ئێران و ئەمریکا، کێ کەوتۆتە تەلەی کێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 342 جار بینراوە

ئاراس مه‌سیفی

دوای بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی، سەرکردەی باڵای ئێران و ئەبو مەهدی مهندیس، باڵاترین سەرکردەی حەشدی شەعبی لە عێراق لەلایەن هێزەکانی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوژمنکاریەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق پێی نایە قۆناغێکی هەستیار و ترسناک. پێش ئەوە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا حزب اللەی عێراقی تومەتبارکرد بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی کەی وەن لە کرکۆک و لە تۆلەی ئەمە هەڵسا بە بوردومانکردنی بنکەکانی ئەم حزبە. لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حزب اللە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی هێرشیان بردە سەر باڵیوزخانەی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و گەمارۆیاندا.
ئەم گۆڕانکاریە خێرایانە چەندین پرسیاریان لای زۆربەی چاودێران و هاوڵاتیان دروست کردوە کە بۆ لە ئێستادا و لە سەر خاکی عێراقدا ئەم دو هێزە دەستیان داوەتەو کردەوەی دوژمنکارانەی دژ بەیەک وە لێکەوتەکانی ئەم کردەوانە چی دەبن؟ خێرایی روداوەکان و نەبونی زانیاری پێویست دەربارەی نیاز و پلانی هەردو وڵات و کارتە شاراوەکانی دەستیان، وا دەکات کە کەس نەتوانێت پێشبینیەکی دروست بکات کە دۆخەکە بەرەو کوێ دەروات.
ئەوی ئاشکرایە و راگەیندراوە، نیاز و پلانی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی هەژمون و کاریگەری ووڵاتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەتی لە ووڵاتەکانی سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەمو هێز و توانای ئابوری و دیبلۆماسی خۆی خستۆتە گەر، بۆ گەمارۆدان و پەناگیرکردن و بێ هێز کردنی ئێران. ئێران لە لایەن خۆیەوە دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت، کۆتاییی بەو گەمارۆ و پەناگیریە خنکێنەرە بهێنێت و ئەمریکا ناچاری پاشگەزبونەوە بکات.
بۆ ئەم مەبەستەش ئێران سود لە هێزە پرۆکسییەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە یەمەن، سوریا و عێراق و لوبنان وەردەگرێت. لە ڕێگەی شەڕی نوێنەرایەتی ناراستەوخۆ و نابەرامبەر ئێران دەستی داوەتە ناردنی نامەی هەڕەشە ئامیز و هۆشیارکەرەوە بۆ هێز و ووڵاتەکانی ناوچەکە، کە نەکەونە بەرەی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران. ڵێدان و هێرشبردن بۆ سەر بەرژەوندیەکانی شانشینی سعودیە و ئیمارات زەنگی ئاگادار کردنەوەی ئێران بو بۆ سەرانی ئەو ووڵاتانە، بۆ ئەوەی نەچنە بەرەی دژە ئێران.
لە عێراقیش ئێران هەڵسا بە بەکارهێنانی کاریگەریی و هەژمونی خۆی، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بخاتە بەرەی خۆی و یاخود بە لایەنی کەمەوە نەکەوێتە بەرەی ئەمریکا. سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ناوەراستی مانگی ١٠ی ساڵی پار و بەردوامبونیان، دۆخەکەیان ئالۆزتر کرد و باری ئێرانیان لە عێراق لار کرد. ڵێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا ئێران بەراستی لە پشت کردەوەکانی دژ بە ئەمریکایە و دەیەوێت ئەمریکا پەلکیشی زەڵکاوی عێراق بکات؟ یاخود ئەمریکا دەیەوێت، بە سود وەرگرتن لە تەوژمی تازەی دژە ئێران لە عێراق، ئێران پەلکێشی ناو شەڕ بکات، بۆ ئەوەی بە هاوکاری بەشێکی عێراقیەکانی دژە ئێران کۆتایی بە هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بهێنێت؟
لە کاتی بونی زنجیرەیەک کردار وپەرچەکرداری شەڕی ئابوریی، دیبلۆماسی و سەربازی، هەرەوها بەهۆی نەزانین و دەرک نەبردن بە هەمو نیاز و پلان و رەهەند و کارتە شاراوەکانی دەستی لاینەکان، ئاسان نیە بتوانرێت لایەنی دەستپێکەر و هۆکارەکانی دەستنیشان بکرێت، چونکە کردوەکان و پەرچەکردارەکان تێکەل بەیەک دەبن، پلان و جولەی نهێنی و شاراوە کە کردەوەکان ئاڕاستە دەکەن، وەکو خۆی ئاشکرا نابن و نابنە بابەتی میدیاکان. ڵێرەدا تەنها دەتوانرێت لەسەر بنەمای کردەوە و پەرچەکرداری ئاشکرا گریمانە بۆ ئەگەر و سیناریۆکان بکرێت. بۆ روداوەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەتوانرێت سود لە سێ گریمانە وەربگیردرێت کە هەرسێکیان بە پشتبەستن بە زانیاریە ئاشکراو بەردەستەکان بەشی خۆیان بیانو و پاساویان هەیە.
