نەوزادى موهەندیس
• وەک ئاشکرایە ناوچە دابڕێنراوەکانى دەرەوەى سنورى هەرێمى کوردستان بە نزیکەى 51% خاکى هەرێمى کوردستان یان کوردستانى باشوور دادەنرێت و گرنگیەکى گەورەى هەیە بۆ گەڕانەوەى بۆسەر هەرێمى کوردستان لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیشەوە،چونکە ئەو ناوچانە هەموانیان هەر لە موێڵەوە تا مەخمورو کەرکوک و توزخورماتوو و داقوق و خانەقین و ئەوانى تریش کە کەوتونەتە ناو چوارچێوەى 4 پارێزگاى گرنگى عێراقەوە لە موێڵ و کەرکوک و ێلاح الدین و دیالەدا،پێگەیەکى جیۆسیاسى گرنگ و کاریگەریان هەیە و لەڕووى ئابوریشەوە بەتایبەتیش لە نەوت و غازى سروشتیدا گەلێک دەوڵەمەندن و لەڕووى ئەمنیشەوە تەواوى ئەمنیەتى کوردستان دەپارێزن و لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە باکگراوندێکى کوردانە و کۆمەڵایەتى توندوتۆڵ دەبەخشنە تەواوى هەرێمى کوردستان بەو پێکهاتە هەمەجۆرەى هەیانە لە عەرەب و تورکومان و مەسیحى و هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانى تریشەوە.بۆیە گەڕانەوەى هەرچى زووترى ئەوناوچانە هەیە بۆسەر هەرێمى کوردستان و بۆناو باوەشى دایکى کوردستان کارێگى لەپێشینەى هەموو سەرکردایەتى سیاسى کورد و حیزبە سیاسیەکان و تەواوى کۆمەڵگاى کوردەواریە.بۆیە دەکرێت هەموو ڕێگاکان و هەموو چارەسەریەکان تاقیبکرێنەوە و بگیرێنە بەر بۆ وەدەستهێنانەوەى ئەو ناوچانە.
• لەئێستادا کە بڕیاردراوە بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراقدا لە 1 نیسانى ساڵى 2020،ئەوا ئەرکى هەموو حیزبە سیاسیەکانە کەتەواوى توانا و فشارى خۆیان وەکاربخەن دوور لەکەمتەرخەمى و خوێنساردى بۆئەوەى ئەو پڕۆسەیە گەر ئەنجامبدرێت ئەوا کورد براوەى یەکەم بێت لەوناوچانەدا،ئەوەش تەنها بە یەک و یەکگرتوویى و یەک لیستى و کۆبونەوەى هەموان دەبێت لە چوارچێوەى یەک لیستدا لەو ناوچانەدا ، خۆشبەختانە لە ڕێکەوتى 28/ئەیلولى 2019 دا و لەشارى هەولێر 9 حیزبى کوردستانى ڕێکەوتن لەسەر پێکەوەنانى یەک لیستى یەکگرتووى کوردستانى بەناونیشانى ((لیستى هاوپەیمانى کوردستانى)) لەهەر چوار پارێزگاکەى موێڵ و کەرکوک و ێلاح الدین و دیالەدا،بۆئەوەى ببنە لیستى گەورە چونکە هەڵبژاردنەکە بە پێى سیستەمى سانتلیگۆ دەبێت کە لە قازانجى لیستە گەورەکاندایە. بەم کارەش ڕێگە دەگرن لە دووبارەبونەوەى هەڵەکانى ڕابووردوو کەزیانى گەورە بە کورد گەیشت لە ئەنجامى ناتەبایى و فرەلیستیدا.ئاشکراشە هەموو ئەو ناوچانە و بەتایبەتیش کەرکوک گرنگى و کاریگەرى خۆى هەیە لە مێژووى خەباتى کوردایەتیدا و هەموو شۆڕشەکانى کورد لەسەر کەرکوک و جێگاکانى تر نەگەیشتونەتە دوامەنزڵ و ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتە ناوەندیەکانى بەغداد.بۆیە سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەدا و پێکەوەنانى حکومەتى ناوچەیى بەڕابەرایەتى کورد و بە بەشداریکردنى نەتەوە و کەمایەتیەکانى تر ئەوا مسۆگەربوونى گەڕانەوەى ئەو ناوچانە زامنتر دەکات وبۆ ئایندەش دەبێتە دۆکۆمێنتێکى مێژوویى بەنرخ کە دەکرێت کورد لە ئایندەشدا بەکاریبێنێت دژ بەنەیارەکانى هەروەک چۆن دواى نزیکەى 70ساڵ کورد ئامارى ساڵى 1957 بە بەڵگەیەکى مێژووى کوردبون و زۆرینەى کورد لە کەرکوکدا بەرزدەکاتەوە بەڕووى نەیارەکانیدا.
• بۆ سەرکەوتن و سەرخستنى ئەو پڕۆسەیەش گەرەکە هەموان تواناکانیان یەکبخەن و دووربکەونەوە لە دوودڵى و دڕدۆنگى و ناتەبایى و بێمتمانەی لەناو ماڵى کوردا،چونکە کورد هەمیشە لاواز و بێدەسەڵات وشکست خواردو بوە گەر لەناوخۆدا دوژمن و ناحەزى یەکتر بوبن، بەڵام هەمیشەش سەرکەوتنیان وەدەست هێناوە لە ئەنجامى یەکبون و یەکڕیزى و یەک هەڵوێستى و یەک گوتارى نەتەوایەتیدا،ئەم هەڵبژاردنە بەتەواوى مانا جەنگ و شەڕێکى گەورە و یەکلاکەرەوەیە،چونکە لە جیاتى فیشەک و چەک بەکارهێنان ئەوا دەنگ و پەنجە مۆرەکان دەتوانن بڕیارى یەکلاکەرەوە بدەن بۆ گەڕانەوەى ئەو ناوچانەى کە مادەى 140ى دەستور دەیانگرێتەوە.و بەتایبەتیش کەرکوک چونکە لەساڵى 2005وە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکەى تیادا ئەنجام نەدراوە.
• سەرکەوتنى کورد دەبێتە هۆکارى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور کە زیاد لە 14 ساڵى بەسەردا تێپەڕیوە.
• سەرکەوتنى کورد زیاد لەنیوەى کورسیەکان کە 12 کورسیە دەبێتە هۆکارى ڕاوەستانى پڕۆسەى بەعەرەبکردن و بە تەشەیوعکردن و بە داگیرکردن و بە وەدەرنان و ڕاگواستن و ترس و تۆقاندن لەوناوچانەدا.
• دەبێتە هۆى ئەوەى کە شوناس و ناسنامەى کوردایەتى بەتۆخى بەبەرى ئەو ناوچانەدا بکرێتەوە.
• دەبێتە هۆکارى بوژاندنەوەى ئومێد و هیوا و بەهێزبونەوەى ئیڕادە و کوردایەتى.
• دەبێتە هۆى حساب بۆکردنى کورد لەلایەن بەغداد و وڵاتانى ناوچەکە و دونیاشەوە.
• بەپێچەوانەشەوە گەر لیستە عەرەبى و تورکومانەکان سەرکەوتن وەدەستبێنن،ئەوا بەدڵنیاى لە ئایندەدا کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەى ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتى ناوەند لەڕێگەى ڕاپرسى گشتیەوە.وئەوکاتیش کورد کەمینەوە و بێدەڵات دەمێنێتەوە و ئازار و مەینەتیەکانى 100ساڵى ڕابوودوو دەچێژێتەوە.
لەبەر ئەم هەموو گرنگیانەى یەک لیستى و یەکبون و یەکگرتوویى کورد لەو هەڵبژاردنەدا گەرەکە کە کورد هەموو پێکەوە بکەونە خۆ بۆ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى ڕێکەوتى 22ى تەموزى 2019 پەڕلەمانى عێراق کە هەندێک بڕگە و مادەى وەک مادەى 16 دژ بە بەرژەوەندى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارەى کوردە لەدەرەوەى ئەو ناوچانەدا لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە وەلانانى ناکۆکى و ململانێ ناڕەوا و بچوکەکانى نێوماڵى کورد لە هەرێم و لەوناوچانە ولەبەغدادیشدا،چونکە کارێکى نالۆژیکیە کە لەپێناو دەسکەوتى بچوکى حیزبایەتیدا دەسکەوتە گەورەکان لەکیس بدرێت،ناکرێت لەپێناو پلەو پۆستێکى کاتیدا لەهەرێم و لە بەغداد خاک و ئاو و نەتەوە و مێژوو و جوگرافیاى وڵاتەکەمان بۆ هەتاهەتایە لەدەستبدەین.
• بۆیە ڕاسترین بڕیار ئەوەیە کەهەموان بەیەک لیست و بەیەک هێز و بەیەک دڵەوە بچنە ناو ئەو پڕۆسەیە و بەسەرکەوتویش لێیبێنە دەرەوە.بەدڵنیایى سەرکەوتن لەوناوچانەدا دەبێتە ڕێگەخۆشکەریش بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ تەواوى کێشە کەڵەکەبوەکانى نێوان لایەنەکان لە هەرێم ،هەروەک چۆن کەشوهەواى تەبایى و پێکەوەیى لەناو هەرێمیشدا بە ئەرێنى کاریگەرى دەخاتە سەر دۆخى ئەو ناوچانە لەلایەک و لەبەرامبەر بەغدادیش لەلایەکى ترەوە،بۆیە ناکرێت ئەم هەلە مێژوویە لەکیس بدەین و تا 4 ساڵى تر زەلیلى و بێدەسەڵاتى و کەنارخستن و دوورەپەێزى بچێژینەوە بەدەست شۆڤێنیزمە عەرەبە نەتەوەیى و مەزهەبى و کەمایەتیەکانى ترەوە.