نه‌خۆشى به‌ پارتیبوون

لەلایەن ستاندار Posted on 483 جار بینراوە

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

بۆچى له‌ خۆتان ناپرسن كاتێك مام جه‌لال خودى خۆى فوئاد حسینى ، وه‌كو كادیرێكى دڵسۆزى یه‌كێتیتى ده‌هێنێته‌وه‌و پێشنیاز بۆ بارزانى ده‌كات بیكات به‌ سه‌رۆكى دیوان دواى ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ پارتى ؟
كاتێك ئاشتى هه‌ورامى له‌ ڕێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بۆ نێچیرڤان بارزانى پێشنیاز ده‌كرێت، بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌رخۆشى ژماره‌ ته‌له‌فۆنى ئاشتى هه‌ورامى ده‌داته‌ نێچیرڤان بارزانى تاوه‌كو قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌ى بۆچى دواتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى كارى كردو بوو به‌ پارتى ؟
له‌ خۆتان ناپرسن بۆچى كاتێك نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هێنراوه‌یه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و كرایه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى، ماوه‌یه‌كیش بوو به‌ یه‌كێك له‌ نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانى پارتى دواتر بوو به‌ پارتى ؟
ئازاد جوندیانى كه‌ یه‌كێك بوو له‌ موریده‌كانى یه‌كێتیتى و مام جه‌لال، بۆچى چووه‌ به‌ره‌ى پارتى و ده‌ستى له‌ پۆسته‌كه‌ى هه‌ڵگرت؟!
عارف ڕِوشدى كه‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ى بادینان ته‌حه‌داى پارتى ده‌كردو ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى بوو، بۆچى دواتر ده‌رپه‌ڕى و بووه‌ پارتى؟
خۆ كێشه‌كه‌ هه‌ر سیروان كێخوا نه‌جمه‌كان نین، كه‌ له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى یه‌كێتیه‌وه‌ قوربانیانى بۆ حزیه‌كه‌ى داوه‌ دواتر ده‌رده‌كه‌وێ لینكیان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌یان كه‌سى دیكه‌ له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌وانه‌ ( محمد حاجى ، مه‌سعود حیده‌ر، كاروان صاڵح ، ڕیباز حه‌ملان…هتد ) چه‌ندین كه‌سى دیكه‌ بوونه‌ پارتى و بۆته‌ دیارده‌كى زۆر به‌ربڵاو؟
بۆچى ئه‌گه‌ر دوو به‌رپرس یه‌كێیكیان پارتى و ئه‌وى دیكه‌ له‌ هێزه‌كانى دیكه‌ ببنه‌ هاوڕێ و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن، هه‌مووان ده‌ڵێن فلانه‌ كه‌س بوویته‌ پارتى و به‌ كه‌سه‌ى پارتى ناڵێن بۆته‌ یه‌كێتیى، یاخود گۆڕان؟
بۆچى هيواى جه‌وهه‌ر قادر له‌ پارتیه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ یه‌كێتیى، دواى ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگار، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو پارتى ؟!
بۆچى كاكه‌ حه‌مه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاكانى یه‌كێتیى و كه‌س وه‌كو ئه‌و قسه‌ى له‌سه‌ر 31 ئاب نه‌كرد و دۆستى ئێران و یه‌كێتیى بوو، دواتر بووه‌ پارتى؟!
بۆچى دیندار دۆسكى كه‌ كه‌سى دووه‌م و سێهه‌مى یه‌كگرتووى ئیسلامى بوو بوو به‌ پارتى؟ بۆچى زۆربه‌ى ئیخوان و یه‌كگرتووى بادینانه‌ دڵى بۆ پارتى لێده‌دات؟!
بۆچى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئێستایان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان بوونه‌ته‌ پاشكۆیى پارتى ؟
بۆچى به‌ سه‌رۆكى تیمى حكومه‌تى حزبه‌كان له‌ حكومه‌ت ده‌ڵێن پارتى و نيوه‌ پارتى به‌ قوباد تاڵه‌بانى كوره‌ گه‌وره‌ى مام جه‌لاليشه‌وه‌؟!
باشه‌ بۆچى ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ حزبێكى سیاسى به‌ ئیسلامى و عه‌لمانییه‌كان جیاده‌بێته‌وه‌، یان وازده‌هێنێت یه‌كسه‌ر تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ده‌خرێته‌ پاڵ بۆته‌ پارتى ؟ بۆچى پێچه‌وانه‌كه‌ى نابینین كه‌ سه‌ركرده‌و كه‌سێكى باڵاى ئه‌و حزبه‌ ڕووبكاته‌ دژه‌كانى پارتى؟!!!
باشه‌ ئه‌گه‌ر پارتى ده‌زگاى موخه‌به‌رات و هه‌واڵگرى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، خۆ یه‌كێتیش ده‌زگاى زانیارى هه‌یه‌و بودجه‌ى زه‌به‌لاحى له‌ بنده‌ستدایه‌ ؟!
بۆچى ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ ناتوانن كه‌ پارێزگارى له‌ مانه‌وه‌ى به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌و كادیرانه‌كانیان بكه‌ن و ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ پاره‌و ئیمتیازات و ئیختراقى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه‌، باشه‌ خۆ ئه‌وان په‌یڕه‌و دسپلین و پاره‌یان هه‌یه‌، بۆچى نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌ندامه‌كانیان له‌ فلته‌ر بده‌ن و پارێزگارى له‌مانه‌وه‌یان بكه‌ن؟!
ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ سه‌ركرده‌و كادیرانه‌ى ئه‌و حزبانه‌ ده‌زانن كه‌ سه‌ركرده‌كانیان، په‌یوه‌ندى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى پارتى هه‌یه‌، پارێزگارى له‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانى یه‌كتر ده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وان بێهیوا ده‌بن و به‌ دواى هه‌نگاوه‌كانى ئه‌وان ده‌چم !!!
به‌ر له‌وه‌ى سه‌ركۆنه‌یان بكه‌ن، جارێ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆتان بكه‌ن بۆچى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ لاى ئێوه‌ ده‌ڕۆن ده‌بنه‌ پارتى و پێچه‌وانه‌كه‌ى نابینین ؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.