نهوزادی موههندیس
• کورد وەک نەتەوەى چوارهەمى دێرین و خاوەن مێژوو و خاک و زمان و کەلتورى خۆى دوور لە دەوڵەتێکى سەربەخۆى نەتەوەیى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بۆتە خاوەنى مەسەلەیەکى سیاسى و سەربازى گرنگ تەنانەت لەسەر ئاستى جیهانیش و لە ئێستاشدا بۆتە مەسەلەى پلە یەکى ناوچەکە و وایکردوە کە کێشەى 60ساڵەى فەلەستینیەکان وئیسڕائیل وەک کێشەیەکى میحوەرى عەرەب و تەنانەت ئیسلامیش لەناوچەکەدا بخاتە دواى خۆى و ئەو گەرموگوڕى و پشتیوانیە گەورە و فراوانەى لە فەلەستینیەکان دەکرا ڕووبکاتە کورد و مەسەلەکەى بەتایبەتیش لەدواى مقاوەمەتى بێوینەى کوردان دژى تیرۆر و تیرۆریستانى داعش و ئەو وڵاتانەى ناوچەکەش کە پشتیوانى تیرۆریستانیان دەکرد دژ بە کورد و کوردستان لە باکور و ڕۆژئاواو باشور و ڕۆهەڵاتى کوردستان.
• بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەو خوێن و فرمێسکەى کورد بەخشیە هەموو دونیا و مۆڤایەتى بەتایبەتیش لەماوەى 9 ساڵى ڕابووردودا،گەلێک جاران توشى بیئومێدیان کردۆتەوە تەنانەت لەلایەن بەناو دۆستەکانیشیەوە و دەکەوێتە هەڵوێست و کونجێکى بەرتەسکى واوە کە دوژمنیش حەسودى پێنابات.کورد جارێک لەلایەن وڵاتانى سەردەستى کوردستان لەناوچەکە و ئەوانى تریشەوە و دەیانجاریش لەلایەن وڵاتانى زلهێزى دونیاى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە دەخرێتە نێوان مەنگەنەى بەرژەوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى خۆیانەوە و زۆرجاران کردویانەتە قوربانیەکى بێ پشت و پەناو نزیکیان کردۆتەوە لەمەرگ و لەناوچوونیش.
• بۆیە کورد بەو پێگە هەستیار و زۆر ناسکەیەوە کەهەیەتى لەناوچەکەدا ڕووبەڕووى چەندین پیلانى دوژمنانە بۆتەوە کە ویستیان نەمان و نەهێشتنى تەواوەتى کوردبوە و بەچاک و خراپ دوژمنایەتى کوردیان کردوە لەهەر کوێیەک ویستبێتى ئیدارەیەک یان دەسەڵاتێکى خۆسەرى بەڕێوەبردن پێکەوەبنێت وەک ئەوەى 29ساڵە لە باشوور و ئەوەى کە نزیکەى 9ساڵە لە ڕۆژئاوا چێکراوە لەناوبەرن،بەتایبەتیش لەلایەن ڕژێمى تورکیاى ئەردۆگانیەوە کە بە ئاشکراو بەنهێنى دژایەتى کوردان دەکات و چەندین تەنازولى شەرمەزارى بۆ ئەمریکا و ڕوسیا دەکات تەنها لە پێناو دژایەتى کورداندا،ئەو نازانێت یان خۆى لەگێلى دەدات کە سەدان جار نەک بۆ کورد خۆى بۆ تورکیا و هەموو ئەو وڵاتانەى ترى ناوچەکەش باشترە کە مەسەلەى کورد بە ئاشتیانە وسیاسیانە دوور لە جەنگ و کوشتن و بڕین و ڕێگە چارەى سەربازى چارەسەربکەن وەک ئەوەى کە سەد ساڵە خەرجى و داهاتى وڵاتەکانیان و کوردستانیش بەهەدەر دەدەن و تائێستاش سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە لەناوبردنى کورداندا.
• کورد خۆشبەختانە لەئێستادا بەهەوڵ و قوربانیدانە بەردەوامەکانى بەسەر ڕاستانە و ڕاستگۆیانە خۆى کردۆتە یاریزانێکى باشى گەمە سیاسیەکانى ناوچەکە و دونیاش و توانیویەتى پێگەیەکى باش و بەرچاو و ڕێزلێگیراویش بۆخۆى بنیات بنێت و تاڕادەیەک توانیویەتى خۆى و دەسکەوت و دەسەڵاتەکانیشى بەهەموو کەموکوڕیەکانیشیەوە بپارێزێت بەوەى کە ویستویەتى ئامانج و دروشمەکانى خەباتى ئەم قۆناغە بگونجێنێت یان تاڕادەیەکى باش نزیکبکاتەوە لەبەرژەوەندى و بەرنامە و پلانى زلهێزەکانى دونیا بۆئەوەى بتوانێت هەرچیەک لەتوانادا بێت بیکات بۆ وەدەستهێنانى پشتیوانى ئەوان،چونکە لە ئێستادا پەیوەندى و بەرژەوەندیە دەرەکى و ئابورى و سیاسى و ئەمنیەکان ڕۆڵى گەورە دەبینن لە پێشخستن و بەردەوامبونى دۆستایەتى و پشتیوانیەکاندا بە ئاشکراش ئەمریکا و ڕوسیا نەیانشاردۆتەوە کە بۆ پاراستنى بیرە نەوتەکان لەناوچەکەدان نەک لەبەر پاراستنى نەتەوە و نیشتیمانەکانى ئەم ناوچەیە، کورد و کوردستانیش لەو بوارەدا بنەماو بناغەیەکى باشى هەیە بۆ پێکەوەنانى ئەو دۆستایەتى و بەرژەوەندیانە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیشەوە چونکە پێگەیەکى جیۆسیاسى گرنگ و هەڵکەوتەیەکى ستراتیژیشى هەیە و لەڕووى ئابوریشەوە خاوەنى یەدەگێکى نەوت و گازى سروشتى زۆروزەوەندە و لەڕووى ئەمنیشەوە کورد جەنگاوەرێکى ئازا و چاونەترسەو بەکەڵکى دۆستایەتى ئەو زلهێزانە دێت لە ئایندەدا.
• بۆیە ماوەتەوە سەر ئەوەى کە سەرکردایەتى سیاسى کورد لەناوخۆى خۆیدا و لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکەى کوردستان یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەکهەڵوێست بن و بەرژەوەندى باڵاى نەتەوە و نیشتیمان بخەنە سەروو بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتى و ناوچەیى و بنەماڵەیى و پلەو پۆست و ئیمتیازاتە مادیە بچوکەکانەوە و هەموان و پێکەوە سیاسەتێکى حەکمیانە و ژیرانەى ئەوتۆ پیادە بکەن کە لەئەنجامدا بە قازانجى ئایندەى کورد و بە زیانى دوژمنان تەواو بێت و چیدى سەدەى بیست ویەکەمیش بە داگیر و دابەشکراوى کورد بەردەوامى نەبێت.ئەمەش خەونێکى دێرینە و نە ئاسانە بێتەدى و نە زۆر ئەستەمیشە کە هیچ کات نەبێتە ئەمرى واقیع،بەهەردوو ڕوکەیەوە وەستاوەتە سەر هێز و توانا و ژیرى و پلان و حەکیمى سەرکردایەتى سیاسى کورد خۆیەوە.چونکە ئەو وڵات و گەلانەى ئێستاى ناوچەکەش کە خاوەنى دەوڵەتى خۆشیانن نە لەکورد زیرەکتر و نە لەکورد جەنگاوەرتر و ئازاتر بوون،بەڵکو تەنها توانیویانە بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ دەوروبەر و زلهێزەکاندا بگونجێنن وبەوەش گرەوە گەورەکەى بون بەدەوڵەتیان مسۆگەر کردوە و بردۆتەوە.