باڵباڵێن و کێشەی ناو یەکیتی چون پەیدا بوون ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 410 جار بینراوە

به‌ها الدين نوري

باڵباڵێن و کێشەی ناو یەکیتی چون پەیدا بوون ؟ کۆنگرەی یەکێتی ئەم کێشانەی پێچارە دەکرێ ؟
به‌ها الدين نوري
کۆچکردو جەلال تاڵەبانی ڕۆشنبیرێکی بەتواناوسەرکردەیەکی سیاسی گەورە بوو. هەرلەسەرەتای گەنجێتیەوە لەناو پارتیدا فێری سیاسەت و حیزبایەتی بوو . هەر زوویش بوو بە سەرکردەیەکی کارا لە نێو پارتیداو لەگەڵ ئەوحیزبەش کەوتە نێو یەکەم هەڵەی ستراتیجی پارتی بەهەڵگرتنی چەک دژی ڕژێمی عبدالکریم قاسم لە ١٩٦١ ( شۆڕشی ئەیلول ) . ١٩٦٦ یش ، پاش گەڕانەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە هەمەدان ، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی ، کەوتە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بەغدا دژی بزاڤی چەکداری پارتی ، کە ئەمەش هەڵەیەکی ستراتیجی گەورە بوو .
بەڵام پاش ئاشبەتاڵی ئازاری ١٩٧٥ ، کە ئەنجامی هەڵەیەکی کوشندەی مەلا مستەفا بوو ، جەلال تاڵەبانی لە پارتی جیابووە و سەرکردایەتی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کرد بۆ دە ستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری . ناتوانم بڵێم دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری هەڵوێستێکی ڕاست و ڕەوابوو ، بەڵام خودی یەکێتی لەسەر بنەمایەکی شارستانی هاوچەرخ دامەزرا بوو ، دوور لە دیاردەی عەشرەتگەری و تایفەچێتی و خزم خزمێنە . بنیاتی سەرکردایەتی و کادرەکانی ئەو ساڵانەی یەکێتی بەڵگە بوو لەسەر ئەم ڕاستیە کە تەنها خەباتی سیاسی ناساندبوونی بە یەکتر . بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی پێشووە وە دیاردەی بنەماڵە چێتی پەیدا بوو ، پاش نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی زەقتریش بوو .
پاش جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە هەرێمدا قۆناخی خەباتی شاخ کۆتایی هات و قۆناخی شار دەستی پێکرد ، پارتی و یەکێتی بوون بە دووحیزبی دەسەڵاتدار . واتە گۆڕانکاریەکی نەوعی هات بەسەر هەرێمدا ، بە یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ، سەدام لەهەرێم دەرکرا و بڕیاری دژە فڕین بەسەر هەرێمدا راگەیەنرا . هەرێم وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ١٢ ساڵی بەسەربردوو دەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ بنیاتنان و گەشەپێدانی خۆی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیریەوە . مەخابن تاڵەبانی و بەرزانی ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ جەولەیەکی نوێ لە شەڕی براکوژی ، لەسەر کورسی و پارە . ئەو شەڕە تای ترازووی یەکێتی قورسترکرد و ئەگەر یەکێتی شەڕی بوەستانایە براوەبوو . ئەمریکاش داوای لێکرد شەڕ بوەستێنێ و تاڵەبانی ڕەفزی کرد . سووربوو هەتا ئیبراهیم خەلیل نەگرێ نەوەستێ . ئەمەش نەخواستی تورکیا بوو نە ئەمریکا . لێرەدا ئەمریکا گڕی سەوزی هەڵکرد بۆ سەدام ( ٣١ ئابی ١٩٩٦ ) کە یارمەتی بەرزانی بدات بۆ گرتنی هەولێر . ئەمەش یەکێ بوو لەهەڵە گەورەکانی ئەم دووحیزبە ، بە تایبەتی پارتی ، یەکێتی بۆ ماوەیەک سلێمانیشی لەدەستدا . ترازووی هێز لەبەر ژەوەندی پارتی گۆڕدرا .
