بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران هۆکار و دەرئەنجامەکانى لەنێوان ململانێکانى ئێران و ئەمریکادا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• پێشەکى
ئێران وەک وڵاتێکى گەورە و خاوەن نفوزى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وەک یەکێک لە وڵاتە خاوەن مێژوو و شارستانیەتى دێرین و دەوڵەمەند و وەک وڵاتێکى خاوەن جوگرافیایەکى پانوپۆڕ و زۆرى ژمارەى دانیشتوانە هەمەجۆر و هەمە ئاین و مەزهەب و نەتەوەییش ، هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە گەلێک گرنگى و کاریگەرى پەیداکردوە و تەنانەت زۆرجارانیش بۆتە مەترسى بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى وڵاتانى زلهێز وەک ئەمریکا و ئەوروپیەکان و ڕۆژهەڵاتیەکانیش لەڕێگەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆسەر هاوکار و هاوپەیمانەکانیان لەناوچەکەدا لەوڵاتانى عەرەبى و ئیسڕائیل.بەتایبەتیش دواى هاتنە سەر حوکمى ئیسلامیە شیعە مەزهەبەکان بە ڕابەرایەتى ئیمام خومەیى لەساڵى 1979وە تاکو ئێستا.بەتایبەتیش دواى دەرچوونى ئێران لەشەڕى 8ساڵەى لەگەڵ عێراق 1980-1988 و سەرگەرمبوونى بە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەى وڵات و گەشەپێدانى هێز و توانا سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى لەناوخۆ و ناوچەکەدا و بەتایبەتیش لە بوارى دامەزراندن و دەستپێکردنى بەرنامە ئەتۆمیەکەى،کەلەئێستادا بۆتە خاڵى ناکۆکى سەرەکى و ململانێى توند لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپیەکاندا، ئەم بەرنامەیە لە سەردەمى سەرۆک ئۆبامادا و لەساڵى 2015دا ڕێکەوتنێکى نێودەوڵەتى ناسراو بە ((5+1)) دەربارە کراو بەوپێیەش هەردوولا ئەرکەکانى خۆیان جێبەجێکرد بۆ ڕێگەگرتن لەوەدەستهێنانى ئێران بۆ چەک و هەڕەشە و گوڕەشەى ئەتۆمى،لەبەرامبەر هەڵگرتن یان سووککردنى گەمارۆ ئابوریەکانى سەر ئێران کەماوەى زیاتر لە 30 ساڵى خایاندوە و هاوکارى و یارمەتى ئێران لە بوژاندنەوەى ژێر خانى ئابورى و کەرتى وزە و هاندانى کۆمپانیا بیانیەکان بۆ وەبەرهێنانکردن لە ئێران و هەڵگرتنى قەدەغەکردنى پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە بانکەکانى ئەمریکا و ئەوروپا و زۆر کارئاسانى تریش.
• بەڵام ئەم ڕێکەوتنە بەهاتنى سەرۆک ترامپ بۆ کۆشکى سپى و هەڵدانەوەى ئەو لاپەڕانەى سەردەمى سەرۆک ئۆباما، بڕیاریدا کە بەسەر ئەو ڕێکەوتنامەیەدا بچێتەوە کە بەبڕواى ئەو لە قازانجى ئەمریکادا نیە و بەمەش کێشە و گرفتەکان سەریان هەڵدایەوە و هەردوولا ئێران و ئەمریکا کەوتنە خۆ بۆ ململانێیەکى توند کە ماوەى زیاد لە 4 ساڵە درێژەى هەیە. لەو پێناوەشدا ئەمریکا لە مانگى 5/2015دا ڕێکەوتنامەکەى تاک لایەنە هەڵوەشاندەوە و دوو گوژمە گەمارۆى توندى ئابورى بەسەر دامودەزگا و کەسایەتیەکانى ئێراندا سەپاند لەهەموو بوارەکاندا و بەتایبەتیش وزە و نەوت و بڕیاریدا کە فرۆشتنى نەوتى ئێران سفر بکاتەوە و لەبەرامبەریشدا ئێران فشارى سیاسى و ئەمنى و ئابوریەکانى خۆى لەناوچەکە و دونیادا دەستپێکرد و سەرەتاش لە ئەوروپیەکانەوە دەستیپێکرد وەک لایەنێکى ڕێکەوتنامەکە دوور لە ئەمریکا.و دواتر جەنگى کەشتیەکان و تەنگەى هورموز و تەقاندنەوەى جبەخانەکانى ئێران لە عێراق و سوریادا لەلایەن ئیسڕائیلیەکان و هەڕەشە و گوڕەشەى بەردەوامى هەردوولا لەیەکتر مەترسى هەڵایسانى جەنگى گەرمى لێدروستبوو.بەڵام تائێستا ناوبژیوانیە نێودەوڵەتیەکان بونەتە هۆکارى دواخستنى ئەو جەنگە کە هەموو کات ئامادەگى هەیە.
• هەنگاوى سێیەمى ئێران چییە؟
ئێران لە ڕێگەى دەستەى وزەى ئەتۆمیەوە ڕایگەیاند کە پابەندبونى ئەتۆمى خۆى کەمدەکاتەوە،وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنى واشنتۆن بۆ ڕێکەوتنامەکە،ئاماژە بەو خاڵەى ڕێکەوتنامەکە کە دەڵێت (( هەڵگرتنى هەر کۆت و بەندێک لەسەر توێژینەوە و گەشەپێدان)).
دانیناوە بەوەشدا کە 20 لە ئامێرەکانى فڕێدەرى ناوەندى لە جۆرى((ئەى 4)) کاردەکەن.ئەمەش ماناى وایە کە تواناى پیتاندنى یۆڕانێۆمى هەیە زیاد لە ڕێژەى 20%.
دەستەى وزەى ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەى پابەندبوونیان بە ڕێکەوتنامەکەوە کارکردن بە ئامێرە فڕێدەرە ناوەندیە زۆر پێشکەوتوەکان دەگرێتەوە،کە مانگى داهاتوو کارکردنیان دەستپێدەکات، ئەمەش ماناى وایە کە پیشەسازى ئەتۆمى ئێرانى دەتوانێت ئامانجە دوور مەوداکانى خۆى وەدیبێنێت بە ئاسانى.
• هەوڵەکانى ئێران بۆ تێپەڕاندنى ڕێژەى ڕێگەپێدراو بۆ پیتاندنى یۆڕانیۆم..بۆتە مەترسى بۆ ئەمریکى و ئەوروپیەکان
ئێران وەک کارتێکى فشار بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپیەکان بۆئەوەى تادەکرێت ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە جێبەجێبکرێت و هەموان پابەندبن پێیەوە،کارى فشارى زیادکردنى ڕێژە و ئاستى پیتاندنى یۆڕانیۆمى بەرزکردۆتەوە کە ئەمەش بەو مانایە دێت ئێران چیدیکە چاوەڕوان نابێت و پابەند نابێت بە بەندەکانى ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەى ساڵى 2015وە و ئازادە لەوەى کە چۆن بەرنامە ئەتۆمیەکەى گەشەو پێش دەخات.لەو پێناوەشدا ڕایگەیاند کە ڕێژەى پیتاندنى یۆڕانیۆم بەرزدەکاتەوە بۆ زیاتر لە 67ر3% کە ئەمە ئەو ڕێژەیەیە کە ڕێگە پێدراوە بەپێى ڕێکەوتنامەکەى ساڵى 2015.
سەرۆکى ئێرانى ((حەسەن ڕۆحانى))ڕایگەیاند کە مەبەست لە زیادکردنى ڕێژەکە بۆ کارى ئاشتیانەیە نەک سەربازى،و هێشتا ڕیژە زیادکراوەکەیان ئاشکرا نەکردوە.هەر زیادکردنێک لە ڕێژەى پیتاندنى یۆانیۆمدا دەبێتە زیاتر نزیکبونەوەى ئێران لە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمى و ئەو ڕێژەیەش کە لە ڕێکەوتنەکەدا دانراوە بۆ زیاتر درێژکردنەوەى ماوەى وەدەستهێنانى ئێرانە بۆ بۆمبى ئەتۆمى بۆ ساڵێک لە جیاتى 2-3 مانگ. چونکە ئەمریکا و ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى باش دەزانن کە ئێران خاوەنى بەرنامەیەکى ئەتۆمى بوە و وازیلێهێناوە ،بەڵام ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت کە هیچ کات هەوڵى وەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى نەداوە.
لێپرسراوانى ئێران بەبەردەوامى ئەوە دەڵێن کە هەموو 60 ڕۆژێک پابەندبوونى خۆیان کەمدەکەنەوە بە ڕێکەوتنامەکە وەک کارتێکى فشار بۆ ئەوەى ئەوروپیەکان بکەونە نێوان ئێران و ئەمریکاوە بۆ کەمکردنەوەى فشار و گەمارۆکان و دەرگاى دیپلۆماسیشیان دانەخستوە.
ئێران پێش ڕێکەوتنامەکە یۆڕانیۆمى پیتێنراوى بە ڕێژەى 20% بەرهەمدەهێنا کە ئەو بڕە پێویست بوو بۆ پێدانى بە کورەى تاران بە سووتەمەنى و ڕێژەى پیتاندنى یۆرانیۆمیش لە کورەى بوشەهر لە باشورى ئێران تەنها 5% بوو.
بەهرۆز کەمالوەندى وتەبێژى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى ئێرانى دەڵێت (( یۆرانیۆم بە پێى پێویستى خۆمان دەپیتێنین،و لە ئێستادا پێویستمان بە پیتاندنى یۆرانیۆم نیە بۆ کورەى تاران. و تەنها بە ئاستى پێویست یۆرانیۆم دەپیتێنین بۆ کورەى بوشەهر)).هەموو ئەم پەرچە کردارانەى ئێرانیش لەدواى کشانەوەى تاکلایەنەى ئەمریکا دێت لە ڕێکەوتنامەکە لەمانگى مایسى 2018دا.و سەپاندنى گەمارۆى ئابورى بەسەر ئێراندا.و سەرۆکى ئەمریکاش ئەم بڕیارەى خۆى بەوە پاساوهێنایەوە کە ئێران لە پلانى بۆ بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى وازینەهێناوە و هەروەها دەستوەردەداتە کاروبارى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشەوە کە مەبەست لێى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى هاوپەیمانى ستراتیژى ئەمریکان.
• ئەو پەرچەکردارانە چیبوون لە دواى هەنگاوى سێهەمى ئێرانەوە.. دواى بەرزکردنەوەى تێکڕاى پیتاندنى یۆڕانیۆم ؟

• لە میانەى ئەو پەرچە کردارانەى کە دژ بە بڕیارەکەى ئێران بۆ ئیشپێکردنى ئامێرەکانى فڕێدەرى ناوەندى پێشکەوتوو بۆ زیادکردنى بڕى یۆڕانیۆمى پیتێنراو دەربڕان لەلایەن وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکاوە، جوراوجۆربوون لە نێوان توند و لەسەرخۆ و هەندێکیش هیچ بەهایەکیان بۆ دانەنا.
• ئەوەتا وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا تەنها ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە هەموو ئاوات و ویستەکانى تێکشکاند لەکاتێکدا کە بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپیەکانى تردا لەهەوڵى چارەسەرى کێشەکەدان.
• لەبەرامبەریشدا ئێران ڕایگەیاند کە ئەوروپیەکان ماوەیەکى کەمیان لەبەردەمدایە بۆ بڕیاردان دەربارەى ئەنجامى ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەیان لەگەڵ ئێران و هیچ کەسیش چاوەڕوانى تاکلایەنەى ئێران نەکات بۆ پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکەوە.
• لەهەمان کاتدا بڕیارە لیژنەیەکى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى سەردانى ئێران بکات و سەردانى جێگە ئەتۆمیەکانیش بکات و ئێرانیش هیچ لاریەکى نیە لەو سەردانە.
• وەزیرى بەرگرى ئەمریکاش لە پاریسەوە و لەکاتى پرێس کۆنفرانسێکى لەگەڵ هاوتا فەڕەنسیەکەى ڕایگەیاند کە هیچ سەرسوڕمانێکى نیە لەو بڕیارەى ئێران کە پێشێلى ڕێکەوتنەکە دەکات کەلەساڵى 2015دا ئەنجامدراوە.ئەوان واتە ئێران چەند ساڵێکە ڕێکەوتنى بڵاونەبونەوەى چەکى ئەتۆمیان پێشێلکردوە.
• لەلاى خۆشیەوە وەزیرى بەرگرى فەڕەنساش ڕایگەیاند کە فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانى بۆ چارەسەرى کێشەکە لەگەڵ ئەوروپیەکان بەمەبەستى هاندانى ئێران بۆ پابەندبونى تەواوى بە ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەوە.بۆ پاراستنى سەلامەتى و ئاسایشى کەنداوى عەرەبى بەشێوەیەکى هەمئاهەنگ و باش.
• لەلاى خۆشیەوە نوێنەرى ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند ئەو هەنگاوەى ئێران هەنگاوێکى نوێیە و ئاماژەیەکى بەهێزە بۆ پێویستى گێڕانەوەى هاوسەنگى لەچوارچێوەى پلانى کارى سەرتاسەرى و هاوبەشدا.
• بەکارهێنانەکانى وزەى ئەتۆمى لە ئێران
قسەکردن دەربارەى سوودەکانى بەکارهێنانى وزەى ئەتۆمى بۆ مەبەستى ئاشتیانە قسەیەکى کەموکوڕە،چونکە ئەو سەرچاوە کۆن نوێیەى وزە هەمیشە لە پێشکەوتنى بەردەوامدایە،هەموو جارێکیش بەکارهێنانێکى نوێ بۆ ئەو وزەیە دەدۆزرێتەوە، تەنها ئەوەندە بەسە کە ئاشکرای بکەین کە وزەى سووتانى 1 تەن لە سووتەمەنى ئەتۆمى یەکسانە بە بەرهەمى سووتانى 20 ملیۆن تەن لە خەڵوز.ئەمەش وادەکات کە وڵاتێکى وەکو ئەمریکا بەنزیکەیى 20% لە پێداویستى کارەبا پشت ببەستێتە سەر وزەى ئەتۆمى.ئاشکراشە ئەو ڕێژەیە ڕوو لە زیادبونە لە ئایندەدا.
جا لەبەر ئەمە وڵاتە تازە پێگەیشتوەکان ئەرکیانە کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ بەکارهێنانى ئەم سەرچاوەیە بۆ ئەوەى لە کاروانى پێشکەوتن دوانەکەون،ئەم ستراتیژیەش ئایندەى پیشەسازى ئەو وڵاتانە دابین دەکات،بەشێوەیەک کورە تێکەڵکەرە ئەتۆمیەکان کاریگەرى سیاسى قوڵیان نابێت کە وزەى ئەتۆمى کورە پەرتکەرەکان دەیدەنەوە،لەبەرئەوەى سووتەمەنیەکە لەبەردەست هەمواندایە،و دەستپێشخەریش بۆ ئەو وڵاتەیە کە سەرکەوتن بەدەستدێنێت لە دروستکردنى بنکەى زانستى بۆ بنەماى زانستى پلازما و تێکەڵکردنى ئەتۆمى.
• چ بژاردەیەک لەبەردەم ئێراندایە ؟
جا لەبەردەم ئێران دوو هەڵبژاردە هەیە:
یان وزەى ئەتۆمى ،یانیش سووتەمەنى هەڵهێنجراو((نەوت و گازى سروشتى))، بەڵام وزەى ئەتۆمى لەڕووى نزمى تێچوون و سەلامەتى تەکنیک و دەسکەوتنى بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ و پاراستنى ژینگە و سەرەڕاى ئەمانەش ناوبانگە جیهانیەکەشى،وایلێدەکات کە سەرکەوتووتر بێت بەسەر سووتەمەنى هەڵهێنجراودا، لەبەرئەوەى لەکاتى تەواوبونى یەدەگى ئێران لە نەوت ،پێوست دەکات کە ئێران وەبەرهێنانى گەورە بکات لە پاشماوەى داهاتەکەى لە نەوت لە سیستەمێکى وزەى وادا کە تواناى هەبێت بۆ بەرگەگرتن و مانەوە لە ماوەى قۆناغى دواى نەمانى نەوتدا.
بەکارهێنانى وزەى ئەتۆمى پشت دەبەستێتە سەر چەندین هۆکارى تر،لەوانە بەرنامەى پێشخستنى بەرهەمى وزە و دەستخستنى تەکنیکى پێشکەوتوو و هەمجۆرکردنى سەرچاوەى بەرهەمى وزە و دابینکردنى ئەمان و سەلامەتى بۆ سەرچاوەکانى وزە،و بەرهەمهێنانى وزەیەکى خاوێن،و ڕەچاوکردنى دۆخى ژینگەیى و پێویستبوونى پاراستنى،و سوود وەرگرتنیش لە باشیەکانى تەکنیکى ئابورى،هەربۆیە پێشخستنى وێسگە ئەتۆمیەکان کارێکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت لە بەرنامەى ئێران بۆ دوور مەودا، بۆ دابینکردنى سەرچاوەکانى وزە،بەڵام دەربارەى ئەو خاڵانەى کە ڕێکخراوى وزەى ئەتۆمى بۆ ئێران پشتیپێدەبەستێت بەپێى ڕاپۆرتەکان لە کاتى ئێستادا،بریتین لە :
• پلاندانان و دامەزراندن و کارپێکردنى وێسگەکانى بەرهەمهێنانى کارەباى ئەتۆمى.
• سوڕى سووتەمەنى ئەتۆمى.
• دامەزراندن و کارپێکردنى کورەکانى توێژینەوەى ئەتۆمى پەرتبون و توانەوە.
• ئەنجامدانى توێژینەوە لە بوارى پێشخستنى بەکارهێنانى تیشکە ئەتۆمیەکان لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و پزیشکیدا.
• چاودێریکردن و دابینکردنى سەلامەتى بۆ چالاکیە ئەتۆمیەکانى وڵات،لەڕێگەى سەنتەرى سەلامەتى ئەتۆمى.
• پیتاندنى یۆڕانیۆم چییە ؟
پڕۆسەى پیتاندنى یۆڕانیۆم دادەنرێت بە پایەیەکى بنچینەیى لە گۆڕینى ئەو توخمە خاوە کە لە سروشتدا هەیە یان بۆ توخمێک کە تواناى بەکارهێنانى ئاشتیانەى هەبێت لە بەرهەمهێنانى وزەدا لە چوارچێوەى پێوانە و مەرجە دیاریکراوەکاندا یان بۆ چەکێکى کوشندە.
جێگەى ئاماژە پێدانە کە پڕۆسەى پیتاندن بۆ خۆى نابێتە هۆکارێک بۆ دیاریکردنى سروشتى ئاشتیانە یان سەربازیانەى هیچ بەرنامەیەکى ئەتۆمى بەڵکو ئەوە بڕى پیتاندنەکەیە کە جۆرى بەرنامەکە دیاریدەکات.
• کردارى پیتاندن چییە؟
پیتاندن کردارێکى ئاڵۆزە کە بەچەند قۆناغێک تەواو دەبێت بەئامانجى زیادکردنى ڕێژەى یۆڕانێۆمى 235ى هاوشێوە کە تواناى پەرتبوونى هەبێت لە خاوى یۆڕانێۆم و بە پیتى لاتینى Uئاماژەى بۆ دەدرێت بۆ ئەوەى گونجاوبێت بۆ بەکارهێنان وەک سوتەمەنیەکى ئەتۆمى یان لە دروستکردنى دڵێکى پەستێنراوى تەقاوە لە چەکى ئەتۆمیدا.
کردارى پیتاندنیش بە کارێکى پێویست دادەنرێت چونکە یۆڕانیۆم لە سروشتدا بە جۆرى جیاواز هەیە، بەڵام تەنها جۆرێکى دیاریکراو لەو خاوە و بەدیاریکراویش یۆڕانێۆمى 235 دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبایى یان بۆ ئامانجى سەربازى.
بەزمانى فیزیاش،ئەو جۆرە لە یۆڕانێۆمى 235 Uئاماژەى پێدەدرێت لەسەر ژمارەى بارستایى گەردیلەییەکەى و ئەوەش بونى نیە تەنها لە نزیکەى 70% لە خاوى دەرهاتوو.بەڵام هاوشێوە بڵاوەکەى خاوى یۆڕانیۆم ناسراوە بە یۆڕانێۆم 238 U و بارستە گەردیلەییەکەشى کەمێک گەورەترە.
جا بۆ مەبەستى بەرهەمهێنانى کارەبا پێویستە چڕى یۆڕانیۆمى 235 زیادبکرێت بۆ نێوان 3% بۆ 5%، لەکاتێکدا پێویست دەکات بە زیادکردنى ڕێژەى چڕیەکەى بۆ ئاستەکانى بەرزتر لە 80% یان ئەوەى ناسراوە بە ((خاوێنى نمونەیى)) بۆ دروستکردنى چەکى ئەتۆمى.
• تەکنیکى پیتاندن
پێویست بە دوو هۆکارى پەرتبون هەیە لە تەکنیکى پیتاندن بۆ خاوى یۆڕانیۆم کە ناسراوە بە (( کێکى زەرد)) بۆ گۆڕینى بۆ غاز کە پێیدەوترێت فلۆریدى یۆڕانیۆم((یواف 6)) هەنگاوى یەکەم بۆ دەستپێک بە کردارى پیتاندن، واتە کردارى پیتاندن دەستپێناکات تەنها دواى گۆڕینى خاوى یۆرانیۆم نەبێت لە دۆخى ڕەقەوە بۆ دۆخى گازی.
کاتێک یۆڕانێۆم بە شێوە گازیەکەى پاڵپێوەدەنرێت بەناو لەمپەڕێکى کونداردا ئەوا گەردیلە سوکەکانى یۆڕانیۆمى 235 تێپەڕدەبن بە لەمپەڕەکەدا بە خێراییەکى زیاتر لە گەردیلەى یۆرانیۆمى 238 هەروەک چۆن لەگەڵ گەردەکانى لمى بچوکدا ڕوودەدات لە دەرچەکانى بێژەنگەوە یان هەر پاڵاوتەیەک یان ئامێرى جیاکەرەوەى دەنکى زۆر ووردى بچووک.ئەم کردارى جیاکردنەوەیەش دووبارەدەکرێتەوە زیاتر لە 1400 جار بۆ وەدەستخستنى یۆڕانیۆمى 235 بە ڕێژەى چڕى لەنێوان 3-5% لە شەشەم فلۆریدى یۆڕانیۆم.

• فڕێدانى ناوەندى
هەروەک چۆن کاردەکرێت لە کردارى جیاکردنەوەدا،ئەوا ئامێرى فڕێدەرى ناوەندى ئەو جیاوازیە کەمەى کە هەیە لەنێوان هاوشێوەکانى یۆڕانیۆمى 235 و 238دا بەکاردەهێنێت،بەشێوەیەک یۆڕانیۆم لەدۆخى گازیدا پاڵپێوەدەنێت بەناو بۆریەکدا کە دەسوڕێتەوە بە خێرایى بەرزتر لە خێرایى دەنگ لەو کاتەدا،پاڵ بە گەردیلە قورسەکانى یۆڕانیۆم 238وە دەنرێت بۆ دەرەوە و کۆدەبێتەوە لەسەر دیوارى بۆریەکە لەکاتێکدا گەردیلە سوکەکان واتە یۆڕانیۆمى 235 کۆدەبنەوە لە چواردەورى ناوەند و دواتر یۆڕانیۆمى 235 ى پیتێنراو کۆدەکرێتەوە و ئەم کردارەش چەندین جار دووبارە دەکرێتەوە بۆ زیادکردنى چڕییەکەى.
بۆ زانیارى،دروستکردنى 20 کغم لە یۆڕانیۆمى پیتێنراو بۆ دروستکردنى یەک کڵاوەى ئەتۆمى کە توانایەکى سەرەتایى تەقینەوەى هەیە پێویستى بە نزیکەى 1500 ئامێرى فڕێدەرى ناوەندى هەیە لەگەڵ کردارێکى بەردەوام بەبێ وەستان بۆ چەند مانگێک.

• مێژووى دەستپێکردنى بەرنامەى ئەتۆمى ئێرانى
• ساڵانى پەنجاو شەستەکانى سەدەى ڕابووردوو:
شاى ئێران لە 5/3/1957دا بەردى بناغەى بەرنامەى ئەتۆمى ئێرانى دامەزراند،کاتێک کە (( ڕێکەوتنى پێشنیازکراو بۆ هاوکارى لەبوارى توێژینەوە و بەکارهێنانى ئاشتیانەى وزەى ئەتۆمى))ڕاگەیەنرا لەژێر چاودێرى بەرنامەى ئایزەنهاوەر (( ئەتۆم لە پێناو ئاشتیدا)).
لەساڵى 1967دا،سەنتەرى تاران بۆ توێژینەوەى ئەتۆمى (TNRC)دامەزراو لەلایەن ڕێکخراوى وزەى ئەتۆمى ئێرانیەوە بەڕێوەدەبرا،و ئەم سەنتەرە کورەى ئەتۆمى بۆ دابینکرا بە بڕى 5 مێگاوات کە ئەمریکا پێشکەشى کرد،کە یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئاست بەرزى پێدرابوو.
ئێران واژۆى لەسەر ڕێکەوتنى بڵاونەبونەوەى چەکى ئەتۆمى (NPT) کرد لەساڵى 1968دا،و لەساڵى 1970دا ڕاستاندى و بەمەش بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران کەوتە ژێر چاودێرى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتیەوە.
• ساڵانى حەفتاکان
شا ڕەزامەندى دا بۆ دروستکردنى چەند وێسگەیەکى ئەتۆمى،بەیارمەتى ئەمریکا،تا بگاتە 23 وێسگەى وزەى ئەتۆمى لەساڵى 2000دا، شا لەساڵى 1974دا ڕایگەیاند کە بەبۆچوونى ئەو نەوت ئیدى کاتى بەسەرچوونى هاتوە و ڕایگەیاند کە((نەوت لەوە بەنرخترە کە بسوتێنرێت)) ،بۆیە وتى کە بەرهەمهێنانى بڕى 23000 مێگاوات کارەبا بەبەکارهێنانى وێسگەى ئەتۆمى کارێکى کردەیە لە ئایندەیەکى نزیکدا.
لەساڵى 1975وە دوو کۆمپانیاى AG وAEG،هەستان بەدامەزراندنى کۆمپانیایەکى هاوبەش بەناوى ((یەکێتى کرافت و یەرک ئەى جى )) و گرێبەستێکیان واژۆکرد بە بڕى 4-6 ملیار دۆلار بۆ دامەزراندنى کورەیەکى ئاوى پەستێنراو لە وێسگەى ئەتۆمی بوشەهر کە یەکەم کورەى ئەتۆمى ئێرانى بوو لەشارى شیراز کە کارەبا بداتە شارەکە،کە دەیتوانى بڕى 196ر1 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت،و وابڕیاربوو کە لەساڵى 1981دا تەواو بکرێت.
لەساڵى 1973 کۆمپانیایەکى هاوبەشى سویدى و بەلجیکى و فەڕەنسى بەناوى ((یۆرۆدیف)) پێکهێنرا بۆ کارپێکردنى وێسگەى یۆڕانیۆم لە فەڕەنسا و دواتر ڕێژەى 10% سوید گۆڕدرا بۆ ئێران بەڕێکەوتن لەگەڵ فەڕەنسادا.
دواتر لە لەساڵى 1976دا سەرۆکى ئەمریکا جیرالد فۆرد بڕیارێکى واژۆکرد بۆ پێدانى بوار بۆ ئێران بۆ کڕین و کارپێکردنى دامەزراوەیەک بۆ گێڕانەوەى چارەسەرى دروستکراوى ئەمریکى بۆ دەرهێنانى بلۆتۆنیۆم لە سووتەمەنى کورەى ئەتۆمى. و ڕێکەوتنەکەش بۆ بەرهەمهێنانى ((سوڕى سووتەمەنى ئەتۆمى))تەواو بوو.
هێنرى کیسەنجەر وەزیرى پێشووترى ئەمریکا لەساڵى 2005دا دەڵێت : (( گەر شا تا ناوەڕاستى هەشتاکان بمایە و هەوڵەکانى هندستانیش بەردەوامبوایە بۆ وەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێرانیش لە ناوەڕاستى هەشتاکاندا هەمان هەنگاوەکانى هندستانى دەگرتە بەر)).
شا بەهەمان شێوە ڕێکەوتنى هاریکارى لەگەڵ هەریەکە لە باشورى ئەفریقیا و نامیبیادا واژۆکرد بۆ دابینکردنى ((یۆڕانیۆمى پیتێنراو))بە بەردەوامى.
• لە قۆناغى دواى شۆڕِشى ئێران 1979 -1989
• لەدواى شۆڕشى ئێرانى لەساڵى 1979وە هەموو ئەو کۆمپانیا بیانیانەى کە ڕێکەوتنیان هەبوو لەگەڵ ئێراندا بۆ دامەزراندن و ئیشپێکردن و وەگەڕخستنى کورە ئەتۆمیەکان و تەواوکردنیان پاشەکشەیان کرد لەکارەکانیان و هەموو کارەکانیان ڕاوەستان،لەلایەک ئێران گرەنتى بەردەوامبونى ئەو کارەى نەدەکرد لەدابینکردنى سووتەمەنى و یۆڕانیۆمى پیتێنراو و ئاوى قورس چونکە لەدەرەوەى دەسەڵاتى خۆیدا بوون،ولەلایەکى تریشەوە کۆمپانیاکانیش بەهۆى دواخستنى بڕى 450 ملیۆن دۆلارەوە لەلایەن ئێرانەوە و هەندێکى تریش دەڵێن بەهۆى فشارەکانى ئەمریکاوە بوە کە کارەکانیان ڕاگرتوە کە لەیەک کورەى ئەتۆمیدا 50% کارەکان و لە هەندێکى تریشدا 85%ى کارەکان تەواوکرابوون.هەربۆیە لەمانگى 6/1979دا بەتەواوەتى لە پڕۆژەکە کشانەوە.
• ئەمریکا یۆڕانیۆمى پیتێنراوى ئاست بەرزى لە سەنتەرى توێژینەوەى تارانى ئەتۆمى بڕى،بۆیە ئێران لەساڵى 1987- 1988بەناچارى ڕێکەوتنێکى لەگەڵ ئەرجەنتیندا واژۆکرد بۆ دابینکردنى یۆڕانیۆمى پیتێنراوى ئاست نزم 5ر19% بە پراکتیکیش لەساڵى 1993دا یۆڕانیۆمەکە تەسلیم بە ئێران کرا.
• لەساڵى 1981دا لێپرسراوانى ئێرانى ڕایانگەیاند کە پێشخستنى ئەتۆمى لە وڵاتدا پێویستە بەردەوام بێت.و لەو پێناوەشدا گەشەى زۆریاندا بە دامەزراوە و کورە ئەتۆمیەکانیان.
• لەساڵى 1986دا ،لێپرسراوانى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى ڕایانگەیاند کە ئامادەن هاوکارى ئێران بکەن لە بوارەکانى کیمیاوى کورەکان و پێکهاتەکانى و ئەندازەى کیمیاوى و بوارەکانى دیزاینى وێسگە ئەزمونیەکان بۆ گۆڕینى یۆڕانیۆم و داخورانى توخمە ئەتۆمیەکان و کورەى ئاوى سووک بۆ دروستکردنى سووتەمەنى و پێشخستنى کورەى ئەزمونى بۆ بەرهەمهێنانى UO2. بەڵام ئەمریکا هاوکاریەکانى ڕاوەستان و ڕێگەى گرت لەو هاوکاریانە. هەربۆیە ئێران ڕوویکردە وڵاتى چین بەڵام ئەویش لەژێر فشارى ئەمریکادا داواکاریەکانى ئێرانى پشتگوێخست.
• لەساڵى 1984دا دەزگاى هەواڵگرى ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا ڕایگەیاند کە زۆر نزیکە ئێران لەماوەى دوو ساڵدا ببێتە خاوەنى بۆمبى ئەتۆمى بەهۆى ئەو یۆڕانیۆمەى کە لەپاکستانەوە وەدەستیدێنێت.
• لەماوەى جەنگى عێراق-ئێراندا 1980-1988،عێراق زیانى گەورەى گەیاندە دوو دامەزراوەى ئەتۆمى ئێران لە بوشەهر و بەمەش کارى بەرنامەى ئەتۆمى ئێرانى پەکخست.ئێران ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى لەتەقینەوەکانى ئەو دوو دامەزراوەیە ئاگادارکردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتانى دونیا کەمتەرخەمن و ڕۆکێتى فەڕەنسى بەکارهێنراوە لەو هێرشانەدا.
• دامەزراوە ئەتۆمیەکانى ئێران
دامەزراوە ئەتۆمیەکانى ئێران بەسەر 4 بواردا دابەش دەکرێن کە بریتین لە : سەنتەرەکانى توێژینەوە،پێگەکانى پیتاندان،کورە ئەتۆمیەکان،کانەکانى یۆڕانیۆم.بەم شێوەیەى لاى خوارەوە:
1. کورەى نەتەنز
بریتیە لە : کورەیەکى پیتاندنى یۆڕانیۆم،ڕووبەرەکەى 100هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە لەژێر زەویدایە بە 8 مەتر، و پارێزراوە بە دیوارێکى ئەستورى 5ر2 مەتر و دیوارێکى ترى کۆنکرێتى تریش دەیپارێزێت.لەساڵى 2004دا سەربانەکەى بە کۆنکرێتى شیشدار بەهێزکرا کە بە 22 مەتر گڵ داپۆشراوە.ئەم پێگەیە و پێگەیەکى تریش لە ئاراک لەلایەن کەسایەتى ناڕازى على ڕەزا جەعفەر زادەوە لەساڵى 2002وە ئاشکراکرا.بۆیەکەم جار ئاژانسى نێودەوڵەتى لەساڵى 2003دا سەردانى ئەم پێگەیەى کرد و ڕایگەیاند کە 160 ئامێرى فڕێدەرى ناوەندى تەواوکراوە و 1000دانەى تریش لە قۆناغى دروستکردندان،لەئێستادا 7000 ئامێرى فڕێدەرى ناوەندى لە پێگەى نەتەنزدا هەیە و 500 دانەیان یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئاست نزم بەرهەم دێنن.
