دانا مه‌نمی
كاتێك یه‌كێتی خۆی بنیات ناو چووه شاخ، چاپخانه و ڕادیۆ و تیپی موسیقاشی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد ، هۆنراوه‌كانی ده‌چڕی بۆ گۆرانی شۆرشگێرانه‌و ئه‌شكه‌وته‌كان بوبونه گۆڕه‌پانی مه‌شق وتۆماركردنی گۆرانیه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه ، هۆنراوه‌و گۆرانی و ڕادیۆكه‌ی یه‌كێتی پڕ بیسه‌رو گوێگر بوو ، یه‌كێتی كاتێك دروست بوو فیكر‌و مه‌عریفه دروستی كرد وناوبانگێكی باش‌و موحته‌ره‌می له‌لای هه‌موو حزبه شۆڕشگێڕ‌و خه‌باتگێڕانی جیهان هه‌بوو ، كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ‌و بنه‌مای فیكری و مه‌عریفی و سیاسیی پایه‌كانی یه‌كێتی ڕاگرتبوو كه خزمه‌تی خه‌لكی كوردستانی پێده‌كرد، بێگومان حزبی سه‌ركه‌وتووش، پابه‌نده به رێبازوجێگیره له‌سه‌ر وه‌حده‌ی فیكری .
یه‌كێتی دوای هه‌ره‌سی شۆرشی ئه‌یلول له هه‌لومه‌رجێكی پێویستدا له شه‌وه زه‌نگی تاریکیدا، چرای ئومێدی داگیرساندوهاته مه‌یدان ،پایه‌كانی دروستبوونی یه‌كێتی ڕه‌گ و ڕیشه‌یی پته‌و بوو ،خه‌ڵك یه‌كێتی خۆشده‌ویست و چین و توێژه جیاجیاكان ( كاسبكاران و جوتیاران وكرێكاران و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان خوێندكاران و رۆشنبیران)هه‌ڵقوڵاوی یه‌كێتی بوون ،خاوه‌نی رێكخستنێكی به‌هێز بوو كه ڕه‌گی له ئاودا بوو ،به‌ڵام دوای وه‌فاتی مام جه‌لال زۆربه‌ی زۆری ناکۆکی و ململانێی جه‌مسه‌ره‌کانی ناو یه‌كێتی له‌سه‌ردابه‌شکردنی پۆسته باڵاکانی حکومه‌ت له هه‌ولێر و به‌غدا و پارێزگاکان بوو ، دوای دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكان ململانیی جه‌مسه‌ره‌كان له‌سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان و گرێبه‌سته بازرگانیه‌کان بوو، دواتر كڕینی ئینتیمای به‌رپرس و کادیره‌کانی رێکخستن و ڕاگه‌یاندن و كادیره سه‌ربازییه‌كان، له‌ناو یه‌كێتی دا جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کان خاوه‌نی هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی و پشکی بازرگانی و ده‌زگای راگه‌یاندن و گوته‌بێژی خۆیان و چه‌ند شتێکی تایبه‌ت به‌خۆیانن،له ته‌نیشت ئه‌مانه‌یشه‌وه له پانتاییه‌کی جوگرافیدا یه‌کێتییان له نێوان خۆیان دا‌به‌ش کردووه.
ئه‌و بۆشاییه‌ی كه مام جه‌لال به‌جێی هێشتووه هه‌رگیز به‌م جه‌مسه‌رانه‌ی ناو یه‌كێتی پڕ ناكرێته‌وه ،به‌ڵكو ئه‌م جه‌مسه‌رانه بۆخۆیان چه‌قبه‌ستوو چه‌قیون ناتوانن تیماری خۆیان بكه‌ن چ بگات به پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌ی مام جه‌لال كه سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دارێکی ورد و هوشیار بوو ، خۆئه‌گه‌ر بۆشایی مام جه‌لال یان پێ پڕ نه‌كرێته‌وه ده‌ست به ڕێباز‌و ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌كه‌یانه‌وه بگرن سه‌ركه‌وتوو ده‌بن ،یه‌كێتی دوای مام جه‌لال ژینگه‌و كه‌شوهه‌واكه‌ی له‌بار نییه بۆ پێكه‌وه كاركردنی جه‌مسه‌ره‌كان ،چونكه متمانه‌ی سیاسی له نێو جه‌مسه‌ره‌كاندا نه‌ماوه ،متمانه‌ى سیاسى چه‌مكێكى سایكۆ سیاسیه ،ئاماژه‌یه بۆ بوونى ته‌بایى سازان له نێوان ئه‌ندامانی حیزبێك یانیش تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ، كاڵبونه‌وه‌ی متمانه نیگه‌رانى دروست ده‌بێت و ئینتیمای سیاسی سست و لاوازده‌بێت، كاتێكیش متمانه له سیاسه‌تدا ڕوشا و بریندار بوو و کاڵبوه‌وه مه‌حاڵه بنیات بنرێته‌وه .
یه‌كێتی دوای كۆنگره‌ی چواره‌م زیاتر فره جه‌مسه‌ری و په‌رته‌وازه‌یه ، دوای كۆنگره به‌خشینی پله و پاره و ئیمتیازات بۆ رازیکردنی دڵی ئه‌م باڵ و ئه‌و تاقم به‌كارده‌هێنرێت ، له‌كاتێكدا یه‌كێتییه‌كان چاوه‌ڕێ بوون دوای كۆنگره‌ی چواره‌م پله و پێگه‌کانی یه‌کێتی له حوکمرانیدا هاوسه‌نگ بكرێته‌وه وپاره‌و ده‌سه‌ڵات وجیاوازی و ناکۆکیه‌کان ببنه مایه‌ی به‌هێزبون بۆ یه‌كێتی و یه‌كێتیه‌كان نه‌ک کوتله‌گه‌ری و باڵباڵێن ، ژینگه‌ی سیاسی ناوخۆی یه‌کێتی له ڕه‌وشێکی باش‌دا نیه، کێشه‌و ململانێکان له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌کتردان،هه‌نگاو وهه‌وڵی هاوبه‌ش له نێوان سه‌رجه‌م جه‌مسه‌ره‌کان بۆ ئاینده‌ی یه‌کێتی هه‌ستی پێناکرێت .