ستاندەر
خۆپیشاندانەکانی عێراق لەبەشێکی زۆری شارەکانی ناوەڕاست و خوارو بەردەوامیان هەیە، لەشاری ناسڕیەی ناوەندی پارێزگای زیقار خۆپیشاندەران رێگا سەرەکییەکانی شارەکەیان داخستووە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستڕێژی گولەیان لێ کراوە، لەبەغدای پایتەختیش مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکان تا دێت فراوانتر دەبن و دروشمی لێپێچنەوە لەگەڵ بکوژانی خۆپیشاندەران، گۆرەپانەکانی شاری بەغدا زیاتر گەرم و چالاکتر کردووە و خۆپیشاندەران دەیانەوێت پارێزگاری لەمەیدانی تحریر مەیدانی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت بکەن، هاوکات لەشاری بەسڕەش خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و لەخۆپیشاندانەکاندا خوێندکارانی شارەکە رژاونەتە سەرشەقامەکان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق لەکاتێکدایە هێزەئەمنییەکان دوێنێ شەو خێمەی خۆپیشاندەرانیان لەبەغدای پایتەخت و بەشێکی تری شارەکانی خوار و ناوەڕاست سوتاند، بەمەبەستی کۆتایی پێهێنان بەخۆپیشاندانەکان.