دیسانەوە ڕیفراندۆم: پێویستە داوای لێبوردن بکەن

لەلایەن ستاندار Posted on 279 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

با واز لەوە بھێنین ھەر چەند ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، بکەرە سەرەکییەکانی ریفراندۆم. بە کردەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە پەشیمان بوونەوە و ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ ئەوە تەرخان کرد بگەڕێنەوە بۆ کەمتر لە دۆخی بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە. بەدوای کەسێکدا دەگەڕن لە بەغدا ئامادەبێت بیانبینێت و قسەیان لەگەڵدا بکات. دەرەنجامەکانمان بینیی و زانیمان ھەرێمیان بە چ دەردێک برد. بەڵام لە ئێستادا ھەمان ئەو بکەرانە تەنھا بە کردەوە نا، بەڵکو بە دەنگی بەرز، جارێک بە میدیای ئێرانی دەڵێن ”ڕیفراندۆم ھەڵە بوو” (ئەمە نێچیرەوان بارزانی وتی). جارێک ی تر بە میدیای فەرەنسیی دەڵێن ”ڕیفراندۆم تەنھا بۆ زانینی خواست و ئارەزووی خەڵک بووە“ و ”ھەرگیز کردەی ڕاگەیاندنی دەوڵەت لەئارادا نەبووە“. ئینجا ھەمان ئەو قسەیە دووبارەدەکاتەوە کە زۆربەی کوردێک لەسەر بێشکەوە فێریدەبێت: ”باوەڕبوون بە سەربەخۆیی کوردستان و ئارەزوی سەربەخۆبوون شتێکە و واقیعیش شتێکی ترە“، (ئەمەیان مەسرور بارزانی دەڵێت).

بێگومان سەرجەمی ئەم قسانەی ئەو دوو ئامۆزایە لێرەدا دەیکەن تەواو ناکۆکن بەو ھەڵمەتی پڕوپاگەندەیەی لە سەردەمی ڕیفراندۆمدا ئەنجامیان دا، ھەڵەتێک تیایدا ”بای بای“ان لە عێراق دەکرد و جەغتیان لەسەر ”ھەڵوەشاندنەوەی سایکس پیکۆ“ ئەکرد، کەسانێکیان ھێنابوە سەر شاشەکان دەیانگوت ”لە قورئاندا پێشبینی دروستکردنی ئەو دەوڵەتە“کراوە.
ڤلادیمێر ئیلیتش لێنین لە شوێنێکدا دەڵێت ”سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات“. ئەم سیاسیە کوردانە لە جۆری ئەو سیاسیانەن کە بەردەوام ھەڵەی ستراتیژیی دەکەن، مێژووی دوای ڕاپەڕین پڕیەتی لە ھەڵەی ستراتیژیی یەک لەدوای یەک و ڕیفراندۆمیش دواھەمین ھەڵەی ستراتیژیان نابێت و نییە. بەڵام کێشەکەدا لەوەدایە ئەمانە نایانەوێت و ھەستی ئەوەیان تێدا کە پێویستە باجی ئەو ھەڵانە بدەن. ئەوان ھەڵەی ستراتژیی دەکەن و میلەتەکە دەبێت باجەکەی بدات.

ئێستا دوای ئەم ھەموو دانپیانانە کاتی ئەوە ھاتوە، لانیکەم، داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو کەسانە بکەن کە لەسەر ئەو قسانەی ئێستا خۆیان بە دەنگی بەرز دەیکەن، بە جاش و خائین و ناپاکیان دەکردن. ئەم داوای لێبوردنە سادەترین و سەرەتایترین شتێکە ئەنجامیبدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.