عێڕاق بەرەوکوێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 300 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

بەدرێژایی مێژوی دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق ئەم ووڵاتە هەمیشە لە قەیرانی بەردەوام و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری بووە، گەلانی ئەم ووڵاتەیش بەردەوام سوتەمەنی سەرەکی کارەسات و سەرکێشەکانی بەناو سیاسیەکانی دەسەڵات بوونە.
لەبەر ئەوەی دروست بوونی بەپێی خواستی پێکهاتەکان و زەمینەسازیەکی واقعبینانەی ئەو سەردەمە نەبووە، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی ووڵاتانی ئەقلیمی و ووڵاتە زلهێزەکانی ئەوکاتەی دونیا بووە بۆیە ئەو دەوڵەتەی کەناوی عێڕاقە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی لەت بون و داروخاندن بووە، بەڵام ئەوەی وایکردووە ئەم ووڵاتە درێژە بە ژیان و مانەوەی خۆی بدات فاکترە دەرەکیەکان بووە، دیارە ئەویش بۆ بەرژەوەندی گەلانی عێڕاق نەبووە ،بەپێچەوانەوە مانەوەی عێڕاق بەم جۆرەی کە هەیە تەنهاو تەنها گەلانی عێڕاق زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی ئەو مانەوەیە بوونە.
روداوەکانی ئەم دواییەی ناوەڕاست و خواروی عێڕاق کە خۆی لە هەڵچونی توڕەیی و ناڕازایەتیەکانی خەڵکی بەش مەینەتی ئەو ناوچانە ئەبینێتەوە خەریکە ئاستێکی جیاوازو بەرگێکی نوێ بەخۆوە ئەبینێ کە جیاوازە لە هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەی پێشتر هەبووە، بەجۆرێک پێشبینی ئەم ئاستەی ئێستای لێ نەئەکرا.
رووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی و بەرزبونەوەی سەقفی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران و پشتگیریکردنیان لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان و هەڵوێستی ڕاگەیەنراوی کۆشکی سپی و ناوەندە سیاسیەکانی جیهان کە پشتگیری راستەوخۆی داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانیان کردووەو داوای چاکسازی راستەقینەو بەسزا گەیاندنی گەندەڵکاران و بکوژانی خۆپیشاندەرانیان کردووە، هەروەها داوای سەرەکی خەڵک هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتی و هەموارکردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی و هەروەها دەنگۆی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نهێنی لەنێوان نوێنەری خۆپیشاندەران و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکاو بەریتانیاو ئامادەکردنی پرۆژەیەک وەک نەخشە ڕێگای حوکمڕانی لە عێڕاق ، هەموو ئەم پێشهاتانە ئەوە ئەگەیەنێ کە ڕۆژانی داهاتوو چارەنوسی عێڕاق ئەکەوێتە بەردەم دوو ئەگەری جیاواز کە ڕەنگە ئەو عێڕاقە جیاواز بێت لەم عێڕاقەی کە ئێستا هەیە.
ئەگەری یەکەم:ـ
بەپێی ئەو هەواڵانەی دزەیان کردووە سیستەمی نوێی عێڕاق سیستەمێکی تێکەڵەی مەدەنی و سەربازی ئەبێت و هەر هەژدە پارێزگاکەی عێڕاق لەژێر یەک چەتری سیاسی و ئیداری ئەبێت و سوپای عێڕاق دەبێتە سوپایەکی یەکگرتوو و نەمان و ڕاماڵینی چەک لە دەست هەموو گروپ و حزبە سیاسیە مەزهەبی و میلیشیاکانەوەو کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی ووڵات و خەرجکردنی لەلایەن دەوڵەتەوە دیارە ئەم سیستەمە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی ووڵاتانی ئەمریکاو بەریتانیا بەهەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەبێت.
لەئەنجامی سەرکەوتنی ئەم پلانە کە چەند ناوەدێکی سیاسی باسی لێوە دەکەن ئەگەر ڕاست بێت هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم ئەبێت و ئەم قەوارەیەی کە ئێستا هەیە وەک خۆی نامێنێت و هەرێمی کوردستان وەک سێ پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت و لەباشترین حاڵەتدا ئەبێتە خاوەن خۆبەڕێبەرێک بەچەند دەسەڵاتێکی دیاریکراو کە ناوەند بۆی دەستنیشان ئەکات.
بۆیە گرنگە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەهەموو هێزیانەوە چاودێری ئەم دۆخەی عێڕاق بکەن و لەنزیکەوە لەگەڵ دۆستەکانی ناو ناوەندە سیاسیەکانی جیهان لەسەر هێڵ بن و بەشداربن لەو نەخشە ڕێگایەی کە بڕیارە بۆ گۆڕینی سیستەمی نوێی حوکمڕانی لەعێڕاق بۆ ئەوەی پشکی کورد لەو گۆڕانکاریانە لەئاست مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارە سیاسیەکەی هەرێم بێت.
ئەگەری دووەم:ـ
لەئەگەری بەردەوامی خۆپشاندان بەو شێوازە گشتگیریەی کە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی ووڵاتی گرتووەو بەو بەشداریە زۆرەی خەڵک و سازش نەکردنیان لەسەر داواکاریەکانیان ، سەرەڕای کوژران و برنداربوونی سەدان و هەزاران هاووڵاتی سڤیل ، بێگومان لەئەنجامدا یان ئەوەتا دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ ئەبات ، کەئەگەر ئەوە ڕوو بدات چارەنوسی عێڕاق بەرەو تونێلێکی ڕەش و نادیار ئەبات، یان حکومەت ناچارئەکات مل بۆ داواکاریەکانی خەڵکی کەچ بکات، لەو حاڵەتیشدا دیسانەوە ووڵات بەرەو فەراغی یاسایی و ناسەقامگیری زیاتر ئەبات و پێشبینی هەموو ئەگەرە خراپەکانی لێ ئەکرێت.
لەئەگەری پێکهێنانی حکومەتی ڕاگوزار(انتقالی) و پاشان هەموارکردنەوەی دەستور بەو شێوازەی کە سیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی کە ئێستا داواکاریەکی سەرەکی خۆپیشاندەرانە ، دیسانەوە عێڕاق بەرەو چارەنوسێکی نادیار ئەبات و لەو حاڵەتەدا ئەگەری زۆرە هەم کورد و هەم بەشێک لەسونەی عەرەب بەم شێوازە حوکمڕانیە ڕازی نەبن و دۆخەکە شێوازێکی دیکەی ناسەقامگیر بەخۆوە ببینێ.
واتا لەکۆی ئەو پێشنیارو چارەسەرانەی بۆ هێوڕکردنەوەی دۆخی ئێستای عێڕاق خراونەتە ڕوو نەک ناتوانی کێشەکانی عێڕاق چارەسەر بکات بە پێچەوانەوە ووڵات بەرەو قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکیە مەزهەبی و نەتەوەییەکان ئەبات، لەکۆتاییدا ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە عێڕاقی داهاتوو بەو فۆرمەی ئێستای نامێنێت ، یان ئەگەڕێتەوە بەرەو حوکمی سەربازی کە ئەمە لەگەڵ پرەنسیب و سیستەمی نوێی جیهان ناگونجێ و هەم گەلانی عێڕاقیش بەم شێوازە حوکمڕانیە ڕازی نابن ، یاخود دابەش بوونی عێڕاق بۆ چەند دەوڵەتێکی بچوک کە گوزارشت لە پێکهاتە سەرەکیەکانی بکات وەک کورد و سونەو شیعە ، پێم وایە خاڵی دووەم باشترین چارەسەرە بۆ کۆتایی هێنانی یەکجاری کێشەکانی ئەم ووڵاتە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.