نەسرین لە قوربانیيەوە بۆ ئومێد

لەلایەن ستاندار Posted on 685 جار بینراوە

ئاماده‌كردنی: كه‌ركوك ئه‌حمه‌د

به‌گشتی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانی تاكی كۆمه‌ڵگا‌ی عێراقی و تاكی كورد له‌ئاستێكی خراپدایه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا ده‌رفه‌تی كارو خوێندن له‌به‌رده‌م ڕه‌گه‌زیی مێینه‌، به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینیت دایكێك یان داپیره‌یه‌ك توانیبێتی هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن به‌بێ ئاریشه‌ ببڕێت.

“وەک ئەوەی خوێندن تەنها بۆ ڕەگەزی نێر بڕیاری لێدرابێت، ماڵەوەم بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ منیان لەخوێندن بێبەشکرد”، ئەوە گووتەی کچە خوێندکارێکی قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پەروەردەی بنه‌ڕه‌تییه،‌ کە بەهۆی ڕێگری ماڵەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەخوێندن دابڕاوەو لەو ماوەیە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندنی بدات.

نەسرین ئه‌نوه‌ر، كه‌ ئێستا لە قۆناغی سێیەمی کۆلێژی پەروەردەی زانكۆی ڕاپه‌ڕینه،‌ لەزانكۆ باسی سەرەتای وەرگیرانی لەقوتابخانە دەکات و دەڵێت: “من کە لەخێزانێکی لادێ نشین هاتوومەتە دنیاوە، هەر لە دەسپێکی قۆناغی خوێندن و لە ساڵی یەکەمی وەرگیرانم لەقوتابخانە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوومەته‌وە و ساڵێك بە درەنگی و لەتەمەنی حەوت ساڵیدا له‌ قوتابخانە ناونووس كرام. بەهۆی ئەوەی تێگەیشتنی خێزانەکەم و کۆمه‌ڵگای دێهاتی ئه‌وكات وابوو، کە خوێندن تەنها بۆ ڕەگەزی نێرینەیە و مێیینە پێویست ناکات بخوێنێت”.

نەسرین بەسەرهاتی قۆناغەکانی خوێندنی دەگێڕێتەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێكی زۆری له‌ده‌ستچووبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستبه‌رداری ئاواته‌كه‌ی نه‌بووه‌ و دەڵێت: “دوای ئەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە قوتابخانە وەرگیرام، بارودۆخێك رێککەوت کەبتوانم به‌سه‌ركه‌وتوویی تاکو قۆناغی بنەڕەتی بەپلەی زۆر باشە درێژە بەخوێندن بدەم، بەڵام هەر کە گەیشتم بە قۆناغی ناوەندی، ماڵەوەمان بیانووی جیاواز جیاوازیان دەدۆزیەوە بۆ ئەوەی من وازبێنم لەخوێندن؛ ڕۆژێک خراپی بارودۆخی دارایی و ڕۆژێک عەیبەی کۆمەڵگا و ڕۆژێک بیانووی خزمەتکردنی ماڵەوە و ئەنجامدانی کاروباری ماڵەوە”.
سەیرکردنی ڕۆڵی ژن لەو سەردەمدا وەکو ڕۆڵێکی لاوەکی و بێ ئامانج، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی بێبەشکردنی ژنان لەخوێندن. وەکو (پەروین حەسەن) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان باسی دەکات و دەڵێت: “سەیرکردنی کۆمەڵگا بۆ ژن سەیرکردنێکی مرۆڤانە نەبووە، بەڵکو لەو سەردەمدا بەشێوەیەک سەیری ژن کراوە وەک ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ وەچەخستنەوە و ئەنجامدانی هەندێ کاروباری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ؛ بێ ئاگا لەوەی هۆشیاری خێزان و دواتریش کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بەهۆشیاری ژن لەناو خێزاندا، چونکە ئەگەر لەخێزاندا ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری ژن لەئاستێکی باڵا بوو، ئەوە بەشێوەیەکی ئه‌رێنی کاریگەری لەسەر خوێندەواری ئەو خێزانەو دواتریش کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی دەبێت”.

پەروین حەسەن بەئومێدەوە بۆ داهاتوو، زیاتر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: “جێگای دڵخۆشییە کە ئێستا ڕێگریکردن لەکچان کەم بۆتەوە و کچان و ژنانیش شان بەشانی پیاوان درێژە بەخوێندن دەدەن و توانیویانە خۆیان بسەلمێنن و بڕوانامەی زانستی بەرز بەدەست بێنن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەو دیاردەیە بەتەواوەتی بنەبڕ کرابێت، بەڵکو بەهۆی خراپی باری ئابووری بەتایبەت لەناو ئاوارەکان و پەناهەندەکان، کچان لەتەمەنێکی کەم لەخوێندن دەردەهێندرێن و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم بەشوو دەدرێن”.

