ستاندەر
دوای کۆبوونەوەیەکی شەش سەعاتی لەنێوان ڤلادمێر پۆتن سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردوگان سەرۆکی تورکیا، هەردوولا لەبارەی پرسی سوریا رێکەوتن، لەپرێس کۆنفرانسێکیشدا سەرۆکی هەردوو وڵات گرینگی رێکەوتنەکەیان بۆ میدیاکاران ئاشکراکرد و دواتریش لەهەمان پرێس کۆنفرانسدا مەولود چاوش ئۆغلۆ و سێرگی لاڤرۆڤ دەقی رێکەوتنە دەخاڵیەکەیان راگەیاند کەئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
یەكەم: هەردوولا بەڵێندەدەن پارێزگاری لە یەكێتی سیاسی و یەكپارچەیی خاكی سووریا و ئاسایشی نیشتمانی توركیا بكەن.
دووە: هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەكانی تیرۆر و تەواوی هەوڵە جوداخوازییەكان لە خاكی سووریا كردەوە.
سێیەم: بە قووڵایی 32 كیلۆمەتری ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی كە گرێ سپی و سەرێ كانی لەخۆدەگرێ، پارێزگاری لێدەكرێت.
چوارەم: هەردوولا گرنگی رێككەوتننامەی ئەدەنە پشتڕاستدەكەنەوە. رووسیا لە هەلومەرجی پێویستدا ئاسانكاری بۆ رێككەوتننامەی ئەدەنە دەكات.
پێنجەم: لە 23ی تشرینی یەكەمی 2019 دوای كاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا – توركیا كە دەكەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی كانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە، بۆ كارئاسانكردنی كشاندنەوەی یەپەگە و چەكەكانی بە مەودای 30 كیلۆمەتر لە سنووری توركیا – سووریاوە. ئەم كارە لە ماوەی 150 كاژێردا تەواوبكرێت. لەوكاتەدا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سنووری هەنووكەیی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتییەوە بە فراوانیی 10 كیلۆمەتر ‘جگە لە قامشلۆ’ گەڕانی هاوبەشی توركیا – رووسیا دەستیپێدەكرێت.
شەشەم: تەواوی ئەندامانی یەپەگە بە چەكەكانیانەوە لە منبج و تەلڕەفعەت دەكرێنە دەرەوە.
حەوتەم: هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی یەكە تیرۆریستییەكان.
هەشتەم: هەوڵی هاوبەش دەستپێدەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.
نۆیەم: میكانیزمێكی هاوبەشی چاودێریكردن و پشتڕاستكرنەوە دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریكردن و جێبەجێكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە.
دەیەم: هەردوولا بەردەوامدەبن بۆ كاركردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میكانیزمی ئاستانا و پشتیوانی كۆمیتەی دەستووری دەكەن.