بایکۆت وەک بەرگریی… بایکۆت وەک دەرەجەی ئیمان

لەلایەن ستاندار Posted on 285 جار بینراوە

د. نیاز نەجمەدین

پێشەکیی
رۆژاڤا هەر کەموکوڕییەکی هەبوبێت، سێ وێنەی پیشانداین کە دەکرێت لێیانەوە فێرببین:
“بیناکردن لە بری داگیرکردن، بەرگرییکردن لە بری هەڵهاتن، خەندە و پێکەنین لە بری شیوەنکردن “.
…………….
بایکۆت وەک بەرگریی
بایکۆت….
بەرگریی میللەتێکە بەرامبەر بە دەوڵەتی داگیرکەر، دەوڵەتێک بەر لەوەی لە روی سەربازیی و سیاسییەوە داگیرمان بکات لە روی ئابوریی و کەلتورییەوە داگیری کردوین، لە ستایڵی پۆشینەوە تا بە ئاهەنگ و تەنانەت جۆری خەونە سیاسییەکانیشمان دەگات.
پەرچەکرداری خەڵکی ئێمەیە بەرامبەر بە دونیایەک کە دەیەوێ کڕیاری هەموو شت بین و لە فرۆشیاری نەوتیش زیاتر نەبین.
پێمان دەڵێت کە هێزی خۆڕسکی جەماوەریی بە هۆکارێک لە دەرەوەی دەسەڵات هەر زیندوو دەبێتەوە.
مەدلولی ئەوەشە کە حکومەتێكی لاوازمان هەیە و ناتوانێت باج و گومرگ دابنێت.
بەپێی داتا نا بەڵکو بەپێی لۆجیکی ئابوری، بەشی زۆری ئەو پارانەی لەسەر تورکیا خەرجی دەکەیت ناگەڕێتەوە بۆ هەرێم، بەڵام بۆ عێراق و ئێران وانییە، بۆچی؟ چونکە لە ساڵێکدا دەیان هەزار گەشتیاریان دێت بۆ هەرێم، لە کاتێکدا دوو هەزار گەشتیاری تورک نابینیت (هیوادارم لەمەدا داتاکەم هەڵە نەبێت).
سەبارەت بە زەرەریش، کە من خۆم زەرەر بکەم، ئاساییە لەلام فرۆشیاریش زەرەر بکات.
لەم رووەوە، ئەوەی لە بایکۆتدا بەشداریی دەکات کارێکی باش دەکات و دەستیان خۆشبێت.
…………………..
بایکۆت وەک دەرەجەی ئیمان
قسەکەم لەسەر رەهاییبون، گوتاری بایکۆت و سنوری بایکۆتە.
رادیکاڵبون و رەهایی بوون لە زۆربەی هەنگاوەکاندا هەڵەی قورسی تێدەکەوێت. مەگەر زۆر لە ئێوە چەندین جار ئەمە ئامۆژگارییتان نەبووە؟ با هەندێک حاڵەت باس بکەم.
– لە پەیجێك بینیم نەخۆشێک چوو بوو بۆ سەیدەلییەیەک. ئەگەرچی دکتۆرەکە پێی باش بووە دەرمانە تورکییەکە وەرگرێت، کەچی ئەو لە داخا وتویەتی نامەوێ. زۆر کەسیتریش وایان لێ هاتووە و دێت، لە پێناوی بەرزکردنەوەی “دەرەجەی ئیمانی قەومیی”دا. ئەمە بەرهەمی ئەم هەڵمەتی “حەرامکردن”ەیە، کەلتوری خۆبێبەشکردن لە هەموو شت بەناوی بەرزکردنەوەی “دەرەجەی ئیمان”. ئەم کەلتورە بۆماوەییە و دەبێت رەخنە بگیرێت.
– سەیری ئەو نوسینەی هاوپێچ بکە، لای من گوتارێكی هەڵە و ناشریینە (زیاتر لە ٤٠٠ شەیرو ٢٠ هەزار لایکی هەیە). خەڵک بە بێ ئەخلاق بزانییت تەنیا لەبەرئەوەی وەک تۆ نییە؟
– دکتۆرێکی کورد عەیادەی هەیە، ماددە خاوەکەی لە تورکیاوە دەهێنێت. دوای ئیختیبار، بۆی دەرکەوتووە ماددە خاوە تورکییەکە هەم باشە و هەم بۆ بەکاربەری کورد هەرزان دەکەوێت. دەبێ ئەو ماددە خاوە بەکاربهێنێت.
– نەخۆشخانەیەک تورکییە، پزیشكی پسپۆڕیی تێدایە و ئێمە بەم پەلە پەلە دەستمان ناکەوێت. دەبێت بایکۆت نەکرێت.
– ئێمە سەدان خوێندکارمان هەیە لە تورکیا و لەوێ دەژین. چی بکەن تازە؟
– ئاخر قسەم، کاریگەریی بایکۆت لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زۆر نابێت، بەتایبەت ئەگەر شتی تری بەدوادا نەیەت. خۆ ئەگەر بایکۆت هێندە گرنگ بێت، وڵاتانی دواکەتوو بەس بە بایکۆت دەبوژانەوە.
پوختە
رەنگە موخابەراتی تورکیا و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کوردیش دەستیان هەبووبێت لەوەی هەرێم ببێت بە ژێر شاڵاوی کاڵای تورکیاوە، واتە سیاسەتی “خنکاندنی بازاڕ”یان بەکارهێنابێت (تەنانەت زەرە لە خۆیان بدەن تا قۆرخی بازاڕ دەکەن). لەم روەوە، بایکۆت دژی ئەو قۆرخکارییەیە. بەڵام هەموو شت بە پیلانگێڕیی بییر لێناکرێتەوە. من رێزی ئەو بەرهەمهێنە دەگرم کە شەو و رۆژ بییر دەکاتەوە و هەوڵدەدات تا شتێکی نوێ بگەیەنێت بە بەکاربەر، گرنگ نییە بە چ زمانێک قسە دەکات. کاڵای تورکیی لە ئەڵمانیا و ئەمریکاش، بەتایبەت لە جلوبەرگدا، کێبڕکێ دەکات. کەواتە مۆدێلێکی سەرکەوتوشیان هەیە لە بەرهەمهێنان و رکابەرییدا.
بەرهەمهێنی ناوخۆش دەبێت بجوڵێت و میتۆدی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی چاک بکات، حکومەتیش یارمەتیدەریان بێت، دەنا شەڕی بەکاربەر زەرەری درێژخایەنی بەدوادا نایەت.
بەڵی بۆ “بایکۆتی شمەکی تورکیی هەرچەند دەتوانیت “، ئەگەر بە نەچون بۆ رێستورانتێکیش بێت. ئاساییە ئەگەر ناتتوانی لە هەموو شتێکدا.
نەخێر بۆ تەخوین و تۆمەتبارکردن و موزایەدەکردن بە بایکۆتەوە.
بەڵی بۆ هەنگاوی تر (کە لەسەر بەکاربەر نییە) بۆ بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ.
تییینی:
ئەم وتارە دەربارەی بایکۆت درێژەی وتارێکی کورتی پێشومە کە دوای کۆمێنتی هەندێک و ناحاڵییبونێك لە نێوانماندا رویدا، بە پێویستمزانی قسەی زیاتری لەسەر بکەم.

( بایكۆتی كاڵای توركی شەرەفە، ئەخلاقە، خواپەرستیە، دژی سەربڕینەكانی ئۆردوغانی فاشی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.