پارتی و په‌ڕله‌مان ئیستغلالكردنی پێكهاته‌كان

لەلایەن ستاندار Posted on 173 جار بینراوە 0 سەرنج
70

دانا مه‌نمی

پێكهاته‌كان ماوه‌ى سێ خولى په‌رله‌مانییه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانیان له‌ پێنج كورسییه‌وه‌ بۆ ۱۱ كورسى زیادكراوه‌، كورسى پێكهاته‌كان به‌ جۆرێك دابه‌ش بووه‌ له‌ په‌رله‌مان كه‌ توركمان خاوه‌نى پێنج كورسین و مه‌سیحیه‌كانیش پێنج كورسى و ئه‌رمه‌نیش خاوه‌نى كورسییه‌كى په‌رله‌مانه‌، بۆهه‌ر گه‌مه‌یه‌كی سیاسی به‌هۆى ژماره‌ى كورسییه‌كانیانه‌وه‌ پێكهاته‌كان رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕن ، به‌ڵام بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان پێكهاته‌كان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دان ئه‌ویش بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆبوونی پێكهاته‌كانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خوله‌كانی تری په‌رله‌ماندا پێكهاته‌كان كاریگه‌ری پارتییان له‌سه‌ربووه‌وهاوكێشه‌كانیان بۆ پارتی ساغكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌رازوی پارتیان قورستر كردووه‌ ، هه‌ربۆیه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بێلایه‌نی خۆیان بپارێزن و خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان بن .

سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بازنه‌یییه‌و نیمچه‌ كراوه‌یه‌ ،واته‌ هه‌موو كوردستان یه‌ك بازنه‌یه‌ و ده‌نگده‌ر ده‌توانێت ده‌نگ به‌ كاندیدى هه‌رناوچه‌یه‌ك بدات كه‌ ده‌یه‌وێت و ده‌توانێت كاندیده‌كه‌ش دیاریبكات به‌وپێیه‌ى سیسته‌مه‌كه‌ نیمچه‌ كراوه‌یه‌ ، خودی یاسایی هه‌ڵبژاردنیش هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ پارتی ڕه‌خساندووه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنى كاندیدى پێكهاته‌كان بكات، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆماری تایبه‌تی ده‌نگدانیان به‌خۆیان نییه‌ و ناوچه‌یه‌كی دیاریكراویان بۆ ده‌نگدان نییه‌ .

په‌رله‌مانی كوردستان به‌ پێی بڕیاری ژماره‌ یه‌كی ساڵی ۲۰۰٥ به‌رزترین ده‌زگای شه‌رعی و یاساییه‌ له‌ كوردستان ،باره‌گای به‌رزانی هیچ سیفه‌تیكی یاسایی نییه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتیمانی نییه‌ چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ بڕیارێكی حیزبی دروستكراوه‌و ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كان بكات ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌تا دێگه‌ڵه‌یه‌ و ناچێته‌ خانه‌ی نیشتیمانیه‌وه‌ پیناسه‌ی نیشتیمانی هه‌ڵناگرێت، ئه‌م باره‌گایه‌ بووه‌ته‌ مۆڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ حیزبه‌كانی تره‌وه‌ ده‌خزێنه‌ ناو پارتی وله‌سه‌ر كه‌وڵی خه‌ڵكی دڵسۆزی پارتی پله‌و پۆستی باڵاو ئیمتیازاتیان پێده‌به‌خشرێت، باره‌گای به‌رزانی زیاتر له‌ دیوه‌خانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێت بۆ ده‌ركردنی پرسه‌نامه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌سعود به‌رزانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ حیزب و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ ، بۆبه‌ یاسایكردن و شه‌رعیه‌تدان به‌م دیوه‌خانه‌ حیزبیه‌ پێویستی به‌ كۆده‌نگی نیشتیمانی و به‌به‌رداكردنی به‌رگێكی یاسایی و ده‌ستوری هه‌یه‌ كه‌ ئیجماعی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر بێت.

پارتی پلانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو جیاوازه‌و نایه‌وێت جارێكی تر ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ی خولی چواره‌می په‌رله‌مان دوباره‌ بكاته‌وه‌ ، پارتی جێگرێكی په‌رله‌مانی بۆخۆی بردووه‌و جێگرێكیشی داوه‌ به‌ توركمانه‌كان ، ئیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كێتی بێت یانیش گۆران ناتوانێت هیچ پرۆژه‌یه‌ك بخاته‌ به‌رنامه‌ی كارو هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ساز بكات بەبێ ڕەزامەندیی پارتی هیچ یاساو بڕیارێك له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رناچێندرێت ، ئه‌وه‌ی توركمانه‌كان له‌په‌رله‌مان ده‌یكه‌ن به‌شداری سیاسی نییه‌ ، به‌ڵكو كۆیلایه‌تی سیاسییه‌ بۆ لایه‌نێكی سیاسی كه‌ رێز له‌ خواسته‌كانیان ناگرێت .

خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان پارتی كۆنترۆڵی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كردووه‌و هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی یاساداناندا ده‌سه‌پێنێت ، جگه‌ له‌وه‌ی په‌رله‌مانی داماڵیووه‌ له‌ چاودێركردنی حكومه‌ت و مه‌رجیشی بۆ په‌رله‌مانتارانی لایه‌نه‌كانی به‌شدار بوو له‌ حكومه‌ت داناوه‌ كه‌ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت قڕو قه‌پی لێبكه‌ن !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *