شەڕی سوپایی، دیمۆگرافی، ئیتنیکی و دەوڵەت بەرانبەر ویستی بە دەوڵەتبوون

لەلایەن ستاندار Posted on 177 جار بینراوە

فەرهاد چۆمانی
ئەو پەنابەرانەی لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە ڕوویان لە تورکیا کردووە، وەک شمشێری دوو سەر وان بەدەست تورکیاوە.
بەرانبەر ئەوروپا هەڕەشەی “کردنەوەی سنوورەکان” و لە دژی کوردیش وەک هێزێکی مرۆیی و دانیشتوانێکی ئامادە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بەکاریاندەهێنێت. ئەردۆغان (ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠/١٠/٢٠١٩) لە وتارەکەیدا بەهەردوو دیوەکەیدا ئەم شمشێرە دوو سەرەی ڕاوەشاند.
تورکیا لە هاتنە نێو سووریا و رۆڵگێڕانی لە پشێوی ئەو وڵاتەدا دوانەکەوتووە. هەر لە دوای دەستپێکی سەرهەڵدانی سووریا، بەتایبەت لە دەمی وەرچەرخانی خۆپیشاندانەکان بۆ شۆڕشی چەکداری و دروستبوونی گرووپە چەکدارییەکان تورکیا نەخشەی خۆی کێشاوە. هاوکاریکردنی بەرەی نووسرە. دواتر داعش و لەگەڵ داعشیش ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی سووریا و سوپای ئازادی سووریا (سوپای میللی سووریا). ئەوەی دواکەوتووە ئەمریکایە. ئەمریکا لە کشانەوە دوانەکەوتووە. لە هاتنە ناوەوە دواکەوتووە. کە ئێستاش دەکشێتەوە باجی ئەو دواکەوتنەی دەدات. تورکیا بە سوپا و هێزی سیاسیی و گرووپی تووندڕەو ئامادەیی هەبووە.
لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە، بە دروستی لەدوای بەستنی پەیماننامەی ئەنکەرەی نێوان تورکیا و فەرەنسا لە ساڵی ١٩٢٣هەر پەیماننامەیەک لەمەڕ ئەم ناوچەیە لەسەر ئاستی زلهێزەکانی دونیا مۆر کرابێت ڕەچاوی تورکیا کراوە و لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتە شکاوەتەوە. کاتێکیش لە سەروبەندی شەڕی داعش پەیمانی سایکس-پیکۆ کۆتایی پێدێت و ئێمە دڵخۆش دەبین کە لەژێر جەبری ئەو پەیمانە دەرچووین، ئێستا تێدەگەین ئەوە ئێمە نین کە دەبوو هیوادار بین، بەڵکو تورکیایە. چونکە ئەوەی ئێستا بە شمشێرە دووسەرەکەی (پەنابەران)، دووەم بەهێزترین سوپای ناتۆ، چەکدارانی سوپای میللی سووریا و پاشماوەی چەتەکانی داعش دەیکات نەک هەر گۆڕینی دیمۆگرافیایە، بەڵکو قۆستنەوەی کۆتاییهاتنی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ-شە کە لەدوای جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەو خاکەی داگیری دەکات بۆخۆی دایدەبڕێت. هەر لە سەرەتای دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە چەندین قۆناغ بە دابڕینی شارەکانی (سەرخەتێ و بنخەتێ) هەر دەیەیەک بە جۆرێک هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەی داوە، تازەترینیان ئێستا ئێمە شایەتین و لە ڕێگەی پەنابەران و دروستکردنی کەمەرێکی عەرەبی هەوڵ دەدات تەنگ بە کورد هەڵبچنێت.
ئەم دابڕینە تەنیا ڕووبەری تورکیا زیاد ناکات، هەر کارناکاتە سەر ئەوەی “مەترسی لە سنوورەکانی خۆی دووربخاتەوە” وەک چۆن ئەردۆغان سێ ساڵە بەردەوام وەک بیانووێک بۆ لێدانی کورد دەیڵێتەوە. بەڵکو لە ناوخۆی تورکیاش کاری زۆری بەم مانۆڕ و لەشکرکێشی و “ناردنی سوپای موحەمەدیە”. تورکیای سەردەمی ئەردۆغان بەتایبەتی بەردوام وابووە، لەماوەی حکومڕانی پارتی داد و گەشەپێدان AKP هەرجارێک ویستبێتی لەناوخۆ قازانجی زیاتر بکات و پێگەی خۆی و حیزبەکەی بەهێزتر بکات، پەلاماری دەرەوەی داوە، باشترین نموونەش، سووریای دوای ٢٠١١ـە تاوەکو ئێستا. هەر کاتێکیش ویستبێتی لە دەرەوە ژێربەژێر کارێک بکات لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا ئۆپەراسیۆنی کردووە و خۆی سەرقاڵ کردوە بە هەناوی خۆیەوە، باشترین نموونەش بۆ ئەمە ئۆپەراسیۆنەکانی ١٧ کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ بوون، کە هەموو دونیا وایدەزانی تورکیا خەریکی ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی و سکانداڵی ناوخۆیەتی، تا لەپڕ و لە بەهاری داهاتوودا ٢٠١٤ داعش بە هێزێکی زۆرەوە ئامادە و تەیار دەکات.
لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کە دەکرێ بە سەدەی “خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوا” بۆ کورد ناوزەدی بکەین کورد ڕێگە نەما نەیگرێتەبەر، شەڕی چەکداری، “شۆڕش”، ڕێککەوتن، ئاگربەست، ئەگەرچی زۆریش لاواز بووە هێزی ڕەوەند و لۆبی، دیپلۆماسیەت، هێزی وزە، شەڕکردنی لەباتی و بوونە باسک و قۆڵی زلهێزەکان، بەڵام هیچکامیان دادی کوردی نەداوە. بۆچی؟ چونکە لە دێرزەمانەوە عەشیرەتگەری و لە سەردەمی نوێشدا حیزبایەتی گەورەتر و لەپێشینەتر بوونە لە دۆزی ڕەوای کورد.
سەرانی کورد دەتوانن باشترین لۆبی بۆ حیزبەکەی خۆیان بکەن، نوێنەرایەتیان لە وڵاتان هەبێت و بەهێزتر و چالاکانەتر کار بۆ ناساندن و ماکیاژکردنی ڕووی حیزبەکەیان بکەن. بەڵام هەنگاوێک بە ئاڕاستەی یەک هەڵنەهێنن. لە کاتێکدا سەدەیەک خەبات لە ڕێگەی جیاوازەوە دادی ئێمەی نەداوە، هەمیشە زلهێزەکان وەک کیسەی بەر پشتێن ئێمەیان فڕێداوەتەوە بەر پێی وڵاتانی سەردەستی ناوچەکە، وەک کوتەیەک گۆشت بۆ کەڵبەکانیان. تورکیا ئەم پارووەیشی هەروا نەخواردوە، بەر لەوەی بمانخوا نمایشێکی دووسەرەی پێ کردووین ئەنجا گازی لێ گرتووین. لە سەردەمی عوسمانییەکان کردوونیەتییە قەڵغان بۆ بەرگرتن لە سەفەوییەکان هاوکات کۆمەڵکوژیشی کردووین. لەسەردەمی ئەتاتورک ویلایەتی بە ناوی کوردستان پێداوین و دیسان کۆمەڵکوژی کردووین و لەسەردەمی ئەردۆغانیش پرۆسەی ئاشتی و مژدانەی خوێندن بە زمانی دایکی و کرانەوە و چارەسەریمان پێ دەدات و نەوت دەبات، هاوکات خەونی سەدەیەکمان بە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و خەساندنی باشوور و باکووری کوردستان لەگۆڕ دەنێت.
لەو ساویلکەییە دەربچین باشە، کە پێمانوابێت ئەمریکا لەنێوان ئێمە و تورکیا ئێمە، ئەوروپا لەنێوان ویستی سەربەخۆبوون و نووسانی هەمیشەیی بە عێراقی عەرەبییەوە سەربەخۆییمان، رووسیا لەنێوان شا و و مەهاباد کۆمار، قوم لەنێوان ئێمە و شیعە ئێمە هەڵبژێرێت. با پێمانوانەبێت لە ماوەی ئەو سەدەیەدا کە بە سەدەی “خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوا” ناوزەدمان کرد توانیومانە سوارچاکێک دروست بکەین. راستە خوێنی زۆرمان ڕشت، شۆڕشمان پەرپاکردوون. سەرکردەی زۆرمان کردنە قوربانی، بەڵام کە نەمانتوانیبێ گەلێک لەپێناو دۆزێک یەکخەین و هاودەنگ و هاودەست و هاوهەڵوێستی بکەین، کەواتە نەمانتوایوە سوارچاکێک دروست بکەین.
دەلاقەیەک نەماوە؟ ماوە… کوشتنی خۆشباوەڕییەکی درۆزنانە و ساویلکانە و بێ هیواییەکی تەواوەتی لە گوتاری داهاتووی هەڵگرانی دۆزی ڕەوای کورد ڕەنگبداتەوە بەرانبەر جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە. پێموانییە هێندەی ئەو سەدەیەی بە هاوخەباتی و برایەتی و دیپلۆماسییەتەوە ماندووبووین، هێندە بە پشت بەستن بە خۆمان ە بە یەکڕیزییەوە ماندوو ببین. ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانە و کوردانە هەبێت یەکدەنگی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان ئاسانترە لە ڕازیکردنی ئەمریکا و ئەوروپا تا پاڵپشتیمان بکەن. لە جیاتی لۆبی لە وڵاتان بکەین بۆ دروستکردنی کۆدەنگی جیهانی لەمەڕ پرسی نەتەوەییمان، دەتوانن خۆمان کۆدەنگ بین لەسەر ئەو پرسە، کە خەمی هاوبەش و بڕک و ژانی هەموومانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.