“رێکخستن” و “دامەزراوە” بناغەی ھەموو سەرکەوتنێکن

لەلایەن ستاندار Posted on 78 جار بینراوە 0 سەرنج
55

ھوشیار ئەحمەدی

حیزب، رێکخراو، دەوڵەت ئەتوانن ناو مێشکی مرۆڤەکان رێکبخەن. ئەوەی کە تاکی کورد لە رێکخستن نەھاتووە، ھەڵەیە. کوردیش وەک تاکی نەتەوەکانیتر مرۆڤە، بەس مرۆڤێک کە بە درێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ، تەنیا ژێردەستە کراوە و چەوسێنراوەتەوە و فەرمانی پێچەوانەی مەیلی خۆی بە سەرا کراوە و ئەویش یان دژی وەستاوەتەوە یان یاخی بووە یان کوژراوە، یانیش کەوتووەتە بندەستی رێکخستی داگیرکەر و فرمانەکانی ئەوانی بەناچاری جێبەجێ کردووە.

ئەوانەش ھۆکارن بۆ ئەوەی تاکی کورد تاکێکی کەلەڕەقە لە ھەمبەر فرمان و بڕیار. تاکێکە ھەمیشە دژ بە بڕیاری ناوەندی دەسەڵات ئەوەستێتەوە.

بۆ نمونە سەرنجتان داوە، ھەر لە مناڵیەوە جاری وا ھەبوو لە قوتابخانە ھەوڵمان ئەدا بۆ دژایەتی حکومەت، شت خراپ بکەین، شت بشکێنین و ئەمەشمان وەک جۆرێ لە قەرەبووی ئەو گوشارانە بوو کە لە ناوەندی دەسەڵاتێکەوە کە ھی خۆمان نیە و چەوسێنەرو ستەمکارە ئەکرد.

ئەم شێوازە ھەڵسوکەوتەم لە باشووری کوردستانیش لە زانکۆ ئەبینی، تەنانەت لەوێش خوێندکاران ھەر دیسان پێداویستییەکانی ناو زانکۆیان پێ ھی حکومەت(دەسەڵاتێکی بێگانە و نەخودیی چەوسێنەر و مافخۆر) بوو. لە ماڵان گڵۆپ ناکوژێننەوە، ئاو ناگرنەوە و ئەمەیان پێ دژایەتی حکومەتە.

ئەمەش دوو ھۆکاری سەرەکیی ھەیە:
یەکەم: دروشمی بە دامەزراوەیی کردنی دەسەڵات لە کوردستان تا ئێستاش ھەر لە ئاستی دروشمێکی بێ ناوەرۆکا ماوەتەوە و ھۆکارەکەش ئەوەیە کە دوو بنەماڵە لەگەڵ چەند بنەماڵەی ژێرباڵ و شەریکیان و کۆمەڵێ عەشیرەتی دیکەدا دەسەڵاتی حکومەتییان لەبن دەستە و بەڕێوەی ئەبەن و بەم ھاوبەشییەش قۆرغی خێروبێری سەرو بن خاکی وڵاتیان کردووە و خەڵکیش کە ئەوە ئەبینێ، تۆفیرێکی بەڕچاو لە گۆڕانی ئاست ۆ جۆڕی ستەمەکەدا نابینێ و تەنیا ئەبینێ کە ئەمان بە زمانی کوردی قسەیان لەگەڵ ئەکەن و لەمەش خراپتر ئەوانەن کە دوێنێ خەڵکیان دژ بە داگیرکەران و ستەمەکەیان ھان ئەدا و رێک ئەخست ھەر بۆیە ئیدی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەرانەی پێش خۆیان تۆفیریان پێ ناکات و بگرە جاروبار تووڕەتریشە لێیان. ئەوەش لە چەند دەرفەت بۆ دژکردەوە و خۆپیشاندان دژ بەواندا بینراوە.

دووھەم: زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە کورد حکومەتۆکەیەکی ھەیە، بەشێکی زۆری ئەو قۆناغەش دەسەڵاتی گۆڕانکاریی ناوخۆیی و حکومەتییان ھەبووە و پارە و دارایی باشیشیان لەبەردەست بووە بۆ ئەم کارە.

ئەیانتوانی لەم قۆناغەدا بناغەیەکی باش بۆ خوێندن و پەروەردەی نەسڵەکانی داھاتوو دانێن و بە پلانی ورد و چاودێری کراو لە بواری چەندی و چۆنییەوە، نەسڵێکی تەکنۆکراتی شارەزا بۆ حکومەت و کۆمەڵگا و بەڕێوەبەریی پەروەردە بکەن.

ئەیانتوانی ئۆرگان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت بە کەسانی شارەزا و تێکنۆکرات بسپێرن و توانا ۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی بە رادەی ئەرئەکانیان پێ بدەن و پاشانیش چاودێری و لێپرسینەوەی رێکخراویان لە لایەنی پێوەندیدارەوە لەسەر بێ و لێپرسینەوە، راپۆرت دان و سزا و پاداش بوونی ھەبێ.

