زانا حاجی
کاتێك لەئاستێکی وا بەرزی ئەکادیمی وڵات ڕۆشنبیری تاکەکانی نێوی بەڕادەی نەمان کاڵ بۆتەوە ئەوا هەست دەکەی ئەم تاکانەی نێو کۆمەڵگا چەندە ڕێگای جۆراوجۆر لەبەرامبەریان بەکاردێت بۆ ئەوەی گێژ و وڕ بکرێن و بەلاڕێ داببرێن ، قوتابی پەیمانگا و زانکۆ لەشوێنی ئەوەی بتوانێ دوو قسەی جوانی حسابی لەگەڵ هاوڕێکانی یاخود لەگەڵ تاکەکانی تر بکا تەنها و تەنها خەریکی گێڕانەوەی ڤیدیۆ و نوکتە و قسەی بێ بنەمای نێو تۆڕەکانی تیک تۆك و ئینستاگڕام و فیسبوکن ، لەشوێنی ئەوەی لەم تۆڕانە خەریکی دروست کردنی گروپ و یانەی ڕۆشنبیری و پەروەردە و زانستی بن ، خەریکی دروستکردنی گرو بنەما و قسەی هەرچی و پەرچین .
ئەو ساتەی ڕۆڵەکانی وڵات لەشوێنێکی وا گرنگ بەمجۆرە لاوازیە دەبینین ، کاتێك تاکەکانی ئەم شوێنە گرنگەی وڵات دوور دوورن لەزانست و پەروەردە و سەقافەت بۆت دەردەکەوێ کە وڵات چەندە پەرێشانە ، ڕێگاکانی چاکسازی و گۆڕانکاری چەندە پڕ کۆسپ و تەگەرە و تــــەماوین ، بۆت دەردەکەوێ کە ئەم پیلانەی پیلان گێڕان بۆ بێ هۆشکردنی چینی ڕۆشنبیری وڵات چەندە بەخێرایی بەرەو پێش دەڕوات ، بۆت دەردەکەوێت کە گەنجانی وەڵات خۆیان زۆر بەئاسانی بونەتە ئەو پردەی کەبەرەو وێڵی و سەرلێشێواویان دەبات .
ئەوەی پێویستە لەسەر خەمخۆران کارکردنە ئەگەر چی بێ ئومێدیش گەیشتبێتە لێواری واقع بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بتوانرێ ژمارەی بەلاڕێدابراون کەم بکرێتەوە و چرای شۆڕشێکی پەروەردەی فیکری و زانستی و ڕۆشنبیری هەڵبگیسێنرێ ئەگەر چی لەزۆر لاوەش هەوڵی کوژاندنەوە و نەهێشتنی ڕووناکی چراکە بدرێ .