2. کورەى بوشەهر:
پێشبینى دەکرێت کە کورەى ئاوى سووک کە ڕوسیا دروستیکردوە دەستبکات بەکارکردن لەم ساڵدا،و دەتوانێت توخمى بلۆتۆنیۆمى پیتێنراو بەرهەمبهێنێت کە بەکاردێت بۆ مەبەستى ئەتۆمى.
3. دامەزراوەى ئەسفەهان
لێرەدا یۆڕانیۆم خاوێندەکرێتەوە لە پیسیەکان لە پێناو گۆڕینى کیمیاوى بۆ گازى هێکسا فلۆرایدى یۆڕانیۆم و دواتریش سارد دەکرێتەوە و پاکدەکرێتەوە تا ڕەق دەبێت.
4. کارگەى ئەردەکان
لە نیوەى ساڵى 2005وە کارى دروستکردنى پێگەى سووتەمەنى ئەتۆمى تیادا تەواوکراوە.
5. دامەزراوەى قوم
کورەى پیتاندنى یۆرانیۆمە لەناوەڕاستى ئێراندا لە قۆناغى بیناکردندایە.
6. کورەى ئاراک
کورەیەکە بۆ توێژینەوەى ئاوى قورس،دەگونجێت لەگەڵ بەرهەمهێنانى بلۆتۆنیۆمى پیتێنراو کە دەچێتە دروستکردنى چەکى ئەتۆمیەوە.
7. کانى ساگنەد
لەساڵى 1985دا توانرا خامى یۆرانیۆم بدۆزرێتەوە،وا بڕیاربوو کە هەردوو کانەکە و کارگەکەش دەستبکەن بەکارکردن لە سەرەتاى ساڵى 2006.بەبەکارهێنانى 120 تەن لە یۆرانیۆمى خاو بۆ بەرهەمهێنانى 50 تا 60 تەن یۆرانیۆم ساڵانە.
8. پێگەى جیهان
ئێران کان و کارگەیەکى نوێى گەشەپێداوە بۆ بەرهەمهێنانى 24 تەن ساڵانە لە ((کێکە زەردەکە)).
9. پێگەى خوزستان
پلان هەیە کە کورەیەکى نوێ لەناوچەکەدا دابمەزرێنرێت،بەمەبەستى توانەوەى ئەتۆمى،و ئێران بڕى 8 ملیۆن دۆلارى تەرخانکردوە بۆ ئەو پڕۆژەیە،لەگەڵ دانانى 50 شارەزا بۆ سەرخستنى کارەکە،لێکۆڵینەوە و توێژینەوەى پڕۆژەکە 2 ساڵ دەخایەنێت،و ئێرانیش پێویستى بە 10 ساڵ هەیە بۆ دیزاینى کورەى ئەزموونى .
10 . پێگەى ئاناراک
پێگەیەکە بۆ هەڵگرتنى پاشماوە ئەتۆمیەکان.
• کاریگەریەکانى گەمارۆ ئابوریەکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران
ئاشکرایە لەو کاتەوەى کە ئەمریکا بڕیارى سەپاندنى گەمارۆى ئابورى داوە بەسەر ئێراندا لە مانگى ئابى 2018وە ،ئابورى ئێران تەواو پاشەکشەى کردوە و چۆتەوە یەک بەهۆى:
1. دەرچوونى هەموو ئەو کۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحانەى کە لەساڵى 2016وە گەڕابونەوە ئێران بەمەبەستى وەبەرهێنان.
2. کەمبونەوەى فرۆشتنى نەوتى ئێران لە بازاڕەکانى جیهاندا بۆ نزمترین ئاستى کە تەنها 100هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا کە سەرچاوەى گەورەى داهاتى ئێرانە.
3. هەڵاوسانى نرخى کەلو پەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە و بەرزبونەوەى نرخەکانیان بە چەندین جار لە نرخى خۆیان.
4. سەرهەڵدانى بێکارى لەئەنجامى ڕاوەستانى کارگە و کارخانەکان لە بەرهەمهێنان.
5. بڕینى پەیوەندیە دارایى و بانکیەکانى ئێران لەگەڵ وڵاتانى دەرەوەدا.
6. کەمکردنەوەى بودجەى ساڵانەى هێزە سەربازیەکانى ئێران لە سوپا و سوپاى پاسداران و ئەوانى تریش.
7. نزمبونەوەى نرخى دراوى ڕیاڵ و تمەنى ئێرانى بۆ کەمترین نرخ.

هەربۆیە ئێرانیش لە ژێر کاریگەریە خراپەکانى ئەو گەمارۆیانەدا،هەوڵى خۆ دەربازکردن دەدات کە هەرچەندە لەسەرەتاوە وەکو دەڵێن (( پشووى ستراتیژیان))بەکارهێنا،بەڵام بەناچارى لە 8ى مانگى مایسدا بڕیاریدا پابەند نەبێت بە دوو بەڵێنەوە کە لە ڤیەننا دابووى،کە ئەوپەڕى ئاست بۆ هەڵگیراو لە ئاوى قورسیان دیاریکردوە بە 3ر1 تەن،و هەڵگیراو بۆ یۆرانیۆمى ئاست لاوازى پیتێنراویش بە 300کگم. بەم شێوەیە ئێران ماوەى تەنها 60 ڕۆژى داوە بە ئەوروپیەکان کە بازبدەن بەسەر گەمارۆکانى ئەمریکادا ئەگینا پابەندبونى خۆى بە دوو خاڵى ترى ڕێکەوتنامەکە سڕدەکات.بەتایبەتیش هەناردەکردنى نەوتەکەى.
