دەرفەتێكی زێڕین بۆ میصر‌و كورد

لەلایەن ستاندار Posted on 399 جار بینراوە 0 سەرنج
p49

هەندرێن شێخ راغب

ماوەیەكی زۆرە میصر لەناوچەكە گۆشەگیر بووە، رۆڵی كەم بووە، لە دنیای عەرەبیش لەگوتاری سەركردایەتی عەرەب پەراوێزە. لەبەهاری عەرەبیش تەواو توشی ئەم پەراوێزییە بوو. لە رووی ئابوریش خاوەنی كێشەی گەورەیە. بەڵام نكۆڵی لەوەش ناكرێ بەهێزترین سوپای عەرەبییە. خاوەنی پێگەیەكی تایبەتە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 100 سەد ملیۆنە.
ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، لەپەرلەمانەوە سەركەوتوو بوو كە هێزی سەربازی توركیا رەوانەی دەوڵەتی لیبیا بكات. ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ ئەمنی قەومی عەرەبی‌و پێگەی عەرەب. بۆیە ئەم بڕیارەی توركیا چەند دەرفەتێكی زێڕین دەداتە دەست میصر:
یەكەم:میصر دەتوانێت ختوكەی شەقامی قەومیەت‌و عروبە بدات‌و خۆی وەك پاڵەوانی عەرەب نیشان بدات بەرامبەر پاراستنی دەوڵەتێكی عەرەبی.
دووەم: دەتوانێت هەڵمەتێكی گەورەی راگەیاندن‌و دبلۆماسی‌و جەماوەری‌و سیاسی وە گەڕ بخات لەدژی توركیا، كە وێنەی توركیا وەك داگیركەر بەدنیای عەرەب‌و جیهان بناسێنێت‌و خۆشی پارێزەر.
سێیەم: بەهێزەوە دێتەوە ناو روداوەكان‌و ئەم ململانێیە ناوخۆییەی ئیخوان موسلمین‌و ئیسلامی سیاسی بخاتە دەرەوەو لەرێگای پڕۆژەی ئیخوانی ئەردۆغانی توركیا، تەصفیەی حساباتی ناوخۆشی بكات.
چوارەم: لەرووی ئابوریەوە دۆخی خراپە، دەتوانێت دەستی بگاتە غازو نەوتی دەوڵەتی لیبیا، چونكە لیبیا لە ئێستادا سێیەم وڵاتی نەوتی جیهانەو دەتوانێت (4) بۆ (5) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات. ئینجا غازو سەروەتێكی گەورەی كانزای ئاڵتونیشی هەیە، ئەوكات دەتوانێت بۆ ئابوری خۆشی سودی گەورە وەربگرێت.بەتایبەت لە لیبیایەكی هەڵوەشاوەی بێسەرەوبەرە كە دەتوانێت وەكو سوپایەكی رزگاركەری عەرەبی باش لێی بخوات.
پێنجەم: هەیبەتێك بۆ خۆی‌و عەرەب دەگەرٍێنێتەوەو ئیدی ئێران‌وتوركیا سڵ دەكەنەوەو بە ئاسانی ناتوانن سنوری دەوڵەتانی عەرەبی ببەزێنن. تەنانەت ئیسرائیل‌و ئەمریكا‌و روسیاش دەبێت ترافیكی دبلۆماسی قاهیرە گەرم بكەن.
ئەگەر میصر وا بكات، كورد سودمەندێكی گەورە دەبێت لە چەند روویەكەوە:
یەكەم: تێكشكانی پڕۆژەی ئەردۆغان گرنگە، چونكە پڕۆژەكە زۆر دژی كوردە.
دووەم: كێشەكانی ناوخۆی توركیا دەتەقێنێتەوە‌و توركەكان دەبنە دوو بەرەی زۆر دژ بەیەك. تەركیزی توركیا لەسەر دەرەوەی خۆی تێك دەدات.
سێیەم: شێواندنی وێنەی توركیا‌و ناشیرین بوونی، لەدنیای عەرەبی‌و جیهان بەدەستی عەرەب، لە رووی سیاسی‌و ستراتیژیەوە خزمەتە بە كێشەی كوردی رۆژئاواو باكوری كوردستان.
چوارەم: ئەگەر لە لیبیا شكستی هێنا، لەسوریا‌و ناوچەكەش بەجۆرێكی دی توشی فشاری توندی عەرەبی‌و كوردی دەبێتەوە كە ئەوێش چۆڵ بكات.
پێنجەم: ئەگەر سوپای توركیا روبەروی سوپای میصر ببێتەوە، بۆ ئابوری‌و سوپای توركیا زۆر سەخت‌و دژوارە، ئەمەش دەرفەت دەداتە كورد باشتر خەریكی تێكشكاندنی توركیا بێت لە رۆژئاوای كوردستان‌و باكور‌و باشوریش؟؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *