قالۆرەی یەكێتی و كۆنگرە

لەلایەن ستاندار Posted on 407 جار بینراوە

لەتیف فاتیح فەرەج

ئازایەتی نەدانو نەبوونی بڕیار بۆ كۆنگرەی یەكێتی دەگەڕێتەوە بۆ دووهۆ :
یەكەم : دەست بەردار نەبوونی بە تەمەنەكان لە مەكتەب سیاسی و جێنەهێشتنی .
دووەم : ترسی پەرت بوون و نەبوونی متمانەی پاراستنی بەرژەوەندی دەستەو گروپ و بنەماڵەكان .
بۆ چارەسەری ئەم دوو هۆیە دوو خاڵ گرنگە :
یەكەم : كشانەوەو دەستلە كار كێشانەوەی بە كۆمەڵ یان بەشێكی زۆری مەكتەب سیاسی و دروستكردنی ئەنجومەنێكی راوێژ لێیان .
دووەم : لە دەرەوەی تەوافوق و بۆ مانەوەی هەموو باڵ و دەستەو بنەماڵەكان دروستكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەربەخۆی پارێزگاكان .
بە شێوەیەك لە كۆنگرەدا هەر پارێزگایەك ئەنجومەنی سەركردایەتی خۆی هەڵبژێرێت و دواتریش مەكتەبی سیاسی لە ناو ئەواندا هەڵبژێردرێت.
بەڵام لێرەدا دوو كێشە هەیە :
یەكەم : هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە یەكێتی هەلا هەلا كراوەو هەندێك كەس هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە ، دەبێت ئەمە كۆتای پێبهێنرێت و ئەو خەڵكە بە شێوازێكی نوێ‌ رێكبخرێنەوەو بكرێنە هێزی نیشتمانی و سەر بە حكومەت ، ئەمە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەسایە .
دووەم: دارایی و سەروەت و سامانی یەكێتی پرش و بڵاوە ، پێویستی بە رێكخستنەوەو كۆكردنەوەو دانانی ناوەندێكی دارایی بە هێزە ، من بڕوا دەكەم دلێری سەید مەجید پیاوێكی بە ئەزمون و وردە لەو بارەیەوە، بەڵام رەنگە تەمەن و ئەو هەلا هەلا بوونەی ئێستاش هۆكار بن كە نەتوانێ‌ بە تەنێ‌ ئیدارەی بدات .
كێوی داغان ومانەوەی قالۆرە :
ئەندامێكی بەرزی یەكێتی پێی ووتم ئەزانی ئەوانەی ئێستا بە ئامان و زەمان لە یەكێتی نابنەوەو دەیانەوێت هەر وا نەخۆش و كەلە لا بێت ، جاران خۆیان كێوێكی گەورەو هەیبەت و هیمەتێكی بێ‌ ئەندازە بوون .
بە هەندێك جیاوازی بیرو بڕواشەوە ئەو قسەیەی ئەو دۆستە بەشێك هەقیقەتی تیایە ، هەندێك لەو ناوانەی مەكتەبی سیاسی لە ناوەندی هەفتاكان وهەشتاكاندا بە گژ ستەمكاری بەعسدا چوونەوەو ستەمكاریان هێنابووە زەلزەلە ، لە شەڕی ناوخۆ گەڕێین كە بە پلەی یەك پارتی و یەكێتی هۆی سەرەكی بوون و زیانی گەورەیان بە نیشتمان و میللەت گەیاند.
ناوەكانی وەك:
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
ئەرسەلان بایز
عومەر فەتاح
مەلا بەختیار و ئەوانی تر مرۆڤ بە ویژدانەوە بڵێت ، بەلای كەمەوە لە چەند دەیەی رابردوودا رۆڵی ئەرێنی و نەرێنی زۆریان لەم دیرۆكە بەردەكەوێت .
ئەو ناوانەی سەرەوەو ناوەكانی وەك :
عیماد ئەحمەد
عەدنان موفتی
هێرۆ ئیراهیم ئەحمەد وهتد
پێویستیان بە پشوو حەسانەوەیە ، هەندێكیان نەخۆش و ماندوون دەبێت خۆیان بڕیاری واز هێنان بدەن، ئەوەش لە بەر هیچ نا لە بەر خاتری خۆیان .
من بڕوام وایە یەكێتی دەكرێت نوێ‌ بكرێتەوە ، دەكرێت رێكبخرێتەوە ، دەكرێت هەستێتەوە ، بەڵام ئازایەتی و بڕیاری دەوێت .
مانەوەی یەكێتی و رێكخستنەوەو هەستانەوەی بریتی نیە لەوەی كوڕی مام جەلال بیت و زۆر ترین دەنگی هەڵبژاردن بەریت و تكا بكەیت بە جێگری بمێنیتەوە .
گەڕانەوە بۆ كاكڵەو دەربازبوون لە قالۆرەو توێكڵ گەڕانەوەیە بۆ چیرۆكی باو ك و 7 كوڕەكەو حەوت تاڵە قامیشەكە .
یەكێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت هیچ رۆڵێكی لەئایندەی ئەم هەرێمەدا هەبێت ، بۆیە ئەگەر بڕیارە رۆڵی هەبێت ، دەبێت كۆنگرەی دەرچوون لە نەخۆشخانەو رزگار بوون لە شێرپەنجەی پەرت بوون ببەستێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.