گریمانەی یەکەم ئەوەیە، کە نە ئێران، نە ئەمریکا تا ئێستا هیچ پلانێکی شەڕی راستەخۆیان نیە، ئەوەی رویداوە تەنها لەدەست دەرچونێکی کاتییە کە بە هۆکاری زنجیرەیەک کردار و پەرچەکردارە رویداوە. دوای چەند کردەوەیەکی لایەنەکان دژی بە بەرژەوندیەکانی یەکتر، هەردولایەن کردەوەکانیان لە دژی یەکتر رادەگرن. بە ڕاچاوکردنی ئەو راستیەی کە ئێران و ئەمریکا هەردوکیان خاوەن ئەزمون و مێژو و نەڕیتی درێژ و فراوانن لە پلانرێژی و پلانگێڕی، هەروەها بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە ئەو گریمانەیە زۆر بێ هێز دەکەن، چونکە ئەو روداوە وەکو راگەیاندنی شەڕی راستەخۆیە دژ بە ئێران. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو پرسیارەیە، کێ تەلەی بۆ کێ ناوەتەوە؟
گریمانەی دوەم ئەوەیە، کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی چەند هێزێکی حەشدی شەعبی عێراقی نزیک لە خۆی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پەڵکێشی ناو زەڵکاوی عێراق بکات و بە شەڕی بەشێکی عێراقیەکان سەرقاڵی بکات و بەو هۆیەشەوە بتوانێت فشاری ئەمریکا لەسەر خۆی کەم بکاتەوە. رەتنەکردنەوەی بە ئامانجگرتنی بنکەی کەی وەن لەلایەن حزب اللەی عێراقی ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات. خوێندنەوەی ئێران بۆ دۆخەکە وایە، کە ئەمریکا لە ئێستادا، سەرەرای بونی توانای سەربازی و تەکنەلۆژی پێشکەوتو، نایەوێت شەڕی راستەوخۆ دژی ووڵاتی ئێران رابگەینێنت. ئێران جگە لەوەی خۆی خاوەن چەک و جبەخانە و راکێتی دورهاوێژی بەهێزە، تۆرێکی فراوانی لە هێزی پرۆکسی لە ووڵاتانی ناوچەکەدا هەیە کە دەتوانن لە کورترین ماوەدا، بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بکەنە ئامانج و هیلاکیان بکەن. ئێران دەزانێت کە شەڕێکی وێرانکەری وا کاریگەری خراپ لەسەر دوبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک ترەمپ دادەنێت. بەهۆی دڵنیایی رونەدانی هێرشی راستەخۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە و ژێرخانی ووڵاتی ئێران، سەرانی ئێران دەیانەوێت لە ڕێگەی پرۆکسییەکانیانەوە لە ناوچەکە سود لە شەڕی ناڕاستەوخۆ و نابەرامبەر دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا وەربگرن.
