رۆژئاوا لە نێوان خراب و خرابترین دەبوو چی بكات؟
هیوا سەید سەلیم
كاتێك لاپەرەكانی مێژووی كوردان هەڵدەدەیتەوە، دەبینین زۆر جاران رووبەڕووی دوو بژاردە كراونەوەتەوە كە بە ناچاری دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەویش بژاردەی خراب یان خرابتر، واتا كەمترین جار خراوەتە بەردەم خراب و باش، هەر بۆیەشە تا ئێستا بە تەواوی بە ئامانجەكانی خۆی نەگەیشتووە.
لە كۆماری مهاباد سۆڤیەتیەكان كە پشتیان لە قازی موحەمەد و كۆمارە ساواكەی كرد، لە نێوان خراب و خرابتر دوومی هەلبژارد، بۆیە سەری خۆی كۆمارەكەشی لەسەردانا، لە باشووری كوردستان بە هەمان شێوە كاتێك ئێران پشتی لەو شۆرشە كرد، لە شوێنی مقاوەمەت و بەردەوامی خرابترەكە هەڵبژێردرا.
بەڵام لە كۆڕەوی ملیۆنی خەلكی باشووری كوردستان لە ساڵی (1991)دا، هاوكێشەكە پێچەوانە بووەوە، كورد لە نێوانی تەسلیم بوون بەرژێمی دیكتاتۆری سەدام و كۆڕەو، دووەمی هەلبژارد، سەرنجام بە خێر بۆی شكایەوە، كاتێك بڕیاری 688 ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ دەركرا و ناوچەی دژ فرین بووە سەرەتایەك بۆ دەستكەوتی گەورەتر(پەرلەمان و حكومەت).
ئەو جارەیان رۆژئاوای كوردستان تەنیا لە یەك مانگدا سێ جار خراوەتە بەردەم بژاردەی خراب و خرابتر هەر سێ جاریش بە ناچاری یەكەمی هەلبژاردووە، واتا خرابەكەی پێ باشتربووە.
جاری یەكەم لە نێوانی داگیركردنی تەواوی خاكەكەی لە لایەن توركیا و هێزە تیرۆرستیە شەریكەكانی رێكەوتنی لەگەل سوپای ئەسەد هەلبژارد.
جاری دووەم لە نێوان شەری نابەرابەری هەمان هێز و وێرانەی زیاتر رێكەوتنی (ئەمەریكا – توركیا)ی بۆ ئاگربەستی كاتی و قەبوولكردنی 13 خاڵەكەی نێو ئەو رێكەوتنامەی هەلبژارد، كە ئەمجارەش خراب بوو بە ڵام باشتر بوو لە خرابترینیان كە رەتكردنەوەی رێكەوتنەكە بوو.
جاری سێیەم هێشتا چەند كاتژمێرێكی مابوو بۆ تەواو بوونی 120 كاتژمێرەكەی ئاگربەستی رێكەوتنامەی ئەمریكا_ توركیا لە لایەن روسیا و توركیا رێكەوتنێكی تازەی 10 خالی لەسەر حسابی رۆژئاوای كوردستان راگەیەندار و ئەمجارەیان رۆژئاوا دەبوو لە نێوانی رێكەوتنی یەكەم و دووەم هەر دووەمیان هەڵبژێرێت ئەویش كە هەردووكیان بۆ رۆژئاوا خرابن، بەڵام یەكەمیان لەوەی دووەم خرابترە لەبەر ئەو چەند خاڵەی كە ئاماژەیان پێدەدەین:
- لە رێكەوتنامە 13 خاڵیەكەی ئەمەریكا – توركیا) دا دەبوو هێزەكانی هەسەدە لە سەرێ كانیێ و گرێ سپی بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر پاشەكشە بكەن بەبێ ئەوەی هێزێك سەرپەرشتی یان نێوەندگیری ئەو پرۆسەیە بكات. ئەمەیان هیچ گرەنتی تێدانەبوو كە توركیا بەردەوام نەبێت لە ڕاوەدوونانی هێزەكانی هەسەدە بە تایبەت دەیتوانی كەلك لە هێزە تیرۆرستیەكانی شەریكی وەرگرێت، وەك كردیان لە دزی و تاڵانی و كوشتنی خەلكی سڤیل. بەڵام لە رێكەوتنی (روسیا _توركیا) هێزەكانی روسیا ئەو ئەركە دەگرنە ئەستۆی خۆیان و ئەو مەترسیە كەمتر دەبێت.
- رێكەوتنامەی روسیا _ توركیا بە جۆرێكە براوەی رێكەوتنامەكە بریتین لە نەیارانی ئەمەریكا و تەنانەت ئەورپاش( روسیا، توركیا ، ئێران ) ئەمە وادەكات دەنگی ناڕەزایی لە نێو كۆنگرسی ئەمەریكی و ئەورپاش دژ بەو رێكەوتنە بەرزتر بێتەوە، وەك كورد ووتەنی (قۆمەگە قوڵتر دەبێت)، بۆ نموونە چەند كاتژمێرێك دوای ڕاگەیاندنی رێكەوتنی( روسیا _ توركیا) لە لایەن لیژنەی دەرەوەی كۆنگرسی ئەمەریكا بانگهێشتی جیمس جیڤری دەكات، لەسەر بڕیاری ترامپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان چەندین پرسیاری ئاڕاستە دەكەن كە ئەمەیان دەستپێكی ناڕەزایەكانە كە تێدەگەن ئەو بڕیارەی سەرۆكی ئەمەریكا چۆن رۆژئاوای ناچاركرد خراب هەڵبژێرێت چونكە ئەوان خرابتریان نیشان دا.
دواجار دەڵێین هەموو پێشبینیەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە كورد لە رۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە قوربانی ململانێی بەرژەوەندی زلهێزەكان، بەڵام هێشتان فیكەی كۆتایی یاریەكە لێنەدراوە، بۆیە با چاوەڕوانی گێمی تازەی یاریەكە بین.
رۆژئاوا بە ئیرادەی قارەمانانەی خۆیان، وە دەنگە ناڕازیەكانی دیكەی وەك ڕای گشتی ئەمەریكا و ئەورپا، دەبێت بە باشی یاری خۆی بكات تا خراب و خرابترەكان بگۆرێت بە باش و تەنانەت بە باشتریش، كە هەر ئەوشیان لێ چاوەڕوان دەكرێت با چاوەڕوان بین.