ئەم هەموو هەلەو کارەساتانە ، وایانکردووە کە هیچ ڕێزێکی ڕاستەقینە لەناو خەڵکدا بۆ حیزبەکانتان ، ئیوەی حوکمڕانان ، نەماوە و ئەو کورسیانەی لە پەرلەماندا بەدەستان هێناوە ڕەنگدانەوەی ڕاو بۆچوونی راستەقینەی خەڵک نیە ، بەڵکو ئەنجامی تەزویر و فرتوفێڵە . ئەگەر ئێوە هەڵبژاردنێکی خاوێن و ئازاد بکەن هیچ گومانی تێدا نیە کە ئەنجامێکی دیکەی دەبێ . هەموو باشتان لەبیرە کە لەهەموو هەڵبژاردنیکدا سەدام حسین ، وەکو هەموو دیکتاتۆرەکانیتر ، لە سەدا ٩٩ دەنگەکانی دەهانی و پاش ڕووخاندنیشی هەموو نەفرەتیان لێدەکرد . ئێوە بەدەستی خۆتان ، بەکارو کرداری خۆتان ، ڕێزو خۆشەویستیتان بۆ حیزبەکانتان نەهێشتۆتەوە و کەستان لەگەڵ نیە ئەوانە نەبێ کە پوول و مووچەو پێداویستی ژیان بەستوونیەتیەوە بە ڕژێمەکەتانەوە .
حشعیش ، کە تا حەفتاکانی سەدەی پێشوو حزبێکی سیاسی گەورە بوو ، ڕێز و تەقدیری بۆ خۆی نەهێشت ، بە هەڵە سیاسیە کوشندەکانی ، لەژێر سەرکردایەتی کۆچکردوو عزیزمحمد ، کە ئەو حیزبەی بەست بە پاشکۆی ڕژێمی فاشی بەعسەوە ، گوایا سەدام حسین بە خێرێ عێراق بەڕێگەی گۆڕانکاری نا سەرمایەداریدا دەبات بەرەو سۆشیالیزم !! دواتریش ، لە هەشتاکاندا ، ئەو تۆزەی لە حشع مابوو یان زیندو کرایەوە بە خەبات و قوربانی چوار ساڵ ، خزێنرایە نێو ئاگری شەڕی برا کوژی جوت حزبی قەومی ( شەڕی پشتاشان ) ، حشعی وا لاوازکرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ دا ، لە ٣ ملیۆن و سێ سەد هەزار دەنگ تەنها ٨ هەزار دەنگ بێنێ !
لەسەردەمی پاشایەتیدا ، بەر لە ٧٠ – ٨٠ ساڵ ، چەندین حیزبی سایسی نیشتیمانی دروستکراو مۆڵەتیان وەرگرت و هیچ حیزبێکی بنە ماڵە یان تێدا نەبوو . ئیستەش لەناو عەرەبدا حیزبە ئاینیەکان نەبێ هیچ حیزبێکی بنەماڵە چی نیە . بەلام لە هەرێمدا پارتی و یەکێتی دۆخێکی وەهایان دروستکرد کە هەرخۆیان بنەمالە چێتی نەکەن بەڵکو گۆڕان و حیزبە بچووکە کانیش ڕوو لە بنەماڵە چێتی بکەن و ، هەموو ببنە کۆمپانیاو دوکان و خاوەن تاپۆی حیزب ، ئەو ڕێخراوە سیاسیە بە ئیرس ئەروات بۆ کوڕ و کوڕەزا و کورە زازا .