بەم شێوەیە ئێران ئەوروپیەکانى خستە بەردەم دوو هەڵبژاردەوە،ئەگەر ڕێکەوتنەکەیان پێباشە با هەموان پابەندبن پێیەوە،ئەگەریش نا ئەوا چیدى ئێران ناتوانێت کۆنتڕۆڵى خۆى بکات و وەکو دەڵێن ((هەست بە لێپراسراوێتى ناکات))و بڕیاریدا کە لە 7 ى تەموزەوە دەستدەکات بە پیتاندنى یۆڕانیۆم بەپێى پێویست زیاد لەو ڕێژەیەى کە دیاریکراوە.ئەم بڕیارەش وادیارە لەبەرزترین ئاست لە ئێراندا ڕێکەوتن کراوە لەبارەیەوە،ئەوەتا ڕاوێژکارى ئایەتوڵا خامنەئى بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى عەلى اکبر ولایەتیش هەمان ڕاى هەیە و دەڵێت زیادکردنى پیتاندنى یۆڕانیۆم بۆ کاروبارى ئاشتیانەیە و بەپێى پێویستى ئێران دەبێت.
• دەرئەنجام
ئەو ڕاستیانەى کەلە ئەنجامى ئەم ململانێ توندەى نێوان ئەمریکا و ئێران بە ڕاستەوخۆ و ئەوروپیەکانیش بە ناڕاستەوخۆ دەخوێنرێتەوە بریتین لە:
1.ئەمریکا لەسەردەمى سەرۆکایەتى سەرۆک دۆناڵد ترامپدا دەستى ئاشتەوایى بۆ ئێران درێژناکات،گەرچى لە هەندێک قۆناغدا نەرمى دەنوێنێت.
2. ئەمریکا بەبیانوى پاراستنى هاوپەیمانەکانى لەوڵاتانى کەنداوى عەرەبى و ئیسڕائیلیش هیچ کات ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى.
3.ئەمریکا و ئەوروپیەکان ئەوەندە ئێرانیان پێویستە کە ببێتە پێگەیەک بۆ وەبەرهێنانى کۆمپانیاکانیان و بازاڕێکیش بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانیان ،چونکە ئێران وڵاتێکى پانوپۆڕى خاک و دەوڵەمەندى نەوت و کانزا سروشتیەکان و زەوى بەپیتى کشتوکاڵى و قەرەباڵغیشە لەڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە 80ملیۆن کەسە.
4.ئێران گەر ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى ئەوا دەبێتە مەترسیەکى گەورە بۆسەر بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانى ئەمریکا و ئەوروپیەکان لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە بریتین لەسەرچاوەى وزەى نەوت و گازى سروشتى و هێندەى تر نفوز و پێگەى سیاسى و ئابورى و سەربازى و ئاینى و مەزهەبى ئێران لەناوچەکە و دونیاشدا بەهێز دەبێت.
5. ئێرانیش وەک وڵاتێکى گەورەى ناوچەکە بەمافى خۆى دەزانێت کە ببێتە خاوەن تەکنەلۆژیاى ئەتۆمى وەکو پاکستانى یەکەم وڵاتى ئیسلامى و دراوسێى و وەکو دەوڵەتى ئیسڕائیلیش،گەرچى لەژێر ناوى بەکارهێنانى ئاشتیانەشدا بێت،کە بەدڵنیایى گەرەکێتى ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى بۆ مەبەستى سەربازى.
6. ئێران لە ئێستادا کە خاوەنى چەکى ئەتۆمى نیە،بەهۆى گەورەیى و بەهێزى و هێزە چەکدارەکانى و نفوز و پێگە مەزهەبیەکەیەوە لەناوچەکەدا بۆتە هۆکارى پشێوى و نانەوەى نائارامى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و لەهەریەکە لە وڵاتانى عێراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و عوماندا باڵادەستە و لەهەندێکى تریشدا خاوەن نفوزى گەورەیە کەئەمەش بۆتە مەترسى بۆ سەر وڵاتى سعودیە و ئیسڕائیل بە پلەى یەکەم.
7. پێدەچێت ئەم ململانێیانەى ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبن و درێژەیان دەبێت تائەوکاتەى ئێران ملدەدات بۆ مەرجەکانى ئەمریکا و دەبێتە وڵاتێکى بێ چەکى ئەتۆمى و دێتە خولگە و فەلەکى ئەمریکا و ڕۆژئاواوە،بەپێچەوانەوە ئەمریکا گەر جەنگى گەرمیشى لەگەڵدا نەکات ئەوا بە گەمارۆى ئابورى دەیخنکێنێت و فزەى لەبەر دەبڕێت و ئەوجاریش هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و جەماوەرى گەلانى ئێرانى لێ هاندەدات بۆ ڕووخاندن و گۆڕانکارى لەم ڕژێمەى ئێستادا کە هەیە.
8. جا هەرکات ئەو ململانێیانەى ئێران و ئەمریکا گەیشتە ئاستى تەقینەوە و جەنگى گەرم،ئەوا کاریگەرى گەورە و دوورمەوداشى دەبێت بۆ سەر ناوچەکە و دونیاش و پڕیشکى ئەو ئاگرەش زۆر شوێن و جێگە و بەرژەوەندى وڵاتانى تریش دەگرێتەوە و دوورنیە هەموانیش بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانیان بێنە ناو جەنگەکەوە و بەمەش زیاد لە پێویست درێژە بکێشێت و سەردەربکات بۆ جەنگى جیهانى سێیەمیش.

سەرچاوەکان:
=========
1. https://ar.wikipedia.org
2. https://www.nasnews.com
3. https://www.shorouknews.com
4. https://www.france24.com/ar
5. https://mawdoo3.com
6. https://www.skynewsarabia.com/world

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.