ستاندەر
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت بەغدا و هەرێم بەشیوەیەکی زارەکی رێککەوتوون لەسەر پرسی نەوت و بودجە، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی لێدوانێکی بۆ پێگەی “ناس کورد” ئاشکرای کردووە: هەرێم و بەغدا بەشیوەیەکی زارەکی رێکەوتوون، بەگوتەی بەشیر حەداد هەردوولا رێککەوتنەکەیان لەم هەفتەیەدا ڕادەگەیەنن و دوای ئەوە چەند کۆبوونەوەیەکی تر لەنێوان هەردولا ئەنجامدەدرێت.
بەشیر حەداد باسی لەوەش کردووە، رێککەوتنەکە لەسەر رادەست کردنی بری ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لەلایەن هەرێم بە بەغدا، لەبەرامبەریشدا عێراق بودجەی فعلی بۆ هەرێم دەنێرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان پشت راستیشی کردۆتەوە کەوا جگە لە پشکى کورد لە بودجە، دەبێت لە قەرزە نێودەوڵەتییەکانیش پشکى کورد بدرێت و بەغدا بچێتە ژێربارى دانەوەى شایستە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتییەکان، پاشان هەرێم نەوت ڕادەستدەکات.
شایەنی باسە دوێنێ وەڤدێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ هەریەک لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو، ئەگەرچی وەڤدەکە بەمەبەستی دانوستاندن لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوت و بودجە لەبەغدا بوون، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکیان بۆ رای گشتی رانەگەیاند.