ستاندەر
ئامادەكردن: عەبدوڵڵا حەوێز
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەر (مورتەزا لاخانی)، سكاڵای لە بانكەكە كردووە لە دادگایەكی ئەمریكا، دوای ئەوەی داواكەی لەدادگاكانی لوبنان سەركەوتوو نەبوو.
مورتەزا لاخانی كێیەو پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چییە؟
مورتەزا بزنسمانێكی كەنەدی بەرەگەز پاكستانییە و لە ساڵانی ٢٠٠٠ـەكان وەك نوێنەری كۆمپانیا گلینكۆری بەریتانی-سویسری لەبەغدا كاری كردووە.
دواتر لەرێی ئاشتی هەورامیەوە دەهێنرێتە هەرێم و دەبێتە بەشێك لەكەرتی نەوتی هەرێم، بەهۆی سووكردنی ئەم كۆمپانیایانەی لەنەوتی هەرێم كار دەكەن لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.
كاری مورتەزا دۆزینەوەی ئەم كەشتییانە دەبێت، كە رازی دەبن بە گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەبەندەری جەیهانی توركییەوە.
مورتەزا لاخانی ماڵێكی لە هەولێر هەیە و راوێژكارێكی نزیكی ئاشتی هەورامی بووە و دەستی تێكەڵە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی لەچەندین بازرگانی تایبەت بە نەوت.
بەپێی قسەی مورتەزا لاخانی خۆی، موچەی مانگانەی لەلایەن حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم موچەكەی بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار كەمبووەتەوە، كەچی ئێستا یەك ملیار دۆلار لەژێر حیسابی ئەوە لە لوبنان.
هاوكات بەپێی قسەی سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی لوبنان، ئەم پارەیە هی بنەماڵەی بارزانییە
هەر بەپێی قسەی ئەم سەركردە لوبنانییە، ئەو كەسەی كە سكاڵای لە دژی بانكی دەریای ناوەراست بەرزكردووەتەوە كەسێكە بەناوی (ریمۆند رەحمە)، كە بزنسمانێكی لوبنانییە و وەك مورتەزا لاخانی لەگەڵ سەركردەكانی هەرێم كار دەكات.
لە راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرزدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە (ریمۆند رەحمە) پشكی لەكۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆم هەیە و كۆرەك بە دەیان ملیۆن دۆلاری داوە بە ریمۆند رەحمە.
ئەمانە و چەندین كەسی تریش هەموویان بەیەكەوە تۆڕێكن و كار بۆ سەركردەكانی هەرێم دەكەن و زیاتر وەك واجیهەی ئەم پارەیە دەردەكەون، كە لە پارەی نەوتی هەرێم براوە.