ستاندەر
ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند رێكەوتنی ئەمریكی – توركی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كورد و تورك، بەڵام لەنێو میدیا و پسپۆرانی ئەمریكا سەركەوتنەكە بەهی توركیا دەزانن، فۆرنپۆلیسی لەسەر چاوەیەكی باڵای ئەمریكا گواستویەتیەوە كە پێیان وایە ئەو رێكەوتنە دەسەڵات دەداتە توركیا حوكمی بەشێكی ئەو وڵاتە بكات و كوردەكانیش ئاوارە بكات، هەروەها دەلێت رێكەوتنەكە سەركەوتنێكی گەروەیە بۆ توركیا .
هەروەها سی ئێن ئێن نوسیویەتی رێكەوتنەكە وادەردەخات ئەوەی توركیا ویستویەتی بەدەستی دەهێنێت، هەروەها میت رۆمنی سیناتۆری كۆماریەكان رایگەیاندووە ئەوەی ئێمە بەرامبەر كورد كردمان وەك شەرمەزاریەك بۆمان دەنوسرێ لە تۆمارەكانی مێژووی ئەمریكا.
هێشتا روون نیە سەرەنجامی رێكەوتنەكە بەكوێ دەگات بەتایبەتی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لێكدانەوەی تەواو جیاواز بۆ رێكەوتنەكە دەكەن و دەلێن تەنها گرێ سپی و سەرێكانی دەگرێتەوە.