خاڵی بەهێزی ئێران لە عێراق تەنها چەند هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی نین، بەڵکو پاشخانی نزیکایەتی ئاینی و کولتوری وا دەکات، کە زۆربەی عێراقیەکان لە کۆتاییدا زیاتر سۆزیان بۆ ئێران هەبێت و ئەمریکا بە دوژمن بزانن. لە خۆبایی و بێ منەتی ئەمریکیەکان دۆخەکە زیاتر بە قازانجی ئێران دەشکێنێتەوە. بەئامانجگرتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی مهندیس ئێستا ئەو دۆخەی دروستکردوە، کە ئێرانیەکان هەوڵیان بۆ داوە. کاردانەوەکانی بەرپرسەکانی حکومەتی عێراق زۆر توندن و ئەگەری بەهێز هەیە کە داواکاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەدوای خۆیدا بهێنێت. کەواتە ئێران سەرکەوتو بو، کێشەکە بکاتە، کێشەی نێوان عێراق و ئەمریکا و خۆشی تەماشاکەر بێت.
ئەی کاردانەوەی ئەمریکا چۆن دەبێت؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پرسیاری یەکەم کە ئایا ئەمریکا لە بنەڕەتدا، هیچ پڵانێکی خۆی هەبوە، یاخود تەنها پەڵکێشی شەڕێک کراوە، کە ئاکامەکەی لە دۆڕان نزیکترە وەکو سەرکەوتن؟ ئەمریکا ووڵاتی باشترین دەزگا و دەمەزراوەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیە. ئاسان نیە، گریمانەی ئەوە بکرێت، کە ئەمریکا هیچ پلان و بەرچاورونییەکی سەبارەت بە روداوەکان و ئاکامەکانی نیە، بەڵام ڕێڕەوەی روداوەکان تا ئێستا بێ پلانی و بێ بەرنامەیی ئەمریکای پێوە دیارە. خۆپیشاندانەکان و هێرشەکانی لایەنگرانی بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دەری خست کە ئەمریکا هیچ حیسابێکی بۆ ئەو ئەگەرە نەکردبو.
ئەوەی زیاتر سیاسەتی ئەمریکای لە ناوچەکە توشی سەرلێشێوان و بێ بەرنامەیی کردوە، گوتار و کردارەکانی سەرۆک ترەمپە، کە پێش دوژمنەکانی، سەری لە دۆستەکانیشی شێواندوە. لەوانەشە ئەمریکا خاوەنی پلان و بەرنامەی خۆی بێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەستی پێدەکرێت و بە کردار دیارە، تەنها پەڕچەکرداری نواندنی هێز و توانا و تۆڵەکردنەوە و ترساندنە، نەک پلانێکی بەرنامە بۆ دارێژراو. لەگەڵ ئەمەشدا کۆشتنی یەکێک لە گرنگترین سەرکردەکانی ئێران، بە مانای راگەیاندنی جەنگ دژی ئەو ووڵاتە دێت، ناکرێت تەنها بخرێتە چوارچێوەی پەڕچەکردار، چونکە ئاکامی چاوەڕواننەکراوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ناچێتە ئەقڵ ئەمریکا حیسابی ئەوەی نەکردبێت.
جارێ کەس نازانێت، پەرچەکرداری دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا چۆن دەبێت، بەڵام ئەوەی بە تەواوی هەستی پێدەکرێت، ئێران تا ئێرە سەرکەوتو بوە، لە گواستنەوەی شەڕی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ناو جەرگەی عێراق و عێراق بکاتە لایەنێکی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی. دەرئەنجام و ئاکامەکانی ئەم شەڕە چۆن دەبن، دەکەوێتە سەر پەرچەکردار و هەڵوێستی لایەنەکانی بەرەی ئێران و بەرەی ئەمریکا لە عێراق لەلایەک، هەرەوها کردەوەکانی داهاتوی ئێران و ئەمریکا بەرامبەر یەکتر لەلایەکی تردا. لە سیاسەت هەمیشە زیاتر لە چەند بژاردەیەک هەیە، هەردو ووڵاتیش کارتی زۆر و فرەلایەنی بەهێزیان لەبەردەستە، لەبەر ئەوە ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی دروست بۆ ڕێڕەو و ئاکامی روداوەکان بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.