ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا

لەلایەن ستاندار Posted on 348 جار بینراوە

ستاندەر

ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا

سەرتیپ قەشقەیی

شانده‌ى هه‌رێمى كوردستان دواى دوو ڕۆژ له‌ ئه‌نجامدانى گفتووگۆى چڕ له‌باره‌ى پرسى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى عێراق، به‌شێك له‌ شانده‌كه‌ى هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمیش له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتووى عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن.
به‌پێى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه‌ هه‌رێم مانگانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم له‌ كۆى بودجه‌ى خه‌ملێنراوى عێراق كه‌ 162 تریلۆن دیناره‌، هه‌رێمى كوردستان بڕى 10 تریلۆن و نیو دینار پشكى ده‌بێت، ئه‌و 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌شى ده‌مێنێته‌وه‌ شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى پێده‌درێت.
هه‌ربه‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان، ناوه‌ڕۆكى سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانى ده‌خاته‌ به‌رده‌م حكومه‌تى به‌غدا، ئه‌وانیش له‌ رێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى جيهانى وردبینى بۆ تێچووى نه‌وتى هه‌رێم ده‌كه‌ن.
هه‌ردوولا وه‌كو پارساڵ رێككه‌وتوون له‌سه‌ر قه‌ره‌بووى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ مانگانه‌ بڕى 454 ملیار دیناره‌.
هه‌ر به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌، پشكى پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پاره‌ى قه‌ره‌بووى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دیاریكراوه‌ نه‌ك وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ 15 بڕگه‌ له‌ بودجه‌ى سیادى عێراق لادرێت، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستانه‌و پشكى هه‌رێم زیاد ده‌كات.
تاوه‌كو ئێستا رێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاته‌ ناوخۆیی و فیدرالییه‌كان نه‌كراوه‌، وابڕیاره‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتوو شاندى هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تى بریكارى وه‌زیرى دارایى و چه‌ند راوێژكارو به‌ڕێوبه‌رێكى گشتیی له‌ به‌غدا بمێننه‌وه‌، تاوه‌كو رێككه‌وتنى كۆتایى له‌سه‌ر ته‌واوى بڕگه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ى ماون به‌غداو هه‌رێم له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، چونكه‌ به‌پێى یاسا له‌ سه‌دا 50ى سه‌رجه‌م داهاته‌ ناوخۆى و گومرگییه‌كان بۆ خودى پارێزگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌ سه‌دا 50 بۆ حكومه‌تى فیدڕالى.
كه‌واته‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتیى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو له‌ سه‌دا 12.67 ده‌بێت.
حكومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ره‌شنووسى بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، چونكه‌ به‌پێى ئه‌و ماده‌ ده‌ستووریه‌ى، كه‌ سه‌رۆكى وه‌زیرانى عێراق نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى به‌هۆیه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، حكومه‌ت له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ده‌بێته‌ كار به‌ڕێكه‌ر، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ببێته‌ كار به‌ڕێكه‌ریش ناتوانێت بودجه‌ بنێرێت بۆ په‌رله‌مان، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ر له‌وه‌ى ببێته‌ حكومه‌تى كار به‌ڕێكه‌ر ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.