مانەوەو تێپەڕاندن

لەلایەن ستاندار Posted on 273 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

۳۱ی ئابەکان و ۱٦ی ئۆکتۆبەرەکان، بۆ ئەوەن، من بگەڕێم بەشی خۆمی تیا بدۆزمەوە، نەک بۆئەوەی بەشی تۆی تیا بدۆزمەوەو وەکو جنێوی سیاسی پێتی بدەمەوە!

کە من چومە مەوقعی هێرش، تۆش ئەچیتە مەوقعی بەرگری، ساحەی شەڕەکەش هەر شتەکەیەو هەردوکمانی تیا ئەمێنینەوە! ئاخر لە هێرش و بەرگریدا، مەوزوع زۆرانبازی و یەکتری کوتانە نەک تێپەڕاندن، بۆیە تێپەڕاندنێک ڕوونادات.
ئەسڵەن لێرەدا شتەکە بە زەرورەت ئەبێ هەبێ و تێینەپەڕێنین، بۆئەوەی یەکتری تیا بکوتین!

بۆئەوەی شتەکە تێپەڕێنین و دووبارەنەبێتەوە، ئەبێ لەو یادانەدا، هەرکەس بەسەر خۆیدا بێتەوە، نەک بە سەروگوێلاکی ئەودا بکێشێ!

منو تۆ لە شتێکدا بەسەر خۆماندا بێینەوە، هەردوکمان تێیئەپەڕێنین.
منو تۆ لە شتێکدا لەیەکتری بدەین، هەردوکمان تیای ئەمێنینەوە.
جا چونکە ئێمە دووەمیان ئەکەین، ئیتر ۳۱و ۱٦کان لەدواوەنین و لەپێشمانەوەن و هەموو ڕۆژێک دەرفەتێکە بۆ دووبارەبوونەوەیان و هەریەک لە ئێمەش کەرەستەیەکین بۆ بەرهەمهێنانەوەیان.

تۆ لەبری هێرش بەسەرخۆتا وەرە، ئەمە باشترین هاندەرە بۆئەوەی ئەویش، لەبری بەرگری بەسەر خۆیدابێتەوە. بەمەش کەشێک دروست ئەبێت، کە لەبری ڕق، عەقڵ تێیدا ئامادە ئەبێ! تەنیا حزوری عەقڵیش بەسە بۆ دەرچوون لەو شتانەی کە تیای چەقیوین. وەکچۆن تەنیا حزوری ڕق بەسە بۆ هەزار ساڵ مانەوە لە شوێنی خۆت.

خیانەت و کارەساتەکان، لە مێژووی هەموو گەلاندا هەن، بەڵام هەن بۆ تێپەڕاندن، نەک بۆ بەرهەمهێنانی ڕق و پیشەسازی چەقین!

– گرنگ نیە لە دۆخێکی خراپدابین، گرنگ ئەوەیە من فریشتەی ناو دۆخە خراپەکەبم و ئەو شەیتانی بەرپرسبێ لە خراپییەکان.
– گرنگ نیە کێ فریشتەو کێ شەیتان بێت، گرنگ ئەوەیە لە دۆخە خراپەکە دەرچین بەرەو دنیایەکی باشتر.

هەتا لەو گرنگەی یەکەمەوە نەپەڕینەوە بۆ گرنگەکەی دووەم، دنیای ئێمە قەت باش نابێت. چونکە دنیای باش لە تێپەڕاندنی عەقڵیەتی ڕەش و سپی و فریشتەو شەیتانەوە لەدایک ئەبێت. ئێمەش تا ئەم ساتە، لە دنیا ئەوەمان ناوێ کە باش بێت، هەر ئەوەمان ئەوێ کە ئەوی تیا شەیتان بێت و باشی دنياش هەر بەمە ئەزانین! لەکاتێکا هەرئەونە بەسە بۆ خراپبوونی دنیا!

هیچ ئەوێک شەیتان نیەو هیچ منێک فریشتە نیە. بەڵکو ئەسڵەن مەوزوع (منو ئەو) نیەو مەوزوع ئێمەیە!
ئێمە هەموومان هەڵەین و هەڵەکانیش هەموومان پێکەوە دروستمانکردون و هەمووشمان پێکەوە ڕاستیان ئەکەینەوە.

بە شەیتاندن ئەو لەخۆم دوور ناخەمەوە، چونکە من پێویستم بەوە پێکەوە دنیاکە باشترکەین.
بە فریشتاندن خۆم لە بەرپرسیارێتی نادزمەوە، منیش بەشێکم لە هەڵەکان.
دنیاش لێرەوە باش ئەبێت.

بێگومان مەبەستم ئەوەنیە خیانەت شتێکی ئاسایی بێ و لە خیانەت ببورین. مەبەستم ئەوەیە تۆ جارێ بەشەکەی خۆت لە خیانەت بزانەو لەوە مەبوورە. بەشەکەی ئەو بۆ سەردەمی دەوڵەتی یاساو دامەزراوە.

ئەمەوێ بڵێم: فۆڕمە باوەکەی یادکردنەوەی ۳۱ی ئاب و ۱٦ی ئۆکتۆبەر، هیچ نیە جگە لە مانەوە لەو دوو ڕۆژەداو هیچ نیە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو دوو ڕۆژە. چونکە ئامانج لە قسەو باسەکان لێدانە لەویتر، نەک تێپەڕاندنی ڕۆژەکە! ئێ خودی ڕۆژەکە هەر ئەو عەقڵیەتە دروستی کردوە! جا ئێمە کە لە هەمان عەقڵدابین یەعنی لە هەمان ڕۆژداین.

قسەکانت با لەسەر عەقڵیەتی ۳۱ی ئاب بێت، نەک لەسەر بکەرێکی ناو ۳۱ی ئاب، چونکە ئەگەر وانەکەیت، خۆت هێشتا بکەرێکی ناو ۳۱ی ئابیت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.