بەڵام وا نەکراوە. دەرفەتێکی زێرین کرایە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزب و رێکخراو و بنەماڵە و عەشیرەت و خێڵ. دەرفەتێ کە ئەکرا ببێتە سەرباشقە و نمونەی ھیوا و ئۆمێد بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئێستا بووەتە مایەی دڵەڕاوکێ و ترس و دڕدونگی و گومان بۆ خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ھەر ھەموو لەخۆیان ئەپرسن، ئاخۆ ئەگەر ئێمەش لە ژێر دەستی داگیرکەران رزگارمان بێ، دەسەلاتە خۆماڵییەکەمان لێ نابێتەوە بە داگیرکەر و چەوسێنەر؟

بەکورتییەکەی رووبەری مێشکی مرۆڤەکان شەش تا ھەفت ئینچ واتە ١٥ تا ١٨ سانتی میترە. بۆ دروستکردنی نەتەوە و دەوڵەت و وڵات دەبێ سەرەتا کار لەسەر ئەو ١٥_١٨ سم بکەین. بەو پێیانەی لەسەرەوە باسمان کردووە، لە دابەشبوونی کوردستان لە ١٥١٤ وە تا ئێستا کورد وەک تاکێکی ژێردەستە ژیاوە. ژێردەستەیەکی دژە ناوەند، دژە یاسای زاڵ، دژە دسیپلینی سەپێنراو.

ئەتوانین بێژین رووبەری کێڵگەی مێشکی تاکی کورد رووبەری زەوییەکی بایری دڕکاوییە کە تەنیا رق، بۆغز، گرێی دەروونی، ھەستی تووڕەیی، یاخی بوون، تۆڵە، شەڕ، شۆڕش، بەرخۆدان، بەگژداچوونەوە و …، ی تێیدا بەشێوەی سروشتی جوغڕافیایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوریی رواوە و روێنراوە.

ئەو زەوییە بایرە پێویستی بە بارھێنانە، پێویستی بە خاوێن کردنەوەیە، پێویستی بە خزمەتی دڵسۆزانەو، خاوەندارانە و بەرپرسیارانەیە. ئەو زەوییە بایرە پێویستە ئامادە بکرێ بۆ چاندن، چاندنی تۆوی نەتەوەیی بوون، تۆوی ئامانجی باڵا، تۆوی بەرژەوەندیی باڵا، تۆوی یەکییەتی نەتەوەیی، تۆوی نیشتمانبەروەری، نیشتماندۆستی و نەتەوە دۆستی، تۆوی خۆبە خاوەن وڵات زانین.

ھەنگاوی یەکەم دەبێ دەسەڵاتدارانی باڵا بینێن. ئەوەن دەبێ لێبوردە بن و پێی لە ھەندێ بەرژەوەندیی کەسی، بنەماڵەیی، عەشیرەیی و حیزبی بنێن و پشتی پەرلەمان بگرن بۆ دەرکردنی یاسای پێشکەوتوو، بۆ چاودێری و پاڵپشتی و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی یاساکان. پاڵپشتی و چاودێری باڵی بەڕێوەبەری ئەو یاسایانە بکەن و لێبڕاوانە پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی بڕیاردانی بکەن و دەستی دەسەڵاتی دادوەری لە چاودێری کردنی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەریی و سزادانی سەرپێچیکاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلەو پێگەی حیزبی و حکومەتی و خزم و خزمێنی ئاواڵا بکەن.

شارەزا و پسپۆڕ و چاودێری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی رابسپێرن بۆ بونیاتنانەوەی کۆمەڵگا و بە یاسا پاڵپشتییان بۆ رێکبخەن و کۆنترۆڵ و چاودێریی بەڕێوەچوونی کارەکانیان بکەن.

زۆر لایەنی پێوەندیداری دیکە بۆ باسکردن و شیتەڵکاری ھەیە کە دایدەنێم بۆ وتارێکی شیکاریانەی دیکە. بەڵام کلیلی گەییشتنمان بە ئاوات و ئامانجەکانمان تەنیا و تەنیا رێکخستن و دامەزراوەیە. بێجگە لەمەش ھیچ چارەی دیکەمان نیە. ئەمڕۆ یان سەد ساڵی دیکە، تا تاکی خۆمان بە شێوەی تاکی نەتەوەیی پەروەردە نەکەین، تا خۆمان و کۆمەڵگاکەمان و نەتەوەکەمان لە چوارچێوەی سیستم، نەزم، دسیپلین و رێکخراو و دامەزراوەدا لە قاڵب نەدەین، بە کەمترین ئاستی ھیواکانمان ناگەین و لەوانەشە ئەگەر درەنگ بجوڵێینەوە، ئەوەیش کە ھەیە لەدەستی بدەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *