بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كه‌له‌پوره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا

لەلایەن ستاندار Posted on 404 جار بینراوە

دانا مه‌نمی

له‌ئاست پیویستی قۆناغه‌كه‌ ده‌مه‌وێ دیدی خۆم له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌رببرم ، بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌ناوی رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكرات له‌ پره‌نسیپه‌ چه‌سپاوه‌كانی ڕه‌وانشاد (نه‌وشیروان مسته‌فا ) لایانداوه‌و هه‌موو سالێكیش بۆ یادی ڕه‌وانشاد ده‌لێن : ئێمه‌ درێژه‌ پێده‌ری رێبازه‌كه‌ی كاكه‌نه‌وه‌ین !

نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌نگاوه‌ریك بوو بۆ ئازادی تیده‌كۆشا ،ره‌مزو قوتبێكی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگارخوازی كورد بووه‌ ، دوای وه‌فاتی كه‌له‌پورێكی سیاسی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌جێهێشتووه‌ ، ئه‌وه‌شی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌له‌پوره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دروست كردووه‌ ، دوژمنه‌كانی نین به‌ڵكو دۆسته‌كانین ، كاتێك پارتی دیموكرات له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی بریاری ده‌ستگیركردن بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ركرد، ئه‌م بریاره‌ی دادگای هه‌ولێر كه‌ بۆنی حیزبی لێده‌هات نه‌وشیروان و پێگه‌ سیاسیه‌كه‌ی لاواز نه‌كرد ،به‌ڵكو دادگای هه‌ولێرو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌ پشتی دادوه‌رانه‌وه‌ بوو شه‌رمه‌زار بوون .

هه‌موو ساڵێك له‌ ساڵیادی ڕه‌وانشاد (نه‌وشیروان مسته‌فا)دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ژێر دروشمی ( درێژه‌ دان به‌ ڕیبازه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا) بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك درۆ به‌تامی دلسۆزی بۆ ریبازه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌رخواردی هه‌لسوڕاو جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌ده‌ن ، دوای وه‌فاتی نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كه‌مین هه‌ڵه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران جگه‌ له‌ به‌ ویراسه‌تكردنی موڵك و ماڵ كه‌له‌پوره‌ سیاسییه‌كه‌شیان به‌ ویراسه‌ كرد ،له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌له‌پوره‌ به‌رهه‌می ئیراده‌ی هاوبه‌شی هه‌موو هیزو گروپ و كه‌سایه‌تیه‌ دیموكراتخوازه‌كان بوو ، كه‌له‌پوره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا موڵكی هیچ خێزان و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نه‌بوو به‌ڵكو موڵكی هه‌موان و هه‌موانیش خاوه‌نی كه‌له‌پوره‌كه‌ بوون .

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر هه‌موو پره‌سه‌ سیاسییه‌كان و پێشهاته‌كان زنجیره‌ وتاری نوسیووه‌و به‌ وردی دۆخی سیاسی و مەترسییەکانی پارتی له‌سه‌ر كۆمه‌لگای كوردی و ئه‌زمونی سیاسی خستووه‌ته‌ ڕوو ، دیدی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌باره‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ باوه‌ری سیاسی وابوو كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم پۆستێكی رەمزی بێت، دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی و لە ناو پەرلەمانەوە متمانەی پێ بدرێ، تا بتوانرێ چاودێری و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، به‌ڵام ریكه‌وتنی ئیستای پارتی و گۆران رێک پێچەوانەی ئایدیا و ره‌مزه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و زه‌بری توند به‌ر پێگه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌وتووه‌ .

ئاشكرایه‌ كه‌ پارتی بۆ چ مه‌به‌ستێك گۆران به‌كار ده‌هێنێت و چ ئامانجێكی هه‌یه‌ ، به‌درێژای مێژووهیچ لایه‌نێكی سیاسی سودی نه‌بینیووه‌ له‌ ڕیكه‌وتن وهاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ پارتیدا ،هه‌رلایه‌نێكی سیاسیش له‌ پارتی نزیك بوبێته‌وه‌ سه‌نگ و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی له‌ ده‌ستداوه‌ و رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ هه‌نگاوی ناوه‌ ، گرنگترین ئامانجه‌كانی پارتی له‌ ڕیكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا ملكه‌چكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌ بە داواکانی خۆی و لاوازکردنی پیگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یه‌تی تاوەکو لە داهاتووشدا بتوانێ بیان خاتە ژێر چنگی خۆیه‌وه‌ و بۆ ئامانجێكی تری سیاسیش به‌كاریان بهێنێت، دوا ڕۆژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دوا ڕۆژی چلوره‌ فرۆشێکی بێ کڕیاره‌ له‌بیابانێکی گه‌رم دا!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.