سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران:پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەموو دڵسۆزانە وەک یەک تیم حەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە

لەلایەن ستاندار Posted on 438 جار بینراوە

ستاندەر

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پەیامێل لەبارەی پرۆژە یاسای چاکسازی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەموو دڵسۆزانە وەک یەک تیم حەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە، ئامانج رەحیم دەشڵێت: ڕاستە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی شەش سەعاتی خایاند قۆناغی پەسەندکردنی بڕی، بەڵام هێشتا قۆناغی تەشریعکردن ودەرکردنی وەک یاسایەکی بەرکار ماوە، لەسەرو ئەوانەشەوە عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.

دەقی پەیامەکەی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران:

پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەموو دڵسۆزانە وەک یەک تیم حەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکانی کەرتی وەزیفە وخزمەتی گشتی لەسەر بنەمای دادپەروەریی وشایستەبوون، بەڵام کافیی نیە وهێشتا چاکسازیی تەواوی ئەم کەرتە کاری زیاتری لەم پڕۆژە یاسایە دەوێت.

ڕاستە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی شەش سەعاتی خایاند قۆناغی پەسەندکردنی بڕی، بەڵام هێشتا قۆناغی تەشریعکردن ودەرکردنی وەک یاسایەکی بەرکار ماوە، لەسەرو ئەوانەشەوە عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.

هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای هەمان پڕۆژەکەی ساڵی ۲٠۱۸ بوو (بە هەندێ گۆڕانکارییەوە) کە سەرەڕای تەشریعکردنی لە پەرلەمان بەڵام بە داخەوە ئەوکات ڕووناکی نەبینی.

خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لەگەڵ هاوەڵەکانم داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووم و دەبم لە هەوڵەکانی چەسپاندنی دادپەروەریی وشایستەبوون لە سوودوەرگرتن لە پارەی گشتی بە جۆرێک زامنی مووچەی مووچەخۆریی شایستە بکات و چیتر بە ناشایستەیی خەڵک پارە لە بوودجەی گشتی وەرنەگرێ.

هەر دوێنێ شەو دوا وێنەی پەسەندکراویی پڕۆژەکە ئیمزاکرا و ئەم بەیانیەش گەیشتە پەرلەمان، تکاشم وایە کە ئەو پڕۆژە و تەحلیل و تەفسیرانەی دەکرێت لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە پڕۆژەکە گوێیان لێ مەگرن بە تایبەتی ئەوەی دەوترێت لەسەر دەڕماڵەی فەرمانبەران و پێشمەرگە وپۆلیس وهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سەر لەبەری ناڕاستە و لە ماوەی داهاتوودا بە وردیی قسە لەسەر بڕگەکانی پڕۆژەکە دەکەم بەو شێوەی پەسەندکرا، هەق نیە کەسیش بە ناشارەزایی قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکات و سەر لە خەڵک تێکبدات وبیانخاتە دڵەڕاوکێ.

چاکسازیی لە دارایی گشتی پێویستی بە هەنگاوی لەم شێوەیە هەیە بۆ بواری داهات و خەرجییەکانی دیکەش لە بواری خەرجی گشتی وەک خەرجییەکانی بەکارخستن و گرێبەستە حکومیەکان وخەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیش، سەرەڕای چاکسازیی ئیداری لەم هەیکەلیەتە قەبەیەی حکومەت و ڕێکخستنەوەی میلاک و وەسفی وەزیفیش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.