سەرتیپ جەوهەر
بارودۆخی عیراق لەبازنەیەكی داخراودا دەخولێتەوەو هیچ دەریچەیەك بەدیناكرێت بۆ دەربازبوون لێی، لەلایەك لەژێر كاریگەریی دەستوەردان و ململانێی ئیقلیمیی، لەلایەكی دیكە خراپی بارودۆخی خزمەتگوزاریی بێچارەیی حكومەت لەئاست ئەم دۆخە.
شەممەی رابردوو عادل عەبدولمەهەدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر هاتە هەولێر، دوو مەبەستی خستەڕوو لەو سەردانە، یەكەمیان؛ پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو دابینكردنی پشتیوانی كورد لەوبارەیەوە. دوومیان؛ باسكردنی بێچارەیی دۆخی عیراق و ئاماژەكردن بۆ پشتیوانیكردن بۆ دوبارە راسپاردنەوەی بە سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ.
عادل عەبدولمەهدی خێرا پەرلەمانی خستە بەردەم واقعێكی نوێ ویستی هەم بەرپرسێتی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بخاتە بەردەم پەرلەمان و خۆی دووركەوێتەوە، هەمیش بۆ رازیكردنی شیعەو پشتیوانیی ئیقلیمی بۆ دوبارە راسپاردنەوەی چانسێكی باش بخاتە بەر خۆی و لەو بێچارەییە دوبارە بكرێتەوە.
بیرۆكەی دوبارە راسپاردنەوەی عەبدولمەهدی بەر لەماوەیەك لەگەڵ چەند لایەنێك گفتوگۆی لەسەكراوە، پێشترو بەر لە كوژرانی، قاسم سولەیمانیی لەگەڵ چەند لایەنێك لەنێوانیاندا كورد ئەو پێشنیارەی خستبووە روو، بەوپێیەی رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی نوێ زۆر زەحمەت بووەو دەشێت عادل عەبدولمەهدی چانسێكی دیكەی بخرێتە بەردەم و خۆی لایەنە سیاسییەكان رازیی بكات بەجێبەجێكردنی بەشێك لەداواكارییەكانیان. چونكە هەم سازان لەسەر كەسێكی نوێ بۆ سەرۆك وەزیران زۆر زەحمەت بووەو نە لایەنە سیاسییەكان و نە شەقام بەكەس رازین. هەمیش دوبارە هەڵبژاردنی پێشوەختە كاتی زۆری پێویستەو رەنگە كێشەی دیكە بەدوایخۆیدا بێنێت.
پرسی راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی یان هەر كەسێكی دیكە بۆ كورد بۆ ئێمە جێی پرسیارە. ئەزموونی دوو ساڵی رابردووی ئەو زۆر جێی سەرنج بووە، دەتوانین بڵێین بۆ خۆ دوبارەكردنەوەی باری خۆی لەبەرامبەر كورد گرانتر كردووە.
لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەت لەدانانی وەزیرەكانی و پڕكردنەوەی بەركەوتەی كورد لە كابینەكەی، لەبری ئەوەی بێلایەن بێت، زوو خۆی لەسەر بەلایەكداو وەزیرێكی پارتی كردە وەكیلی وەزارەتی داد كە لەبنەڕەتدا بەبەركەوتەی یەكێتی حیسابدەكرا!
لەپرسی كەركوك و چارەسەردنی لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆم بەتایبەت پارێزگاری كەركوك و پرسی ماددەی 140 و ئەو كێشانەی تائێستا بەچارەسەرنەكراوی، نەك چارەسەری نەكردن بەڵكو بەهیچ شێوەیەك نەیكردە بەشێك لەئەجێندای كاركردنی و هەموو دەستكەوت و منەتەكەی بەسەر هەرێمی كوردستان، پرسی ناردنی موچەی هەرێم بوو، لەكاتێكدا بەپێی بودجە، مانگانە بڕی خەمڵێنراوی پارەی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لەهەرێم بڕیوە.
با لەتێگەیشتنی حزبیی دوربكەوینەوە، ئەمجارە پێویستدەكات چ عەبدولمەهدی یان هەركەسێكی دیكە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەرلەهەموو شتێك لایەنە سیاسییەكان لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێككەون، ئەگەر نەتوانرا رێككەون ئەوا هەموو لایەنەكان بەرپرسن بەتایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چارەكردنی پرسە چارەسەرنەكراوەكانی كەركوك، دەبێ بەروونی خاڵ لەسەر پیت دابنرێت و پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕێنراوەكان ببێتە بەرنامەی كاری هەرە لەپێشی گفتوگۆكان، ئەگەر گلەییەكیش هەبێت بەدڵنیاییەوە روبەرووی ئەو دەكرێتەوە، چونكە ئەو حزبی یەكەمە لەو ناوچەیە. ئەگەر هەر رێككەوتنێكیش بكرێت دەبێ سەقفی زەمەنی و میكانزمی جێبەجێكردن لەخۆبگرێت، تا چیتر خۆیان لێنەدزنەوە.