خۆرئاوای کوردستان لەنێوان کورد, ئەمریکا و تورکیادا

لەلایەن ستاندار Posted on 407 جار بینراوە

محمد سعید

لە سەرتای شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتی ئاکەپە و سەرۆکەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشبینیی ئەو بەرخۆدانە گەورەیەیان لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نەدەکرد، بە هۆی ئەوەشەوە ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازیان لە ڕۆژئاوای کوردستان نەکرد.

دوای ئەوەی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە پشتگیری هێزەکانی هاوپەیمانان توانییان دەستی گرۆپە توندرەوەکان و تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان ببڕن. حکومەتی تورکیا دەستی بە هەڕەشە و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
تورکیا بە بەردەوامی بیانووی ئەوەی هێناوەتەوە، یەپەگە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دروست دەکات و بۆ ئەوەی گلۆپی سەوز لە زلهێزەکانی جیهان وەربگرێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکرد، بەڵام هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوا لەبارەی هێرشی سەربازیەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیری لە تورکیا نەکرد.
دوای بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ١٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، تورکیا قۆناغێکی تری بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، ئەویش پرۆژەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بوو.
حکومەتی تورکیا هەموو هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سوریا) خستەگەڕ. دوای دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەلایەک و ئەمریکا و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەکی ترەوە، دەرکەوت ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ناوچەی ئارام، لەناوبردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.

تورکیا دەیویست ناوچەی ئارام لە قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستاندا دروستبکرێت و خۆی ناوچەکە بەڕێوەبەرێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی واشنتۆنیش دژی هەوڵەکانی تورکیا وەستانەوە.
دواتر بە نێوەندگیری ئەمریکا و بە ڕازیبوونی حکومەتە خۆجێیەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، دەست بە دروستکردنی ناوچەی ئارامکرد و بە پێی پلانەکان، ناوچەی ئارام لەنێوان ٥ بۆ ١٤ کیلۆمەتر دەبێت و ئەنجومەنە سەربازیە خۆجێیەکان کە لە خەڵکی ناوچەکە پێکدێن، ئاسایشی ناوچەکە دەگرنە ئەستوو و تورکیا و ئەمریکاش پێکەوە دەوریەیان دەبێت.
بە قبوڵکردنی پرۆژەکەی ئەمریکا و رێکەوتنە سێقۆڵیەکەی هەسەدە و ئەمریکا و تورکیا، تورکیا هیچی بۆنەماوە و ئەو بیانوویەی کە تورکیا ڕایدەگەیاند، ڕۆژئاوای کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی تورکیا کۆتایی هات.
لەکاتێکدا کە تورکیا ڕێکەوتنەکەی ئیمزاکردووە، بەڵام وادەردەکەوێت، هەست بەوەبکات کە گۆڵی لێکراوە و هیچ سوودێک لە رێکەوتنەکە بەدەستناهێنێت.
بەو هۆیەشەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو دواییانەدا دیسانەوە هەڕەشەی لە ڕۆژئاوای کوردستانکرد و وتی، ئەگەر هێزەکانیان لە ناوچەی ئارام ڕۆڵی سەرەکی نەگێڕن، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لایەنەکی دیکە، دەست بە هێرشی سەربازی دەکەن.
بەڵام هێزی هاوپەیمانان وڵامی ئەردۆغانیان دایەوە و ڕایگەیاند، هەسەدە بە پێی رێکەوتنەکە هەنگاوی ناوە و لە سنوورەکانی تورکیا دوورکەوتووەتەوە و هیچ بیانوویەک نییە کە تورکیا هەڕەشەیان لێبکات.
وەک دەزانرێت سیاسەتی تورکیا لە سوریا بە کۆتاییگەیشتووە و بە هۆی ڕێکەوتنی ناوچەی ئارامەوە ڕووبەڕووی توڕەیی ڕووسیا و ڕژێمی سوریا بووەوە. لە ئیدلب خاڵە چاودیریەکانی بوون بە ئارمانجی فڕۆکەکانی ڕژێم و ڕۆژ بە ڕۆژ هێزەکانی ڕژێم لەپێشڕەویدان.
چەکدارە توندڕەوەکانیش لە بارودۆخێکی خرابدان و لەپاشەکشێدان. هەروەها تورکیا لە ئیدلب لە ڕووی جەماوەریەوە ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکی تووند بووەتەوە و داوای کۆتاییهێنانی هەژموونی تورکیا دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە بە ملیۆنان ئاوارەی سوریا لە تورکیا دەژین و خەڵکی ئەو وڵاتەش لەو دۆخە نیگەرانن. بە کۆنترۆڵکردنی ئیدلب، ڕژێمی سوریاش ناوەستێتەوە و دیارە بەرەو کانتۆنی عەفرین و شەهبا هەنگاو دەنێت و لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەش چەکدارە توندڕەوەکان و خێزانەکانیان پێویستە لە تورکیا نیشتەجێبکرێن و ئەمەش حکومەت دەخاتە دۆخێکی سەختەوە و ڕووبەڕووی نارەزایی زۆری خەڵکەکەی دەبێتەوە.
حکومەتی تورکیا دەیویست بە دروستکردنی ناوچەی ئارام بەشێک لەو چەکدارانە لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێبکرێن، بەلام ئەو پیلانەشی سەرکەوتوو نەبوو و لە ئێستادا ڕووبەرووی پاشەکشێیەکی ئاشکرا لە سوریا بووەتەوە.
بەو پێیە تورکیا نەیتوانی ئامانجەکەی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام بەدەست بهێنێت و لە لایەکی تریشەوە ڕووبەڕووی فشارەکانی ڕژێم و رووسیا بووەتەوە و تا دێت هەژموونی لە سوریا لەدەست دەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.