چیڕۆکەکەی نەسرین درێژەی هەیە و نەسرین له‌و ته‌مه‌نه‌یدا، په‌شیمان بووه‌ کە وه‌ك كچێك له‌ دایكبووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و جیاكارییه‌ ره‌گه‌زییه‌ی كۆمه‌ڵگاو دواتریش ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی دروست بووه‌، كه‌ بیریان له‌وه‌دا بووه‌ ته‌نها كوڕه‌كان بنێرنه‌ به‌ر خوێندن و ده‌ڵێت: “ئەو بیانووانەی کە ماڵەوە بۆ بێبەشکردنم لەخوێندن دەیانهێنایەوە، ئەو کاتە لەلام پەسند و ڕێزلێگیراو ده‌بوو، كه‌ براكانیشم به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ خوێندن بێبه‌ش بوونایه‌ وه‌ك من، بەڵام کاتێک دەمبینی براکانم بەبێ هیچ ئاریشەیەك درێژە بەخوێندن دەدەن و منیش بەو بیانووانە دوور دەخرێمەوە، هەستم بە لاوازی خۆم دەکرد و خۆزگەم دەخواست کە کچ نەبوومایە”.
ئه‌وه‌ی نه‌سرین باسی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌ و خوێندن یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ساڵانی نێوان (1996- 2005) لە باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌كراون، به‌تایبه‌تیش رێكخراوی یونسکۆی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی دۆخی ئابوورییه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا، زۆرێك له‌ كچان له‌ خوێندن بێبه‌ش ببوون.

نه‌سرین، ده‌یه‌وێت ئه‌م راپۆرته‌ وه‌كو ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵڕشتنی داخی خۆی بۆ‌ له‌ده‌ستچوونی چه‌ندساڵه‌ی خوێندن به‌كاربهێنێت، به‌جۆرێك هه‌ندێكجار خۆی له‌ بیر ده‌كات و باس له‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ش ده‌كات كه‌ بوونه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م هاوڕێكانیشی.

ئه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌و كات من تاقە کچ نەبووم کە ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە بوومەوە، بەڵکو هاوڕێ کچەکانیشم بەهەمان بارودۆخی مندا تێپەڕیوون، کە هەندێکیان بەهۆی تێگەیشتنی هەڵە لە دەقە ئاینییەکان رێگریان لێکراوە كه‌ درێژە بەخوێندن بدەن”.

ئه‌گه‌رچی له‌و سه‌رده‌مه‌ تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ له‌ ده‌قه‌ ئاینییه‌كان بووه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م كچان تا درێژە بەخوێندن بدەن، به‌ڵام ئێستا ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ تا ڕادەیەکی باش گۆڕاون و ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، مامۆستایانی ئایینی ئامۆژگاری هاووڵاتییان ده‌كه‌ن منداڵه‌كانییان به‌ كوڕ و كچه‌وه‌ بنێرنه‌ به‌ر خوێندن و فێره‌ زانست بن.

مامۆستا سامان عه‌بدوڵڵا، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شێخ ڕەئووف، نموونەی ئایەتێکی قورئان بەبەڵگەی هاندانی ئایین بۆ فێربوونی خوێندن و خوێندەواری دێنێتەوە و دەفەرمووێت: “خودای گەورە لەقوڕئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت (اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ اڵّذِی خَڵقَ)، واتە بخوێنە بەناوی ئەو خودایەی کە بەدیهێنەرە”.

ئه‌و مامۆستا ئاینییه‌، درێژه‌ به‌ گووته‌و هێنانه‌وه‌ ده‌قه‌ ئاینییه‌كان ده‌دات وه‌كو نموونه‌ بۆ هاندان و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندن و فێربوونی زانست و ده‌ڵێت: “خودای گەورە لە یەکەم ئایەتی قورئانی پیرۆز دەفەرمووێت (بخوێنە) بەبێ ئەوەی باس لە رەگەزی ئەو کەسە بکات کە پێی دەڵێت بخوێنە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خوێندن مافێکی سەرەتایی هەموو ئینسانێکە بە چاوپۆشین لە رەگەزی ئەو کەسەی کە دەخوێنێت”.

مامۆستا سامان هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاری په‌یامهێنی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: “پێغەمبەری خودا کە بە پێشەوای باوه‌ڕداران دادەنرێت، لە ژیانیدا زۆرجار هانی خوێندن و خوێندەواری داوەو لە زۆرێك لەفەرمایشتەکانی باسی گرنگی خوێندن دەکات و لە فەرموودەیەكدا دەفەرمووێت: (داواکردنی زانست و زانیاری واجبە لەسەر هەموو مسوڵمانێکی نێر و مێ)”.

کێشەو دەردەسەرییەکانی ئافرەت لەکۆمەڵگای کوردی لەئاستێکدابوو کاتێک لێدوان لەکێشەیەک لە چالاکێکی ئەو بوارە وەردەگری، باسی دەیان کێشە و دەردەسەری تری ئافرەتت بۆ دەکات لەو سەردەمدا. (بەهرە محه‌مه‌د ئه‌مین) چالاکوانی بواری مافەکانی ئافرەت باس لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر مافەکانی ئافرەت دەکات لە کۆمەڵگای کوردی له‌سەردەمی زوو و دەڵێت: “لەکۆمەڵگای کوردی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی ئافرەت دیاردەیەکی بێ چاودێری لەسەرکراو بووە، بەشێوەیەک کەئافرەتان و کچانی کورد نەک هەر بەتەنها لەمافی خوێندن کە سەرەتایترین مافی تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەکە، بەڵکو لەسەردەمی کۆن ئافرەتان بێبەشکراون تەنانەت لە هەڵبژاردنی خێزانێکی دڵخوازی خۆیان و لەو سەردەمه‌ ئافرەتان بەزۆرو زۆرداری بەشوو دراون”.

ئێستا نه‌سرین، كه‌خۆی قوربانی ده‌ستی تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ و بارودۆخێكی تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و چه‌ند ساڵێكی له‌ده‌ست چووه‌، رێگری دەکات لەوەی کچان واز له‌ خوێندن بهێنن، ئەو خەم بۆ داهاتووی کچانی دیكه‌ ده‌خوات و ده‌ڵێت: “بەشانازییەوە من توانیم بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەدا سەربکەوم و درێژە بەخوێندنم بدەم تاکو گەیشتم بەو قۆناغەی کەئێستا پێی گەیشتووم، بەڵام تاکو ئێستاش هەمیشە خەم دەخۆم لەبارودۆخی ئەو کچانەی کە بەبیانو‌وی جۆراوجۆر ناچاركراون بەوازهێنان لەخوێندن و دواتریش نەیانتوانی بگەڕێنەوە و درێژە بەخوێندنەکەیان بدەن”.

ئامارەکانی پەیوەست بە ڕێژەی کچان لەناوەندەکانی خوێندن جێگای دڵخۆشین، کە ساڵ دوای ساڵ بەهۆکاری جیاوازو گۆڕانی بارودۆخ ڕێژەکەیان لە هەڵکشاندایە، بەپێی ئاماری دوو ساڵی کۆتایی پەروەردەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێژەی کچان بۆ ساڵی خوێندنی (۲۰۱۷ – ۲۰۱٨) لەکۆی (٨۱۰٥) قوتابی (۳٨۱۰) قوتابی کچ بووە، بۆساڵی دواتر واتە ساڵی خوێندنی (۲۰۱٨ – ۲۰۱۹) ئەو ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بەشێوەیەک لەکۆی (٨۱٦۳) قوتابی (۳۹۲۹) قوتابی کچ بووە، لەکۆی قوتابییەکانی (۱۰٤) قوتابخانەی سەر بەو پەروەردەیە.

نه‌سرین ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دایكی كچێكی خنجیلانه‌یه‌، به‌متمانه‌ و هیوایەکی ڕۆشنەوە باسی داهاتووی خۆی دەکات و دەڵێت: “ئێستا لە قۆناغی سێیەمی بەشی عه‌ره‌بی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی ڕاپەڕین درێژە بەخوێندن دەدەم، من وەك خۆم شەڕی ژیان دەکەم لە تەواوکردنی ئەو دوو ساڵەشی کە ماومە، چاوم لە ئاییندەی خۆم و خانەوادەکەم و منداڵەکەمە، هەر چۆنێك بێت لە پاڵ دایکایەتیم خوێندنه‌كه‌م تەواو دەکەم و ‎بەو هیوایەم بتوانم لە دوای تەواوکردنی ئەو قۆناغەش درێژە بەخوێندن بدەم و پلەی زانستی بەرزتر بەدەست بهێنم”.

‎به‌تێڕوانین له‌كچه‌كه‌ی و ده‌یان و سه‌دان كچی دیكه‌ی هاوته‌مه‌نی كۆرپه‌كه‌ی‌، چاوی له‌وه‌یه‌ ببێته‌ رێنشانده‌ر بۆ كچان و نه‌سرین ده‌ڵێت: “ده‌مه‌وێ لە داهاتوودا ببمە دەروازەیەك بۆ منداڵە ئازیزەکەم و هاوکار و هەماهەنگی بم بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەرکەوتوویی، تەواوی قۆناغەکانی خوێندنی تەواو بکات”.

تێبینی:

دوای بەشداریکردنی لەخولێکی رێخراوی “Internews” لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نووسەر ئەم راپۆرته‌ی نووسیوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

كه‌ركوك ئه‌حمه‌د
به‌شداربووی خولەکەی ئینته‌ر نیوز

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.