ئێوە ، ئەی برایانی یەکێتی ، نزیکەی ٣٠ سالە حیزبێکی حکومڕانن ، لەگەڵ پارتی ، ئەم حکومڕانیەشتان بە شیوازێکی سەقەت بەڕیوە بردووە . ئیوە لەم ٣٠ سالە زێتر لە ٣٠٠ سەرمایە داری گەورەتان لەم وڵاتە گیچکەیە دا دروستکردووە ، کە هێندێکیان گەورە ملیار دیرن بە دۆلار ، جگە لە سەدان یان هەزاران سەرمایەداری گیچکە تریش . بەڵام نەتانتوانیوە کارەبا بۆ هاولاتیانتان دابین بکەن ، خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بۆ ئەم خەڵکە دابین بکەن . ئێوە دەیەها کۆمپانیای ئەهلی گەورەتان دروستکردووە ، دەیەها پرۆژەی بازرگانی گەورەتان دامەزراندووە ، هەزاران بالەخانەی شەخسی بەرزی بازرگانیتان دروستکردووە ، بەلام نەتانتوانیوە ٤ کارگەی گەورە یان ٤٠ کم ڕێگەی شەمەندەفەر یان دو بەنداوی گەورەو گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ولاتە دروستکەن . دەزانن بۆ ئەمانەتان پێنەکراوە ؟ چونکە لەسەر هێڵی سیاسی حیزبایەتی تەسک ولاتتان بەریوە بردووە ، چونکە ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسک ئەولەویەت دەدات بە خزمەتی خۆتان و دەورو بەرتان ، لەسەر حیسابی ئەم میللەتە داماوە . ئەوە خەتای سیاسەتی پارتی و یەکێتیە کە پاش ٣٠ ساڵ لە حکومرانی ئێوە ، هەتا ئەم چرکەیەش ، هەرێمی کوردسستان ، لە باتی ئەوەی زۆر شت بۆخۆی و هەموو عێراقیش دابین بکات خۆیشی پشت بە هاوردەی زۆر لە پیداویستی خواردن و شتیتر پشتی بە ئێران و تورکیا بەستووە .
٥ ٥ ٥ لەم ڕۆژانەدا یەکێتی سەرگەرمی بەستنی کۆنگرەیە ، بەڵام بە ترس و دو دڵییەوە . جا ئەم ترس و دو دڵیە لە کویوە هاتووە ؟ لەوەوە هاتووە کە یەکیتی لە دۆخیکی ناسروشتی و ئالۆزدایە . ئەم دۆخە ناسروشتیە لە کویوە هاتووە ؟ ئەم دۆخە رەنگدانەوەی ئەو باڵباڵێن و ململانێ و کێشمە کێشمەیە کە چەندین سالە یەکیەتی دەناڵێنێ بەدەستیەوە ، کە من لەم وتارەدا ئاماژەم بە بە شێکی کرد . ململانێ و کیشەی ناو یەکیتی تازەنین . لە قۆناخی شاخەوە دەستیانپێکرد ، بەڵام لەو سەردەمەدا بە کزی و بچووکی ڕەچاو دەکران . لەسەرەتای قۆناخی شارەوە ئەو کێشانە کەوتنە زیاد بوون ، هەتا جلال تالەبانی لە ئارادا بوو ئەو سەرقاپی ئاسایش و ئارامی بوو بۆ یەکێتی – وەکو ئیستەی مسعود بەرزانی بۆ پارتی . بەلام پاش دەرچوونی جەلال لە گۆڕەپانەکە ( ٢٠١٢ ) ململانێی نێو یەکێتی پێینایە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدار . ئەگەر یەکێتی بتوانێ خۆی لە کەرتبوون بپاریزێ و ئەم قۆناخە تێپەڕێنێ ئەوە وەکو موعجیزە وایە .
ئەگەر یەکێتی بتوانێ واز لە گەندەڵکاری دارایی و ئیداری بێنێ + واز لە قۆرخکاری دەسەلات بێنێ + واز لە تەزویری هەلبژاردنەکان بێنێ + وەکو حیزبێکی سۆشیالدیموکراتی ئەوروپی بجووڵێ ، ئەوە مانای وایە خۆی نوی کردۆتەوە و دەگۆڕدرێ بە حیزبێکی هاوچەرخ ، هیوایەکی جدی دەداتێ کە کێشەکانی چارەسەر بکرێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.