هەموومان هەڵۆین

لەلایەن ستاندار Posted on 323 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

– ئەگەر ترەمپ سەرکردەیەکی باشور ببینێ، هیچ نیە. بەڵام هەر هەمان ڕۆژ، ئەگەر سەرکردەیەکی ڕۆژئاوا ببینێ، ئەوەیان ڕووداوێکی زۆر موهیمە!
ئەگەر ترەمپ سەرکردەیەکی ڕۆژئاوا ببینێ، هیچ نیە. بەڵام هەر هەمان ڕۆژ، ئەگەر سەرکردەیەکی باشور ببینێ، ئەوەیان ڕووداوێکی زۆر زەخمە!
ئەم دوو عەقڵە، شێروخەتی هەمان بێعەقڵین! چونکە (ئەوەی کە شتی خۆت بکەی بە تەیارەو شتی ئەو بکەی بە تەپاڵە) ئەمە ڕق و شەڕە حیزبی و ئایدۆلۆژییەکەیەو هیچیان خودی شتەکەنین! شتەکە نە تەیارەیە نە تەپاڵە، بەڵکو لەونێوانەدا بەقەت خۆی مەوزوعەو عەقڵی مەوزوعییش سەیری شتەکە خۆی ئەکات، بەڵام عەقڵی گرگن شتەکە ئەکا بە سەنگەرو شەڕی لێوە ئەکات.

– هەموومان هەڵۆین بەمانای پشتیوانیی نا، بەمانای ئەوەی (هەر ئەوێك ئەویتر بەشەیتان بکات) هەمان کاری هەڵۆ ئەکات!
ئیسلامی ئەویتر تەکفیر ئەکا. مولحید بەویترا ئەڕشێتەوە. قەومی ئەویتر تەخوین ئەکات. دژەکوردایەتی یەعنی ئەویتر ئەحمەق و فاشیستە. فیمینیست عوقدەی پیاو دروستئەکا. موعارەزەو دەسەڵات شەیتاندن ئەگۆڕنەوە.. دەی ئەمە هەمووی هەر هەڵۆیەو هەر نەفەسی یەکترسڕینەوەو هەر خنکاندنی هەناسەی یەکترقبوڵکردنە.

– ڕاگەیاندن لە قیری زۆرترین بەرپرسیارێتی لایداوەو چۆتە سەر خۆڵی زۆرترین بینەر.
لەو سەرجادەیە دووکەس تەوقە بکەن کەس سەیریان ناکا، بەڵام دووکەس شەڕبکەن هەموو سەیریانئەکەن.
لەو جادەیە کەسێك چا بخواتەوە کەس سەیری ناکات، بەڵام ئەگەر دانیشێ گوو بکات، سەرنجی هەموو خەڵکەکەی ئەوێ ڕائەکێشێ.
ڕاگەیاندن ڕێك ئەم شەڕو گووەی بردۆتە سەر شاشە لەپێناو ڕاکێشانی بینەر! ئەمەش بە ئەندازەی هەڵکشانی بینەر داکشانی ئەخلاقە.

– موستەفیدی یەکەمی دۆخی هەڵۆییزم فەسادە. کاتێ هەموو بووینەتە وەحش و هەریەک کەڵبەمان لەویتر گیرکردوە، ئیتر سەری شەڕی فەسادمان ناپەرژێ.
بەپێچەوانەوە یەکترقبوڵکردن هەموومان کۆئەکاتەوە بۆ شەری فەساد.
فەسادی یەکەمی ئێمە، عەقڵییەتى شەیتاندن و یەکترسڕینەوەیەو فەسادەکانی تر بەرهەمی ئەم فەسادەن. چارەسەری یەکەمی ئێمە یەکترقبوڵکردنەو چارەسەرەکانی تر مناڵی ئەم چارەسەرەن.

– شەیتاندن تەنیا موڵکی مەزهەرو هەڵۆو توندڕەوی دینی نیە، بەڵکو لەژێر هەر عینوانێکا ئەوێکی شەیتان دروستبکەیت، ئاو ئەکەیتە هەمان ئاشی ڕق و شەڕو یەکترسڕینەوە.
بۆ گەیشتن بە یەکترقبوڵکردن، هەنگاوی یەکەم، هیچ مەکەو تەنیا بێدەنگبە. بێدەنگی کلیلی بیرکردنەوەی خۆت و دەسهەڵگرتنە لەو. گەڕانەوەش بۆ خۆت و دەسهەڵگرتن لەو، کلیلی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانە. شتەکانی تریش لەناو پێکەوەژیاندا چاکئەکرێن و ژیان ئەوەیە کە لەناو پێکەوەژیاندایە.

– دواجار توجاری دین و توجاری دۆزی ژن و توجاری سیاسەت و دوکانەکانی حیزب و مارکێتەکانی ڕاگەیاندن.. هەریەکەو کاسپی خۆی ئەکات. لەو بازاڕە ڕەشەدا منو تۆ چ کارەین؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.