سەردار عەزیز
دونیای ئەمڕۆ دونیایەکی پشێوە. سی ساڵ لەمەوپێش دیواری بەرلین ڕوخاو سیستەمی جوت جەمسەری لە دونیادا کۆتایی ھات. ماوەی سی ساڵی ڕابوردو لای زۆرێک وەھا دادەنرێت کە ماوەیەکی بێوێنە بوو لە مێژودا، چونکە زۆربەی مێژوی مرۆڤایەتی مێژویی ململانێی زلھێزەکان بوە، بەڵام سی ساڵی ڕابوردوو سی ساڵی ھێمنی و باڵادەستی ئەمریکا بوو بە سەر دونیادا. ئێستا دونیا بەرەو جۆرێک لە فرە جەمسەری ئاڵۆز دەڕوات، کە پشێویەکی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت. ھەندێک لە چاودێران دەڵێن لە چەند دەیەی داھاتودا ھەر وڵاتێک دانیشتوانی لە ٢٥٠ ملیون کەس کەمتربێت ناتوانێت بە ئاسانی سەروەری خۆی بپارێزێت.
ئایا کورد لە سەردەمی پشێوەیەدا چی دەکات؟ ھەرچەندە دیدێکی ڕونی کوردیی بونی نیە، بە تایبەتی لە ئاستی تیوری و پۆلەسیدا، بەڵام لە میانەی کردار و پراکتیزدا چەند دیدێک بەدی دەکەین، لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێئەدەین وەک ھەوڵێکی سەرەتایی بۆ ئەم پرۆسەیە. دەبێت لە سەرەتادا ئاماژە بە ئەوە بدەین کە ھەمو وڵاتێک یان پێکھاتەیەک جێگایەکی ھەیە بۆ سیاسەتکردن و بڕیاردان، کورد ھێشتا ئەم جێگایەی نیە.
یەکەم، دیدی دیموکراسی. دیدی دیموکراسی ھەمیشە بەشێک بوە لە خیتابی کوردی. بەڵام بە تێگەیشتنێکی سادەوە. زۆرجار کورد وەک دروشمێک ئەوە دەڵێتەوە کە ئەگەر دیموکراسی لەو وڵاتانەدا ھەبێت کە کوردوستانیان بە سەردا بەشکراوە ئەوا پرسی کورد چارەسەر دەبێت. ئەم تێزە لە ئەنجامی دید و تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنی دیموکراسی و مافی خەڵکەوە نەھاتوە،بەڵکو زیاتر وەک ڕستەیەکی بریقەداری شاعیرانەیە.
ئەم دیدە بە شێوەیەکی تۆکمە لای ھەدەپە بەرجەستە دەبێت کە بڕوای بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا ھەیە. بە مانایەکی تر خەڵک دەتوانن لە ڕێگای بەشداریکردنی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە پرس و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەم ھەنگاوە لە پاش کۆتایی پرۆسەی خاک دێت کە ساڵانێکی زۆر پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکرد ئەویش پرسی دەوڵەتی کوردی بوو.
پرۆسەی دیموکراسی تەنھا ئەوەنیە کە پارتێکی سیاسی دروست بکەیت و بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەیت، بەڵکو لە ھەمانکاتدا بە مانای ئەوە دێت کە ئەرکی دیموکراسیکردنی ئەو وڵاتەی کە تیایدا بەشداریت بگریتە ئەستۆ. لێرەدا ڕاستەوخۆ پرسی کورد توشی کێشە دەبێت، چونکە دیموکراسی یاری ژمارەیە و کورد خاوەنی ژمارە نیە، بۆیە ھەمیشە دەبێت سازش بۆ ئەوە بکات کە تەنھا داوای مافی کورد نەکات، یان خواستی کورد بکاتە پاشکۆ و خواستی گۆڕینی سیستەمی سیاسی و کەلتوری سیاسی ئەو وڵاتانە بکاتە خواستی سەرەکی.
ئەم ئەرکە زۆر سەختترە لە خواستی جیابونەوە، وەک ھەمیشە ھاوڕێم بورھان یاسین جەختی لە سەر دەکردوەوە. چونکە ھیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە ھیچ بنەمایەکیان تیادانیە کە بتوانن لە ماوەیەکی کورت یان مامناوەندی داھاتودا ببنە دیموکراسی ڕاستەقینە، لە ڕاستیدا دیموکراسی بون لە دونیادا لە قەیراندایە و لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا بەشکراوە لە قەیرانی قوڵدایە. ئەم قەیرانانە بە کورد چارەسەر نابن .
پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی وڵاتان تەنھا لە پرۆسەی بەڕێوەچونی دیموکراسیدا نیە، بەڵکو دەبێت بنەما ھەبێت بۆ دیموکراسییەت. یەکەم بنەما پرسی زەبر و زەنگ و ئاسایشە، لە دۆخێکدا کە زەبر و زەنگ بێلایەن نیە، ئەستەمە باس لە سیاسەت بکرێت. سیاسەت بە مانای بەشداریکردن لە پانتایی گشتیدا لە پێناو پێکەوەگرێدانی تایبەت و گشت. دووەم، نەبونی ڕێگری بەشداری سیاسی، سێیەم، توانای دروستکردنی ھاوپەیمانێتی و بونیادنانی ھێز، چوارھەم، نەمانی ھیچ ھێز و ناوەندێکی بان-دەوڵەتیی.
تێزی دیموکراسی لە عێراقیش بە گەرمی باس دەکرێت، پاش شکستی ریفراندۆم ئەم تێزە بنەمایەکی دیفاکتۆیی وەرگرتوە. عێراق ئەگەر بە پێی دەستورەکەی بەڕێوەبچێت ڕەنگە لە ھەمو جێگایەکی تر زیاتر بۆ پرسی دیموکراسی گونجاو بێت. بەڵام لە عێراقدا تەنھا دەستور بونیادێکی دیموکراسییانەی ھەیە. ھەموو بنەماکانی تر نادیومکراسیین، بۆیە یاسا ھێشتا یەکلاییکەرەوەی سیاسەت نیە، ھەروەھا ئەوە یاسانیە کە سیاسەت لە قاڵب ئەدات، بەڵکو ھێزە، تێزی دیموکراسی بە تەنھا وەک تێزێکی مەحاڵ دەردەکەوێت لە بەر کۆمەڵێک ھۆکار: یەکەم، بونی ڕێگری زۆری دیموکراسی بونی ئەو کۆمەڵگایانە، دووەم، لاوازبونی پرۆسەی دیموکراسیبون لە دونیادا، سێیەم، شلۆقبونی دونیا لە قۆناغی داھاتودا. بەڵام لە سەروی ھەمویەوە تێزی دیموکراسی بون لە ناو کورددا خۆی کێشەی ھەیە، ھێشتا کۆمەڵگای سیاسی کوردی ناتوانێت دیموکراسییانە سیاسەت پیادەبکات. بەڵکو دیموکراسی تەنھا ئاھەنگ و نمایشێکە، نەبونی دیموکراسی لە ناوخۆدا، دەبێتە ھۆکاری لاوازبونی تێزی دیموکراسی بۆ چارەسەری پرسی کورد ھەر لە سەرەتادا.
ھەوڵ ئەدەم لە نوسینی داھاتودا باس لە تێزی خاک بکەم، کە ڕەنگە زۆر زیاتر قەیراناویی تر بێت.