن ، بۆ چوار مەرام:
١. لاواز کردنەوەی رۆڵی کورد لە هاوکێشە ناو خۆیی و ئیقلیمیەکان، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەدا دەرکەوت کورد پارسەنگ و یەکلاکەرەوەی هیزە لە نێوان فاشیزم لایەنگرانی دیموکراسی.
٢. لێدان لە پەیکەریHDP و دابەشکردنیان بۆ دوو بەرەی شاخ و زیندان. لە ئۆپراسیۆنی ٢٠١٦ بەشی زۆری کادیرانی رادیکالی HDP یان گرت و خستنیە زیندانەوە و هێشتا زۆریان هەر لە زیندانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا HDP، بە تایبەت کادیرەکانی لایەنگری شاخ خۆیان رێکخستەوەو توانیان سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراو بەدەست بهێنن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە زۆری ئەو کادیرانە دەگرێتەوە..
٣. لە ریگەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە دەیەوێت بە یار و نەیارەکانی بڵێ هێشتا من پیاوە بەهێزەکەی وڵاتم و هەوساری (جڵەو) دەسەڵات لەدەستی مندایە..
٤. لەبەرامبەر شکستی لەشکرکێشیەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و قەندیل، هەر هیچ نەبێ لە ریگەی گرتن و لێسەندنەوە شارەوانیەکانی دەستی کورد سەرکەوتنێکی کاتی بەدەست بهینیت
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن تازە دێوەکە لە شوشەکە دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ ناوەوە موستەحیلە، بە مانایەکی دیکە کێشەی کورد لە باکور تازە بووەتە ئەمری واقع و بەم کوتە فاشیتانە و بە زەبری چەک چارەسەر نابێ. ئەردۆگانیش لەو لەحزەیەی کە خەونی سوڵتانیزم دای لە کەلەی و دەستی لە گەڵ فاشیستەکانی ناو تورکیا تێکەڵ کرد، گڵۆڵەی خۆی و حزبەکەی کەوتە لێژی و بەرەو داڕمان چوو..
نە ئۆپراسیۆنی سەربازی و نە ئینقلاب کردن بەسەر دیموکراسیدا، نابنە هۆی راوەستانی ئەو گڵۆڵەیەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدا. سەرکەوتنێکی وای لێ ناکەویتەوە پێکەنینەکانی جاران بگەڕێنیتەوە بۆ سەر روخسارە زەرد هەلگەڕاوەکەی ئەردۆگان، چونکە ئیرادەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە ناو کوردی باکوردا دروست بووە، هەلومەرجی ناو خۆیی تورکیا و گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەکانیش وەک جاران لەگەڵ بەرژەوەندی هەلگرانی بیری فاشیزم و ئایدۆلۆژیای ئیخوانیدا یەک ناگرنەوە