چیان بۆ ئەکرێ و نایکەن

لەلایەن ستاندار Posted on 354 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر
دیاری کردنی کاندیدێکی سەربەخۆ لەسەر داوای شەقامی ڕاپەڕیووی عێراق قورس نیە بەڵکو ئەوەی قورسە دەست هەڵگرتنە لە پاوانخوازی، گەندەڵی، تاوان، حیزب و خێزان و تاک پەرستی.
لە عێراق چەندین کەسایەتی بەهێز، پرۆفیشناڵ، لێهاتوو، بوێر، سەربەخۆ و خاوەنی تەنها ڕەگەزنامەی عێراقیبن بوونی هەیە هەروەک ئەوەی شەقامی ڕاپەڕیووی ئەو وڵاتە داوای ئەکەن بەڵام ئەوەی لەو کەسایەتیانەیا نیە گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبی و خێزانی و کەسایەتیەکانی دەستەی باڵادەست و قۆرخکاری فەزای سیاسین دوای ساڵی ٢٠٠٣وە.
حزبی سیاسی کە بە یەکێک لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی دادەنرێت بریتییە لە ڕێکخستن و بەیەکەوە کارکردنی کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە کە یەک تێڕوانینی فکری ھاوبەشیان ھەیە و ھەوڵئەیەن ڕای گشتی بەلای خۆیانا ڕابکێشن لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات.
لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە دروستکردنی حزب یەتە ناو کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستاش ناتوانرێت ئەم حزبانە وەک حزبی مۆدێرن وێنا بکرێن، فاکتەرەکانیش بەشێکیان پەیوەندییان بە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردەوە ھەیە، و بەشەکەی تریش پەیوەندی بە مێنتاڵتی خودی حزبەکەکانەوە ھەیە، بەشی هەرە گەورەشی پەیوەندی بە تێگەشتنی تاکی کوردەوە هەیە بۆ حیزب.
حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان لەڕووکاردا دیموکراسین، بەڵام لە تایبەتمەندی و کڕۆکدا ھەڵگری پرەنسیپ و تایبەتمەندی دیموکراسی ڕووکەشن نەک ناوەرۆک بەڵکو بگرە نزیکترن فاشیزم.
فاشیزم ھەڵگری کۆمەڵێک پرەنسیپە کە ئەمانەن” حکومەت لەسەروو ھەموو کۆمەڵگاوەیە و کنە لە ژیانی تایبەتی تاکەکانا ئەکات، دژی دیموکراسییە، دژی سەرمایەدارییە، ئەرکی تاک بریتییە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا بە پێوانەی حیزب، ئازادییە کەسیەکان ڕەتئەکاتەوە، دژی ڕۆشنبیرانە”. لەڕووی تایبەتمەندیشەوە تەرکیز ئەکاتە سەر” چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراو، ئازادییە تاکەکەسیەکان سنوردار ئەکات وەک ئازادی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و کۆبوونەوە، ھەروەھا دەسەڵات دەست ئەگرێت بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەکارھێنانیان بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی.
ئەگەر پرەنسیپ و تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بەراورد بکەین لەگەڵ حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین، لێکچونێکی زۆر بەدی دەکرێت لەنێوانیانا، لەھەندێک بارو دۆخیشا هەندێک حزب سنورەکانی فاشیزمیش تێئەپەڕێنێت بەڵام تەنها جیاوزی ئەوەیە پێشتر فاشیزم ڕاستەوخۆ و بێ هەڵسڵەمینەوە بوو بەڵام لە ئشتایا فاشیزم بەناڕاستەوخۆو بەبریکار بەڕێوە ئەبرێ بونمونە “دروست کردنی چەندین مێدیای سێبەر و دامەزراندنی سوپایەک لە قەڵەم لووس و دروست کردنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی…. هتد.
لە جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین حزب جێگەی ئەو حکومەتە ئەگرێتەوە کە لە فاشیزما باڵادەستی پێئەدرێت و خاوەنی دەزگای جاسوسیە و تەنانەت خاوەنی پۆلیسی نھێنیشە، و ئەچێتە ناو ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانەوە. ھەروەک چۆن فاشیزم دژی دیموکراسیە، هەندێک حیزبیش دژی دیموکراسین، سەرجەم پرەنسیپەکانی دیموکراسی لای ئەم جۆرە حزبانە لە ھەڵبژاردنا کورت کراوەتەوە! ھەڵبژاردنەکانیش پڕن لە خروقات و پێشێلکاری و توندوتیژی و ھەڕەشە و هەمیشەش خۆیان براوەی هەڵبژاردنەکانن بە کەمێک دەستکاری ژمارەکانەوە.
لە فاشیزمدا حزب و سەرکردەکانی حزب خاوەنی ھێزی میلیشیا نین، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا عێراق و باشوری کوردستان و سەرکردەکانیان خاوەنی ھێزی میلیشیا و لەشکرن، لەفاشیزما حزب بەڕاستەوخۆ کۆمەڵگا ئاراستە ناکات بەڵکو لە ڕێگەی حکومەتەوە ئەم کارە دەکات، بەڵام حزبەکانی جیهانی سێ لەڕێگەی حزبەوە دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵگایا و بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر ھەموو پرسەکان ئەیەن.
فاشیزم ڕاستەوخۆ سەرمایەداری ڕەت ئەکاتەوە، ھەرچی حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان ھێزی سەرمایەدارن، بەڵام ڕێگە نایەن کەسایەتی سەرمایەدار دروست ببێت ئەگەر خۆیان پشکیان لەو سەرمایەیەیا نەبێت. یەکێتی و پارتیش بە ئەندازەی فاشیزم دژی ڕۆشنبیرانن، ئەو ڕۆشنبیرانەی پەنجە دەخەنە سەر لایەنە نێگەتیڤەکانیان، و بۆچوون و نوسینەکانیان خزمەت بە حزبەکانیان نەکات ئەوا ڕووبەڕووی چەندان تۆمەت ئەکرێتەوە و لای ئەمان پێناسی ڕۆشنبیری لێ ئەسەنرێتەوە بە تێکدەرو ئاژەوچی و لەڕیلادەرو کڕاو بگرە تا تیرۆرستیش تۆمەتبارەکرێ و خۆ ئەگەر ئەم کارانەش ئەنجامی نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو ئەکوژرێ و بە سیناریۆیەک یان چیرۆکێک کۆتایی بە تاوانەکەیان ئەهێنن کەسیش لەسەری ناگیرێ.
لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی حزب و حکومەتیشدا، لەناو حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا باشوری کوردستان بەدرێژایی تەمەنیان چەند کەسێک بەبەردەوامی لەناو کایەکەیا ئامادەن، ئەم کەسانە بوونەتە ئەو چینە دیاریکراوە کە بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دائەنرێت. لە عێراق و باشوری کوردستانیش ئازادیی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و خۆپیشاندان جۆرێکە لە موجازەفەکردن بەژیان، ڕۆژنامەنوسمان بینی تیرۆرکرا لەسەر چەند نوسینێک، ڕۆژنامەنوسمان بینی کە فڕێندرا و سوکایەتی پێکرا، ڕۆژنامەنوسمان بینی ناچارکرا نیشتیمان جێبھێڵێت، خۆپیشاندەران شەھیدکران، لێیاندرا، خرانە حەپس و بەڵێننامەیان پێ پڕکرایەوە، لە گۆڕەپانی خۆپشاندانەکانی عێراق چەندین خۆپشاندەر کرانە قوربانی و چەندینی تریش بە شیوەی کاری تیرۆ ژیانیان لێسەندرایەوە.
حزبەکانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناویشیانا عێراق و باشوری کوردستان تا ئەو ئاستەی توانیویانە دەستیان گرتووە بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندنا و بەشێوەیەک ئاراستەیان ئەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێگەیان گرۆتەبەر وەک دروستکردنی میدیای سێبەر، و ئەتراکتیڤکردنی چەند ڕۆژنامەنوسێک بۆ کارکردن لە کەناڵەکانی خۆیان، و پێدانی ئیمتیازاتێکی زۆر بەو کەسانەی کە لە میدیای ئەوانا کارئەکەن. بەم ھەنگاوەشیان ئەتوانن دوو ئامانج بپێکن: یەکەمیان لە رێی ئەم نوخبەیەوە دەسەڵات ئەجێندا حیزبییەکەی جێ بەجێئەکات و جەماوەریان بۆ دروست ئەکات. دووەمیشیان کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی پێ لە بیر خەڵکی ئەباتەوە و بە شتی ترەوە سەرقاڵیان ئەکات کە لە واقیعا خەم و خەونی ئەوان نیە.
لەبەر ئەوە بارودۆخ ھەر چۆنێک بێت پێویستە رۆشنبیران جا سەر بە ھەر ئایدیا و ئایدیۆلۆژیایەک بن، گرنگە قسەی خۆیان ھەبێ و رەخنەی جیددیان لە کەموکوڕی و چەوت و چەوێلییەکانی سیستمی سیاسی بە پلەی یەک و کۆی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەبێ و هەرگیز خۆیان ڕادەستی عەقڵیەتی فاشی پاوانخوازی و دیکتاتۆری ئەو دەستە کەمینەیە نەکەن کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتا گرتووە و کار بۆ ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگەبکەن و ماندوونەبن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.